دانیشتوانی کەرکوک بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » دانیشتوانی کەرکوک بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧

دۆسێی کەرکوک

دانیشتوانی کەرکوک بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧

د. جەبار قادر

چەند وتەیەکی پێویست لە بارەی سەرژمێرییەکەوە:
سەرژمێری لە عیراق لە ڕۆژی دروستبوونێوە کێشە بووە، ئەوەتا لە سەدەی بیست و یەکدا دوو دەیەیە ناتوانێت سەرژمێرییەکی دانیشتوانەکەی بکات. لەم بوارەدا عیراق سەدە و نیوێک بۆ سەدە و نیو لە وڵاتانی وەک ئەمێریکا(١٧٩٠)، ئەڵمانیا(١٨٧١)، ژاپۆن(١٨٦١) و هیندستان(١٨٨١) وەدواکەوتووە. لە نیسانی ١٩٢٠ دەسەڵاتی کۆڵۆنیالی بریتانی لە عیراق هەندێ ئامار و زانیاری لە بارەی عیراقەوە ئامادە کردو و ڕایگەیاند کە ژمارەی دانیشتوانی ٢٨٤٩٢٨٢ کەسن. بەپێی ئەم داتایانە کۆی دانیشیتوانی لیوای کەرکوک ٩٢ هەزار کەس بوون. هەرچی حکومەتی عیراقە لە ساڵی ١٩٢٧ هەوڵێکیدا سەرژمێرییەک بکات، بەڵام زوو بۆی دەرکەوت کە ئەم کارەی بۆ ناکرێت، بۆەی هیچ ئەنجامێکی نەبوو. لەگەل ئەوەشدا ڕاگەیاندرا کە دانیشتوانی عیراق ٢٩٦٨٠٥٤ کەس بوونە. سەرژمێری ساڵی ١٩٣٤یش زیاتر خەمڵاندن بوو، نەک زانیاری نادروست. لێژنەکانی سەرژمێری لە شوێنێکی دیاریکراو دادەنیشتن و موختارەکان سەرۆک خێزانەکانیان بانگ دەکرد بۆ ئەوەی لە بارەی ئەندامانی خێزانەکانیاوە زانیارییان لێ وەربگرن. سەرژمێرییەکە بەمەبەستی سەربازی و هەڵبژاردن بوو. زۆر کەس زانیارییان لەبارەی نێرینەکانی خێزانەکانیانەوە دەشاردەوە بۆ ئەوەی نەبرێن بۆ سەربازی. بەپێی ئەم سەرژمێرییە دانیشتوانی عیراق ببوون بە ٣٢١٣١٧٤ کەس.
لە ١٩ ئوکتۆبەری ١٩٤٧ لە یەک کاتدا و لە هەموو عیراق سەرژمێری کرا. هەرچەندە سەرژمێرییەکە ورد نەبوو، بەڵام لە چاو ئەوانەی پێشوو هەنگاوێک بوو بۆ پێشەوە. بۆ یەکەمین جار ناونووسەکان دەچوونە ماڵان، ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکەش لە سێ بەرگدا بڵاوکرانەوە. ئەوەی بۆ ئامادەکردنی ئەم وتارە بەکارهاتووە بەرگی دوومە کە لیواکانی موسل، کەرکوک، سلێمانی و هەولێری گرتۆتەوە و لە ساڵی ١٩٥٤ لە بەغدا لە چاپ درواوە و بڵاوکراوەتەوە.
زانیارییەکانی ئەم سەرژمێرییە هەژارن و لە گەڵ ئەوەی دواتردا واتا ئەوەی ساڵی ١٩٥٧ کرا بەهیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن. لەمەی ١٩٤٧ هۆز و خێڵە کۆچەرەکان تۆمار نەکراون کە ژمارەی ئەندامانیان بە ١٧٠ هەزار کەس خەمڵێنراوە. یەکێ لە ناتەواوییەکانی ئەم سەرژمێرییە لەوەدایە لە کتێکدا ژمارەی ئاواییەکانی سەر بەیەکە کارگێڕییەکانی داوە، بەڵام لەو ژمارەیە ناو و ژمارەی دانیشتوانی بەشێکی کەمیانی تۆمار کردووە. لەو بەرگەی لە بەردەستمدایە ئەوە ڕووننەکراوەتەوە، ئایە ئەم کارە لە سەر چی بنەماییەک کراوە. لە باسی یەکە کارگێڕییەکاندا ئاماژە بە ژمارەی ئاواییەکان دەکەم و باسی ئەوەش دەکەم چەندیان لێ تۆمار کراون و چەندی دیکەیان باسیان لێوە نەکراوە. خاڵێک کە لەم سەرژمێرییەدا سەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە کە کۆی ژمارەی دانیشتوانی لە هەندێ لە یەکە کارگێڕییەکان لە گەڵ ئەو ژمارانەدا یەک ناگرنەوە کە سەرژمێرییەکە تۆماری کردوون، ئەمەش بەگشتی بەشێک لەو کەم و کوڕییانە دەردەخات. لە کاتی باسکردنی یەکە کارگێڕییەکانی کەرکوکدا ئاماژە بە هەندێ لەو جیاوازییانە دەکەم.
بەڵگە و زانیاری زۆر لە بەردەستدان کە سەرژمێرییەکە ناتەواوی زۆریان تێدایە. وەک نەموونەیەکی پڕ واتا ئاماژە بە وتەکانی خوالێخۆشبوو عەلائەدین سوجادی دەدەم، کە ئەو کاتە ماڵی لە بەغدا بووە و تا ئێوارەی ڕۆژی سەرژمێرییەکە لە ماڵەوە چاوەڕوانی ماڵنووسەکانی کردووە، بەڵام کەس سەری بە ماڵیاندا ئەوانیان نەکردووە بۆ ناویان بنووسێت، ئەو دەپرسێت: ئەگەر ئەمە حاڵی پایتەخت بێت، ئەی دەبێ لە شوێنە دووردەستەکان کارەکە چۆن بەڕێوە چووبێت؟. سەرژمێرییەکە دانیشتوانی تەنها لە سەر بنەمای ئاین پۆلێن کردووە و بەلای پێکهاتەی نەتەوەییاندا نەچووە، تەنانەت وەک ئەوەی ١٩٥٧ لە سەر بنەمای زمانی دایکیش تۆماری نەکردوون. ڕەنگبێ هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ئەو کاتە هێشتا ژمارەی عەرەب لە عیراق زۆر زۆر نەبوون.

