سەرەکی » زانست » گەرمی جەستە بۆ بارگاویکردنی ئامێرە ئەلكترۆنییەكانپەڕە 2

گەرمی جەستە بۆ بارگاویکردنی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان

كەشتیی نوح

زانایانی چین و ئەمریكا ئامێرێكی بچووك و هەرزانیان داهێناوە، گەرمیی جەستە دەگۆڕێت بۆ وزەی كارەبایی و ئامێرەكە دەكرێت لە شێوەی ئەنگوستیلە یان بازن یان هەرشتێكی تر بێت كە بەر پێستی مرۆڤ بكەوێت.
لەمبارەیەوە گۆڤاری (Science Advances) لە زاری داهێنەرانی ئامێرەكەوە ئاماژەی بەوەداوە، هێزی ئەو ئامێرە بەسە بۆ كارپێكردنی سەعاتێكی ئەلكترۆنیی یان ئامێرێكی چاودێریی جەستە.

هەروەها باسی لەوەش كردووە ئەو ئامێرە نوێیە نەرمە و دەتوانێت خۆی خۆی چاك بكاتەوە و پێویستی بە بارگاویكردن نییە بەهیچ ئامێرێكی تری كارەبایی، چونكە خۆی كارەبا لە گەرمییەوە بەرهەم دەهێنێت و بۆ ئەمەش لەشی مرۆڤ وەك پاترییەكی بیۆلۆجیی بەكاردەهێنێت.

(جیان لیانگ چیاو) سەرۆكی تیمەكە دەڵێت» بۆ پاتری ئاسایی پێویستمان بەوەیە ناو بەناو بارگاویی بكەین و دوایش دەیگۆڕین بە دانەیەكی نوێ، بەڵام ئەم بەرهەمهێنەری كارەبای گەرمییە جۆرێكی ترە و دەتوانرێت بەردەوام بەكاربهێنرێت و لە ئایندەشدا هەوڵ دەدەین جۆرێك گەشەی پێبدەین كە بتوانێت كار بەو ئامێرە ئەلكرتۆنیانەی تریش بكات كە لەبەر دەكرێن بێ ئەوەی پێویستیان بەوە بێت پاترییەكانیان بارگاویی بكرێت».

ئەو ئامێرە نوێیە دەتوانێت بۆ هەر سانتیمەتر چوارگۆشەیەك لە پێست یەك ڤۆڵت بەرهەم بهێنێت، ئەگەر لە شێوەی بازندا بكرێتە دەستی كەسێك و رابكات ئەوا نزیكەی (٥) ڤۆڵت بەرهەم دەهێنێت كە ئەمەش بەرزترین ڕادەی بەرهەمهێنانە.

ئەو مادە بنەڕەتییەی لەو ئامێرەدا بەكارهاتووە مادەی پۆلیمینی نەرمە كە چەند توێژالێكی كارۆگەرمیی باریكی لێبەستراوە و لە نێوخۆیاندا بە چەند وایەرێكی كانزایی نەرم پێكەوە بەستراون و لەكاتی زیادكردنی یەكەی بەرهەمهێنان بۆ ئامێرەكە بەرهەمی زیاد دەكات.

وەك توێژەرەوەكانیش دەڵێن، ئەمە یەكەمین هەوڵ نییە بۆ یەكخستنی مرۆڤ و ئامێرە ئەلكترۆنییەكان، پێشتریش تاقیكردنەوەیەكیان كردووە لەسەر پێستی ئەلكترۆنیی كە بریتی بوو لە هەندێك كەلوپەلی نەرم كە دەتوانرا لەبەربكرێت و وەك پێستی سروشتیی مرۆڤ دەردەكەوت، بەڵام بۆ كار پێكردنی سەرچاوەیەكی وزەی دەرەكیی پێویست بوو.

ئامێرە نوێیەكە و پێستە ئەلكترۆنییەكەش بەرگەی كاریگەرییە دەرەكییەكان دەگرن، بەڵام شتێكی گرنگی ئەم ئامێرە نوێیە ئەوەیە كە دەتوانێت خۆی خۆی چاك بكاتەوە، واتە گەر بەرهەمێنەری كارۆ گەرمییەكە لەشێوەی بازندا بێت و تووشی دڕاندن بێت، هێندە بەسە هەردوو لاكەی بگەیەنرێت بەیەكتر و بە تووندی دەستی لەسەر دابنرێت ئیدیی خۆی بەیكەوە دەلكێتەوە، لە كاتی تەواوبونی ماوەی كاركردنی ئامێرەكەش دەتوانرێت بخرێتە ناو گیراوەیەكی تایبەتەوە كە مادەی پۆلیمینی تێدا بتوێتەوە.

سەرچاوە: نۆڤۆستی

 279 جار بینراوە