سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » ژنی شووم یان مەلای بێ هەست؟پەڕە 2

ژنی شووم یان مەلای بێ هەست؟

لەو یەکدوو رۆژە ڤیدیۆیەکم بینی، مەلایەکی بێ هه‌ست و كاڵفام، له مینبه‌ری مزگه‌وتێكه‌وه‌ شیڕەی دێ و باس لەژن دەکات گوایه‌: کابرایەک لە رۆژی داخوازی و مارەبڕین و گواستنەوەی ژنەکەی چەندین ناخۆشی و کارەساتی بەسەرداهاتووە و لەپای ژنەکەی و شوومی ژنه‌كه‌ی بووە، چونكه‌ خۆی و یەکێكی تری لەخۆی دەبەنگتر لەتەنیشتی بوو دەڵێن گژنەکە شووم و نەگبەت بووە».
ئەو مەلایەی هەلەکە سەما دەکا و وا بە شووم باسی ژن دەکا، ژنی نەبوایە تا ئێستا بەدوای بوکەبەبارانەشدا دەچوو، چونکە جلی ژنانی لەبەرە. ئه‌م ئاوه‌ز و هزره‌ له‌م سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌، چجای ئه‌وه‌ی مینبه‌ری مزگه‌وت بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌ به‌كار ببرێ و بخزێنرێته‌ مێشكی خه‌ڵكی ساده‌ و ساكاره‌وه‌.
ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ به‌رده‌وام بوونی په‌لاماردانی ژن و هه‌وڵدان بۆ بچووككردنه‌وه‌ی مێینه‌ و به‌كه‌م زانینی، هه‌ر خۆی له‌ خۆیدا نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ به‌رده‌وام بوونی تێڕوانینی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له‌ ژن و پێگه‌ و رۆڵی ژن له‌ كۆمه‌ڵگا. ده‌بێ كۆمه‌ڵگا له‌ ده‌سته‌بژێره‌وه‌ تا تاكه‌ ئاساییه‌كانی ئه‌م ده‌نگه‌ قێزه‌ون و هزر بۆگه‌نانه‌ ناچاری بێده‌نگ بوون بكه‌ن وه‌ك به‌رپرسیایێتییه‌كی ده‌سته‌جه‌میعی له‌ پێناو كۆمه‌ڵگایه‌كی ژیر و هۆشیار و سه‌رده‌مییانه‌، به‌ڵام له‌ پێش هه‌مووان ئه‌رك و فه‌رزیشه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ئه‌ركی سه‌رشانی رایی بكات و ده‌رفه‌ت نه‌دات مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان له‌لایه‌ن ئه‌مجۆره‌ ناحاڵی و دواكه‌وتووانه‌وه‌ به‌كار ببرێ و تۆوی كینه‌ و رق بوه‌شێنن و مزگه‌وت و مینبه‌ری ئه‌وێ پیس بكه‌ن به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و بیره‌ بۆگه‌ن و دوور له‌ مرۆڤایه‌تییه‌.
مێژووی ئاین و خواپه‌رستی ئه‌م وڵاته‌ پڕه‌ له‌ ناوی پیاوانی ئاینی كه‌ به‌شێكن له‌ شانازییه‌ مێژووییه‌كانی كورد و ئیسلامیش، هێشتا هه‌زاران مه‌لای هۆشیار و خوێنده‌وار و پڕ رۆحی لێبورده‌یی و گه‌شبینی و جوانبینی له‌م وڵاته‌دا هه‌ن، چۆن ده‌بێ مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان بكه‌ونه‌ ده‌ستی ئه‌و جۆره‌ مێشك پووتانه‌ و ده‌رفه‌ت بدرێ ناوی مه‌لا هه‌ڵبگرن و مزگه‌وته‌كان پیس بكه‌ن. وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هیمه‌ت و به‌دواداچوون و بڕیاری ئێوه‌ی ده‌وێ. ده‌ست و بردێ.

 549 جار بینراوە