یەکە کارگێڕییەکانی لیوای کەرکوک لە کاتی سەرژمێری ١٩٤٧دا
لە ساڵی سەرژمێرییەکەدا لیوای کەرکوک لە چوار قەزا و ١١ ناحیە پێکهاتبوو:
1. قەزای ناوەندی کەرکوک و هەر چوار ناحیەیەکەی: قەرەحەسەن، ئاڵتون کۆپری، مەلحە و شوان.
2. قەزای داقوق و هەردوو ناحیەی قادر کەرەم و دوزخورماتو.
3. قەزای چەمچەماڵ و هەردوو ناحیەی ئاغجەلەر و سەنگاو.
4. قەزای کفری و ناحیەکانی پێباز و قەرەتەپە و شێراونە. هەر یەکەیەکی کارگێڕیش دەیان ئاوایی پێوە گرێدرابوو.
قەزای ناوەندی کەرکوک لە ساڵی ١٩٤٧دا:
لە کاتی سەرژمێرییەکەدا قەزای ناوەندی کەرکوک لە شاری کەرکوک و شارەدێکانی (ناحیە)ی قەرەحەسەن، پردێ (ئاڵتون کۆپری)، شوان و مەلحە پێکهاتبوو. شار لەم ١٧ گەڕەکە پێکهاتبوو: ساری کەهیە، شاتڕلو، بەگلەر، ئیمام قاسم، بولاق، ئاخوڕ حوسێن، مەیدان، ئاغالق، حەمام موسلیم، حەمام مەسیحی، پریادی موسلیم، پریادی موسەوی (یەهودی)، شۆرجە، چقور، ئاوچی و چای. کۆی دانیشتوانی ئەم گەڕەکانە ٦٤٥١٤ کەس بوون. لە سەرژمێرییەکەدا دانیشتوانی ئاواییەکانی تۆپزاوای حوسێن بەگ، تسن، بەشیر و کۆمپانیای نەوت لە گەڵ ئەوانەی گەڕەکەکانی شاردا تۆمارکراون، بۆیە ژمارەکە بووە بە ٧٣٩٨٤ کەس. لە ڕاستیدا هۆی هەژمارکردنی دانیشتوانی ئەم ئاواییانە لە گەڵ گەڕەکەکانی شاردا و ئەژمارنەکردنی ئەوانی دیکە دیار نیە چیە، چونکە لە تەک ئەمانەدا ٨٣ گوندی دیکەش سەر بە قەزای ناوەند بوون، کە کۆی دانیشتوانیان بە پێی سەرژمێرییەکە ١٤٣٥٦ کەس بوو. ئەم ئامارانە زۆر جێگای باوەڕ نین، چونکە سەرژمێرییەکە لەو ٨٣ ئاواییە تەنها ناوی ٢٧ یانی لە گەڵ ژمارەی دانیشتوانیاندا تۆمار کردووە، کە دەکەنە ١٠٢١٩ کەس بوونە. مرۆڤ بۆی هەیە بپرسێت: ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی تەنها ٢٧ ئاوایی ١٠٢١٩ کەس بێت، چۆن دەبێت ئەو ٥٦ ئاواییەی تر، کە ناویان تۆمار نەکراون تەنها ٤١٣٧ دانیشتوویان هەبن؟. بەم پێیە بێت هەر ئاواییەک تەنها ٧٤ دانیشتووی بەردەکەوێت، کە ئەمەش بۆ باری دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی خێزانەکانی ئەو سەردەمە مایەی گومان و تێڕامانە. ئەمە نەک تەنها لە ئامارەکانی قەزای ناوەندی کەرکوکدا دەبینین، بەڵکو لە گوندەکانی هەموو یەکە کارگێڕییەکانی تریشدا هەمان شت کراوە. ئەم شێوازەی تۆمارکردنی دانیشتوان کۆی ئامارەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تۆ بڵێی ئەمە هەوڵێک بێت لەو سەردەمە زووەی دەسەڵاتی ناوەندی عیراقدا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لە لیوای کەرکوکدا، کە نزیکەی ٩٠٪ ئاواییەکانی کوردنشین بوون؟. شایانی باسە کە ژمارەی ئاواییەکانی لیوای کەرکوک لەو کاتە و بەپێی سەرژمێرییەکە ١٠٠٧ ئاوایی بوونە، کە لە ڕێگەی شوێن، هەڵکەوتە و ناوەکانیانەوە دەزانین زیاتر لە ٨٥٠ گوندی کوردنشین بوونە. ناتەواوییەکی دیکەی ئەم سەرژمێرییە لە بارەی دانیشتوانی قەزای ناوەندی کەرکوکەوە ئەوەیە، کاتێ ژمارەکانی دانیشتوانی ناو شار و دێکانی کۆدەکەیتەوە دەکاتە ٨٨٣٤٠ کەس، نەک ٩١٥٨٢ کەس وەک لە سەرژمێرییەکەدا هاتووە. من پسپۆری بواری ئامار نیم و ناتوانم لەم بارەیەوە شتێکی ئەوتۆ بڵێم. هیوادارم شارەزا و پسپۆرانی ئەم بوارە ئەو پرسانەمان بۆ لێکبدەنەوە.


