هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغی بوژانەوەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان هەنگاو دەنێت و ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی دەکات – knwe.org
سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغی بوژانەوەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان هەنگاو دەنێت و ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی دەکات

قوباد تاڵەبانی:

هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغی بوژانەوەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان هەنگاو دەنێت و ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی دەکات

قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی ١٠٥ی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، کە هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە لە دیبەیتێکی کراوەدا لە بەردەم ئەندامانی رێکخراوەکانی یەکێتی رایگەیاند: هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغی بووژانەوەو چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان هەنگاو دەنێت و ئایندەیەکی گەش چا‌وەڕێی دەکات.
لەسەرەتای دیبەیتەکەدا چەند راپۆرتێک نمایشکرا سەبارەت بە کارو پڕۆژەکانی قوباد تاڵەبانی لەکاتی ئەرکی حکومەتیدا، کە گرنگترین چاکسازییەکانی خۆی لە دانانی سیستمی بایۆمەتریدا دەبینێتەوە کە بۆ یەکەمجار بوو حکومەتی هەرێم ببێتە خاوەنی داتاو زانیاریی لەسەر فەرمانبەرەکانی و ئەوەش بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی کابینەی هەشتەمی حکومەت هەژمار دەکرێت. ئەوەش وایکرد کە ناوی هەزاران فەرمانبەری دوو مووچەو بندیوار ئاشکرا بکرێت.
ئەم هەنگاوەی قوباد تاڵەبانیش وایکرد کە باڵیۆزان و نوێنەرانی وڵاتان لە عیراق و هەرێمی کوردستان ستایش و دەستخۆشیی لەو هەنگاوە بکەن.
باسێکی تر بریتیبوو لەوەی کە قوباد تاڵەبانی لەکاتی کابینەی حکومەتدا هەمیشە تەئکیدی لەوە دەکردەوە کە نابێت حکومەت هەموو هێلکەکانی بکاتە سەبەتەی نەوتەوەو بەردەوام بەدوای ئەڵتەرناتیڤی تردا بگەڕێت و برەو بەو بوارانەی تر بدات و باوەڕی بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بە بەشداری کەرتی تایبەت لە بواری پیشەسازیی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا هەبێت، هەروەها هەمیشە هەوڵیداوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا چەند گەنجێک پێبگەیەندرێت تا بتوانن کاری خۆیان بکەن و پشت بە دامەزراندن لە فەرمانگەکانی حکومەت نەبەستن، لەو بوارەشدا پڕۆژەی گەنج و کشتوکاڵ بووە یەکێک لە نموونە سەرکەوتووەکانی ئەو کە بەو پلانە درێژخایەنانەی قوباد تاڵەبانی هەنگاو بۆ پێشخستنی ئابوریی و کەرتی کشتوکاڵ بەدی بهێنێت.
هەروەها قوباد تاڵەبانی هەوڵیدا کۆمپانیایەکی بیانی بۆ وردبینی و حساباتی حکومەتی هێنایە هەرێمەوە و ژمارەیەکی زۆر خانوو و زەوی تاپۆکران کە هەزاران خێزان لێی سوودمەندبوون لە تەواوی کوردستان و ٨٠٠٠ پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەشکرا.
بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی ٢٠١٤ زۆربەی پڕۆژەکان وەستاون، بەڵام لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی قوباد تاڵەبانیدا ئێستا زۆرینەی ئەو پڕۆژانە دەستیان پێکراوەتەوە.
دواین هەنگاوی چاکسازیی قوباد تاڵەبانی بریتیبوو لە پڕۆژەی خزمەت، کە بریتییە لە خزمەتی هاووڵاتیان بە حکومەتێکی ئەلەکترۆنی و ئامانجی پڕۆژەکەش خۆی لە سێ خاڵی گرنگدا دەبینێتەوە، کە بریتین لە: باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان کە حکومەت ٤٢٥ خزمەت پێشکەشی هاووڵاتیان دەکات و هەمووی تێدا دیاریکراوە، لەگەڵ هەنگاوەکانی گەیشتن بە خزمەتەکان و کەمکردنەوەی تێچوون. قۆناغەکانی ئەم پڕۆژانەش سێ هەنگاوە: راگەیاندن و گەیاندن بە خزمەتەکان، کەمکردنەوەی رۆتین لە خزمەتەکان، لەگەڵ دڵنیابوون لە گەیاندنی ئەم خزمەتگوزارییانە لە کوالیتییەکی بەرزدا کە وادەکات لەسەرجەم شارەکاندا خزمەتەکان وەک یەک بێت.

