سه‌عات 9ی ئه‌مشه‌و یارییه‌كانی قۆناغی پێش كۆتایی مۆندیالی 2018ی روسیا ده‌ست پێده‌كات و ئه‌مشه‌ویش ناسنامه‌ی لایه‌نی یه‌كه‌می یاری كۆتایی ئاشكرا ده‌بێت و مۆندیالیش هه‌نگاوێكی تر له كۆتایی نزیك ده‌بێته‌وه.
یارییه‌كه
-فه‌ره‌نسا×به‌لژیكا سه‌عات 9ی شه‌و له یاریگای سانت بترسبۆرگ.
ركابه‌ری دیارترین 2 پاڵێوراو
له یه‌كه‌م یاری ئه‌م قۆناغه‌ش هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا رووبه‌ڕووی نه‌وه‌ی زێڕینی هه‌ڵبژارده‌ی به‌لژیكا ده‌بێته‌وه كه به‌رازیلی دیارترین پاڵێوراوی مۆندیالی كردۆته‌وه ده‌ره‌وه‌و به‌ڕای زۆرینه‌ی شاره‌زایانیش براوه‌ی ئه‌م یارییه ده‌بێته پاڵه‌وانی مۆندیال.
ئه‌م یارییه له نێوان 2 هه‌ڵبژارده‌یه كه باشترین ئاستیان له مۆندیال پێشكه‌ش كردوه به جۆرێك سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له قۆناغه‌كانی پێشوو به‌ربه‌ستی قورسیان هاتۆته به‌رده‌م، به‌ڵام توانیویانه ئه‌و به‌ربه‌ستانه به سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕێنن بگه‌نه قۆناغی پێش كۆتایی.
به‌لژیكا
هه‌ڵبژارده‌ی به‌لژیكا پێش رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا 23 یارییه‌كه له‌سه‌ریه‌ك نه‌دۆڕاوه‌و دواین شكستی هه‌ڵبژارده‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یۆرۆی 2016 و هه‌ڵبژارده‌كه‌ش خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی تۆكمهیهو له ریزه‌كانی باشترین یاریزانی خوله‌كانی ئه‌وروپا یاری ده‌كه‌ن و هه‌ڵبژارده‌كه‌ش بۆ یه‌كه‌م جاره له مۆندیالی 1986ه‌وه ده‌گاته قۆناغی پێش كۆتایی.
هه‌ڵبژارده‌ی به‌لژیكا له قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان توانی هه‌ر 3 یارییه‌كه‌ی بباته‌وه‌و له قۆناغی 16 رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن بۆوه كه به ئاسته به‌رزه‌كه‌ی هه‌مووانی سه‌رسام كرد، له‌و یارییه‌شدا هه‌رچه‌نده ژاپۆن به 2 گۆڵ پێشكه‌وت، به‌ڵام به‌لژیكا توانی 3 گۆڵ بكات و ریكۆردێكی ته‌مه‌ن 48 ساڵه یه‌كسان بكاته‌وه‌و ببێته یه‌كه‌م هه‌ڵبژارده له مۆندیالی 1970ه‌وه شكست به 2 گۆڵ بگۆڕێت بۆ سه‌ركه‌وتن.
له قۆناغی چاره‌كی كۆتاییش هه‌ڵبژارده‌كه به‌رامبه‌ر به‌رازیل یاری كرد كه به‌یه‌كێك له دیارترین پاڵێوراوه‌كان بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه داده‌نرا، به‌ڵام توانی سه‌ركه‌وتن به‌رامبه‌ری تۆماربكات به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه بووه‌ته پاڵێوراوێكی به‌هێز بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه.
به‌لژیكا خاوه‌نی به‌هێزترین هێڵی هێرشبردنه كه یاریزانه‌كانی 14 گۆڵیان تۆماركردوه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجیشه 9 یاریزانی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه به‌شداریان له تۆماركردنی گۆڵ كردوه.
له ریزی هه‌ڵبژارده‌كه‌ش چه‌ندین ئه‌ستێره یاری ده‌كه‌ن له‌وانه ئیدین هازارد و كیڤن دی برۆین و گۆڵكه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌ش له مۆندیال لۆكاكۆیه كه 4 گۆڵی كردوه‌و ئه‌و یاریزانه‌ش له‌دوا 13 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی 17 گۆڵی كردوه.
فه‌ره‌نسا
هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نساش به‌هۆی پێكهاته به‌هێزه‌كه‌ی پێش ده‌ستپێكردنی مۆندیالیش یه‌كێك بوو له ركابهرهبههێزهكان، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه له قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان به‌و ئاسته نه‌بینرا كه چاوه‌ڕێ ده‌كرا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ڵبژارده‌كه توانی خۆی بگه‌یه‌نێته قۆناغی پێش كۆتایی.