ناحیەی قەرەحەسەن کە سەر بە قەزای ناوەندی کەرکوک بوو، مەڵبەندەکەی شارەدێی لەیلان بوو. ژمارەی دانیشتوانی لەیلان ١٤٤٧ کەس بوو، ٥٥ ئاواییش سەر بەم ناحیە بوون، سەرژمێرییەکە تەنها ناوی ٢١ یانی بۆمان تۆمار کردووە: باوا، مامشە، یەحیاوە، خاڵۆبازیانی، حەساری خاڵۆ بازیانی، کەوەڵە، چیمەنی بچوک، ساڵەیی، قەرەهەنجیر، هەیبە، چیمەنی گەورە، سیامەنسوری خواروو، زەنگنە، فەرقان، تەپەلو، شێخ جگری، ئۆمەرگەدە، تڕکەشکانی گەورەی خواروو، تەرجل، یارمجە و بەیانلو. کۆی دانیشتوانی ئەم ٢١ گوندە بە ١١٠٤٠ کەس دانراون. هەموو دانیشتوانی ناحیەی قەرەحەسەن ١٣٨٧٨ کەس بوون. لێرەش بەهەمان شێوە ئەو جیاوازییە دەبینین. کاتێ ژمارەی دانیشتوانی ئەو ٢١ گوندەم کۆکردەوە کردیە ٩٢٠٥، نەک ١١٠٤٠ وەک لە سەرژمێرییەکەدا هاتووە. ئەی چۆن دانیشتوانی ئەو گوندانەی ماونەتەوە کە ٣٤ گوندن تەنها ١٨٣٥ کەس بوونە؟. بەم ژمارانە بێت ئەوا هەر ئاواییەک تەنها ٥٤ دانیشتوی بەردەکەوێت!!!.
هەرچی ناحیەیە ئاڵتون کۆپری یا پردێیە کە شارەدێی ئاڵتون کۆپری ناوەندەکەی بوو لە گەڕەکەکانی سەرای، بازاڕ، سەڵاحیە، مزگەوت، تسن و قەرەبەگ پێکهاتبوو. کۆی دانیشتونی گەڕەکەکانی پردێ ٣٧٢٩ کەس بوون. ئاواییەکانی سەر بەم ناحیەش ٥٠ ئاوایی بوون، کە ژمارەی دانیشتوانیان ١١٢١١ کەس بوون. گرنگترین ئاواییەکانی ناحیەی پردێ ئەمانە بوون: کوزرەبی، کتکە، یارمجە، زەردەلی، حەساری گەورە، قادر باغر، نەبیاوا، دارەمانی بچوک، دارەمانی گەورە، بیبانی گەورە، سرید(!)، سابونچی، کلۆزی، قەرەدەرە، قوشقایە، بای حەسەن، کۆردەرەی گەورە، دبز، خورماڵجە، میر ئەسفەهانی بچوک، میر ئەسفەهانی گەورە و حەساری بچوک. کۆی دانیشتوانی ناحیەکە ١٤٩٤٠ بوون. ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشتوانی ئاڵتون کۆپری تورکمان بوون، دانیشتوانی ئاواییەکان کورد بوون و هەندێ خێزانی عەرەب و تورکمانیش لێرە و لەوێ هەبوون.
ناحیەی مەلحە لەو کاتەدا تاکە ناحیەی سەر بە قەزای ناوەندی کەرکوک بوو، کە خەڵکەکەی عەرەب بوون. شارەدێی فاروق ناوەندی ناحیەی مەلحە بوو و ژمارەی دانیشتوانی ٩٠٢ کەس بوون. مەلحە ٧٦ ئاوایی هەبوو، کە ماحوز (١٠١٣) و غەریب (١٠٥٨) لە هەرە گەورەکانیان بوون. ئەوانی دیکە فەتحە، عوبەیدیە، عەبباسیە، سەڵاحیە، جبوریە، تەلزەهەب، غازیە، دبس، مامسە، مەلحة عەرەب، دغێلەی بچوک، تەلعەلی، سەجرە…تاد. ژمارەی دانیشتوانیان بەسەریەکەوە ١٢٣٥٣ کەس بوون. کۆی دانیشتوانی ناحیەکە بەهەموو گوندەکانێوە ١٥٣٢٦ کەس بوون، کە لە ٢٥٢٨ خێزان پێکهاتبوون. لێرەش لە کۆی ٧٦ ئاوایی تەنها ناو و ژمارەی دانیشتوانی ١٦ ئاوایی تۆمار کراون، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت ڕاستی و دروستی ژمارەکان پشتڕاست بکاتەوە.
پەیدابوونی و گەشەکردنی ئەم ناحیە و دواتر قەزای حەویجە بەرهەمی سیاسەتی نیشتەجێکردنی هۆزەکانی عوبێد و جبور و ئەوانی دیکە بوو لە سەر ئەو خاکە. ئەمە دەسپێکی سیاسەتی بەعەرەبکردنی بەشێک لە خاکی کوردستان بوو کە لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێکرد. ئەم ژمارە زۆرەی عەرەب کە پێش سەرژمێرییەکە بە دە ساڵ لە سنوورەکانی لیوای کەرکوک پەیدابون، لە ماوەی نیو سەدەدا بوون بە ژمارەیەکی یەگجار گەورە و ڕۆڵێکی زۆریان لە گۆڕینی دیمۆگرافی هەموو لیوای کەرکوکدا گێڕا. ئەم ناحیە و دواتر قەزای حەیجە بوو بە ناوەندێکی بەهێزی نەیارێتی کورد و داخوازییە ڕەواکانی، هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا بوو بە بنکەیەکی سەرەکی تیڕۆریستانی داعش و هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر ئاسایشی هەموو کەرکوک.
ناحیەی شوانیش هەر سەر بە قەزای ناوەندی کەرکوک بوو، شارەدێی ڕێدار ناوەندی ناحیەی شوان بوو کە ژمارەی دانیشتوانی تەنها ٣٨٢ کەس بوون. زیاتر لە ٧٦ ئاوایی سەر بەم ناحیە بوون. کۆی دانیشتوانی ئەم ئاواییانە ١٠٨١٨ کەس بوون. بەم شێوەیە کۆی دانیشتوانی ناحیەکە ١١٢٠٠ کەس بوون. ئەو گوندانەی ناو شوان کە سەرژمێرییەکە ناویانی تۆمار کردووە ئەمانەن: مەرزیجەی ژوورو، عەلی بەبان، حەمدون، مامەڕەش، چۆلمان، قەرەناو، کارێزی خاڵخاڵان، تازلوجەی جمەبلە، کلمکوە، کڵاوقوت، ئۆمەر مەندان، ئیلینجاغ، قەفار، تلکی شوکیر و بابلان. لێرەش لەو ٧٦ گوند تەنها ناو و ژمارەی دانیشتوانی ١٦ یان تۆمار کراون.

قەزای داقوق لە سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧
داقوق ئەو کاتە قەزا بوو، لە ناوەندی قەزا کە شارۆچکەی داقوق بوو و هەردوو ناحیەی قادر کەرەم و خورماتوو پێکهاتبوو. هەرچەندە دانیشتوانی شارۆچکەی خورماتوو(٦٣٧٤) کەس بوون، واتا سێ ئەوەندەی دانیشتوانی شارۆچکەی داقوق، کە ژمارەیان تەنها(١٩٨٧) کەس بووە، بەڵام داقوق کراوە بە قەزا و خورماتوو بە ناحیە. ڕەنگبێ هۆکارەکەی ئەوە بووبێت کە داقوق لە مێژوودا ناوێکی گەورە و دیار بووە، لە سەردەمی عەبباسییەکانەوە پێگەیەکی گرنگی هەبووە، تەنانەت کاتێ سەرچاوە مێژووییەکان باسیان لە کەرکوک دەکرد ئاماژەیان بەوە دەکرد کە قەڵایەک بووە و کەوتۆتە نێوان داقوق یا داقوقا و هەولێرەوە(أربل دواتر أربیل). خورماتوو دواتر کرا بە قەزا و داقوقیش بە ناحیە، بەڵام جارێکی تر کرایەوە بەقەزا.
لەو کاتدا دانیشتوانی شارۆچکەی داقوق دەتوانم بڵێم چەند ماڵێکی لێدەرکەی ئەوانی تر هەموویان تورکمانی شیعە بوونە، بەڵام ئەو ئاواییانەی سەر بە ناوەندی قەزاکە بوون و ژمارەیان ٦٩ ئاوایی بوو، تەنها دانیشتوانی ئاوایی ئیمام زەینەلعابدین، کە هەر بەئیمام نێودەبرا، تورکمان بوون و ژمارەیان ٣٥٥ کەس بوو. هەندێ ئاواییش وەک ئەلبومحەمەد، ئەلبونەجم، دەلس…تاد دانیشتوانیان کورد و عەرەب بوون، ئەوانی دیکە هەموویان کورد بوون. دانیشتوانی ئاواییەکانی کوردان بەژمارە زۆر بوون، تەنها بۆ نموونە دانیشتوانی ئاوایی ئێنگیجە (١٠٦٦) کەس و زەند مەلا یوسف (٩١٧) کەس بوون، واتا بە هەردووکیانەوە ئەوەندەی دانیشتوانی شارۆچکەی داقوق بوون. من بەمنداڵی لە ئێنگیجە ژیاوم تەنها یەك ماڵە عەرەبی لێبوو و سێ چوار ماڵی بەیاتی لێوبوو و کەس نەیدەتوانی لە کورد جیایان بکاتەوە. بەگشتی ژمارەی دانیشتوانی ئاواییەکانی داقوق ١٢٦٥٤ کەس بوون، واتا شەش جار بەقەد دانیشتوانی داقوق. لەو ٦٩ ئاواییە، سەرژمێرییەکە ناو و ژمارەی دانیشتوانی تەنها ٢٢ یانی بۆ تۆمار کردووین، کە ئەمانەن: ئێنگیجە، ئیمام زەینەلعابدین، کلیسە، عەوڵاغانم گەورە، عەوڵاغانم بچوک، عەلی سەرای، زەنقڕ، جنگڵاوە، ئەلبومحەمەد، سنور، مەتیق، تۆپزاوا، عەربکۆیی، حەوز١٦، زەند مەلایوسف، ئەلبونەجم، دەلس، زەند نەبسر(وادەزانم هەر زەند بنعێزە!)، گولی تەپە یا کولی تەپە، چەورکە، هەفتەغار، زەند بنعێز. دانیشتوانی ئەم ٢٢ ئاواییە بەسەر یەکەوە ٥٢٣٥ کەس بوون، ئەو ٤٧ گوندەشی کە تۆمار نەکراون دەبێت ژمارەی دانیشتوانیان ٧٤١٩ کەس بووبێت.