لە سەرەتای دیبەیتەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد کە شەرەفێکی گەورە بووە نوێنەری حزبەکەی خۆی بووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت، بەرچا‌وڕوونی خۆشی بۆ کێشەکانی حکومەت بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە کابینەی حەوتەمدا بەشداربووە، بەڵا‌م لە کاتی دەستبەکاربوونی کابینەی هەشتەمدا شەڕی داعش و بڕینی بودجە هەبوو، کابینەکە لە قەیرانێکدا لەدایکبوو، پاشان ژمارەیەک بارگرانیی ئیداریی و دارایی کەوتە سەر حکومەت بەهۆی شەڕو هاتنی ژمارەیەکی زۆر ئاوارەوە، جگە لەوانەش حکومەتی هەرێم هەموو دەزانن لە ساڵێ ٢٠٠٨ەوە حکومەت کورتهێنانی هەیە لە بودجەداو دابەزینی نرخی نەوتیش هەبوو، سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە کوردستان تووشی قەیرانی سیاسی بوو، تووشی قەیرانی پەرلەمان بوو، هەموو ئەم هۆکارانە وایکرد فریای پلانەکانمان نەکەوین.
کۆڵمان نەدا
قوباد تاڵەبانی باسی لە دەرەنجامەکانی ریفراندۆمیش کرد کە قەیرانی دیپلۆماسی دروستکردووەو لەکاتی باشترکردنی دۆخەکەدابوون و ئەوکات پەیوەندییان لەگەڵ بەغداو وڵاتان پچڕا، ئەوەش وایکرد وەک ماروپەیژە کە سەردەکەوتین بە هۆی شتێکەوە دەهاتینەوە خوارەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین چوار ساڵی قورسبوو، بەڵام ئێمە کۆڵمان نەداو رامان نەکرد لە بەرپرسیارێتی و بڵێین خەتای ئێمە نییەو خەڵکیترە، بەڵام یەکێتی خۆی دایە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتییانە، منیش وەک خۆم ئەگەر بەرپرس نەبووبم لە قەیرانەکان، خۆم بە بەرپرس دانا لە چارەسەرکردنەکەی.

رێژەی دانیشتووان 30% زیادیکرد
لە درێژەی باسەکەیدا کەلتورێکی کوردیی بەبیرهێنایەوە کە بە میواندۆستی ناسراوەو رۆژگارێکیش میللەتی خۆمان زۆر ئاوارەییان بینیووە، بۆیە ئێمە کە دانیشتوانمان لە 30% زیادیکرد و میوانداریمان کرد و ئەرکێکی قورسبوو لەسەرمان، بۆ بەڵگەی قسەکانیشی گفتوگۆیەکی خۆی و وەزیرێکی ئەڵمانیای گێڕایەوە کە وتبووی: «ئەگەر لە ماوەیەکی وا کەمدا ٣٠%ی دانیشتووان زیادبکات، حکومەت دەڕوخێ و سەرسامی خۆی پشاندابوو بۆ پێشوازیی لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو بەردەوامبوونی خزمەتەکان بۆ ئەوانیش وەک هەر هاووڵاتییەکی هەرێم و لەبەرامبەردا سەرجەم شاندەکان دەستخۆشییان لێکردین.

