چیرۆكی ئه‌و ژنانه‌ی‌ پرچیان له‌چاوه‌ڕوانیدا سپی كرد – پەڕە 11 – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » چیرۆكی ئه‌و ژنانه‌ی‌ پرچیان له‌چاوه‌ڕوانیدا سپی كردپەڕە 11

چیرۆكی ئه‌و ژنانه‌ی‌ پرچیان له‌چاوه‌ڕوانیدا سپی كرد

‎*كوردستانی نوێ:ڕۆژان محمد ڕەشید

‎ئه‌گه‌ر شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ نێوان عێراق و ئێران هه‌زاران پیاوی‌ كردبێته‌ قوربانی، ئه‌وا له‌پاڵیشیدا سه‌دان ژنی‌ له‌ دودڵی و چاره‌نوسێكی‌ مۆله‌ق دا به‌جێهێشت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هاوسه‌ره‌كانیان تائێستا مانه‌وه‌یان له‌ ژیان رون نه‌بوه‌ته‌وه‌.

‎شەڕی ئێران و عێراق، ئەو شه‌ڕه‌ بو كه‌ لە ئەیلولی 1980 ده‌ستی‌ پێكرد و له‌ ئابی 1988 بۆ ماوه‌ی‌ 8 ساڵ درێژەی کێشا، تیایدا به‌هه‌زاران مرۆڤ له‌هه‌ردو لا بونه‌ قوربانی‌ و خه‌زێنه‌ی‌ ئابوری هه‌ردو وڵاتیشی له‌ مایه‌پوچبون نزیك كرده‌وه‌.
‎به‌شێكی‌ تر له‌ قوربانیه‌كانی‌ ئه‌م شه‌ڕه‌، وه‌ك هه‌میشه‌ ژنان بون، كه‌به‌ قوربانیه‌ بێده‌نگه‌كانی‌ شه‌ڕ ناسراون، ئه‌ویش كاتێك سه‌دان ژن هاوسه‌ره‌كانیان له‌م شه‌ڕانه‌دا چاره‌نوسییان به‌ هه‌ڵواسراویی مایه‌وه‌و یه‌كلا نه‌بویه‌وه‌ و به‌كه‌سانی‌ شوێنبزر «مفقود» ناسراون.
‎ئه‌و ژنانه‌ باسله‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌چاوه‌ڕوانی‌ یه‌كلایی بونه‌وه‌ی‌ چاره‌نوسی‌ هاوسه‌ره‌كانیان، پرچی ره‌شیان سپی كردوه‌ته‌وه‌.
‎به‌هیه‌، 58 ساڵ، ژنێكه‌ كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا شوێنبزر بوه‌و چاره‌نوسی‌ نه‌زانراوه‌. بۆ (كوردستانی نوێ) ڕاگەیاند: «هاوسەرەکەم لەو شەڕە دا ون بوە، دوای 21 ساڵ لە لایەن حکومەتەوە بەڵگەنامەی مردنی بۆ دەرکرا».
‎بە خەمباریەوە ناوبراو ئاماژەشی بەوەكرد: «کۆتا جار مێردەکەم رۆشتەوە بۆ شەڕ دڵم باش لێی نەدا پێم وت مەڕۆ، بڕۆی ناگەڕێتەوە، به‌ڵام ئه‌و وتی‌ تەنیا ئەمجارە دەڕۆم، رۆشت بەڵام نەگەڕایەوە».
‎ره‌نگه‌ (به‌هیه‌) به‌ختی‌ باش بوبێت كه‌ دۆسیه‌ی چاره‌نوسی مێرده‌كه‌ی‌ یه‌كلا كراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ زۆرێكی تر له‌ ژنان تائێستا به‌ مان یان نه‌مان، وه‌ڵامێكیان له‌باره‌ی‌ چاره‌نوسی‌ هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتوه‌.
‎شەوکەت محه‌مه‌د، 55 ساڵ، ژنێكی‌ دانیشتوی‌ قه‌زای‌ کەلاره‌، كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ له‌شه‌ڕه‌كه‌دا شوێنبزر بوه‌، وتی: «مێردەکەم ماوەی 36 ساڵە لە شەڕی ئێران و عێراق چاره‌نوسی نادیارە، حکومەتی هەرێم لە دۆزینەوەی بێئومێدی کردوین، به‌ڵام تائێستاش هه‌ر چاوه‌ڕوانم».
