سەرەکی » زانست » كاریگەریی ڤیتامین (D) بۆ خۆپارستن لە كۆرۆناپەڕە 2

كاریگەریی ڤیتامین (D) بۆ خۆپارستن لە كۆرۆنا

ئامادەکردنی: كەشتیی نوح

پسپۆڕانی ئەڵمانیا لەراپۆرتێكیاندا ئاشكرایانكردووە، هیچ شتێكی سەلمێنراو نییە ئەوە دەربخات بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا پشت بە (ڤیتامین D )ببەسترێت.

كۆمەڵەی ئەڵمانیی بۆ خۆراك لە راپۆرتێكیاندا كە لە رۆژنامەی (هاندلسبلات)دا بڵاوكراوەتەوە ئەوەیان خستووەتەڕوو تا ئێستا بەپێی ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی كراوە ئەوە نەسەلمێنراوە كە ئەو كەسانەی ڤیتامین (D)یان كەم بێت زۆر بە قورسیی تووشی پەتای ( كۆڤید-19) دەبن.

ئەو پسپۆڕانە چاویان خشاندووەتەوە بە دەیان توێژینەوەی زانستیی چەند وڵاتێكی جیهاندا، بەڵام لە هیچكام لەو توێژینەوانە پرسی كەمیی ڤیتامین (D) و ئەگەری مەترسی نەخۆشییەكەی تێدا باس نەكراوە، بەڵام ئەوە خراوەتەڕوو كە ڤیتامین (D) توانیویەتی كاریگەریی ئەرێنی هەبێت لەسەر نەخۆشەكان، بەڵام ئەو توێژینەوانەش هەندێك كەموكوڕیان تێدا بووە، بۆ نموونە رێژەی ڤیتامینەكان لەو كەسانەی بەشداریی توێژینەوەكانیان كردووە بەر لە تووشبوونیان بە پەتای (كۆڤید- 19) نەزانراوە و كاتێكیكش لەگەڵ هەندێك گروپی تردا بەرواردكراون زۆر جیاواز بوون و هەندێكیان نەخۆشییی تریان هەبووە وەك قەڵەویی یان نەخۆشیی شەكرەیان هەبووە.

ئەو پسپۆڕە ئەڵمانیانە ئاشكرایانكردوە، هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە ئەوە دەربخات كە تەواوكارەكانی ڤیتامین (D) بدرێتە ئەو كەسانەی كەمیی ئەو ڤیتامینەیان هەیە بۆ ئەوەی لە تووشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەدوور بن یان گەر تووشبوبێتن مەترسیی نەخۆشییەكەیان لەسەر كەمبكاتەوە.

ئەو پسپۆڕانە دەشڵێن» باشترە هیچ كەس بێ رێنمایی پزیشك ڤیتامین (D) بەكار نەهێنێت، چونكە رەنگە لە بری سوود زیانی هەبێت لەوانەش دروستبوونی بەردی گورچیلە یان تێكچوونی ئەركەكانی دڵ كە رەنگە بە هۆیەوە كەسەكە تووشیی یەكێك لە نەخۆشییەكانی دڵ ببێت.

 1,267 جار بینراوە