ناحیەی قادرکەرەم ژمارەی دانیشتوانی شارۆچکەکەی ٦٢٠ کەس بووە، ٨٦ ئاواییش سەر ناحیەکە بووە، کە ژمارەی دانیشتوانیان ١٤٠٦٩ کەس بوونە و لە گەڵ دانیشتوانی شارۆچکەکەدا دەیانکردە ١٤٦٨٩ کەس. دانیشتوانی قادرکەرەم و ئاواییەکانی هەموو کورد بوون. لەو ٨٦ ئاواییە سەرژمێرییەکە تەنها ناوی ٢٥یانی تۆمار کردووە، کە ئەمانەن: قەڵخانلو گەورە، قەڵخانلو بچووک، چەم سورخاو، کونەکانی، تاونێر بەرز، جمك، تەکیە، جان وەیس بەگ، عەلی خان، داریسرە، نەورۆز، قەڵای میکایلی سەروو، قەشقە، بانگۆل، کۆکمە، مەلا ئۆمەر، هەرنیە، گوڵباغ، ڕەشید ئاغا، قەیتول، قرجە، کانی قادر، ژاڵەدێوانە، بەهرام بەگ، ئاوباریک و مەلا ناسر. کۆی دانیشتوانی ئەم ئاواییانەش ٧٨٦٧ کەس بوونە.
هەرچی ناحیەی خورماتوو بوو، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد ژمارەی دانیشتوانی شارۆچکەکە ٦٣٧٠ کەس بوو ، ٨٨ ئاواییش سەر ناحیەی خورماتو بوون، کە ژمارەی دانیشتوانیان بە گوندەکانی ئامرلی، بەستاملی، ئەلبوسەباح و بابلانەوە دەیکردە ٢٣٣٠٥ کەس. لێرەش بە هەمان شێوە، لەو ٨٨ گوندە تەنها ناوی ٢٦ یانی تۆمار کردووە، کە ئەمانەن: یەنگیجە، بساسی، شێخ هەوازی، نەوجول، زنکۆبی، چەرداخلی، لەک، حەفریە، لقوم، عەبود یا غبود، شاهسیوان، ڕوباری عەبسە، ڕوباری حەیدەر، مرادلی، قەڵا، جلێوەی گەورە، تەپە حرمکی سەروو، جوری، زندانە، کرمک یا گەرمک، مەفتولی بچوک و خاسەداڕلی. کۆی دانیشتوانی ناحیەی خورماتو دەیانکردە ٢٩٦٨٦ کەس. بەم شێوەیە ژمارەی ئەوانەی لە شارۆچکەکانی سەر بە قەزای داقوق دەژیان ٨٣٥٧ کەس بوون و دانیشتوانی ئاواییەکانیش ٥٠٦٠٧ کەس بوون. هەموو بەسەر یەکەوە لە قەزای داقوق ٥٩٠٠٥ کەس دەژیان. هەندێ جار سەرژمێرییەکە ژمارەی هەندێ جیاواز لە مانە دەدات، کە پێموایە ئەمەش بەشێکە لە ناتەواوی و هەڵە و پەڵەکانی. ژمارەی موسوڵمانان لە قەزای داقوق بە ٥٨٣٨١ دانراوە، جولەکەش ٥٨٥ کەس بوونە کە زۆربەی هەرە زۆریان لە شارۆچکەی خورماتوو دەژیان، کرستیانەکان تەنها ٦٣ کەس بوونە. وادیارە کاکەکییەکانی داقوق لە گەڵ موسوڵمانەکاندا ناونووس کراون.
دانیشتوانی ناو شارۆچکەکانی داقوق و خورماتوو زۆربەی هەرە زۆریان تورکمان بوون. من لە پەنجاکان لە قوتابخانەی ناوەندی داقوق خوێندوومە و فەرمانگەی بەسەربازیکردنیشمان لە خورماتوو بوو، ئەو دەمە دانیشتوانی داقوق هەموو تورکمانی شیعە بوون چەند ماڵێکی کەمی بەکتاشی و کورد و عەرەبی لێدەرچێ. بەڵام دانیشتوانی ئاواییەکانی بە ڕێژەی ٩٠٪ کورد بوون، هەرچی قادرکەرەمە بە ناوەند و گوندەوە هەموو کورد بوون. لە بەر ئەوەی لە سەرژمێرییەکە باسی پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتوان نەکراوە، بۆیە ئاسان نیە لێرەدا بەژمارە باسی کورد و تورکمان و عەرەب بکەین. لە کۆتایی ئەم وتارەدا و لە بەر ڕۆشنایی ئامارەکانی سەرژمێرییەکە هەوڵدەدەم ڕێژەی کورد و عەرەب و تورکمان لە کەرکوک بقەبڵێنم. لێرەدا جارێکی دیکە هەندێ جیاوازی لە ژمارەکاندا بەرچاو دەکەون. بۆ چەندین جار بە ژمارەکاندا چوومەتەوە و کۆیانم کردۆتەوە هێشتا ڕەنگبێ خوێنەری ورد لێرە و لەوێ هەست بەهەندێ هەڵە و ناتەواوی بکات.

