داواكاریی به‌غدا له‌ وڵاتانی‌ جیهان:منداڵی‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كان وه‌رگرنه‌وه‌ – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » داواكاریی به‌غدا له‌ وڵاتانی‌ جیهان:منداڵی‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كان وه‌رگرنه‌وه‌

داواكاریی به‌غدا له‌ وڵاتانی‌ جیهان:منداڵی‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كان وه‌رگرنه‌وه‌

ره‌سیف22

وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق داوای‌ له‌ وڵاتانی‌ جیهان كرد، ئه‌و منداڵانه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌ كه‌ له‌و چه‌كدارانه‌ن له‌گه‌ڵ داعشدا بوون‌و له‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشدا كوژراون. ئه‌حمه‌د مه‌حجوب وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ته‌مووزدا بوو كه‌ وتی‌: سه‌رجه‌م نێردراوه‌كانی‌ وڵاتان كه‌ له‌ عیراقن هان ده‌ده‌ین، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ وڵاتی‌ خۆیان وه‌رگرنه‌وه‌ كه‌ حوكمه‌كه‌یان ته‌واو كردووه‌، یان حوكمیان له‌سه‌ر نییه‌، یان منداڵن.
هه‌ر ئه‌و وته‌بێژه‌ ئاشكرای‌ كرد، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ئه‌و بابه‌ته‌ی‌ له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌كانی‌ ئازه‌ربایجان‌و روسیا‌و ئه‌ڵمانیا‌و چه‌ند باڵیۆزخانه‌یه‌كی‌ تریش باس كردووه‌‌و پێی‌ وتوون كه‌ منداڵان‌و مێردمنداڵانی‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ داعش بوون وه‌ربگرنه‌وه‌. سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دیپلۆماسی‌ رۆسیاش ئاشكرای‌ كرد، وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ كردووه‌ به‌ پشكنین‌و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ناسنامه‌ی‌ منداڵه‌كان، وه‌ك رێخۆشكردنێك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌كه‌ی‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد، كه‌ نزیكه‌ی‌ 70 ژنی‌ روس‌و زیاتر له‌ 100 منداڵی‌ روس له‌ عیراق ده‌ستگیر كراون.
رێكخراوه‌ مافخوازه‌كان نیگه‌رانی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌ له‌وه‌ی‌ دادگای‌ عیراق منداڵانی‌ بیانیش دادگایی بكات به‌ تۆمه‌تی‌ بڕینی‌ سنووری‌ عیراق به‌ شێوه‌ی‌ نایاسایی‌و سه‌ر به‌ داعشبوون‌و یارمه‌تیدانی‌ داعش، كه‌ هه‌ندێكیان ته‌مه‌نیان له‌ نۆ ساڵ تێناپه‌ڕێت، چونكه‌ وه‌ك رێكخراوی‌ هیومه‌ن رایتس ۆچ ده‌ڵێ، هه‌ندێك جار شتی‌ وا رووی‌ داوه‌‌و منداڵ له‌ دادگاییه‌كی‌ به‌په‌له‌دا 15 حوكم دراوه‌ به‌ تۆمه‌تی‌ به‌شداری‌ كردن له‌ كرده‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌و ئه‌ندامێتی‌ داعش.
رێكخراوی‌ هیومه‌ن رایتس ۆچ له‌ مانگی‌ حوزه‌یراندا داوای‌ له‌ دادگای‌ عیراق كرد، گۆڕانكاری‌ له‌ خه‌مڵاندن‌و مامه‌ڵه‌ كردنی‌ له‌گه‌ڵ ژن‌و منداڵه‌ بیانییه‌كاندا بكات، له‌وانه‌ی‌ كه‌ ده‌ستگیر كراون‌و تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌ندامبوون له‌ داعشدا. ئه‌و رێكخراوه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌ مانگی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ رابردووه‌وه‌ عیراق چه‌ند پرۆسه‌یه‌كی‌ دادگایی كردنی‌ به‌ په‌له‌ی‌ ئه‌نجام داوه‌ دژی‌ ئه‌و بیانیانه‌، بێ ئه‌وه‌ی‌ گرنگی‌ ته‌واو بدات به‌ دۆخی‌ تاكه‌كه‌سی‌ هه‌ر یه‌كه‌یان‌و هۆكاره‌كانیان‌و بێئه‌وه‌ی‌ دادگایی كردنێكی‌ دادپه‌ره‌وه‌رانه‌ش بۆ گومانلێكراوان ده‌سته‌به‌ر كرابێت.