‎به‌شێك له‌ ژنان، پاش ئه‌وه‌ی‌ بێئومێد بون له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كانیان یان به‌ فه‌رمی به‌ مردو هه‌ژمار كراون، هاوسه‌رگیرییان كردوه‌ته‌وه‌.
‎شه‌وكه‌ت، له‌وباره‌وه‌ وتی‌: «کۆمەڵگا رێگر نیە لەوەی هاوسەرگیری بکەمەوە، بەڵکو بەهۆی خۆشویستنی مێردەکەمەوەیە كه‌ ناتوانم بڕیاری هاوسه‌رگیری بدەمەوە».
‎ئه‌وه‌ی‌ وایكردوه‌ چاوه‌ڕوانی ژنانی‌ مێرد شوێنبزر نه‌بێته‌ كارێكی‌ بێهوده‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و پیاوانه‌ پاش ساڵانێك گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.
‎گوڵباخ حه‌سه‌ن، ژنێكی‌ دانیشتوی‌ شاری کەلارە و یەکێکە لەو ئافرەتانەی کە هاوسەرەکەی پاش دیارنه‌مانی‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌ گەڕایەوە.
‎ئه‌و له‌ لێدوانی‌ دا بۆ (كوردستانی نوێ)، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد «بە ئومێدێکی زۆرەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوسه‌ره‌كه‌م بوم، خۆشبه‌ختانه‌ دوای 9 ساڵ له چاوەڕوانی گەڕایەوە».
‎له‌نێوان كێشمه‌كێشی ئه‌وه‌ی‌ چاره‌نوسی ئه‌و پیاوانه‌ چین و یاسا چۆن لێی ده‌ڕوانێت، پارێزه‌رێك رونكردنه‌وه‌ی‌ یاسایی ده‌دات.
‎سه‌باح مه‌حمود، بۆ (كوردستانی نوێ) ڕاگەیاند: «بەپێی مادەی 93 لە یاسای چاودێری ناکامەکان دەڵێت: دو جۆر ون بون هەیە، ون بونی کەسەکە لە بارودۆخی ئاسایی ئافرەتەکە تاکو 4 ساڵ چاوەڕوانی دەبێت، بەڵام ون بونی کەسەکە لە کاتی شەڕدا بۆ ماوەی 2 ساڵ چاوەڕوانی دەبێت دواتر دەتوانێت هاوسەرگیری بکاتەوە».
‎ئەو پارێزەرە ڕونکردنەوەی زیاتری دا وتی: ئەم ئافرەتانە بڕیاری هاوسەرگیری بدەنەوە باشترە، چونكه‌ ئه‌و پیاوانه‌ ئه‌گەر مابن تا ئێستا دەگەڕانەوە.
‎به‌ڵام وادیاره‌ ئه‌م بڕگانه‌ به‌نیسبه‌ت زۆرێك له‌و ژنانه‌وه‌، ته‌نها ده‌قێكی‌ نوسراوی‌ بێگیانن، چونكه‌ ئه‌وان سه‌رباری هه‌مو پشتگیرییه‌كی‌ یاسایی و بێئومێدییه‌كی‌ سیاسیی، ئاماده‌نین ده‌ستبه‌رداری‌ خه‌ونی‌ هاتنه‌وه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كانیان بن.
‎شه‌وكه‌ت، له‌وباره‌وه‌ وتی: «تا مردن چاوەڕوانی هاوسه‌ره‌كه‌م دەبم بگەڕێتەوە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كوردستانێكی ئارام‌ و سه‌قامگیر‌ به‌بێ بوونی یه‌كێتییه‌كی خزمه‌تگوزار‌و ده‌رفه‌ت ره‌خسێن نایه‌تەدی

به‌ناوی خوای بەخشنده‌‌و میهره‌بان، من د.رێواز فایه‌قم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی ...