سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ‎کەبابخانەیەک تەمەنی نزیکەی سەد ساڵە

‎کەبابخانەیەک تەمەنی نزیکەی سەد ساڵە

 دەگەیتە سەنتەری شاری هەولێر و ناو بازاڕ لە نزیک قەڵای دێرین و لە ناوەڕاستی بازاڕی قەیسەری، کەبابخانەیەک دێتە بەرچاو، کەبابخانەکە هێندە دێرینە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵێک دەبێت و هێشتا رۆژانە جمەی دێت، بەجۆرێک بۆ خواردنی کەباب لەو شوێنە دەبێت ماوەیەک چاوەڕوان بکەیت، لەو ماوەیە کوڕ و باوک و باپیری بنەماڵەی (قەڕۆک)، یەک بەدوای یەک سەرپەرشتی دەکەن.

رۆژانە جگە لە کاسبکارانی دوکانەکانی قەیسەری و شوێنەکانی دیکەی هەولێر خەڵکی دەرەوەی شار و دێهاتەکانیش سەردانی دەکەن، وەک خاوەنەکەی ئاماژەی بۆدەکات بەپێی داواکاری کەبابەکەمان بەشێوەی سەفەری بۆ زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکانیش رەوانەدەکەین.

زەکەریا یاسین قەڕۆک، وەک یەکێک لە خاوەن و سەرپەرشتیارانی کۆنترین کەبابخانەی هەولێر ئاماژە بە مێژووی کەبابخانەکەیان دەکات کە لەلایەن باوکیەوە زیاتر ناسراوە و ناوبانگی دەرکردوە، لەبارەی کەبابخانەکەوە دەڵێت: (یاسین قەرۆک)ی باوکمان لە ساڵی 1936 لە هەولێر لە دایکبووە و لە 1992 کۆچی دواییکردوە، هەر لە ساڵی چلەکانی سەدەی رابردوو کاری شاگردی کردووە تا ئەو کاتەی بۆتە خاوەن چێشتخانەی خۆی، ئێستاش بۆتە دیارترین کەبابخانەی شارەکە.

‎ نهێنی سەرکەوتنی پیشەکەیان
لەبارەی نهێنی سەرکەوتنی پیشەکەیان دەشڵێت: یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی کەبابخانەکەمان و فراوانبوونی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، ئێمە وەک کوڕەکانی یاسین قەڕۆک راستەخۆ کاری تێدا دەکەین و رۆڵمان هەیە لە مانەوەی تام و چێژی کەبابەکەمان، بەجۆرێک ئێستا لە دوو لقی کەبابخانەکەمان لە رۆژانی ئاسایی بەتایبەتی پێش ئەم قەیرانەی ئێستا و ڤایرۆسی کۆڕۆنا نزیکەی حەوت سەد کیلۆ گۆشتمان دەکرد بە کەباب، هۆکارێکی دیکەی سەرکەوتنی کارەکانمان بۆ قسەخۆشی و رێزگرتنی خەڵک دەگەڕێتەوە و دەبێ وەک خاوەن ماڵێک سەیری پیشەکە بکەین، کاتێک میوانی دێت چۆن رێزی دەگرێت، یان بۆنەیەکی خێزانی و زەماوەند هەبێت، نابێت دڵی کەس بشکێ و کەس لەخواردن بێ بەش بێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ کردنەوەی کەبابخانەکەمان لە سەعات شەشی بەیانی تا دوانزەی شەو وادەزانین هەموو رۆژ بۆنەیەکمان هەیە، ئەو رۆژە بە هەستیارییەوە بەڕێ دەکەین.

‎لە رێگایەکی دوورەوە روودەکەنە کەباب خانەکەمان
باسی لەوەشکرد: زۆری داواکاری لەسەر کەباب و بەردەوامی سەردانی کڕیاران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەبێ بزانین چ جۆرە گۆشتێک دەکەین بە کەباب، نابێ هەموو گۆشتەکە سوور بێت، هەروەها هەندێک جار کەبابەکە بۆ لە شیشدانی پێویستی بە ئاوی گەرمە هەندێک جاری تر بە ئاوی سارد، ئەوانە هەمووی ئەو نهێنیانەیە کە پێویستە کەسانی شارەزا لە دروستکردنی کەباب بیزانن، هەر ئەمەش وایکردووە خەڵکی لە رێگایەکی دوور رووبکاتە کەبابخانەکەمان. لەبارەی تام وچێژی کەبابەکەیان وتی: هەر کەبابێک ئەگەر ساختەکاری لە گۆشتەکەدا نەکرێت و وەک خۆی ئامادەی بکەی بێگومان کەبابەکە خۆش دەردەچێت و ئەو تام و چێژەی دەبێت کە خەڵکی بەردەوام بەدوای دا دەگەڕێن.

لە دەروەی وڵات خواستی لەسەرە
وتیشی: جگە لە ناوخۆی کوردستان کە زۆربەی میوانان و نوێنەری وڵاتان سەردانمان دەکەن، هاوکات کەبابی ئێمە لە دەرەوەی وڵات خواستی لەسەرە، بەجۆرێک لە کاتە ئاسایەکان لەسەر داواکاری هەفتانە کەباب رەوانەی چەند وڵاتێکی دەرەوە دەکەین، بۆئەمەش سەرەتا بە شێوەی بەستوو ئامادەدەکرێت و لەسەر داواکاری بۆ زۆربەی وڵاتان رەوانە دەکرێت، دواتر لەوێ گەرمی دەکەنەوە و وەک ئەوەی تازە بێت وایە.

‎ گۆشتی سوور بۆ تەندروستی خراپە
زۆر لە پزیشکان و شارەزاییان پێیانوایە خواردنی گۆشتی سوور بۆ تەندروستی خراپە و زیانی هەیە، لەو بارەیەوە زەکەریا یاسین دەڵێ: راستە گۆشتی سور خراپە، بەڵام بۆ ئەوانە راستە کە جوڵەیان نیە، من یەکێکم لەوانەی هەموو رۆژ کەباب دەخۆم کەچی تەندروستیم باشە، جۆری گۆشتەکە و چۆنیەتی ئامادەکردنی، هەروەها خواردنی سەوزە و میوە لەگەڵ کەباب کاریگەرییە خراپەکانی کەمتر دەکاتەوە، بۆ ئەمەش ئێمە ئەو سەوزە و میوانەی دەیدەن بە کڕیاران بە دەرمانی تایبەت پاک دەکرێتەوە.

کارمەندی بیانی بەرگەی مانەوە دەگرن
‎لەبارەی ئەو کەسانەی لەلایان کاردەکات وتی: لەماوەی رابردوو خەڵکێکی زۆر لەلامان کاریان کردووە، هەندێکیان بۆ ماوەی زیاتر لەچڵ ساڵ بەردەوام بووە، بەڵام لەم سەردەمە زیاتر کارمەندی بیانی بەرگەی مانەوە دەگرن، ئەویش بەهۆی کەمی ئیلتیزاماتی خێزانی و بەرزی دینار بەرامبەر دراوی وڵاتەکەیان، لەگەڵ ئەوەش کارمەندە سەرەکیەکان هی خۆمان و خەڵکی هەولێرن، بۆ ئەوەی تایبەتمەندی کەباب خانەکەمان وەک خۆی بمێنێ و خەڵکی بەتام و چێژی جاران سەردانمان بکەن.

 94 جار بینراوە