سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » بێكاری و مەینەتی و مەرگ..!

بێكاری و مەینەتی و مەرگ..!

زۆرجار، لەپێناوی ئەوەی هەرێمی كوردستان، بەرەو پێشچوون بەخۆوە ببینێت، ئەو شێوازەمان پێ هەڵەیە كە ئەزموونی هەرێم بە هی وڵاتانی لەخۆی خراپتر بەراورد بكرێت. لۆژیكی ئایندەسازیی ئەوەیە كە، رێگاكانی پەرەسەندن‌و پێشكەوتن، چاوكردن بێت لەنموونە جوانەكانی ئاوەدانی‌و خۆشگوزەرانیی دنیای پێشكەوتوو نەك خۆ بەراوردكردن بە وڵاتانی دواكەوتوو و وێران، چ جای بۆ پاساوهێنانەوە بێت بۆ چەقبەستن‌و رازیبوون بەو دۆخە قەیراناوییەی كە لە رووی سیاسی‌و ئابوورییەوە لەكوردستاندا، هەیە!.
ئەم تێڕوانینە، دەبێ وەك پرەنسیپ‌و رێسا بێت (قاعدە)، شازی ناو ئەم رێسایە، تەنها ئەوەیە كە، ناوبەناو، بۆ پەند وەرگرتن‌و خۆپاراستن، ئاوڕێك لەنموونە خراپەكانی ئەوانیتر بدەینەوە. واتە، مەسەلەكە، بۆ بەراوردكردن‌و رازیبوون نەبێت بە باری ناهەمواری خۆمان، ئەوەندەی بۆ ئەوە بێت هانی كاربەدەستان بدات كە وڵات نەبەنە ناو ئەو دەورانە پڕ لە مەینەتی‌و تەنگژانەی كە لەئەزموونی شوێنانی تردا هەن، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بمانگەیەننە سەر شاڕێی كاروانی ئاوەدانی‌و پەرەپێدان كە لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوودا، هەیە.
ئەم سەرنجانە بۆ ئەوەن كە، بە ئومێدی چاكسازیی زیاتر لەكوردستاندا، ئاماژەیەك بۆ نالەباریی دۆخی عیراقییەكان بكەین لەپارێزگاكانی ناوەڕاست‌و باشووردا. لەو بەشەی عیراقدا، جگە لەخراپیی باری ئەمنی، كەم ئاوی، خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاوی خواردنەوە، كارەبا، نەبوونی پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە، شەڕو پێكدادانی خێڵەكی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە كوشندەكان‌و لەسەروویانەوە شێرپەنجەو تازەترینیشیان تای خوێنبەربوون. جگە لە زەقبوونەوەی دیاردەی دزی‌و راوو رووت‌و رفاندن، مەترسیی زیادبوونی ماددە بێهۆشكەرەكان لەناو گەنجاندا، هەروەها وێرانبوونی زیاتری كەرتی كشتوكاڵ‌و پاشەكشەی سامانی ئاژەڵ، بێ لە ئاوارەیی‌و گەندەڵیی بەرپرسان‌و بەرتیل خواردن‌و پاشاگەردانی‌و ململانێی تایەفەگەری، دیاردەی بێكارییش زیادی كردووەو لە برەودایە.
بێكاری، ئێستا، لەكۆمەڵگەیەكی ئاڵۆزیی وەك عیراق، بەتایبەتیش لەبەشە عەرەبییەكەیدا، كە تیایدا، هیچ پلانێك لەبەرامبەر گەشەی دانیشتوواندا نییە، هەڕەشەیەكی بەرچاوە. بێكاری، هەر بەتەنها نابێتە مایەی بەرهەمهێنانی لادانی كۆمەڵایەتی‌و نەخۆشییە دەروونییەكان‌و زیاندان لە رێژەی خوێندەواری‌و بڵاوبوونەوەی دزی‌و تاوان، بەڵكو كەرەستەیەكی خاویشە بۆ ئیستغلالكردن‌و ئاوسانی میلیشیا چەكدارەكان‌و، تەنانەت پەیوەندیكردنیش بەگروپە تیرۆریستییەكانەوە!.
خۆپیشاندانەكانی پێرێی دانیشتووانی پارێزگای بەسرەو پێشتریش هەندێ ناوچەی تری عیراق لەدژی دیاردەی بێكاری‌و خراپبوونی باری خزمەتگوزاری‌و گوزەران، تازەترین بەڵگەیە كە ئەو بەشەی كۆمەڵگەی عیراقی، بە تەواوەتی، گەیشتۆتە تینی!، بەتایبەتی كاتێك، لەنموونەی بەسرەدا، دەوڵەمەندترین پارێزگا بیت‌و توێژی گەنجانت لەسەخترین گوزەراندا بژین‌و، بێ ئاسۆو بێ پاشەڕۆژ، ژیان بەڕێ بخەن!، لەكاتێكدا كە ئەو پارێزگایە سەنتەرێكی هەرە گەورەی سامانی سروشتیی وڵاتەو دەمێكە بەغدا بەڵێنی داوە كە (80%)ی گەنجی پارێزگاكە لەڕێكەوتنی خۆی‌و كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتدا سوودمەند بكاو بخاتە سەر كار، بەڵام بەبێ ئەوەی، تا ئێستا، ئەم بەڵێنەی بۆ بەجێ گەیاندبن!.
بەسرە، تەنها نموونەیەكە، لەحاڵی تاڵی وڵاتێك كە دانیشتووانەكەی گەیشتۆتە (38) ملیۆن كەس!. ئەمڕۆ رێژەی بێكاری لەعیراقدا، لەسەروو (15%)وەیە، بێگومان ئەمەش هەڕەشەیەكی یەكجار گەورەیە. سەرەڕای ئەوە، لەجیاتی دۆزینەوەی رێگەچارەو، لانیكەم، بواردان بە خۆپیشاندانی هاووڵاتیان‌و دەربڕینی ناڕەزاییەكانیان، لەكاردانەوەی توندوتیژدا دەدرێنە بەردەستڕێژی گوللەو لێیان دەكوژرێت!، كارێك كە چركەساتێكی تاریكمان لەچارەنووسی رەشی عیراقییەكاندا، بۆ وێنا دەكات!.

*گۆشه‌یه‌كی رۆژانه‌یه

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هه‌ڵهاتن له‌ به‌رپرسیارێتی…!

زۆربه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق، ئه‌گه‌ر نه‌وترێ هه‌موویان، له‌حكومه‌تی ئێستادا به‌شدارن، ...