پەرلەمان پەکخراو دەستووریشمان نەبوو
قوباد تاڵەبانی لە باسی پەکخستنی پەرلەماندا وتی: بەداخەوە ئەو ئەزموونی حکومەتی بنکە فراوانە سەرکەوتوو نەبوو، پەرلەمان پەکخرا لە کاتێکدا ئێمە دەمانویست چاکسازیی ئەنجام بدەین، بەشێکی زۆری کێشەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو یاساو رێنماییانەی لە کوردستان پەیڕەو دەکرێن، بەڵام پەرلەمانمان نەما، لە کوردستانیش دەستوورێکمان نەبوو مامەڵەی پێوە بکەین و ئەوەش کەموکورتییەکی گەورەیە لە بناغەیەکی یاسایی.
ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو یاسایانەی ئێستا هەن، درێژەپێدەری یاساکانی عیراق و سەردەمی حاکمی عەسکەری عیراق پۆڵ بریمەر-ن. هەندێک چاکسازیی پێویستی بە یاسایەو پەرلەمانیش نییە یاسایان بۆ دابنێت، ئەوەش دەستی ئێمەی بەستبوو.

کۆکردنەوە زانیاریی لە 1300 سەرچاوەی جیاوازەوە
قوبادی مام جەلال باسی لە هەنگاوێکی گەورەی چاکسازیی کرد لەوەی کە هەوڵیانداوە ئاستی خەرجی داببەزێنن بەرامبەر بە ئاستی داهات، لەو کاتەدا دەوترا حکومەت ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار مووچەخۆری هەیە، بەڵام نەدەزاندرا ئەو مووچەخۆرانە کێن؟ لە کوێن؟ چەند وەردەگرن؟ لە وەزارەتی دارایی نەمانتوانی بزانین و لیستی ناوەکان نەبوو، پاشان دەرکەوت زیاتر لە ١٣٠٠ یەکەی دارایی و ژمێریاریی هەبوو، بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر مووچەخۆران، دەبوو زانیاریی ١٣٠٠ شوێن کۆبکەینەوە کە ئەمەش نەیدەگەیاندینە ئەنجام، تا بزانین ئەو کەسانەی مووچە وەردەگرن کێن. ئەوەش بەبەرنامەی بایۆمەتری چارەسەر دەکرا، بۆئەوەی دڵنیابین مووچە دەدرێت بە کێ و لەکوێ و چەندە مووچەکە، کە بەرپرسیارێتی ئەو پڕۆژەیەش بە من سپێردرا سەرپەرشتی بکەم بۆئەوەش تیمێکمان دروستکرد.
وتیشی: لە ماوەیەکی کەمدا ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆرمان تۆمارکرد کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی حکومڕانیی کوردیدا ئەو زانیارییانە لەبەر دەستدا بێت.

27 ملیار دینارمان گەڕاندەوە
لە باسی قۆناغەکانی تری بایۆمەتریشدا ئەوەی روونکردەوە کە دەبێت بپرسین بۆچی ئەو مووچەیە دەدەین و لەبەرامبەر چیدا دەدرێت؟ ئەوەش وایکرد زیاتر لە ٥٠٠ هەزار مووچەی نایاسایی نەمێنێت و زیاتر لە ٢٧ ملیار دینار گەڕێندرایەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
هەنگاوی دووەمی ئەو پرۆسەیە رێکخستنی میلاکاتی حکومەتە، کە هەندێک شوێن پێویستمان بە دامەزراندنەو لە هەندێک شوێن میلاکی زیادە هەیە، کە پێویستی بە ئاڵوگۆڕە لەناو حکومەتەکەماندا.
ئاماژەشی بەوەدا کە بەهۆی ئەم زانیارییانەوە دەتوانین بە شێوەیەکی ئاسانتر چاکسازیی لە پاشەکەوتی مووچەدا بکەین و حساب بانکی بۆ هەر فەرمانبەرێک بکەینەوەو وابکرێت مووچە راستەوخۆ تەحویلی حسابی بانکەکەیان بکرێت، ئەمانەش بەبێ زانیاریی ناکرێت و خۆشبەختانە هەموویمان کۆکردووەتەوەو لە گفتوگۆداین لەگەڵ بانکی ناوەندیی عیراق و بانکی نێودەوڵەتی کە بانکەکانمان بە تەواوی بکرێت بە بانک و رێگایەکە بۆ نەهێشتنی پاشەکەوتی مووچە.
لەباسی پڕۆژەی خزمەت یشدا رایگەیاند: حکومەت چەند ئەرکێکی سەرەکیی هەیە کە بریتین لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان لەگەڵ خزمەتکردنی هاووڵاتیان، گەیاندنی ئەو خزمەتانەش لەکاتێکدا بوو کە لە قەیرانێکی قووڵی دارایدا بووین، بەڵام دەرفەتێکمان بۆ گونجا چاکسازیی بکەین لە خزمەتدا.
زۆرجار هاووڵاتیان لە بینایەکدا کە لە ئاستی چاوڕێدا نییە و دنیایەک پەنجەرە پەنجەرەت پێدەکەن و گەراج نییە و زۆر رۆتینات هەیە، بۆ نموونە نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری پێویستت بە ١٧ پەنجەرە هەیە، دەبێت ئەمە چاک بکرێت، بۆیە لە پێناوی پاراستن و خزمەتی هاووڵاتیاندا ئێمە هێزەکانمان وەک پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایش و دژەتیرۆر شوێنێکی پارێزراوە لەم ناوچەیەداو ئاستی پاراستن لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام پێویستیان بە خزمەتی زیاترەو بڕیارماندا پڕۆژەی خزمەت رابگەیەنین.

