سەرەکی » دۆسێ » قەتەر سكاڵا لەسەر ئیمارات تۆمار دەكات

تەنگژەكانی كەنداو بەردەوامن

قەتەر سكاڵا لەسەر ئیمارات تۆمار دەكات

لەبارەی «پێشێلكارییەكانی مافی رۆڤ»، حكومەتی قەتەری رایگەیاندووە كە سكاڵا لەسەر ئیمارات تۆمار دەكات لە دادگای دادی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان.
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2018، حكومەتی قەتەری لە لێدوانێكیدا كە لەلایەن ئاژانسی دەنگوباسی قەتەرییەوە بڵاوكرایەوە رایگەیاندبوو»حكومەتی دەوڵەتی قەتەر لە دادگای دادی نێودەوڵەتی و بەهۆی پێشێلكارییە بەردەوامەكانی مافی مرۆڤ لە دژی دەوڵەت و هاوڵاتیانی، دەست دەكات بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە دژی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو».
لەبەرانبەر داواكارییەكانی قەتەر، ئەنوەر قرقاش وەزیری دەوڵەت لە ئیمارات بۆ كاروباری دەرەوە، لە تویتێكیدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو»قەتەر دەڵێت، سكاڵا لەسەر ئیمارات تۆمار دەكات لە دادگای دادی نێودەوڵەتی بەو هۆیەی كە باس لە پێشێلكاریی مافی مرۆڤ دەكات. ئێمە پێیی دەڵێن، ئەوەی جورئەت دەكات و درۆ دەكات لەبارەی حەجەوە، ئەو داكەوتنەیمان بەلاوە سەیر نابێت».
حكومەتی قەتەر دەڵێت، ئیمارات زنجیرەیەك رێوشوێنی رەگەزپەرستیانەی لە دژی قەتەرییەكان گرتۆتەبەر، لەوانە دەركردنیان لە ئیمارات و رێگریكردنیان بۆ چوونە ئیمارات و تێپەڕبوون بە وڵاتەكەدا، هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی كردووە ئیمارات بەجێبهێڵن، و كایەی ئاسمانی و رێڕەوە دەریاییەكانی بەڕووی قەتەر و قەتەرییەكاندا داخستووە».
بە گوتەی حكومەتی قەتەری»ئەو رێوشوێنانە پێشێلكردنی رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكانە بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستی، بە رەگەزپەرستی لەسەر بنەمای نەژاد و رەگەزنامە. ئیمارات و قەتەریش لەو وڵاتانەن كە ئیمزایان لەسەر رێكەوتنەكە كردووە، بەڵام سعودیە و میسر و بەحرەین ئیمزایان لەسەر ئەو رێكەوتنە نەكردووە.
قەتەر داوای لە دادگای دادی نێودەوڵەتی كردووە، فەرمان بە ئیمارات بكات، هەنگاو بۆ پابەندبوون بە بەڵێننامەكانی بەپێی رێكەوتننامەكە هەڵبنێت، و ئەو رێوشوێنانەش هەڵوەشێنێتەوە كە لە دژی دەوڵەكەی گرتویەتیەبەر و مافەكان بۆ قەتەرییەكان بگێڕێتەوە.
قەتەر داوای قەرەبووكردنەوەیشی لە ئیمارات كردبوو، بە قەرەبووی ماددییەوە، بەڵام وردەكاریی لەبارەی بڕی ئەو قەرەبووكردنەوەیە نەخستبووەڕوو.
دوابەدوای‌ سەردانەكەی‌ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی‌ ئەمریكا بۆ شانشینی‌ عەرەبی‌ سعودیە لە 21ی‌ ئایاری‌ 2017 كە كۆنگرەیەكی‌ ئیسلامی‌ لەخۆگرت و سەرۆكی‌ ئەمریكا لەگەڵ نزیكەی‌ 50 سەركردەی‌ وڵاتانی‌ عەرەبی‌ و ئیسلامی‌ كۆبووەوە، تەنگژەكان لەگەڵ دەوڵەتی‌ قەتەر سەریان هەڵدا.
