سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » شڤان زەرەن، کتێبی تورکی بە کوردی دەگۆڕێتەوە

کتێبفرۆشێک لە ئیستانبوڵ هەڵمەتی زمانی کوردی رادەگەیەنێت

شڤان زەرەن، کتێبی تورکی بە کوردی دەگۆڕێتەوە

سازدانی: فەرهاد چۆمانی

لەو شارەی کە هی کوردان نییە و زۆرترین ژمارەی کورد تیایدا نیشتەجێیە، کاتێک بە گەڕەکی کوچووک چەکمەجەدا گوزەر دەکەیت و پێچ دەکەیتەوە نێو کۆڵانی کەناریا، کتێبفرۆشێک دەبینیت. لەو گەڕەک و کۆڵانە بەشی زۆری دانیشتوانەکەی کوردن، لەو کوردانە پێکهاتوون کە لە سەرەتاکانی سەدەی رابردووەوە لە باکووری کوردستانەوە کۆچیان پێ کراوە، یاخود بەدوای کاردا لەوێ نیشتەجێ بوون.

خاوەنی ئەو کتێبفرۆشییە شاعیر، چیرۆکنووس (شڤان زەرەن)ـە، شڤان خەڵکی جزیرەی بۆتانە، خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوی شیعرییە. شڤان بۆ کوردستانی نوێ گوتی: «بڕیارمدا کە نابێ تەنیا کتێبفرۆش بم، گوتم بەرپرسیاریەتیمان هەیە، خەڵکی ئێمە کوردی ناخوێنێتەوە. ئەوان تێکەڵی کەلتوور و زمانی تورکی بوونە و کەلتوور و فەرهەنگ و زمانی خۆیان لەبیرکردووە. بڕیارم دا و سوور بووم لەسەر ئەوەی دەبێ ژمارەی خوێنەرانی کورد زیاد بکەم. سەدی نەوەد و پێنج کورد و هەموویان تورکی دەخوێننەوە. بەو هۆکارەشە خەریکە کوردی لە تورکیا لەنێودەچێت.»

سێ ساڵە کاری کتێب فرۆشییە
شڤان ماوەی سێ ساڵە کاری سەحافی (ئەو کەسانەی کاری فرۆشتنی کتێبی کۆن و دەگمەن دەکەن پێیاندەگوترێ سەحاف) دەکات. ماوەی ساڵێکیشە دەستی کردووە بە کەمپینێک، لەوبارەیەوە دەڵێت: «ماوەی سێ ساڵە کاری سەحافی دەکەم. سەرەتا دەستم بە هەڵمەتی دابەشکردنی کتێبی منداڵان کرد بە بێ بەرامبەر، بەڵام ئەوان نەیاندەویست، گوتم ئەمەش ناکرێت. ئەگەرچی بێ بەرامبەریش بوو کەس نەیدەبرد. گوتم دەبێ رێگەیەکی تر هەبێت زمانی کوردی بێتەوە نێو ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئێمە و ماڵەکانیان. پێنج هەزار کتێبی کوردیم گەیاندە ماڵان، لەڕێگەی گۆڕینەوە.»

شڤان ماوەی چواردە مانگە دەستی بە هەڵمەتی گۆڕینەوەی کتێبی تورکی بەرامبەر بە کتێبی کوردی کردووە. لەوبارەیەوە دەڵێت: «ئامانجی من لەو کارە پێنج هەزار کتێبە، لە ماوەی چواردە مانگدا چوار هەزا و سێسەد کتێبی کوردیم بە پۆست بۆ زۆربەی شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ناردووە. ئەو کتێبانەی بۆ خوێنەران گرنگ نییە وەردەگرم. ئەوانەی نایخوێننەوە، مەرج نییە هەر تەنیا کتێبەکە تورکی بێت، عەرەبی، رووسی یا ئینگلیزیش دەبێت، ئەوان بە پۆست بۆ من دەینێرن و منیش پۆستێک بە کتێبی کوردی لە هەموو بوارێک ئامادە دەکەم و بۆیان رەوانە دەکەمەوە. تاکەی وابکەین خەریکە کۆتاییمان پێ دێت.»
لە ئامانجەکەم نزیکبوومەتەوە