قەزای کفری لە ساڵی ١٩٤٧دا
قەزای کفری، لە سەردەمی عوسمانیدا ناوی سەڵاحیە بوو، لە کاتی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧دا لە ناوەندی قەزا و ناحیەکانی پێباز، قەرەتەپە و شێروانە پێکهاتبوو. شارۆچکەی کفری بە پێی سەرژمێرییەکە دوو گەڕەکی دەگرتە خۆ: ئیسماعیل بەگ، کە ژمارەی دانیشتوانی ٢٧٨٠ کەس بوون و گەڕەکی سەیدەکان(السادة) کە ١٩٠١ کەسی تێدا دەژیا. بەم شێوەیە کۆی گشتی دانیشتوانی شارۆچکەی کفری تەنها ٤٦٨١ کەس بوونە. هیچ ئاواییەک لە گەڵ ناوەندی قەزادا لەم سەرژمێرییە تۆمار نەکراوە.
ناحیەی پێبازە(پێواز) بە هەر ٦١ ئاواییەکەیەوە ژمارەی دانیشتوانی ٥٩٥٩ کەس بووە. گرنگترین ئاواییەکانی ئەم ناحیەیە: تەپەکروز، زەردەلیکاو، جرجەقەڵا، بەکر بایف، کولیتەپە و کۆکس بوون.
ناحیەی قەرەتەپە بەگەورەتین ناحیەی قەزای کفری دادەنرا. ئەمیش لە دوو گەڕەک پێکهاتبوو گەڕەکی مزگەوت و گەڕەکی بازار، ژمارەی دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە دەیکردە ٢٧١٤ کەس، ئاواییەکانی قەرەتەپە ٩٨ ئاوایی بوون و کۆی دانیشتوانیان ١٨٣٣٢ کەس بوون. گرنگترین گوندەکانی قەرەتەپە ئەمانە بوون: کوڵەجۆ، مەحمولە، عەلی سەرای سەروو، عەلی سەرای خواروو، کارێزەکۆن، کۆشک، ئۆمەر مەندان، گاوری ساڵح محەمەد، گاوری بچوک، کۆکس، شیبان، کاوخۆر، ساریتەپە، خزران، کەشکۆڵی کۆن، کەشکۆڵی تازە، سیبان، شێخ بابا، سەیدەڵان و گلیتەپە. هەموو بەسەر یەکەوە لەو ساڵەدا ٢١٠٦٩ کەس لە ناحیەی قەرەتەپە دەژیان.
هەرچی ناحیەی شێراونەیە ناوەندەکەی سەرقەڵا بوو. دانیشتوانی سەرقەڵا زۆر کەم بوون و تەنها ٢٧٣ کەس بوون، لە کاتێکدا لە کەلار کە ئاواییەکی سەر بەم ناحیە بوو ١٠٦٤ کەس ژیانیان بەسەردەبرد. لە تەک کەلاردا ١٣٠ ئاوایی سەر بە شێروانە بوون، کە ژمارەی دانیشتوانیان دەیکردە ١٦٢٢٩ کەس، هەموویان بەسەر یەکەوە ١٧٥٦٦ کەس لە ناحیەی شێروانە دەژیان. بەم شیوەیە کۆی دانیشتوانی قەزای کفری ٤٩٣٣٦ کەس بوون. لەم ژمارەیە ٤٢٦ جو، ٢١ کرستیان و ٢ سوببی بوون، ئەوانی دیکە هەموو موسوڵمان بوون. زۆربەی هەرە زۆری جولەکەکان کە ٣٣٦ کەس بوون لە شارۆچکەی کفری دەژیان و ٨٧ یانیش لە قەرەتەپە و تەنها ٣ یان لە ناحیەی شێروانە بوون. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جووەکان زیاتر لە شار و شارۆچکەکان دەژیان و خەریکی بازرگانی و پیشەگەری بوون. شێروانە وەک دەڤەرێکی کشتوکاڵی بۆ ئەوان دەستی نەدەدا، بەڵام پەیوەندی بازرگانی و ئابورییان لە گەڵ خەڵکەکەیدا زۆر بوو.
ئەو دەمە ڕێژەیەکی دیاریکراوی دانیشتوانی ناو شارۆچکەی کفری تورکمان بوون و لە ناو قەرەتەپەش بارەکە زۆر جیاواز نەبوو، لە هەندی لە گوندەکانیش عەرەب هەبوون، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانیان کورد بوون، لە نزیکەی ئەو پەنجا هەزار کەسەی کە کۆی دانیشتوانی قەزای کفریان پێکهدەهێنا، دەتوانین بڵێین زیاتر لە چل هەزاریان کورد بوونە.
پێش ٢٠٠٣ کۆمەڵێ وتار و توێژینەوەم لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوانی کەرکوک و قەزا و ناحیەکانێوە بەزمانی عەرەبی بڵاوکردەوە، بەشێکیانم لە کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمدا لە لەندەن و هەندێ لە پایتەختەکانی تری ئەوروپا پێشکەش کرد. بەداخەوە ئەو کاتە دەستمان نەدەگەیشت بەسەرچاوە و بەڵگە فەرمییەکانی دەوڵەتی عیراق، بۆیە ئاسان نەبوو بۆچوونەکانمان بەخەڵکی دی بەدەین بەقەبووڵکردن، بەتایبەتی هەڵمەتی نەیارانی کورد زۆر بەرفراوان بوو. ئێستا هەندێ لەو بەڵگانەمان لە بەردەستن، بۆیە دەتوانین زۆر وردتر لەو بارەیەوە بدوێین. بەداخەوە بەڵگەکان کەوتوونەتە دەستی خەڵکانێک کە نەدەتوانن کەڵکی لێوەربگرن و نە ڕێگەش دەدەن بەکەسانی پسپۆر و شارەزا بەکاریان بێنن. دەبوایە ناوەندەکانی تۆژینەوە و میدیای کوردی لە بەر ڕۆشنایی ئەو بەڵگە و دەکیومێنتە فەرمییانە بەشێوەیەکی زانستییانە تیشکی زۆریان بە زمانی عەرەبی و زمانەکانی دیکە بخستایەتە سەر ئەم بابەتانە، لێ مخابن ئەو بوارە هێشتا کێڵگەیەکی نەکێڵراوە.
ئەم جۆرە وتارانە بۆیە بە زمانی کوردی دەنووسم، چونکە دەبێنم ژمارەیەك لە خوێنەران و سیاسەتبازانی کورد شتێکی ئەوتۆ لە بارەی ڕابردووی کەرکوکەوە نازانن و تائاستێک باوەڕیان بەلێکدانەوە و بۆچوونەکانی نەیارانی کورد هێناوە. هەڵبەتە ئەمە لەبەر بێ ئاگایی و نەشارەزاییە لەم بوارانەدا، بۆیە زانیاری و لێکدانەوە نادروستەکان زۆر بەئاسانی بەسەریاندا تێدەپەڕن. کێشەکە گەورەکە لەوەدایە کە ئەمانە بڕیار لە پرسەکانی کەرکوک دەدەن. بەکەیفی خۆیان و لەسەر حیسابی کوردی کەرکوک پێگە و ڕێژە بەپێکهاتەکانی دیکە دەبەخشن بۆ ئەوەی کوڕی باشیان پێبڵێن. ئەمانە «پیاوەتی بەئاوی حەمامەوە دەکەن». ئەم خوێنەوار و سیاسەتبازانە، کە بۆ خۆیان ڕۆژێک لە کەرکوك نەژیاون، بەچاوی گومانەوە سەیری ئەم نووسینانەی ئێمەومانان دەکەن و بەلێکدانەوەی ناسیۆنالیستانەی توندڕەو لە قەڵەمیان دەدەن. ئەمە بەرهەمی تێکەڵەیەکە لە خۆ بەکەم زانین، دووڕوویی، و بێ ئاگایی. ئێمە لە کاتێکدا لە گەڵ مافی تەواوی هەموو پێکهاتەکانی کەرکوکداین، قەت قایل نابن بەوەی ئەو مافانە لەسەر حیسابی کوردی ئەو شارە بن.