زۆربه‌ی‌ ئه‌و ژن‌و منداڵه‌ بیانیانه‌ی‌ له‌ عیراق ده‌ستگیر كراون سه‌ر به‌ گروپێكی‌ هه‌زار‌و 300 كه‌سیی بیانین، كه‌ 833 منداڵیان تێدایه‌‌و هێزه‌كانی‌ عیراق له‌ كۆتاییه‌كانی‌ مانگی‌ ئابی‌ 2017دا‌و له‌ كاتی‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعش له‌ ته‌له‌عفه‌ر ده‌ستگیری‌ كردوون، ئه‌و شوێنه‌ی‌ پێشتر باره‌گای‌ داعش بوو له‌ باكووری‌ خۆرئاوای‌ عیراق. به‌ وته‌ی‌ به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازی‌ عیراقیش كه‌ به‌ ئاژانسی‌ فرانس پرێسی‌ راگه‌یاندبوو، منداڵه‌كان سه‌ر به‌ 14 ره‌گه‌زنامه‌ی‌ جیاجیان.
له‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 2017دا حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق رایگه‌یاند، زۆربه‌ی‌ ئه‌و ژن‌و منداڵه‌ بیانیانه‌ هیچ تاوانێكیان نه‌كردووه‌‌و حكومه‌تی‌ عیراقیش په‌یوه‌ندی‌ به‌ وڵاته‌كانیانه‌وه‌ كردووه‌ تا رێگه‌یه‌ك بۆ راده‌ست كردنه‌وه‌یان بدۆزنه‌وه‌. به‌ڵام وا دیاره‌ عیراق له‌ سه‌ره‌تای‌ كانونی‌ دووه‌می‌ 2018وه‌ ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ی‌ بۆ دۆخی‌ ئه‌و ژن‌و منداڵانه‌ گۆڕیوه‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌ستی‌ كردووه‌ به‌ دادگایی كردنی‌ ژنه‌كان‌و ئه‌و منداڵانه‌ش كه‌ ته‌مه‌نیان نۆ ساڵ‌و به‌ره‌وژووره‌.
رێكخراوی‌ هیومه‌ن رایتس ۆچ له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ خۆیدا ئه‌وه‌شی‌ نه‌شاردۆته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ منداڵه‌ بیانییه‌كانیش له‌ كرده‌وه‌ی‌ توندوتیژییه‌وه‌ گلابن، به‌ڵام ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ له‌ خۆیشیان قوربانیی ده‌ستی‌ داعشن. هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، كه‌ به‌ پێی‌ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عیراق هه‌وڵی‌ زیاتر بده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ جێگره‌وه‌یه‌ك‌و له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ دادگایی بكرێن‌و وه‌ك تاوانبار سه‌یر بكرێن، باشتر وایه‌ گرنگی‌ به‌ لایه‌نی‌ دووباره‌ په‌روه‌رده‌ كردنه‌وه‌یان بدرێت‌و ئاماده‌ بكرێنه‌وه‌ بۆ تێكه‌ڵ بوون به‌ كۆمه‌ڵگه‌.
ساڵی‌ 2007 لیژنه‌ی‌ مافی‌ منداڵ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستگیر كردنی‌ منداڵی‌ خوار ته‌مه‌ن 12 ساڵ، له‌وانه‌ی‌ له‌ تاوانه‌وه‌ گلاون، له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ره‌وا نییه‌. رێكخراوی‌ هیومه‌ن رایتس ۆچ-یش ره‌خنه‌ی‌ له‌ عیراق گرت، به‌و مامه‌ڵه‌ كردنه‌ی‌ له‌گه‌ڵ منداڵاندا كه‌ ته‌نها تۆمه‌تبارن به‌وه‌ی‌ سه‌ر به‌گروپێكی‌ وه‌ك داعشن‌و هیچ كرده‌وه‌یه‌كی‌ توندوتیژییان ئه‌نجام نه‌داوه‌. ئه‌و رێكخراوه‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عیراق له‌ كاتی‌ مامه‌ڵه‌ كردنیدا له‌گه‌ڵ منداڵان، گرنگی‌ به‌ راهێنانه‌وه‌‌و په‌روه‌رده‌ كردنه‌وه‌ بدات نه‌ك سزادان.
هیومه‌ن رایتس ۆچ سه‌رنجی‌ بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه‌ پێویسته‌ عیراق وه‌ك دواهه‌مین رێگه‌چاره‌ په‌نا بۆ دادگایی كردنی‌ منداڵان ببات‌و ئامانجی‌ هه‌ر سزایه‌كیش له‌و دادگایی كردنه‌ راهێنانه‌وه‌ی‌ منداڵان بێت‌و ئاماده‌ كردنیان بۆ تێكه‌ڵبوونه‌وه‌یان به‌ كۆمه‌ڵگه‌. له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ رایگه‌یاند، نابێ منداڵان دادگایی بكرێن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ باوكیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێناویانن بۆ عیراق‌و به‌وه‌ تۆمه‌تبار بكرێن كه‌ سنووریان به‌ شێوه‌ی‌ نایاسایی به‌زاندووه‌، خۆ ئه‌وان هیچ چاره‌یه‌كیان نه‌بووه‌‌و به‌ قسه‌ی‌ باوكیان هاتوون، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عیراق ده‌بێ ئه‌و دادگایی كردنانه‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ كه‌ منداڵان به‌ تۆمه‌تی‌ داعشبوونیان تۆمه‌تبار بوون، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ خۆیان تاوانیان ئه‌نجام نه‌دابێت.