فه‌ره‌نسیه‌كان له قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان توانیان 2 یاری ببه‌نه‌وه‌و یارییه‌كیش یه‌كسانبن و سه‌ره‌ڕای تۆماركردنی 3 گۆڵیش له‌و قۆناغه به پێشه‌نگی گه‌یشتنه قۆناغی 16، له‌و قۆناغه‌ش هه‌ڵبژارده‌كه به‌رامبه‌ر به هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین یاری كرد و توانیشی یارییه‌كه‌ی به 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر به 3 گۆڵ لێ بباته‌وه‌و یه‌كێك له گه‌وره‌كان بكاته ده‌ره‌وه.
له قۆناغی چاره‌كی كۆتایش فه‌ره‌نسا رووبه‌ڕووی ئۆرۆگوای بۆوه كه له ساڵی 2018 له كۆی 7 یاری ته‌نها گۆڵێكی لێكراوه‌و له قۆناغی پێشووش ماڵئاوایی به پاڵه‌وانی ئه‌وروپا كردبوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش فه‌ره‌نسا توانی به 2 گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر دووچاری شكستی بكات.
هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا بۆ جاری شه‌شه‌مه ده‌گاته قۆناغی پێش كۆتایی و پێشتریش 2 جار گه‌یشتۆته یاری كۆتایی و ته‌نها جارێك توانیویه‌تی مۆندیال بباته‌وه.
هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی زۆر به‌هێزه و له هه‌موو هێڵه‌كاندا ئه‌ستێره‌ی هه‌یه‌و ئه‌نتوان گریزمانیش له‌م مۆندیاله به تۆماركردنی 3 گۆڵ گۆڵكه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌یه و له‌دوا 6 یاریش له پاڵه‌وانێتیه‌كان له‌دوای قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان خاوه‌نی 7 گۆڵه، ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ش له هه‌ڵبژارده‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه دواین 6 شوتی یاریزانانی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه بۆ گۆڵی ركابه‌ره‌كانی بووه به گۆڵ.
ئه‌م 2 هه‌ڵبژارده‌یه مێژوویه‌كی دێرینیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه كه پێشتر 73 یارییان به‌رامبه‌ر به یه‌كتری كردوه‌و مێژووش له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌لژیكایه كه 30 یاری بردۆته‌وه‌و 24 یاریش به‌سوودی فه‌ره‌نسا كۆتایی هاتووه‌و 19 یاریش یه‌كسانبوون.
ركابه‌ری گۆڵپارێزه‌كان
بۆ ئه‌وه‌ی مۆندیال ببه‌یته‌وه ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه پێویستت به گۆڵپارێزێكی مه‌زن ده‌بێت و هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ش خاوه‌نی گۆڵپارێزی ئاست به‌رزن كه هۆگۆ لۆریسی كاپتن گۆڵپارێزی فه‌ره‌نسایه‌و تیبۆ كۆرتواش به‌رگری له گۆڵی شه‌یتانه سووره‌كان ده‌كات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو گۆڵپارێز له نێو باشترینه‌كانی جیهاندان، به‌ڵام باڵابه‌رزه‌كه‌ی به‌لژیكا خاوه‌نی ناوبانگێكی زیاتره، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ریزی یانه‌ی به‌ناوبانگ و خولی به‌ناوبانگتر یاری كردوه‌و له‌م مۆندیاله‌ش توانی قه‌ره‌بووی وه‌رزه خراپه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ چێڵسی بكاته‌وه.
له‌ڕووی ئه‌زمونیشه‌وه ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه لۆریس باشتره كه خاوه‌نی 102 یاری نێوده‌وڵه‌تیه‌و بۆ یه‌كه‌م جاریش له ساڵی 2008 یاری بۆ فه‌ره‌نسا كردوه‌و یه‌كه‌م گۆڵپارێزیشه له مێژووی فه‌ره‌نسا ئه‌و ژماره یارییه به درێسی كهڵهشێرهكانهوه بكات، له‌به‌رامبه‌ردا كۆرتوا تا ئێستا 63 یاری نێوده‌وڵه‌تی به درێسی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی كردوه.
له‌م مۆندیاله‌شدا هه‌ردوو گۆڵپارێز به ئاستی به‌رز ده‌ركه‌وتوون به‌تایبه‌تی له قۆناغی چاره‌كی كۆتایی كه توانیان ببنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هێرشی ركابه‌ره‌كانیان و چه‌ندین تۆپی مه‌ترسیداریان له گۆڵه‌كه‌یان دوورخسته‌وه.