قەزای چەمچەماڵ لە ساڵی ١٩٤٧
قەزای چەمچەماڵ لە کاتی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧دا یەکێ لە قەزا گرنگەکانی لیوای کەرکوک بوو و بریتی بوو لە ناوەندی قەزا و هەردوو ناحیەی ئاغجەلەر و سەنگاو. ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزاکە کە چەمچەماڵ بوو تەنها ١٨١١ کەس بوو. ژمارەی ئاواییەکانی ٦٤ ئاوایی بوو کە کۆی دانیشتوانیان ١٠١٢٥ کەس بوون. هەموو بەسەر یەکەوە دانیشتوانی چەمچەماڵ و ئاواییەکانی دەیانکردە ١١٩٣٦ کەس. گرنگترین ئاواییەکانی چەمچەماڵ لەو کاتەدا ئەمانە بوون: تەکیەی کاکەمەند، بنگرد، گورگەیی خاسە، پریادی، گورگەیی شامار، دانەسۆفی، سەیدانی سەروو، نورە، عەلی مەنسور، قەرەتامور، تاڵەبان، ژاڵەی بەردەربەند، شێردەرە، قەرەوەیس، ئەحمەد لەوەند، قەڵاچوغە، چراغەسوتە، هەڕاوە، خاڵدان، مارولە و فەرقە(؟).
لە ناحیەی ئاغجەلەر دانیشتوانی ناو شارەدێکە تەنها ٦٢٧ کەس بوون، ٥٥ ئاواییش سەر بە ناحیەکە بوون، کە ژمارەی دانیشتوانیان ٨٩٤٠ کەس بوون و بەسەر یەکەوە دەیانکردە ٩٥٦٧ کەس. گرنگترین گوندەکانی ئاغجەلەریش ئەمانە بوون: یاوەفەنەری سەروو، قۆجەلەر، قەسرۆک، تلیاز، کزەڵان، جلەمورد، دلاوەرونە، کەڕاد، عەسکەر، نۆکەل، کوێرەدێ، بکۆکی، گۆکتەپە (ناوی گوندەکان زۆر جار بەهەڵە و بەعەرەبی نووسران).
هەرچی ناحیەیەی سەنگاوە دانیشتوانی شارەدێکە تەنها ٥٢٤ کەس بوونە، ٦٦ ئاواییش سەر بەم ناحیە بوون، کە ژمارەی دانیشتوانیان ٧٧٧٧ کەس بوو، لە گەڵ دانیشتوانی شارەدێکەدا هەموو دەیانکردە ٨٣٠١ کەس. گرنگترین ئاواییەکانی سەنگاو وەک لە سەرژمێرییەکەدا ناویان هاتووە ئەمانەن: درۆزنە، کچان، دەرەوار، هشەزەنێ، ژاڵە مەملەحە، دێ ڕەشە، ژاڵە و رەبات.
ئەو دەمە لە چەمچەمال تەنها پێنج کرستیان و دوو جولەکە دەژیان. ئەوانی دیکە هەموویان موسوڵمان بوون و کۆی گشتیی دانیشتوانی قەزای چەمچەمال بە هەردوو ناحیە و ئاواییەکانیانەوە ٣٠٣٢٨ کەس بوون و هەموویان کورد بوون.
بەپێی ئامارەکانی سەرژمێری ١٩٤٧ بێت، قەزای ناوەندی کەرکوک لەو کاتەدا کۆی دانیشتوانی ١٢٥٢٨٢ کەس بوون. وەک ئاماژەی پێکرا ٢٩٠ ئاواییش سەر بەم قەزایە بوون. کاتێ دانیشتوانی قەزای داقوق بە هەر ٢٤٣ ئاوای و (٥٩٥٨٩) دانیشتوانەکەیەوە و قەزای کفری بە هەر ٢٨٩ گوندەکەی و (٤٩٣٣٦) دانیشتوانەکەیەو و قەزای چەمچەماڵیش بە هەر ١٨٥ گوند و ٣٠٣٢٨ دانیشتوانەکەیەوە بەیەکەوە کۆدەکەینەوە، کۆی گوندەکانی لیواکە دەکەنە ١٠٠٧ گوند و کۆی دانیشتوانی لیوای کەرکوکیش دەکەنە ٢٦٤٥٣٥ کەس. ئەم وردەکارییانە لەم خشتەی خوارەوە خراونەتە ڕوو:
ئەم ئامارانە هەندێ جیاوازن لەگەڵ ئەوانەی لە سەرژمێرییەکەدا هاتوون. بۆ نموونە لەوێ ژمارەی دانیشتوانی لیوای کەرکوک لەو سالەدا ٢٨٥٦٠٨، واتا ٢١٠٧٣ کەس زیاتر لەمەی لە خشتەدا خراوتەڕوو. لە ئامارە فەرمییەکاندا باس لە ژمارەیەک کەس کراوە کە بەشێوەی کاتی لە کەرکوک بوونە یا بەسەردان هاتوونەتە شارەکە. بەڵام ژمارەی ئەوانە هاوتا نیە لە گەڵ ئەم جیاوازییە گەورەیەدا، واتا بەشێک لە پرسەکە ڕووندەکاتەوە نەک هەمووی. من بۆ خۆم سەرم لێدەرنەکرد، هیوادارم توێژەران و پسپۆرانی بواری ئامار ئەو پرسانەمان بەشێوەیەکی زانستی بۆ لێکبدەنەوە. لێکدانەوەی من بۆ ئەم پرسە و زۆر پرسی دیکەش ئەوەیە کە ئەمانە هەموو بەشێکن لەو ناتەواوییانەی لەم سەرژمێرییەدا بەدیدەکرێن.

