سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » دۆخی بەسرە ئاڵۆزی خستە ناو (نوێنەران)یشەوە

دۆخی بەسرە ئاڵۆزی خستە ناو (نوێنەران)یشەوە

رۆژ لە دوای رۆژ خۆپیشاندانەکانی بەسرە بەردەوام دەبێت و توندوتیژی زیاتریشێ تێدەکەوێت، بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق بێت، لە ئەنجامی خۆپێشاندانەکانی رۆژی هەینی 3 کەس کوژراون 50 ی تریش برینداربوون. لە پێشها‌تێکی نوێشدا، خۆپیشاندەران پەلاماری کونسوڵخانەی ئێرانیان داو سووتانیان، ئێرانیش بە توندی ئیدانەی ئەم کارەی کرد. جگە لە سووتاندنی بارەگای زۆربەی پارتە سیاسییەکانی لەبەسرە. ئەمریکاش ئیدانەی توندتیژییەکانی بەسرەی کرد. هەتاوەکو ئێستاش هیچ هیوایەک بۆ ئارامبوونەوەی خەڵکی و کپبوونەوەی خۆپیشاندانەکان نییە.

3 کوژراو 50 بریندار
خۆپیشاندانەکان لە بەسرە بەردەوامی هەیە و رۆژی هەینیش توندوتیژی زیاتری تێکەوت، هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی عیراقیش لە رووبەروبونەوەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران، توندتیژی و هێزی زۆرتریان بەکارهێنا. بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق بێت، 3 کەس کوژراوەو 50 کەسیش بە سەختی بریندار بوون.

سوتاندنی کونسوڵخانەی ئێران
لە پێشهاتێکی نوێدا خۆپیشاندەران پەلاماری کونسوڵخانەی ئێرانیان لەبەسرەو داو بەشی دەرەوەیان سووتاند. هەروەها دروشـی زۆر توندیان لە دژی ئێران بەرزکردەوە. هۆکاری ئەمەش زیاتر بۆ تووڕەبونی خەڵكییە لە سیاسەتی ئاوگرتنەوەی ئێران، کە ماوەیەکە بۆتە مایەی نیگەرانی و نارەزایی گەورەی شارەکە.

ئێران بە کارێکی وەحشیگەری وەسفکرد
لە یەکەمین کارانەوەیدا حکومەتی ئێران، باڵیۆزی عیراقی لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگهێشت کرد، نامەیەکی ناڕەزایی توندیان ئاڕاستە کرد. لە لایەکی ترەوە بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند: ئێمە ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و بە کارێکی نابەرپرسانەو نا ئەخلاقی و وەحشیانەی دادەنێین. وتیشی: هێز ئەمنییەکانی عیراق بەرپرسن لەو رووداوەی روویانداوەو ئەوان دەبێت پارێزگاری لە کونسوڵخانە و دیپلۆماتەکانی ئێران لە عیراق بگرنە ئەستۆ.

عەبادی داوای لێکۆڵینەوە دەکات
لە یەکەمین کاردانەوەدا، حکومەتی عیراقی ئیدانەی ئەو کارەی کرد، هەروەها بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، داوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییە عیراقییەکان دەکات، کە کاری پاراستنی کونسوڵخانەی ئێرانیان لەسەرشانە. لەهەمانکاتیشدا داوایکردووە کە سزای ئەو بەرپرسانە بدرێن، کە ئیهمالیان لە پاراستنی کونسوڵخانەکە کردووە.

سیستانی پشتگیری کردن
لای خۆیەوە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عیراق لە بەیانێکدا رایگەیاند: پشتگیری مافی خۆپیشاندەران دەکەین لەهەمانکاتیشدا دژی هەموو توندوتیژییەکین کە لە دژی خۆپیشاندەران بەکاردێت. لە لایەکی ترەوە رەخنەی توندی لە سیاسییەکان گرت و ئەوانی بە بەرپرس لە دروستبوونی ئەو رەوشە تاوانبار کرد. داواشیکرد، کە پەلەبکرێت لە دروستبوونی حکومەتێکی نیشتمانی .

ئەمریکا ئیدانەی کرد
لە یەکەمین کاردانەوەیدا، هیزەر نویرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستی وڵاتەکەی راگەیاند: ئێمە ئیدانەی هەموو توندتیژییەک دەکەین کە لە دژی خۆپیشاندەران ئەنجام دەدرێت و پێویستە هاوڵاتیانیش بە شێوەیەکی ئاشتییانەو دوور لە توندوتیژی، داوای مافەکانی خۆیان بکەن. لە لایەکی ترەوە، راشیگەیاند : ئیدانەی هەموو ئەو توندتیژیانە دەکەین، کە بەرامبەر بە دیپلۆماتەکان لەبەسرە ئەنجامدراوە. لەمەشدا ئاماژەیە بۆ سووتاندنی کوسوڵخانەی ئێران .

سوتاندنی بارەگای پارتەکان
توندوتیژی تەنها باڵەخانە حکومییەکانی نەگرتەوە، بگرە بەشێکی زۆری بارەگا حزبییەکانیش گرتەوە. بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی « سۆمەریە نیوز» بێت، لە شەووی هەینیدا بارەگای پارتەکانی « حركة إرادة و عصائب اهل الحق وحركة النجباء وانصار الله الاوفياء. حزب الدعوة و حزب الفضيلة والمجلس الاعلى و منظمة بدر و كتائب حزب الله و سرايا الخرساني، دار استراحة المحافظ، هەروەها مەکتەبی پەرلەمەنتار «فالح الخزعلي.» یش سووتاوە.

بەندەری « ئوم قەسر» دەستی بەکارەکانی کردەوە
لە لایەکی ترەوە ئیدارەی بەندەری ئوم قەسرە کە تاکە بەندەر و دەروازەی عیراقە، لە بەیانێکدا رایگەیاند: دووبارە بەندەرەکە دەستیکردۆتەوە بە کارەکانی. جێگەی ئاماژەیە لەم بەندەرەوە بەشێکی زۆری نەوت و گازی عیراق دەفرۆشرێت و دەنێرێتە دەرەوە. هەروەها لێرەشەوە بەێشکی زۆری پێداویستییەکانی عیراق لە دەرەوەی وڵات دێتە ناوەوە.

سەرچاوە:ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ یەکەمجار نەتانیاهۆ سەردانی سەڵتەنەی عومان دەکات

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، رۆژی هەینی 26.10.2018 تەلەفزیۆنی فەرمی عومانی، وێنەی ...