هاووڵاتییەک پێویستی بە 106 ئیمزایە
ئەم پڕۆژەیە بۆ رێگرییە لە رۆتین، بۆ نموونە ئەگەر هاووڵاتییەک پێویست بێ خۆی تۆمار بکات کە کارمەندی کەرتی تایبەتە، پێویستی بە ١٠٦ ئیمزایە، ئەم پڕۆژەیەش دەتوانێت ئەو رۆتینە نەهێڵێت و ئاستی ئەو خزمەتە بەرزبکاتەوەو وتیشی: من بەرپرس نیم، من بەرپرسیارێتیم دراوەتێ خزمەت بە هاووڵاتیان بکەم.
قوباد تاڵەبانی باسی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار کردو وتی: ئێمە خاوەنی زەوی و زارێکی بە پیتین و خاوەن هەزاران ساڵ مێژووین، ئەمانە جگە لەهەموو کەرستە خاوەکانی پێویستن بۆ پیشەسازیی، بەڵام ئێمە چۆن وا بکەین ئەم کەرتانە ببێتە هیوای کاری گەنج نەک دامەزراندن لەلای حکومەت؟

چەند کەسێک بەمجۆرە بوونە خاوەنکار
ئەو خۆشەویستییە لە کێڵگەکان دروست دەبێت و ئێمەش بۆ ئەوە بەرنامەی گەنج و کشتوکاڵمان دەستپێکرد کە لەگەڵ چەند زانکۆ و ئامادەییەکدا رێکەوتین وەک پێشبڕکێ کە لەنێوان خوێندکاراندا بکرێت، تۆ و خانووی پلاستیکیان بۆ دابینکراو وامانکرد، ئەوەی لە خوێندن بە تیۆری فێردەبوون بە پراکتیکی بیکەن و ئەو بەروبوومە بەرهەم بهێنن و ئەو کێشانەی دێنە بەردەمیان چۆن چارەسەری دەکەن و پاشان چۆن بە بازاڕی دەکەن و دەتوانن لە بازاڕ بیفرۆشنەوە، کە ئەوەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی کوردستان و ژمارەیەک کەس لەو رێگەیەوە بوونە خاوەن کارو بەروبوومیان هەیەو لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە.
روونیشیکردەوە کە ئەم ئیشانە بۆ ئەمڕۆ نییە، بۆ دواڕۆژەو وتی: جگە لەو پڕۆژەیە لە هەمان کاتدا بەرنامەی راهێنانی تواناکانمان جێبەجێکردووەو لەگەڵ کۆمپانیاکان رێکەوتووین کە ساڵانە ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆکان وەربگرن و فێریان بکەن کە ئیشکردن چۆنەو خەڵک وەک خۆبەخش ئیش دەکات لە کۆمپانیاکاندا و ئەزموون فێردەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ماجد سروودی «رێبازی مام» بۆ سەرخستنی لیستی ١٠٥ دەچڕێت

هه‌رچه‌ند رێگامان سه‌خت بوو هه‌رچه‌ند ته‌نیاو بێ كه‌س بووین هیوامان ...