هەوڵێک بۆ خەمڵاندنی ژمارە و ڕێژەی پێهاتەکانی کەرکوک لە ساڵی ١٩٤٧دا
وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا لە سەرژمێری ١٩٤٧دا دانیشتوان تەنها بەپێی ئاین پۆلێن کراون و باس لە پێکهاتەی ئەتنیکییان نەکراوە، بۆیە لە توانای هیچ کەسێکدا نیە ژمارە و ڕێژەیان بەوردی دیاری بکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەم بە پێی داتاکانی سەرژمێرییەکە و زانیاری جۆراوجۆر ژمارە و ڕێژەی کورد و عەرەب و تورکمان لە کەرکوکی ئەو ڕۆژانەدا بەمەزەنە بخەمەڕوو. یەکسەر دەبێ ئەوە بڵێم کە ئەم ئامارانە لە کۆتاییدا خەمڵاندن و قەبڵاندنن.
لەم ڕۆژانەدا بەکتێبێکی پڕ لە زانیاری بەسوددا دەچوومەوە، کە کاک هۆشیار بەکر عەزیز لە سەر گەڕەکی شۆرجەی کەرکوک ئامادەی کردووە، لەوێدا ڕستەیەک سەرنجی ڕاکێشام کاتێ ئاماژە بەوتەی نووسەرێکی تورکمان دەکات گوایە ئەو گەڕەکە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧دا ناوی نەهاتووە. ئەم وتانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی فراوان کە دەمێکە کەسانی توندڕەوی تورکمان و عەرەب لە دژی کورد بەرپایان کردووە. هەوڵدەدرێت هەموو ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەکان سەروژێر بکرێن و بشوێنرێن. لەباتی ئەوەی باسی بەعەرەبکردنی کەرکوک بکرێت، دێن باسی ئەوە دەکەن گوایە کورد لە پەنجاکانەوە هاتوونەتە ناو شار. ئەمانە ئاگاداری ڕاستییە مێژووییەکان نین و بەبێ بەڵگە لێکدانەوە دەکەن، بۆ نموونە بەپێی بەڵگەنامەی عوسمانی گەڕەکی ئیمام قاسم لە نیوەی یەکەمی سەدەی شازدەهەمدا لە دەرەوەی قەڵای کەرکوک تەنها گەڕەک بووە و هەموو گەڕەەکانی تری کەرکوک لە دەرەوەی قەڵا دوای ئەو بەچەند سەدەیەک پەیدابوونە. گەڕەکی شۆرجەش لە سییەکاندا نەک پەنجاکاندا ئاوەدان کراوەتەوە و لە کاتی سەرژمێرییەکەدا ژمارەی دانیشتوانی ٢٣٦٥ کەس بووە. ئیمام قاسمیش ژمارەی دانیشتوانی هەر بە پێی سەرژمێرییەکە ٤٦٥٤ کەس بووە، ئاخوڕحوسێنیش ٢٠٢٧ کەس بووە. سەرباری هەموو ئەمانە و هەر بە پێی ئامارەکانی سەرژمێریی ١٩٤٧ ئەو کاتە ٥٦٤٦ کەس کە لەدایکبووی لیواکانی سلێمانی و هەولێر بوون لە کەرکوک دەژیان. تەنها ئەمانە دەکەنە نزیکەی دە هەزار کەس، ئەگەر ڕێژەیەک لەو پێنج هەزار کەسەش کە لە دیالە و مووسڵەوە هاتبوون بخەینە سەر ئەوانە، ئەوا ژمارەکە خۆی لە بیست هەزار کورد دەدات لە نێو شاردا. کەواتە ئەوە قسانەی گوایە کورد لە پەنجاکان هاتوونە کەرکوک هیچ واتا و بایەخێکی زانستی نیە. ئەگەر ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین، کە ژمارەی لەدایکبوانی لیوای کەرکوک لە نێو شار بە پێی سەرژمێرییەکە تەنها ٤٩٤٤١ کەس بوونە، ئەوا ژمارەی کورد ڕێژەیەکی سەنگین و بەرچاو بووە. هەر بە پێی سەرژمێرییەکە نزیکەی دە هەزار کەسیش لە دانیشتوانی ناو شار کرستیان و جو بوون، ئەمانەش هیچیان تورکمان نەبوون. بۆیە بەپێی هەموو ئەم ئامارانە ڕێژەی تورکمان ئەو کاتەش لە نیوەی دانیشتوانی ناو شار کەمتر بووە، بەڵام نزیکەی نیوەی خەڵکی شار بەتورکمانی قسەیان کردووە بێ ئەوەی بەڕەچەڵەک تورکمان بن. ئەمە لە سەرژمێری دە ساڵ دواتردا کە زمنای دایکی کردووە بەبنەما بۆ پۆلێنکردنی پێکهاتەی دانیشتوان. ئەوەش درۆیەکی زلە، گوایە کەرکوک شارێکی تورکمانییە یا سیمایەکی تورکمانی هەبووە. ئەو قسەیە زۆر دووبارە دەکرێتەوە کە دەڵێت، بەهاتنی بەلێشاوی کورد و دواتریش عەرەب سیمای شارەکەی گۆڕیوە، ئەمەیان هەندێک ڕاستی تێدایە بەڵام نەک لە قازانجی کورد. جارێ زۆربەی هەرە زۆری کورد لە ئاواییەکانی کەرکوکەوە هاتوونەتە ناو شار، نەک لە لێواکانی دیکەوە. ئەمەش دیاردەیەکی سروشتی سەدەی بیستەمە لە سەر گۆی زەوی. هیچ یەکێک لە شارەکانی دونیا بە شارەکانی عیراق و کوردستانیشەوە بەر لە نیو سەدە چواریەکی دانیشتوانی ئێستای نەبووە. کەرکوکیش وەک شارێکی پیشەسازی نەوت و دەرفەتی گەورەی کار و بژێوی پەیداکردن خەڵکی بەلێشاو بەرەو خۆی ڕاکێشاوە. تەنها لە ماوەی دە ساڵدا پاش دەرکردن و هەناردەکردنی نەوت زیاتر لە ١٥ هەزار عەرەب، کە لیوا عەرەبییەکانی عیراق لەدایکبوونە هاتوونەتە شاری کەرکوک. توندڕەوانی تورکمان نایانەوێ ئەم ڕاستییانە ببینن و تەنها باس لە هاتنی کورد دەکەن. لە ساڵی سەرژمێرییەکەدا هەموو دانیشتوانی شاری کەرکوک ئەوەندەی دانیشتوانی ئەمڕۆی شۆرجە نابن کە بە پێی هەندێ ئاماری نافەرمی نزیکەی ٩٠ هەزار کەس دەبن .
بە پێی پێورە دیمۆگرافییەکان ژمارەی ئەوانەی کە لەو کاتەدا بە تورکمانی قسەیان کردووە، کە مەرج نیە بە ڕەچەڵەک تورکمان بووبێتن، لە نێوان پازدە بۆ بیست هەزار کەس بوونە. هەڵبەتە ئەم ژمارەیە بۆ ئەو کاتە دەیکردە ڕێژەیەکی یەکجار گرنگ لە دانیشتوانی شار. ئەگەر باڵادەستی زمانی تورکمانی بەهۆی دەسەڵاتی پێشووی عوسمانییەوە لە بازاڕ و دەزگاکانی دەوڵەتدا بخرێتە سەر ئەو ژمارەیە، ئەوا ڕێژەکە ئەوەندەی تر بەرچاو دەبێت، هەر ئەمەشە وای لە چاودێران و گەڕیدە بیانییەکان کردووە باس لە سیمای تورکمانی دانیشتوانی شاری کەرکوک بکەن. دانیشتوانی شار و لادێکان لە لیوای کەرکوک ئەو کاتە هاوتا بوون. کۆی دانیشتوانی شاری کەرکوک و مەڵبەندی ناحیە و قەزاکانی ٧١٠٠٣ کەس بوون، لە کاتێکدا سەرجەم دانیشتوانی دێکانی لیوای کەرکوک ٧٢٩٥٠ کەس بوون.
ڕاستییەکی دیکە کە توندڕەوەکان نایانەوێت بیبینن ئەوەیە، کە لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەرچی گەشەی دیمۆگرافی ڕوویداوە لە کەرکوک بەپلەی یەکەم بەقازانجی عەرەب بووە و دوای عەرەب ئەمجا کورد، واتا لە هەردوو حاڵەتەکەدا بەزیانی ڕێژەی تورکمان بووە. کۆچی کوردان لە ئاواییەکانی کەرکوكەوە بۆ ناو شار جووڵەیەکی سروشتی دانیشتوان بووە لە سەدەی ڕابردوودا. کەرکوک کە لە هەموو عیراق و تەنانەت دەرەوەی عیراقیشەوە خەڵکی ڕاکێشاوە، زۆر ئاساییە دانیشتوانی گوندەکانی خۆی، کە ٩٠٪یان کورد بوونە ڕابکێشێ.
عەرەب ئەو کاتە تەنها یەک ناحیەیان هەبوو لە لیوای کەرکوک کە سەر بەقەزای ناوەند بوو، کە تەواو عەرەبنشین بوو، ئەویش ناحیەیەی مەلحە بوو، کە شارەدێی فاروق ناوەندەکەی بوو. شارەدێی فاروق تەنها ٩٠٢ کەسی تێدا دەژیا. ژمارەی ئاواییەکانی ناحیەکە ٧٦ ئاوایی، کە ژمارەی دانیشتوانیان بەسەریەکەوە ١٢٣٥٣ کەس بوون. کۆی دانیشتوانی ناحیەکە بەهەموو گوندەکانێوە ١٥٣٢٦ کەس بوون و لە ٢٥٢٨ خێزان پێکهاتبوون.
