دووبارە یەکێتی لە کەرکوک یەکەمە – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » دووبارە یەکێتی لە کەرکوک یەکەمە

دووبارە یەکێتی لە کەرکوک یەکەمە

كەركوك، عومەر غەریب

شەوی 7\8/7/2018، پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان لەپارێزگای كەركوك كۆتایی پێهات، دوای ئەوەی پڕۆسەكە لەلایەن تیمێكی دادوەرانی عیراق‌و فەرمانگەی هەڵبژاردنی كەرخ‌و رەسافە‌و كەركوك بەڕێوەچوو، هەژماركردنەوە بۆ 523 وێستگە لەكەركوك كرا‌و 35 سندوق، كە هی ناوچە عەرەبییەكان بوون، دەنگەكانیان پووچەڵكرانەوە.

كوردستانیبوونی كەركوكی سەلماندەوە
رۆژی 8/7/2018 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكەركوك پەیامێكی لەبارەی ئەنجامەكانی پڕۆسەكەوە بڵاوكردەوە، لە بەشێكی پەیامەكەی یەكێتیدا هاتووە، پاش كۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەژماری دەستیی دەنگەكان سەرباری هەموو ئەو گرفت‌و زوڵمانەی لەدوای پڕۆسەی دەنگدان لە 12ی ئایار دەرهەق بەكوردو یەكێتی لەكەركوك كرا، وەك دەست بەسەرداگرتنی سندوقەكانی دەنگدان‌و دەركردنی نوێنەران‌و چاودێرانی كورد لەلایەن میلیشیا چەكدارەكانی توركمانی‌و عەرەبی بۆ ماوەی 27 رۆژو هاوكات دوای ئەوەی بەردەوام تۆمەت دەبەخشرایەوەو هێرشی ناڕەوا لەلایەن سیاسییە عەرەبی‌و توركمانییەكانەوە دژ بەكوردو هاوكاتتریش كە هەموو نەیارەكانی كورد‌و یەكێتی لەیەك بەرەداو بەیەك پاكێچ لەهەوڵی بێوچاندا بوون پاڵپشت بەئەجێندای ناوخۆیی‌و ناوچەیی بۆ كەمكردنەوەی سەنگ‌و كورسی كوردو یەكێتی لەكەركوك، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبەرامبەر ئەو هەموو تۆمەت‌و ناهەقییانەی كە دژی كرا لەكەركوك، لەڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی‌و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای كەركوك، دانی بەخۆیدا گرت تا هاتنی ئەنجومەنی نوێی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی دادوەری، بۆ هەژماركردنەوەی دەستیی ئەو سندوقانەی سكاڵایان لەسەر تۆماركرابوو كە ژمارەیان 523 سندوقە لەكۆی 2020 سندوقی كەركوك، كە دەكاتە 25%ی دەنگەكانی كەركوك. دوای پێنج رۆژ لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، بەئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و سەرجەم قەوارە سیاسییەكان، سەرەنجام خۆشبەختانە كوردو یەكێتی زۆر سەربەرزانە لەناو ئەو غەدرو پیلانە دوژمنكارانەیە راست‌و دروستی ئەنجامی دەنگەكانی خۆی بۆ گەڕایەوەو بەمەش كوردستانیبوونی كەركوكی سەلماندەوە. لێرەوە سەرباری سەركەوتنی لیستی شەهیدان‌و مامی رابەرمان، پێتان رادەگەیەنین جگە لەمانەوەی ژمارەی كورسییەكانمان وەك خۆی لەپڕۆسەی هەژماركردنی دەستیی دا، خۆشبەختانە ژمارەی دەنگەكانمان زیادیكردووە. هاوكات لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین كە هەموو ئەو كەس‌و لایەنانەی تۆمەتی ناڕەواو گەلەكۆمەیان لە یەكێتییەكەتان دەكرد، بەڵێنتان پێدەدەین لەدادگا رووبەڕوویان دەبینەوە. هەر لێرەشەوە داوا لەتەواوی لایەنە سیاسی‌و پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك دەكەین كە بابەتی پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و پێكەوەژیان لەبەرچاو بگرن‌و دووركەونەوە لەگوتاری توندوتیژی، هەروەها لەژێر كاریگەری ئەجێندا دەرەكییەكان دوور بكەونەوەو پێویستە كەركوكی بوون بخەینە پێش بەرژەوەندیی حزبی‌و كەسییەوە.

