سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئێران و سعودیە رێكدەكەون؟

ئێران و سعودیە رێكدەكەون؟

لەگەڵ هاتنی جۆ بایدن وەك سەرۆكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هیواكان بۆ ئاشتبوونەوە و رێكەوتنی شانشینی عەرەبی سعودی و كۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر بووە. ئەو ئاراستەیە، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر زار و میدیای هەردوولادا رەنگیداوەتەوە، بانگهێشتكردنی یەكێتیی ئەوروپاش بۆ نێوەندگیریی ئێران و ئەمریكا لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە، كە سعودیە دۆسێیەكی گرنگە تیایدا، ئاماژەیەكە بۆ راستیی ئەو هەواڵانەی باس لە هەوڵەكانی ئەم هێوركردنەوەیە دەكەن.

گرژترین قۆناغ تێپەڕی
لە ماڵپەڕی شپیگل ئۆنلایندا هاتووە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە قەت وا گرژنەبووە، هێرشەكانی سەر كەشتییە بارهەڵگرەكانی نەوت ‌و لێدانی دامەزراوەی ئارامكۆ ئاماژەی ئەوەیان دا، كە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شەڕێكی گەرم و خوێناوی تێدا دەقەومێ و سەرۆكی پێشووی ئەمریكاش ئاگری بەرپاكردنی ئەو شەڕەی خۆش دەكرد، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئیدارەی نوێی ئەمریكا، بارەكە ئارامی بەخۆوە دی و هەموو ئاماژەكان بە ئاراستەی پێكهاتنەوە و ئاشتی دەڕوانن.

كێشەی هەژموون
لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا، ئەو دوو وڵاتە لەسەر هەژموونی خۆیان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان ناكۆكن، هەر یەكەیان دەیویست پەرە بە پێگەو هەژموونی خۆی بدا و هەموو پەیوەندییەكانیشیان لەگەڵ وڵاتان لەسەر ئەو بنچینەیە و هەر یەكەیان جەمسەرێكی دروستكردووە، كە پشت بە هێزێكی دەرەكی دەبەستێ و چەند وڵاتێكی بەخۆوە پابەندكردووە. هەمیشە پەیوەندیی گرژ و ئاڵۆز لە نێوانیاندا هەبووە. جگە لەوە كێشەی مەزهەبیش بۆتە ئاستەنگێكی تری نێوانیان و هەر یەكەیان رابەرایەتیی مەزهەبێكی گرتۆتە ئەستۆ و لە ماوەی ساڵی رابردوودا ناكۆكییەكانیان گەیشتە ترۆپك و دنیا مەترسیی شەڕێكی توندی راگەیاند.

ئاشتبوونەوەكە چۆن دەبێت؟
بەپێی لێدوانی چاودێرانی هەردوولا كە سایتی دۆیچەڤێلا بڵاویكردۆتەوە، كاتێك ئاشتبوونەوە روودەدات ئەگەر یەكتر بە مەترسی نەزانن و ئەو دوو وڵاتە پەیوەندییەكی ئاسایی لەسەر بنچینەی رێز و دیپلۆماسی ‌و و رێزگرتن لە سەروەریی خاكی یەكتر دابمەزرێنن، لە كاتی روودانی كێشەكاندا پەنا بۆ زمانی شەڕ نەبەن و پەنا بۆ گفتوگۆ و زمانی دیپلۆماسی ببەن، هەردوولا هەوڵ بدەن ململانێی تایەفی و مەزهەبی و گۆشەگیری وەلاوە بنێن، چیتر چەكی كۆمەڵكوژ وگەورە نەكڕن. لەو پڕۆسەیەشدا رۆڵی ئەمریكا پڕ بایەخە و ئەگەر لە خولی سەرۆكایەتیی ترەمپ-دا ئەوە نەلوابوو، وەك چاودێران دەیبینن، ئەوا ئێستا لەو خولەی بایدن-دا زەمینەی پشتیوانیی ئاشتی و تەبایی لەگۆڕێدایە.

ئیسرائیلیش لایەنێكە
لە كرانەوەی گرێكوێرەی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئیسرائیل بایەخێكی تایبەتی هەیە و ئەگەر ئەو وڵاتە دڵنیا نەكرێتەوە لەو مەترسییانەی هەیەتی، ئەوا مەحاڵە پێكهاتنەوە رووبدات، لە كاتێكدا ئەمریكاش حساب بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتە دەكات، هەر بۆیە مەترسیشی لەوە هەیە كە ئیدارەی بایدن بگەڕێتەوە بۆ رێكەوتننامەی چەكی ئەتۆمی ساڵی 2015، كە لەگەڵ ئێران و لە سەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمریكادا مۆریان كرد بوو و ترەمپ لێی كشایەوە، بەڵام بایدن وایدەبینێت كە بە كشانەوەی ئەمریكا لەو رێكەوتنە، ئێران كۆت ‌و بەندەكانی لەسەر لابراو ئەوەندەی تر پەرەی بە توانا ئەتۆمییەكانی خۆی داوە، بۆیە ئێستا دەیانەوێت لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی نوێدا بگەڕێنەوە بۆ هەمواركردنەوەی رێكەوتنەكە و سعودیەش تیایدا وەك چاودێر و لایەنێك بەشداریی پێ بكەن.

لە هەوڵەكانی ئاشتكردنەوەی ئەو دوو وڵاتەدا، ئەمریكا و سەركردەكانی ئیدارەی نوێ لایەنێكی سەرەكین و زەمینەسازیی دەكەن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، جارێ ئەوە دیار نییە كە ئایا ئەو هەوڵانە سەر دەگرن یان نا، بەڵام زەمینەی ئاشتی لەبارتر بووە و مەترسییەكانی روودانی شەڕ رەویوەتەوە.

سەرچاوە/ شپیگل ئۆنلاین، دۆیچەڤێللا

 367 جار بینراوە