ئەم ناحیە و دانیشتوانی بەرهەمی نیشتەجێکردنی هۆزەکانی عوبێد، جبور و ئەوانی دیکە بوون لە سێیەکانی سەدەی ڕابردوودا. لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا بوون بەو ژمارە بەرچاوە. دواتر حەوێجەی لێ پەیدا بوو و کرا بە قەزا و ژمارەی دانیشتوانی بەشێوەیەکی زۆر نائاسایی گەشەیدەکرد، ئێستا باس لە چوارسەد هەزار عەرەب دەکرێت لەو قەزایە. لە تەک ئەم ناحیەدا لە قەزاکانی داقوق و کفریش چەند گوندێکی تێکەڵاو هەبوون کە دانیشتوانیان عەرەب و کورد بوون. هەموو عەرەبەکانی ئەو گوندانە کاتی خۆی پەنایان هێنابووە بەر ئاغا و شێخەکانی ئەم گوندانە، یا لەبنەڕيتدا ماڵە سەید و شێخ بوون هاتبوونە ئەو ناوانە و دواتر خەڵک لێیان کۆبوونەوە و ئاواییان دروست کرد. هەموو ئەمانە لە دەرەوەی شاری کەرکوک دەژیان و ژمارەیان نەدەگەیشتە بیست هەزار کەس.
هەرچی شاری کەرکوکە تەنها یەک دوو گەڕەکی بچووک هەبوون، کە دەکرێت وەک گەڕەکی عەرەب ناویان ببرێت، حەدیدییەکان کە وەک ئاواییەکی قەراخی شار بوو، سەرژمێرییەکە لە گەڵ ئاواییەکانی بەشیر و تازەدا ئاماژەی پێی کردووە و ژمارەی دانیشتوانەکەی تەنها ٣٩٥ کەس بوو. کەسە بە تەمەنەکانی کەرکوک دەزانن کە گەڕەکی حەدیدییەکان بریتی بوو لە کۆمەڵێک مال کە بەتەنەکە و دار و دەوەن دروست کرابوون، کاتێ مەلیک فەیسەڵ سەردانی کەرکوک دەکات و گەڕەکەکە بەو حاڵە شپرزەیە دەیینێت، فەرماندەدا هەندێ خانووی قوڕیان بۆ دروست بکرێت. لەوە بترازێت لە یەک دوو کەڕەگی کەکوک کۆڵان هەبوون بە ناوی کۆڵانی عەرەبەکان وەک شۆرجە، قسابخانە و عەرەسەکان. زۆربەی هەرە زۆری عەرەبەکانی دیکە ئەوانە بوون کە وەک فەرمانبەر و سەرباز هاتبوونە ئەم شارە، یا وەک کرێکار لە دوای دەرکردنی نەوت و هەناردەکردنێوە ڕوویان کردە کەرکوک لە لیوا عەرەبییەکانی عیراقەوە وەک بەغدا، مووسڵ، بەسرە، دیالە، دلێم (ڕومادی)، کوت، عەمارە، حلە، کەربەلا، دیوانیة و مونتەفیک (ناسریة) کە ژمارەیان بەسەر یەکەوە بە پێی سەرژمێرییەکە ١٠٩٥٩ کەس بوون. هەڵبەتە لە ناو ئەمانەدا بەتایبەتی ئەوانەی لە مووسڵ، دیالە و کوتەوە هاتبوون کوردیش هەبوون، بەڵام پێدەچێت بەڕێژەیەکی کەمتر بووبن. هەر لەو سەرژمێرییەدا باس لە ٣٨٦١ کەس کراوە کە بەشێوەیەکی کاتی لە کەرکوک بوونە، نەک هەمیشەیی. ئەوانەش بەشێکی کەمیان هەر لەو لیوایانەوە هاتبوون، لە تەک هەموو ئەمانەدا ١٣٢٧ کەسیش لە کەرکوک بوون کە هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانی بوون و بەشێکی ئەمانەش خەڵکی وڵاتە عەرەبییەکان بوون. بەعەرەبەکانی ناو شارەوە ژمارەی عەرەب دەیکردە نزیکەی سی هەزار کەس کە هەندێک زیاتر لە ١٠٪ دانیشتوانی لیوای کەرکوک. لە ناو شاریش یەک لەسەر شەش بۆ حەوتی دانیشتوان بوون.
تورکمان لە ناو شاردا ڕێژەیان ڕەنگبێت لە نێوان ٤٠ -٤٥٪ی دانیشتوان بووبێت. لە دەرەوەی شاریش لە داقوق، خورماتو، کفری و قەرەتەبە دە هەزار کەسێک دەبوون. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین ئەو کاتە ١٥ – ٢٠ ٪ دانیشتوانی لیوای کەرکوک تورکمان بوونە. ڕێژەی ٥٪ دانیشتوانیش کرستیان، جو و ئەوانی دیکە بوون. بەم پێیە ڕێژەی لە ٦٠٪ دانیشتوان زیاتر بووە. لە لادێ ڕێژەکە لە هەندێ لە قەزاکان و ناحیەکان گەیشتووەتە ١٠٠٪ و لە هەندێکی دیکە ٩٠٪ و لە هەندێکیش لە ٨٠٪ کەمتر نەبووە. بەڵگەیەکی گرنگ لەم بارەیەوە ئەوەیە لەو ١٠٠٧ ئاواییەی کەرکوک تەنها ٧٦ ئاوایی مەلحە و دە پازدە گوندی دیکەی لێدەرکەیت لە دوبز، قەرەتەپە و داقوق و خورماتو کە عەرەب بوونە، بە هەموویانەوە لە سەد گوند زیاتر نەبوونە، نزیکەی بیست بۆ سی گوندیش تورکمان بوونە لە قەزای ناوەند و ناحیەکانی خورماتو و قەرەتەپە ، ئەوانی دیکە هەموویان ئاوایی کورد بوونە، کە دەکاتە زیاتر لە ٨٥٠ ئاوایی.
ئەم ڕێژانە لە ساڵانی دواتر گۆڕانکاری دراماتیکیان بەسەردا هات. ژمارەی عەرەب ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندا بوو، هەرچی ژمارەی کورد و تورکمان بوو لە کەمیدەدا. بە پێی سەرژمێری ١٩٥٧، کە زمانی دایکی کردبوو بە بنەما بۆ پۆلێنکردنی دانیشتوان، کورد ٤٨٪ و تورکمان ٢١٪ی دانیشتوانی لیوای کەرکوکیان پێکهێنابوو، بەڵام عەرەب ببووە ٢٨٪ی دانیشتوانی لیواکە. لە سەرژمێرییەکانی دواتردا ڕەوشەکە خراپتر بوو، بۆ نموونە لە سەرژمێری ١٩٧٧دا ڕێژەی تورکمان دابەزی بۆ ١٦٪ و کوردیش بۆ ٣٨٪، لە کاتێکدا ڕێژەی عەرەب بەرزبووەوە بۆ ٤٤٪ دانیشتوان. لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس بارەکە زۆر لەوەش خراپتر بوو. ئەم گۆڕانکارییە دراماتیکیانە لە ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکاندا ئەنجامی کۆمەڵێک هەنگاو و سیاسەت بوو: لە لایەکەوە هێنانی بەلێشاوی عەرەب بۆ کەرکوک لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبکردندا و لەهەمان کاتدا دەرکردنی کورد و دابڕێنی قەزاکانی چەمچەماڵ، خورماتو و کفری لە پارێزگای کەرکوک لە ساڵی ١٩٧٦ و لکاندیان بە سلێمانی و تکریت و دیالەوە. هەرچی دابەزینی ڕێژەی تورکمانەکانە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان بەرزبوونەوەی ناسروشتی ژمارە و ڕێژەی عەرەب و دووەمیش ناونووسکردنی بەشێك لە تورکمانەکان بەعەرەب. ئەم خشتەی خوارەوە بەشێک لەو گۆڕانکارییە دراماتیکییە دەخاتە ڕوو کە بەسەر دیمۆگرافیای کەرکوکدا هێنرا.

سەرچاوەی سەرەکی هەموو داتا و ئامار و زانیارییەکان کە لەم وتارەدا ئاماژەیان پێکراوە سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧، بڕوانە :

المملکة العراقیة، وزارة الشؤون الإجتماعیة، مدیریة النفوس العامة، إحصاء السکان لعام ١٩٤٧، الجزء الثاني، لواء الموصل- لواء کرکوك- لواء السلیمانیة- لواء أربیل، بغداد ١٩٥٤، الصفحات ١٠١- ١٥١.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

داعش زیاتر لە 100 خێزان دەڕفێنێت

رێكخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی»، زیاتر لە 100 خێزان لە ئۆردوگایەكی ئاوارەكان ...