دەنگەكانی یەكێتی زیادیكردووە
رۆژی 8/7/2018، بۆ روونكردنەوەی هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی پڕۆسەكەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەیی لەلایەن خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی‌و رێبوار تەها سەرۆكی لیستی یەكێتی لەپارێزگای كەركوك، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكەركوك بەڕێوەچوو.
لەكۆنگرەكەدا كۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان بەسەركەوتوویی لەپارێزگای كەركوك راگەیەنرا. هاوكات لایەنەكانی پەیوەست بەبەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لەو وێستگانەی تانەیان لەسەر بووە روونكرایەوە‌و ئاماژەیان بەوەدا كە پڕۆسەی هەژماری دەستیی دەنگەكان لەپارێزگای كەركوك لەنێو بۆسەی پیلانگێڕییەكانی ناوخۆو ناوچەیی كۆتاییهاتووەو سەركەوتووش بووە.
لەكۆنگرەكەدا خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند: بەپێی ئەو زانیارییانەی لەناوەندی جیاكردنەوەی دەنگەكانەوە پێمانگەیشتووە، دەنگەكانی یەكێتی كەمی نەكردووەو كورسییەكانیشی كەم ناكات، ئەم مژدەیە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و كەركوك رادەگەیەنین‌و دەڵێین دەنگەكانی یەكێتی زیادیشیكردووە، دوای ئەوەی هەژماركردنەوە بۆ كۆمەڵێک سندوق كراوە لەسنووری داقوق كە پێشتر هەژمار نەكرابوون.

رەوشی ئەمنیی كەركوك بەلامانەوە هێڵی سوورە
رێبوار تەها سەرۆكی لیستی یەكێتیش لە پارێزگای كەركوك رایگەیاند: دوای ئەوەی بەپێی ئەو ئەنجامانەی بەدەست هاتوون لەپڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لەكەركوك، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ژمارەی كورسییەكانی كورد لەكەركوك نەهاتووە، بەداخەوە چەند لایەنێكی سیاسی‌و وردتریش رایبگەیەنین بەرەی توركمانی، هەڕەشە لەپڕۆسەی سیاسی دەكەن بەوەی كە خەڵك بڕژێننە سەر شەقام. وتیشی: ئێمە بەو لایەنەو لایەنی تریشی رادەگەیەنین كە وەك یەكێتی رەوشی ئەمنی كەركوك بەلامانەوە هێڵی سوورەو لەهیچ لایەنێك قبوڵ ناكەین كار بكات بۆ شێواندنی رەوشی ئەمنی كەركوك. روونیشیكردەوە: ئێمە دەتوانین سەدان هێندەی ئەو لایەنە خەڵك بڕژێنینە سەر شەقام، بەڵام ئێمە نامانەوێت رەوشی شارەكە بەئاقارێكی تردا بڕوات‌و بەو لایەنانە دەڵێین كە ئێمە بۆ داهاتوو دادگایان لێ دەگرین.

زیاتر 93%ی دەنگەكان وەك یەك بوون
جێی ئاماژەیە، دوای بڕیاردان لەسەر هەژماركردنەوەی دەستیی بۆ ئەو وێستگانەی تانەیان لەسەر بوو لەكەركوك، رۆژانی 3-7/7 پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی بۆ 523 وێستگە لەكەركوك كرا‌و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستانی نوێ كەوتوون، زیاتر 93%ی دەنگەكان لەپارێزگای كەركوك وەك یەك بوون.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستانی نوێ كەوتوون، لەڕۆژی یەكەمی پڕۆسەی جیاكردنەوە‌و هەژماركردنەوە بۆ 24 سندوق، لە دووەمین رۆژدا هەژماركردنەوە بۆ 90 سندوق، لەڕۆژی سێیەمدا هەژماركردنەوە بۆ 82 سندوق، لەڕۆژی چوارەمدا هەژماركردنەوە بۆ 112 سندوق‌و لەڕۆژی پێنجەمیشدا هەژماركردنەوەی دەستیی بۆ 82 سندوق كراوە.

گۆڕانكاری لە ژمارەی كورسیی پێكهاتەكاندا روو نادات
كوردستانی نوێ ئەوەشی زانیوە كە لەچوارچێوەی هەژماركردنەوەكەدا 35 سندوق دەنگەكانیان پوچەڵكراوەتەوە كە هی ناوچە عەرەبییەكان بوون‌و ئەو سندوقانە لەدوای هەڵبژاردنەكەوە دەستیان بەسەرداگیرابوون‌و ساختەكارییان تێدا كرابوو.
هەر بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ، بەپێی ئەو ئەنجامانەی بەدەستهاتوون، ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی كەركوك وەك پێشتر لەلایەن كۆمسیۆنەوە راگەیەنرابوو، دەمێنێتەوەو هیچ گۆڕانكارییەك لە ژمارەی كورسیی پێكهاتەكانی كەركوكدا روو نادات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرهەڵدانی بیروڕای جیاواز ‌و بنەمای كۆمەڵگەی مەدەنی لە سلێمانی

شاهۆ عوسمان سەید قادر ئەم شارە لەسەرەتای دروستبوونیەوە لەسەربنەمای ململانێ‌‌و ...