سەرەکی » ئابووری » ״هەموو داهاتی دەروازەكان دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی״

״هەموو داهاتی دەروازەكان دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی״

یەکەی ئابووری

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم رایگەیاندووە، ناتوانرێت بە داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەكان، مووچەی فەرمانبەران بدرێت، چونكە داهاتەكە لە باشترین حاڵەتدا نەگەیشتۆتە 200 بۆ 250 ملیار دینار.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكادا وتویەتی: «هەموو داهاتی گومرگی خاڵە سنوورییەكان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، ئەو داهاتانە بەپێی پێداویستی حكومەت، لە مووچە و لە خەرجی بەكاربردندا خەرج دەكرێت».

وتیشی: «ناتوانرێت مووچە بە داهاتی گومرگ دابەشبكرێت، لەبەر ئەوەی مووچە زیاتر لە 800 بۆ 900 ملیار دیناری پێویستە، تائێستاش داهاتی دەروازە سنوورییەكان لە باشترین حاڵەتدا نەگەیشتۆتە 200 بۆ 250 ملیار دینار، كەواتە بەهیچ شێوەیەك نە لە ئێستا و نە لە داهاتووشدا، داهاتی گومرگ لە خاڵە سنوورییەكاندا ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەموو هەرێمی كوردستان دابین بكات.

رونیشیكردۆتەوە، ئەو پارانەی كە پێویستە وەربگیرێت، بەپێی پێناسەی گومرگی سیستمەكە وەریدەگرێت‌و دەیخاتە سەر مەنەفێست‌ و راستەوخۆ لەلایەن بانكەكانەوە وەردەگیرێت، دواتر بە ژمارە حساب دێتەوە ناو وەزارەتی دارایی.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان تەئكیدیشی كردۆتەوە، دەروازە سنوورییەكانی حكومەتی هەرێم بەراورد بە دەروازە سنوورییەكانی تری عیراق لە بارودۆخێكی زۆر باشدایە.

 378 جار بینراوە