تێری هێنری
له‌م یارییه‌دا چه‌ندین ركابه‌ری له‌نێوان ئه‌ستێره‌كان رووده‌دات و هه‌ریه‌كه‌و هه‌وڵ ده‌دات به‌باشترین ئاست ده‌ربكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته یاری كۆتایی، به‌ڵام ناخۆشترین دۆخ له كۆتایی یارییه‌كه بۆ تێری هێنری ده‌بێت، چونكه به بردنه‌وه یاخود شكست له یارییه‌كه‌دا ئه‌وا دڵته‌نگ ده‌بێت.
تێری هێنری یه‌كێك له باشترین یاریزانه‌كانی مێژووی تۆپی پێی فه‌ره‌نسا و گۆڵكاری مێژویی هه‌ڵبژارده‌كه‌و یه‌كێك له ئه‌ندامانی نه‌وه‌ی زێڕینی هه‌ڵبژارده‌كه كه مۆندیال و یۆرۆیان برده‌وه، به‌ڵام ئه‌و ئێستا له ریزی هه‌ڵبژارده‌ی به‌لژیكا دایه كه وه‌كو یاریده‌ده‌ری دووه‌می رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه كارده‌كات، ئه‌م یارییه‌ش بۆ ئه‌و زۆر ناخۆش ده‌بێت چونكه به بردنه‌وه هه‌ڵبژارده‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی دووچاری شكست ده‌بێت و به شكستیش خۆی بێ هیوا ده‌بێت.
مارتینێز×دیشامپ
ئه‌م یارییه بێ گومان ركابه‌ریش ده‌بێت له‌نێوان 2 راهێنه‌ر كه‌یه‌كێكیان دیدیه دیشامپی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسایه كه پێشتر وه‌كو یاریزانیش توانیویه‌تی مۆندیال بباته‌وه‌و ماوه‌ی 6 ساڵیشه راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌یه به جۆرێك یه‌كه‌م راهێنه‌ره كه زۆرترین یاری سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی كردوه‌و كاتێكیش ئه‌و پۆسته‌ی پێدرا راهێنه‌ره كه‌ته‌لۆنیه‌كه‌ی به‌لژیكا راهێنه‌ری ویگان بوو له پریمه‌رلیگ.
دیشامپ سه‌ره‌ڕای پێكهاته پڕ ئه‌ستێره‌كه‌ی به‌ڵام نه‌یتوانی یۆرۆی 2016 له ناو خاكی خۆی بباته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش یه‌كێتێ تۆپی پێی فه‌ره‌نسا متمانه‌یان پێ به‌خشیوه‌و ئێستاش هه‌ڵبژارده‌كه له باشترین دۆخی دایه.
ئه‌و راهێنه‌ره به‌هۆی شێوازی یاریكردنی دووچاری ره‌خنه‌ی زۆر بووه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌نجامه‌كانی وه‌كو پێویست نه‌بوون، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنه‌كانی فه‌ره‌نسا و ئاست به‌رزی كیلیان مباپی هه‌موو خاڵه لاوازه‌كانی داپۆشیوه‌و ئێستا رۆژنامه‌كانی فه‌ره‌نسا دیشامپ وه‌كو ئه‌ندازیاری سه‌ركه‌وتنه‌كانی فه‌ره‌نسا ناوده‌به‌ن.
له‌به‌رامبه‌ردا رۆبێرتۆ مارتینێز له دوای یۆرۆی 2016ه‌وه ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی پێ سپێردراوه‌و ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌و راهێنه‌ره باشترین ئاستی پێشكه‌ش كردوه‌و خاڵی وهچهرخانیش بۆ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه یاری ژاپۆن بوو.
به‌رامبه‌ر به ژاپۆن مارتینێز به پلانی 3-4-3 یاری كرد كه ئه‌م پلانه زیانی زۆری له‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌دا و 2 گۆڵی لێكراوه، دواتر مارتینێز پلانه‌كه‌ی رێكخسته‌وه‌و چه‌ند گۆڕانكاریه‌كی كرد و به‌هۆیه‌وه یارییه‌كه‌ی برده‌وه، به‌رامبه‌ر به‌رازیلیش مارتینێز ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی كه ژاپۆنی پێ دووچاری شكست كرد یاری پێكردو توانیشی ماڵئاوایی به به‌رازیلیش بكات و چاوه‌ڕێش ده‌كرێت به‌رامبه‌ر فه‌ره‌نسا به‌هه‌مان پێكهاته‌وه یاری بكات، به‌ڵام ده‌بێت یاریزانێكی تر له شوێنی تۆماس مونیر یاری پێبكات كه به‌هۆی سزاوه یاری ناكات.