وه‌ی سندان له‌و سیاسه‌ته‌..!! – پەڕە 3 – knwe.org
سەرەکی » وتار » وه‌ی سندان له‌و سیاسه‌ته‌..!!پەڕە 3

وه‌ی سندان له‌و سیاسه‌ته‌..!!

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

زۆرن ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ دڵسۆزیانه‌وه‌ ئامۆژگاریم ئه‌كه‌ن و داوام لێ ئه‌كه‌ن كه‌ منیش سیاسه‌ت بكه‌م .. !! هه‌میشه‌ له‌و كه‌سانه‌م ئه‌پرسی و ئه‌پرسم كه‌ سیاسه‌ت كردن به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌ چۆنه‌ ؟
زۆر جار ئه‌یانهێنا و ئه‌یانبرد و كه‌م جار وه‌ڵامم ده‌ست ئه‌كه‌وت، تا وتم باشه‌ بابه‌ به‌رنامه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌م بۆ بنوسنه‌وه‌ و هه‌روه‌هاش پێم بڵێن كه‌ بۆ ئه‌بێ سیاسه‌تی خۆم بگۆڕم بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ دنیای سیاسه‌تا سه‌ركه‌وتو بم ..؟؟
كۆمه‌ڵێك نامه‌ و پرۆژه‌ و به‌رچاوڕوونی و پێشنیارم سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ت كردن پێ گه‌یشت و پاش به‌ وردی خوێندنه‌وه‌ و چه‌‌ندین جار پیا چوونه‌وه‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببمه‌ سیاسیه‌كی سه‌ركه‌وتو له‌ دنیای سیاسه‌تدا ئه‌بێ به‌م شێوه‌یه‌ كار‌ بكه‌م :
ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌دا بكه‌م كه‌ شایانی ته‌وقه‌ كردن نین..
قاوه‌ و چا له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا بخومه‌وه‌ كه‌ پێشتر سه‌رزه‌نشتم كردوون..
پاش نوسینی هه‌ر بابه‌تێكی ره‌خنه‌گرانه‌ له‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو بكه‌مه‌وه‌ و بڵێم كه‌ وه‌ڵا كاكه‌ مه‌به‌ستم هین نیه‌ به‌ڵكو هینه‌كه‌یتره‌…
له‌ فه‌یس بووك شتێك بنوسم و له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كاندا شتێكی تر بڵێم..
خۆم سه‌رقاڵی كێشه‌ی خه‌ڵك نه‌كه‌م و دۆژمن بۆ خۆم زیاد نه‌كه‌م..!!
به‌ین به‌ین ده‌می سایت و رۆژنامه‌ و كه‌ناڵه‌كان شیرین بكه‌م ..!!
جار جار سێڵفی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بگرم كه‌ پێشتر به‌ سابوونی ڕه‌قی سه‌رم شتوون.
گرنگی به‌‌ كه‌ناڵه‌ ناحه‌زه‌كان بده‌م …
له‌سه‌ر حه‌وت په‌ت و له‌ ناو ده‌ جۆگه‌ یاری بكه‌م..
له‌ نوسینه‌كانمدا ناوی كه‌س نه‌هێنم…
ره‌خنه‌ له‌ هیچ حزب و لایه‌ن وسه‌رۆك و جێگرو سه‌ركرده‌ و مەسئول و به‌رپرس و مناڵه‌كانیان و حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت و داموده‌ستگا و رێكخراو و مه‌كته‌ب و ناوه‌ندو دائیره‌ و به‌ش و سه‌كته‌رێك نه‌گرم…
هه‌ڵه‌ و نادادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانی و تاوانه‌كان نادیده‌ بگرم…
كه‌ ده‌چمه‌ شوێنان پێشتر جه‌ماوه‌ری به‌ پاس بۆ بنێرم..
كه‌ ده‌ڵێم ماست سپیه‌ ده‌بێ مه‌به‌ستم له‌وه‌ بێت كه‌ ماست ڕه‌شه‌ !!
لای سوننه‌، سوننه‌ بم و لای شیعه‌، شیعه‌ و له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌كانا ئێرانی و له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌ردۆغانی و قۆچپه‌ و دوگمه‌ بۆ ئه‌م داخه‌م و سه‌ر بۆ ئه‌و بله‌قێنم و مل بۆ ئه‌م بشكێنم و كرنوش بۆ ئه‌وه‌كه‌یتر به‌رم …
ئه‌شڵێن‌ كه‌ وه‌ڵا سیاسی نابێت ده‌ستی كه‌شف بێت و به‌ ئاشكرا باس له‌ پلانه‌كانی بكات..
ئه‌ڵێن بادان هونه‌ری سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌ته‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا و مه‌بدا باوی نه‌ماوه‌ و ئه‌ڵێن سیاسی ئه‌بێت نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ خوێن و ئازادی به‌رامبه‌ر به‌ نان دانێت تاوه‌كو حیسابی بۆ بكرێت…
ئه‌ڵێن دایكی سیاسه‌ت ئه‌مڕۆ پاره‌یه‌ و باوكی سیاسه‌تیش چه‌ك …
ئه‌شڵێن چیتر كوردایه‌تی له‌ تێشتخانه‌ی سیاسه‌تی مۆدێرن جێی نابێته‌وه‌‌..!!!
منیش ئه‌ڵێم ئه‌ك سندان له‌و سیاسه‌ته‌ بدات …

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ خۆیان حه‌ڵاڵه‌!

رێبوار سیاگوێزی سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌‌و له‌م حزبه‌وه‌ چوونه‌ ئه‌و حزب، دیارده‌یه‌كی ...