ترەمپ لە كۆبوونەوەكانی‌ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی‌ سعودیە و سەركردەكانی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌، داوای‌ كردبوو بۆخۆیان و لەنێوخۆی‌ وڵاتەكانیانیانەوە هەوڵ بۆ بنەبڕكردنی‌ تیرۆر بدەن و رێگە لە سەرهەڵدانی‌ گروپە توندڕەوەكان بگرن، چونكە بە وتەی‌ ترەمپ، ئەمریكا لەمەودا ئامادە نییە هێزی‌ سەربازیی‌ بۆ بەگژداچوونەوەی‌ گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان بۆ وڵاتانی‌ ناوچەكە رەوانە بكات.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، سەرۆكی‌ ئەمریكا داوای‌ لە سەركردەكانی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ كردبوو، كار بۆ رێگرتن لە كۆمەككردن و پشتیوانیكردنی‌ گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان بكەن، ئەو سەرچاوانەش وشك بكەن كە تەمویلی‌ گروپە تیرۆریستییەكان دەكەن.
دوای‌ مانگێك لە كۆبوونەوەی‌ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی‌ ئەمریكا لەگەڵ سەركردەكانی‌ وڵاتانی‌ ناوچەكە لە ریاز، سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسی‌ و ئابورییەكانیان لەگەڵ دەوڵەتی‌ قەتەردا پچڕاند و بە كۆمەككردنی‌ تیرۆر تۆمەتبارییان كرد.
لە سەرەتای مانگی‌ حوزەیرانی‌ 2017، سعودیە و بەحرەین و ئیمارات و میسر، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دەوڵەتی‌ قەتەردا پچڕاند و بەوە تۆمەتباریان كرد كە كۆمەك و پشتیوانی‌ پێشكەش بە گروپ و رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەكات لە ناوچەكەدا.
لەو دەمەوە قەتەر لەلایەن وڵاتانی‌ كەنداوەوە رووبەڕووی‌ بایكۆتی‌ دیپلۆماسی‌ و گەمارۆ و سزای‌ ئابوری‌ بێ‌ پێشینە بۆتەوە لە ناوچەی‌ كەنداودا.
لەبەرانبەردا قەتەر ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە رووبەڕووی‌ كراونەتەوە لەبارەی‌ كۆمەككردنی‌ تیرۆر و لەقكردنی‌ ئاشتی‌ و سەقامگیری‌ هەرێمایەتی‌.
لە 22ی‌ حوزەیرانی‌ 2017، وڵاتە بایكۆتكەرەكانی قەتەر، لیستێكی‌ داواكارییان پێشكەش بە دەوحە كرد كە تێیدا داوایان كردبوو، قەتەر پەیوەندییەكانی‌ لەگەڵ ئێران كەمبكاتەوە و كەناڵی‌ جەزیرە دابخات، ئەو داواكاریانەش كرابوونە مەرج بۆ هەڵگرتنی‌ ئەو ئابڵوقەیەی‌ بەسەریاندا سەپاندندبوو، لەبەرانبەردا قەتەر تەئكیدی‌ لەسەر نەشیاوی‌ و ناواقعی‌ داواكارییەكان كردبۆوە.
وێڕای‌ زۆرێك لە هەوڵە ئیقلیمی‌ و نێودەوڵەتییەكان، بەڵام تائێستا هیچ دەستەواژەیەك بۆ هێوركردنەوەی‌ دۆخەكە و ئاسایی‌ بوونەوەی‌ پەیوەندییەكانی‌ نێوان ئەو وڵاتانە لەگەڵ قەتەردا لە ئارادا نییە، بگرە تادێت تەنگژەكانی‌ نێوانیان ئاڵۆزتر دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوچه‌ی‌ پشده‌ر له‌ سه‌رده‌می‌ میرنشینی‌ هه‌زبانی‌ دا

(1029-1132ز) عومه‌ر ئیسماعیل مارف جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌زبانیه‌كان هۆزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كورد ...