سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » کوێتیش پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ چین دەبەستێت

چین و وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان بەهێزتر دەکەن

کوێتیش پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ چین دەبەستێت

دوێنی10.7 لە پکین شی جین پینگ سەرۆکی چین هەشتەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆڕبەندی چین و عەرەبی کردەوە. لەو کۆڕبەندەدا کە 17 وەزیری دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی تێیدا بەشداربوون، جگەلەوەش شێخ سەباح جابر سەباح میری کوێتیش، بەشداربوو. لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی چین بەڵێنیدا، کەبڕی 100 ملیۆن دۆلار بە چەند دەوڵەتێکی عەرەبی بدات، لەهەمانکاتیشدا برەوی زیاتر بە پەیوەندییە بازرگانیی و سیاسیی و ئەمنی و فەرهەنگییەکانی نێوان هەردوولا بددەن. هەر لەو کۆڕبەنەدا، چین و کوێت رێکەوتنامەی ستراتیژیان مۆرکرد. چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، وڵاتانی عەرەبی لەئێستادا زیاتر چاویان لە چینە تاوەکو ئەمریکا و دەوڵەتانی رۆژئاوا.

هەشتەمین کۆڕبەند
بەئامادەبوونی سەرۆکی چین و میری کوێت و بەشداربوونی 17 وەزیری دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، هەشتەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆڕبەندی چینی و عەرەبی سازکرا. لەم کۆبوونەوەیەدا، چۆنێتی بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین وگێتی عەرەبی لەهەموو روویەکەوە تاوتوێکرا.

یەکەمین دیدار
جێگەی ئاماژەیە کۆڕبەندی چینی و عەرەبی لەسەر پێشنیازی هو جین تاو سەرۆکی پێشووی چین دروست بوو. کاتێک ساڵی 2004 هو جین تاو سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسری کرد، سەردانی بنکەی کۆمکاری عەرەبیشی کرد و لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ عامر موسا، ئەمینداری پێشووی کۆمکاری عەرەبی، کۆڕبەندی چینی و عەرەبی راگەیەنرا.
ئامانجی سەرەکی ئەم کۆڕبەندەش ئەوەیە، کە پەیوەندیییەکانی نێوان چین و گێتی عەرەبی لە رووی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە بەهێز بکەن. وا بڕیاریشە دوو ساڵ جارێک، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و چین بکرێت. هەرجارەو لە لایەکیش دەکرێت، جارێک لە چین و جارێکیش لە یەکێک لە وڵاتانی عەرەبی. هەروەها ساڵانەش کۆبوونەوەیەک لە نێوان بەرپرسە ئابووریی و سیاسییەکانی هەردوولا دەکرێت، بۆنموونە کۆبوونەوەی نێوان بازرگانانی گێتی عەرەب و چین، یان کۆبوونەوەی میدیاکارانی چین و گێتی عەرەبی.

بەخشینی 100 ملیۆن دۆلار
لە کاتی کردنەوەی کۆڕبەندەکەدا، شی جین پینگ سەرۆکی چین لە وتەیەکیدا رایگەیاند: چین ئامادەیە بڕی 100 ملیۆن دۆلار ببەخشێتە چەند وڵاتێکی عەرەبی. لەو بڕە پارەیەش بڕی 90 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی مرۆیی بۆ گەلانی سوریا و یەمەن و ئوردون تەرخان دەکرێت. هەروەها بڕی 10 ملیۆن دۆلاریش دەدرێتە دەسەڵاتی فەلەستینی، تاوەکو بۆ باشكردنی ژێرخانی ئابووری و یارمەتی مرۆیی بەکاریبهێنێت.
لە درێژەی وتەکەیدا شی جین پینگ رایگەیاند: چین لەرووی ئابوروی و دیپلۆماتیی و سیاسییەوە بەردەوام دەبێت لەپشتگیریکردنی گەلی فەلەستینی.

دەستپێشخەری رێگاو پشتێن
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە باسی دەستپێشخەری «ڕێگا و پشتێن» ی کرد، کە لە ساڵی 2013 لە لایەن شی جین پینگ سەرۆکی چین پێشکەشکرا، ئامانج لێی دووبارە زیندووکردنەوەی رێگای ئاوریشم و بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری چین لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپایە. لەم دەستپێشخەریەی چینیشدا، تەواوی وڵاتانی عەرەبی بەشدارن.

پەیوەندی ئابووری
جێگەی ئاماژەیە ساڵ لەدوای ساڵ پەیوەندی بارزگانی و ئابووری وڵاتانی عەرەبی بەهێزتر دەبێت. بۆ نموونە ساڵی 2004 پەیوەندی بازرگانی نێوان چین و گێتی عەرەبی تەنها 36.7 ملیار دۆلاربوو. ساڵی 2008 ئەم ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ سەرو 100 ملیار دۆلار. گەرچی ساڵی 2017 رێژەی بارزگانی هەردوولا بە تەواوەتی بەرزبوویەوەو گەیشتە 191 ملیار دۆلار، واتە بەرێژەی 11.9% لەچاو ساڵی پێشوودا زیادیکردووە. هەتادێتیش ئەم پەیوەندییە بەهێزتر دەبێت. هەربۆیە لە ئێستادا چین دووەمین شەریکی بارزگانی گێتی عەرەبە.
لەرووی سەرمایەگوزاریشەوە، چین پێگەیەکی بەهێزی لە ناو وڵاتانی عەرەبی هەیە، کۆی گشتی سەرمایەگوزاری چین لە وڵاتانی عەرەبی دەگاتە سەرو 15 میار دۆلار.

رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ کوێت
لەکاتێکدا کوێت یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لەوەی کە میری کوێت سەردانی چین بکات و رێکەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵدا ببەستێت. لە میانەی کۆبوونەوەی شی جین پینگ سەرۆکی چین لەگەڵ شێخ سەباح جابر سەباح میری کوێت و واژۆکردنی رێکەوتنامەی ستراتیژی نێوان چین و کوێت، شی جین پینگ رایگەیاند: چین و کوێت دوو هاورێی دڵسۆزی یەکترین . راشیگەیاند: هەردوو وڵات ماوەی 47 ساڵە، پەیوەندییەکی زۆر باش و دۆستانەیان لەگەڵ یەکتری هەیە. لای خۆشیەوە شێخ سەباح رایگەیاند: چین دەوڵەتێکە بەوە ناسراوە، کە سۆزی زۆری بۆ ئاشتی لەسەر ئاستی جیهان هەیە. راشیگەیاند: کوێت شانازی بەو پەیوەندییە مێژووییە گرنگە دەکات، کە هەردوو وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە.

کێشەکانی تر
جێگەی ئاماژە جگە لە پەیوەندی ئابووری، باس لە کێشەکانی ناوچەکە کرا لە سەرو هەمووشیەوە کێشەی سوریا و یەمەن و فەلەستین، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندی لەرووی ئەمنیی و دژایەتیکردنی تیرۆرەوە، تەوەرێکی سەرەکی تری کۆبونەوەکە بووە.
چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە ، کە وڵاتانی عەرەبی بەجددیەوە سەیری پەیوەندی لەگەڵ چین دەکەن و پێدەچێت لە چەند ساڵی داهاتوودا، چین جێگەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بگرێتەوە.
سەرچاوە:-رۆژنامەی گەلی چین، ئاژانسی شینخوا. رۆژنامەی ئەهرامی میسری و شرق الاوسط لەندەنی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆژنامەیەکی ئەڵمانی بە کوردی مانشیت دژی ئەردۆغان دەنووسێت

ئەردەڵان عەبدوڵڵا سەردانە سێ رۆژەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا، ...