عیراق بەرەو كوێ؟ – knwe.org
سەرەکی » وتار » عیراق بەرەو كوێ؟

عیراق بەرەو كوێ؟

دڵزار عارف

دوای هەڵبژاردنی 12ی مایس و قبوڵنەكردنی ئەنجامەكان لەلایەن بەشێك لە لیست و پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن، پرۆسەی سیاسی لە عیراق پێدەنێتە قۆناغێكی سەخت و پڕ كێشمەكێش، كە ئەستەمە بتوانرێت بەم نزیكانە رێگاچارەیەكی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە. دەوڵەتی عیراق بە سروشتی لە دایك نەبووە، بۆیە هەمیشە پایەكانی لەرزۆكن و پێشبینی رووخانی لێدەكرێت. لە دوای دروستكردنەوەو بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عیراق لە 2003 بە دوو قاچی ئەمریكی و ئێرانی رێیدەكرد، بەڵام ئێستا ئەم دوو قاچە ناتوانن بەیەكەوە بجوڵێن، یان بە مانایەكی تر هیچ هاڕمۆنییەك نەماوە لە نێوانیان، بۆیە جۆرێك لە شپرزەیی و شێواوی بۆ ئەو دەوڵەتە دروستكردووە كە ناوی عیراقە.
سیستەمی دەوڵەتی عیراق هەر لە سەردەمی مەلیك و دواتر چەپەكان و ناسیۆنالیستەكان و ئینجا بەعسییەكان و تا دوای سەدام، سیستەمێكی ناجێگیر و پڕ كێشە بووە، چونكە بەهیچ شێوەیەك نەتوانراوە دەوڵەتێك دروست بكرێت، كە هەموو پێكهاتەو كەمایەتییەكانی بە هی خۆی بزانێ، هەمیشە گروپێك دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە و ئەوانی تریان پەراوێزخستووە، دواتر هەوڵی لەناوبردنیشان دراوە.
ئێستا ئەو ماڵەی، كە پێی دەڵێن عیراق، لە هەموو كات زیاتر لەبەردەم هەڵوەشانەوەیە، چونكە ئەو دوو هێزەی كە رەنگڕێژی سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی عیراقیان كرد، حاڵی حازر لەوپەڕی دوژمنایەتی و ململانێدان، ناتوانن لەسەر مێزێك كۆببنەوەو هەوڵی گەیشتن بە رێكەوتنێك بدەن لەسەر عیراق.
ئەمریكا دوای ئەوەی گەیشتە ئەو بڕوایەی ناتوانێت عیراق لە باوەشی ئێران دەربهێنێت، بۆیە ئێستا هەڕەشەو فشارەكانی بۆ ئێران چڕتركردۆتەوەو بەپێی ڕای هەندێك لە چاودێران و شارەزایانی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوەدەچێت ئەمریكا ئەمجارە هەوڵی گۆڕینی سیستەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بدات.
ئەم بارودۆخە تازەیەی نێوان هەردوو وڵات و ئەو دوژمنایەتی و هەڕەشانەی، كە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، لەوە دەچێت خاكی عیراق ببێتە بەشێك لە سووتەمەنی ئەم ململانێیە، بەدڵنیاییەوە عیراق ناتوانێت خۆی لەم زەرەرو زیانە بپارێزێت.
تا ئێستا هیچ بەریەككەوتنێك دروست نەبووە، كەچی عیراقییەكان ناتوانن لەسەر مێزێك كۆببنەوە و تەنانەت نەیانتوانیوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی مایس رێكەون. هەموو ئەم ئاماژانە پێمان دەڵێن بەم زووانە عیراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ و لەوە دەچێت ژانی لەدایكبوونی حكومەتە تازەكەی، ئازاری زۆری هەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئینسان به‌ره‌و كوێ ؟؟؟

ئارام عه‌لی‌ عه‌زیز گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك ئینسانه‌كانیه‌تی‌. ئینسان كه‌چاك ...