سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » دۆسێی نەوت بەرەو كوێ؟

دۆسێی نەوت بەرەو كوێ؟

قۆناغی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزی ئێستای هەرێمی كوردستان و عیراقیش، دۆسێی نەوتی لە هەرێم و بودجەی‌ لە بەغدا، كردۆتە دۆسێیەكی گەورە و گەرم، بگرە بابەتێكی یەكلاكەرەوە بۆ چارەنووس و پێگەی زۆر هێزی سیاسی، بەتایبەتی كە عیراق لەمساڵدا روو لە هەڵبژاردنی گشتییە، ململانێ سیاسییەكان و شەڕی كۆكردنەوەی دەنگ و متمانەش‌ زۆر لە رابردوو سەختتر و ئاڵۆزتر بووە.

دۆسێی نەوتی هەرێم، ئەگەر نەكەوتبێتە ژێر كۆنترۆڵی دەرەكی، ئەوا بەدەستی بڕیاربەدەستانی هەرێم خۆیەتی. ئەگەر سامانی سروشتیمان و سەرچاوەكانی تری داهات توانای چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و كێشەی مووچەی مانگانە و بێ لێبڕینی هەیە، ئەوا هەموو پشتیوانیی مانەوەی دۆسێكە دەكەن لە دەستی هەرێم خۆیدا، ئەگەریش هیچ گەرەنتییەك لە ئارادا نییە، ئەوا نابێت درێژە بە سیاسەتی تەقلیدی و بێ ئەنجام بدرێت.

خۆ ئەگەر لایەنی عیراقی، بە یاسای بودجەی 2021 خۆی پابەندی پێدانی پشكی هەرێم دەكات بەو فۆرمۆلەیەی كە داوای رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم دەكات بە نیوەی داهاتی ناوخۆییەوە، ئەوا راستتر وایە هیچ جیاوازییەكی سیاسیی لە ناوخۆی هەرێمدا لەو بارەیەوە نەمێنێت، بگرە بێ دوو دڵی تۆپەكە فڕێ بدرێتەوە‌ گۆڕەپانی بەغداوە و ئەم بژاردەیە تاقی بكرێتەوە، بەتایبەتی كە رێكەوتنەكە سیاسی نابێت‌ بەتەنها، بەڵكو رەهەندی یاساییشی هەیە و بەرزترین دەسەڵاتیش لە عیراقدا كە پەرلەمانە ناتوانێت پەكی بخات، تەنها مەگەر‌ لە حاڵەتی پێشێلكردنی بڕگە و مادەكانیدا‌.

لە هەرێمی كوردستاندا، پێویستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بچێتە گفتوگۆیەكی راشكاوانەترەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، چونكە دوو تێزی جیاواز لەم دۆسییەیەدا هەن، تێزی یەكێتی ئەوەیە كە ئەگەر بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، قەیرانی دارایی هەرێم كۆتایی پێدێت، بۆ نا؟ بۆ تاقی نەكرێتەوە؟ هەرچی پارتییە ئەوا لەگەڵ رادەستكردنەوەی داهاتەكەیە نەك نەوتەكە.

ئەم جیاوازییە پێویستیی بە چارەسەرە، كاتیش زۆر كەم لەبەردەستدا ماوە و گرنگە رۆژێك زووتر یەكلابكرێتەوە و هەلی مانۆڕی سیاسیی بەغداش كەم ببێتەوە‌. لەوەش زیاتر بیانووی كوتلە گەورەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش ببڕدرێت بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە دروستكردنی كەمترین كێشە بۆ مافە ئابوورییەكانی هەرێم، تێپەڕببێت و كورد خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان سازبكات.

لەوەش گرنگتر هێزەكانمان دەنگدەری كوردی ئاشتبكەنەوە و بەوە پاڵ نەدەنەوە و دڵخۆش نەبن‌، كە رێژەی كورسییەكانی هەرێم مسۆگەرن، چونكە بەهای گەورەی هەموو هەڵبژاردنێكی گشتی، بەشداریی هاووڵاتیانە پێش ئەوەی بەڕێخستنی بۆنەیەكی سیاسی بێت.

 433 جار بینراوە