شڤان دەڵێت:»نزیکبوومەتەوە لە ئامانجەکەی خۆم، کە پێنج هەزار کتێبە، ئەم کەمپەینەم تا نەورۆزی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت. ئەگەر هاوکاریم بکرێت دەمەوێت دوای نەورۆزیش هەڵمەتی تر رابگەیەنم. من لەنێو کتێبخانەکەشمدا کتێبی کوردی زۆر بە هەرزان دەفرۆشم، هەرزانتر لەو نرخەی کە دەیکڕم تەنیا ئامانجم ئەوەیە خوێنەری کورد زۆر ببن»

کتێبفرۆشییەکەی شڤان تەنیا کتێبی تێدا نافرۆشرێت، ئەوێ شوێنی کۆبوونەوەی ئەو کوردانەشە کە لە ئیستانبوڵ دەژین:»خوێنەرانی کورد خەریکە زیاد دەبن، کەسانێک دێن دەڵێن ناتوانین بخوێنینەوە، کەم کەمە فێری کوردیان دەکەین، وایان لێ هاتووە دەتوانن بخوێننەوە. زیاتر عەشقیان بۆ کتێبی کوردی دروست بووە. لە کەلتووری کوردییەوە هاتووە ئێمە لێرە چاییان دەدەینێ و کتێبیان پێ دەدەین، هەندێکجار ئەوان خواردن دەهێنن و بەیەکەوە دەخۆین و دەخوێنینەوە و قسە بە زمانی کوردی دەکەین. یەکتری دەناسن. بۆ نموونە کوردێک کە خەڵکی ئاگرییە. بیر و بیرکردنەوەی وەک دەسەڵاتدارانی تورک بوو، یەکتریمان ناسی. پێشنیاری چەند کتێبێکی خواست. باسی سەرهەڵدانی ئاگریم کرد، باسی ئەو کارەساتانەی ئەوێ و ئیحسان نووری پاشام بۆ کرد. دوای ئەوەی چەند کتێبێکی مێژووی کوردی خوێندەوە و ئاشنای رابردووی گەلەکەی خۆی بوو. ئێستا گوێ لە کورمانجی دەگرێت و بە کوردی دەخوێنێتەوە. جگە لەوانە کوردانی هەر سێ پارچەکانی تر دێنە ئێرە و هەموومان بە کوردی قسە دەکەین.»

مامۆستایان لە کەمپینەکەدا بەشدارن
سەبارەت بەوەی ئەوانەی بەشداری کەمپەینی گۆڕینەوەی کتێب دەکەن لە کام چین و توێژن شڤان دەڵێت: «زیاتر مامۆستایان بەشدارییان لەو کەمپەینەدا کرد، بەڵام بە دزیییەوە. لە ترسی ئەوەی نەکا دەوڵەت پێی بزانێت و لە کارەکەیان دەریان بکات. لەنێو شارەکانی کوردیش لە مێردینەوە زۆر بەشداریان دەکرد. چونکە مێردینییەکان زیاتر کوردی دەخوێننەوە، ئەوان لەژێر کاریگەری نووسەرانی رۆژئاوای کوردستاندا، تاڕادەیەکی باش هێشتا کوردیی باش دەزانن.»

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری کورد لە رۆژئاوای کوردستانەوە ئاوارەی تورکیا بوون و لەو وڵاتەدا مانەوە. شڤان سەبارەت بە کوردانی ئاوارەبووی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: «مەسەلەیەکی تری ترسناک ئەوەیە ئەو ئاوارانەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتنە تورکیا و لە ئیستانبوڵ مانەوە و نەچوونە ئەوروپا، یان بە عەرەبی قسە دەکەن یان هەوڵدەدەن تورکی فێر ببن، ئەوان کوردی ناخوێننەوە. چونکە بەدوای کاردا دەگەڕێن و نایانەوێ زمان و خوێندنەوەی کوردی بکەن.»

حکومەت نازانێت خەریکی چیم
لەبارەی هەبوونی مەترسیش لەسەر ژیان و کارەکەی ئەو لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە زمانی کوردی تێیدا قەدەغەیە گوتی: «دەوڵەت هێشتا پێی نەزانیوە خەریکی چیم، بۆیە زۆر کاریان پێمەوە نییە. چونکە کە دەشهێن کتێبی تورکی دەبینن لە پشێەوەی کتێبفرۆشییەکەم. لە بەشی پشتەوە کتێبی کوردیم داناون. بۆ داهاتووش نازانم.»

 757 جار بینراوە