سەرەکی » هەواڵ » لیبیا؛ خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستە باڵاكان دەستپێدەکات

لیبیا؛ خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستە باڵاكان دەستپێدەکات

لە خولێكی نوێی گفتوگۆكانیان لە مەغریب، هەردوو وەفدی لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا، كردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستە باڵاكانی وڵاتەكەیان راگەیاند، كە لە سبەینێوە دەستپێدەكات تاكو رۆژی 2ی مانگی داهاتوو.

لە كۆبوونەوەیاندا كە رۆژانی هەینی و شەممەی رابردوو لە بوزنیقە بەڕێوەچوو، بەشداربووانی (دیالۆگی سیاسیی لیبی) بڕیاریاندا بە پێكهێنانی چەند گروپێكی بچووك، بە ئامانجی ئامادەكاریی بۆ پێشكەشكردنی داواكاریی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستە باڵاكان، چونكە یەكێك بوو لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا.

بەپێی بەیاننامەیەكی هاوبەشی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، دوای كۆتاییهاتنی پڕۆسەكە، دەستدەكرێت بە دیاریكردنی نوێنەرانی پەرلەمانی رۆژئاوای لیبیا و حكومەتی ویفاق لە تەرابلوس.

لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتووە، كە پۆستە باڵاكانی لیبیا بریتین لە، پارێزگاری بانكی مەركەزیی لیبیا، جێگری گشتی، سەرۆكی دەستەی چاودێریی ئیداری، سەرۆكی دەستەی نەهێشتنی گەندەڵی، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و سەرۆكی دادگای باڵا.

ئەم خولە نوێیەی دیالۆگی سیاسی لیبی درێژكراوەی زنجیرەیەك خولی پێشترە، كە مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەم و تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە بوزنیقە و تەنجە لە مەغریب، لە نێوان هەردوولادا بەڕێوەچوون.

 83 جار بینراوە