له‌ عیراق ئه‌و منداڵانه‌ی‌ تۆمه‌تبارن به‌وه‌ی‌ سه‌ر به‌ داعشن له‌ دادگایه‌كدا دادگایی ده‌كرێن، كه‌ هه‌مان ئه‌و دادگایه‌یه‌ كه‌ گه‌وره‌كان دادگایی ده‌كات‌و تایبه‌ته‌ به‌ تیرۆر، به‌ڵام دۆسێی‌ منداڵه‌كان له‌ ژوورێكی‌ تایبه‌ت سه‌یر ده‌كرێت، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دادگای‌ مێردمنداڵان. به‌ وته‌ی‌ پارێزه‌رێك كه‌ كاری‌ پارێزه‌ریی بۆ زۆر له‌و منداڵه‌ بیانیانه‌ كردووه‌، پرۆسه‌ی‌ دادگایی كردنه‌كه‌ بۆ منداڵانی‌ نۆ تا 13 ساڵ ئاسانتر بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر بووه‌ كه‌ سنووری‌ عیراقیان به‌زاندووه‌‌و سه‌ر به‌ داعشن.
ئه‌و پارێزه‌ره‌ ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر منداڵێك ته‌نها به‌ تۆمه‌تی‌ به‌زاندنی‌ سنوور حوكم بدرێت، سزاكه‌ی‌ شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك زیندانییه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌ندامبوون له‌ داعشدا حوكم بدرێت، ئه‌وا سزاكه‌ی‌ سێ بۆ پێنج ساڵ زیندانییه‌. خۆ ئه‌گه‌ر به‌شداری‌ له‌ كرده‌وه‌ی‌ توندوتیژیدا كردبێت، وه‌ك چاندنی‌ بۆمب، حوكمه‌كه‌ی‌ پێنج بۆ 15 ساڵ زیندانییه‌.
ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، عیراق نزیكه‌ی‌ 400 بۆ 500 پرۆسه‌ی‌ دادگایی كردنی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ ئه‌نجام داوه‌ كه‌ سه‌ر به‌ داعشن، ده‌یانیان منداڵی‌ بیانین‌و له‌گه‌ڵ داعشبوونیاندا تۆمه‌تی‌ به‌زاندنی‌ سنووری‌ عیراقیشیان ده‌درێته‌ پاڵ.
رێكخراوی‌ هیومه‌ن رایتس ۆچ تا له‌ دوو پرۆسه‌ی‌ دادگایی كردنی‌ منداڵه‌ بیانییه‌كاندا ئاماده‌ بووه‌، ئه‌وانیش دوو منداڵی‌ 13 ساڵ‌و 14 ساڵ بوون‌و خه‌ڵكی‌ ئازه‌ربایجان بوون، له‌ دادگاییه‌كه‌دا هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ شه‌ش مانگ زیندانی‌ حوكم دران به‌ تۆمه‌تی‌ به‌زاندنی‌ سنوور، له‌ كاتێكدا ئه‌وان ته‌مه‌نیان 10 ساڵ‌و 11 ساڵ بووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ دایك‌و باوكیان هاتوونه‌ته‌ عیراقه‌وه‌، له‌ دادگاش وتوویانه‌ هاتنیان به‌ده‌ست خۆیان نه‌بووه‌.
ئه‌و منداڵانه‌ی‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار سێ ساڵه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دایكیاندا زیندانی‌ ده‌كرێن، ئه‌ویش له‌ زیندانێكی‌ قه‌ره‌باڵغدا، منداڵی‌ سێ بۆ نۆساڵیش له‌ دایكیان هه‌ڵاوێر ده‌كرێن‌و له‌ زیندانێكی‌ تایبه‌ت به‌ منداڵاندا زیندانی‌ ده‌كرێن كه‌ ده‌وڵه‌ت سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كات. به‌ڵام منداڵانی‌ نۆ ساڵ تا 18 ساڵ، له‌ گرتوخانه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ مێردمنداڵاندا زیندانی‌ ده‌كرێن، منداڵانی‌ بێ دایك‌و باوكیش له‌ هه‌تیوخانه‌كاندا ده‌مێننه‌وه‌. هه‌ندێك له‌ منداڵانیش گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاتی‌ خۆیان، به‌ڵام زۆرن ئه‌وانه‌ش كه‌ چاوه‌ڕێی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ده‌كه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناتۆی‌ عه‌ره‌بی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، به‌ڵام به‌دی‌ نایه‌ت

جیۆپۆلیتیكال فیوچه‌رز جۆرج فریدمان ئه‌مریكا پلانێكی‌ راگه‌یاند بۆ به‌ستنی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ...