په‌خشانه‌ شیعر – knwe.org
سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » په‌خشانه‌ شیعر

په‌خشانه‌ شیعر

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

سه‌كۆی‌ بانگه‌واز
شوێنپێ له‌ هه‌موو ڕێگایه‌ك جێنامێنێ‌ و زه‌ویش له‌ناو ئاگردا ده‌یناڵاند. مووچڕكێكی‌ گران له‌ جه‌سته‌ی‌ ده‌گه‌ڕا و ده‌رنه‌ده‌چوو. ئاده‌م پاسه‌وانێكی‌ به‌زیوی‌ زه‌وییه‌ و ڕه‌نگی‌ به‌ ڕووه‌وه‌ نه‌ماوه‌ گوتی‌ ئه‌م مووچڕكه‌ گرانه‌ له‌ جه‌سته‌ی‌ زه‌وی‌ ده‌ركه‌ شه‌قامێكی‌ ئاوێنه‌یی یه‌ك یه‌كێكی‌ تری‌ تێدا بانگ ده‌كات له‌ هێڵی‌ ناوچه‌وانی‌ پاڵه‌وانێك دروست ده‌بێت. ڕوخساری‌ ڕوون له‌ شه‌قامی‌ ئاوێنه‌یی باوێشك نادا به‌و شه‌قامه‌دا بڕۆ هێزێك هه‌ڵده‌قوڵێت. بێتاوانێك كه‌ له‌ قووڵایییه‌وه‌ هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌كێشێت دیواری‌ بۆ ده‌شكێنێت و ڕزگاری‌ ده‌كات. به‌ ترس له‌ درزی‌ بچووكی‌ ئاوێنه‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌. درزی‌ بچووك ئاژاوه‌ به‌رپا ده‌كات و تارمایی لێ‌ دێته‌ده‌ره‌وه‌ هه‌نگاو له‌سه‌ر درزدا زه‌وی‌ ناگرێ‌ و خوان سارد ده‌بێته‌وه‌ و دوژمن ده‌گا. مووچڕكی‌ گران تاهه‌تایه‌ له‌ جه‌سته‌ی‌ زه‌وی‌ ده‌رناچێ‌ و هێزێك هه‌ڵناقوڵێ‌ له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌دا ئاگرمان بۆ ناكرێته‌وه‌ و باڵی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌شمان پێنابه‌سترێ‌. سوپاس سه‌كۆی‌ بانگه‌واز.

گوڵی‌ نزا
شوێنپێیه‌كی‌ كپ و ڕووناك كه‌ باوك و باپیران جێیان هێشتووه‌ له‌ناویدا پێیه‌كانم پشوو پێ‌ ده‌ده‌م. ئه‌و ڕێگایه‌ی له‌ به‌رده‌ممدایه‌ ڕوخساری‌ ڕوون دیار نییه‌ پێیه‌كانمی‌ له‌ناو پشوو پێ‌ ناده‌م. ئه‌وه‌ی‌ خه‌یاڵ ده‌یڵێت چاوترووكان له‌ ده‌ریا گه‌وره‌تره‌ و پێڵووش له‌ كه‌نار لێك دوورترن نان و ده‌ریا دوو كه‌سن له‌ناو یه‌كتر ناتوێنه‌وه‌ و له‌ نیگایان چاودێری‌ نه‌توانه‌وه‌یان ده‌كه‌ن ئۆرفیۆس بێ‌ په‌روا به‌ناو ده‌نگه‌ به‌رز و نزمه‌كانی‌ سروشتدا ڕۆیشت و چاوی‌ له‌سه‌ر ناوكی‌ خۆی‌ ڕاگرت و به‌ردی‌ ژێرپێی‌ قایم بوو. ده‌ریا له‌به‌ر خاتری‌ ئۆرفیۆس گه‌ڕایه‌وه‌ لای‌. به‌ تاسه‌ و ئاره‌زوویه‌ك كه‌ باڵنده‌ی كۆچه‌ری ڕاو ده‌كه‌ن گوتی‌ هیچ له‌باره‌ی‌ ئاوڕدانه‌وه‌ مه‌ڵێ‌. گڕی‌ بژاركراوی‌ ڕوخساری‌ میهره‌بانان كه‌ به‌ هێزی‌ دۆنایدۆنی‌ ڕۆحه‌كان خانه‌دانن له‌ پێشه‌وه‌ن جوانییان دانه‌خستووه‌ قووڵ لایان پشوو بده‌. باران به‌شێكه‌ له‌ سه‌ركێشییه‌كان به‌سه‌ر پێیه‌كانتان ده‌بارێ و خۆشده‌بێ بۆ ڕۆیشتن و سه‌ردانی‌ گوڵی‌ نزا.

پیتی‌ ناوه‌كان
هه‌ندێك كتێب له‌ ناخی‌ خۆیان بێده‌نگن له‌ كتێبخانه‌كه‌م بژاریان ده‌كه‌م و له‌سه‌ر مێزی‌ خوێندنه‌وه‌یان داده‌نێم. به‌ بێده‌نگی‌ هه‌ڵمان گرت و له‌ژێر سێبه‌ری‌ ئه‌و دره‌خته‌مان دانا كه‌ خۆی‌ له‌ حه‌وشه‌كدا چاندبووی‌ و ئاوی‌ به‌ده‌مه‌وه‌ كردبوو. ده‌می‌ كرابووه‌وه‌ وه‌ك بڵێی‌ ویستبووی‌ ناوی‌ كوڕ و كچه‌كانی‌ بهێنێ‌ و دوا هاوار بباته‌وه‌ ناو ده‌می‌ دره‌خته‌كه‌وه‌. كاتێك پرسیارم له‌ گه‌شه‌ی‌ ڕه‌گ و چڵه‌كانی‌ كرد گوتی‌ ده‌مێكه‌ دڵگه‌رمه‌ هه‌موو پیتی‌ ناوی‌ كوڕ و كچه‌كانی‌ بناسێت و له‌ دیواری‌ پشت سه‌ری‌ خۆی‌ بدات. عه‌باس شووشه‌ خاوه‌ر سه‌باح كه‌تیبه‌ سه‌ربه‌ست نزیكترین خاڵ له‌ خۆر خستییه‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌ك ببێته‌ باڵنده‌ و قه‌ره‌بووی‌ دوو هێلكه‌ شكاوه‌كه‌ی‌ بكاته‌وه‌. هه‌موو شتێك له‌ خونچه‌ ئیسماعیل عومه‌ر مایه‌وه‌. به‌ناو مووچڕكی‌ حه‌كایه‌ته‌كان گه‌ڕا و هه‌موو پیته‌كانی‌ ویستی‌ بناسێ‌ ناسی و ژیان ده‌ستیپێكرده‌وه‌ له‌ نزیكترین خاڵ له‌ خۆر دانیشت و وه‌ك خۆر خۆی‌ پیشاندا و ئێمه‌شی به‌ تیشك ڕه‌نگاوڕه‌نگ كرد به‌سه‌ر شانمان مایه‌وه‌. مریشك و جووچكه‌كانی‌ به‌حه‌وشه‌ وه‌ربوونه‌وه‌. كاتێكیش تاریكی‌ داده‌هات له‌ ترسی‌ ڕێوی‌ و چه‌قه‌ڵ ده‌یخستنه‌ سه‌ر لك و چڵه‌ به‌رزه‌كانی‌ دره‌ختی‌ حه‌وشه‌ و شادمانی‌ ده‌ستی‌ پێكرد. سه‌یری‌ هه‌ر دوازده‌ ئه‌ستێره‌ی‌ كه‌لووی‌ كرد و شوێنی‌ جه‌نگه‌كانی‌ بینی‌. خۆر له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ئاوا بوو. ویستم دڵم به‌ مردنی‌ دایكم بترسێنم. سابیر حه‌سه‌ن سلێمان هاواری‌ كرد له‌مێژه‌ له‌ دوور و نزیكه‌وه‌ ئێشكگری‌ پێشوازیم و ده‌ست بۆ ڕێبواران به‌رزده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌ چل حۆریم گوت تكایه‌ لێم دووركه‌ونه‌وه‌ خه‌ریكم تاڵه‌ ئاوریشمێك له‌ قۆزاخه‌دا ده‌دزم. له‌م دیداره‌ تایبه‌تییه‌دا ئاگری‌ ته‌نیاییم كوژایه‌وه‌. له‌به‌ر ده‌رگاوه‌ پێشوازی‌ حۆری‌ خۆم كرد و بۆ دواجار چه‌ند پارچه‌ نانێكی‌ بۆ مراوییه‌ هۆگره‌كانی‌ خسته‌ ئاوه‌وه‌ و ده‌ستی‌ ماڵئاواییم بۆ به‌رزكردنه‌وه‌. ڕێبواره‌كه‌ گه‌یشته‌ جێ‌ و گه‌ش گه‌ش چووه‌وه‌ ناو سه‌رچاوه‌ی پیتی‌ ناوه‌كان.
ده‌نگی‌ به‌جێماوم
كرمی‌ مڕ و مه‌ستبووی‌ ناو میوه‌ چۆنی‌ و چۆن په‌ڕۆی سوورت هه‌ڵده‌ده‌یته‌ سه‌ر شاخی‌ گای‌ له‌شه‌ڕ. مێرووله‌ی‌ شه‌قام له‌ ده‌ره‌وه‌ چاوه‌ڕوانن هه‌ناوی‌ میوه‌كه‌ ته‌واو بخۆیت و له‌برساندا بۆ خواردنی‌ هه‌ناوی‌ میوه‌یه‌كی‌ تر ڕاكه‌یته‌ ده‌ره‌وه‌. ئۆه له‌ ژیان و نهێنی‌ دانیشتووانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ شاره‌زانیت. هه‌وری‌ نیشتووی‌ سه‌ریان مایه‌ی‌ واقوڕمانێكی‌ هه‌میشه‌یییه‌. دره‌خت چه‌تری‌ به‌فریان به‌سه‌ر خۆیاندا هه‌ڵداوه‌ و كۆتری‌ لانه‌وازیش به‌ هه‌موو لایه‌كدا ده‌سووڕێنه‌وه‌ و هێلانه‌یان سارده‌. چاو زیت و خه‌ڵوه‌تدار له‌ مه‌یخانه‌ی‌ ئاسمان ده‌مێننه‌وه‌ و گه‌مارۆی‌ سه‌رمایان پێ‌ ناشكێ‌. ژێی‌ عوود خاوبووه‌ته‌وه‌ و دڵی‌ عوودژه‌ن چاوی‌ مردووه‌كانمانن و ئه‌ستێره‌ی‌ به‌ زه‌وی‌ سپێردراون و ده‌ڵێن دوژمندارین و تاوانبار نین. توورگێك بۆنی‌ شوێنپێیه‌كانمان ده‌كات و كلكی‌ به‌ ده‌فی له‌ پێستی‌ سه‌گی‌ دوو ڕه‌گ دروستكراو باده‌دا. به‌ر له‌ تۆ شتێ‌ نه‌بووه‌ به‌ده‌ر له‌ تۆش شتێ‌ نابێ‌ ئه‌ی‌ شیعر ئه‌ی‌ ئه‌ستێره‌ی‌ به‌ زه‌وی‌ سپێردراو تاس بردوومییه‌وه‌ و سڕ نه‌بووم پرچی‌ سوورمه‌ییت تۆڕی‌ دابه‌شكردنی‌ ئاوی‌ شاری‌ بۆشایییه‌ سپییه‌كانه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ با ده‌ستی‌ به‌سه‌ر شتێكی‌ له‌ خۆم گه‌وره‌تر داگرتبێت و نه‌توانێت بیبا ده‌نگی‌ به‌جێماوم.

كانه‌ خه‌ڵووز
لێڵی له‌ ناخی‌ داڵ ده‌رده‌چێت. شیعرێك له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌. زه‌وی‌ ته‌نیا و به‌س بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ خوێنی‌ ناوكبڕینی‌ ده‌ڕژێته‌ سه‌ری‌ و داڵ له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ ده‌رده‌كات ئه‌گه‌ر ژیان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناساز ده‌ستی‌ ڕاست و چه‌پ كردی‌. هیوایه‌ك بخوازه‌ و فوو له‌ مۆم بكه‌ و بۆ شوێنێكی‌ دوور كۆچ بكه‌. كۆچ فریوت نادا و به‌رزت ده‌كاته‌وه‌ و بۆ شوێنێكی‌ وه‌ك ئه‌و شوێنه‌ی‌ چۆله‌كه‌ تێیدا ده‌فڕێ‌. توانا و حه‌زم هه‌یه‌ ژیان درێژ بكه‌مه‌وه‌ و ڕۆژێ‌ شازده‌ كاتژمێر كاربكه‌م و پشیله‌ له‌سه‌ر شانم فڕێ بده‌م. دوا چاوه‌ڕێ‌ و چاوه‌ڕێكراو ببینم و كتێب و تابلۆ و ئاوێنه‌ و ڕووگه‌نما و په‌یژه‌ی‌ نۆته‌ و پیانۆ ببه‌نه‌ ناو كانه‌ خه‌ڵووز و به‌شداری‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ شیعرێك له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ بكات. با هه‌ستی‌ بۆنی‌ په‌پووله‌ی‌ ناو كێڵگه‌ی‌ گه‌نم خۆش واڵا بن له‌و كاته‌وه‌ی‌ به‌ توانا و حه‌زه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ی‌ چۆله‌كه‌ی‌ تێدا ده‌فڕێ‌ و دێمه‌خواره‌وه‌ و ده‌چمه‌ ناو كانه‌ خه‌ڵووزه‌وه‌ پرسیار له‌ مێژوو ده‌كه‌م تۆ ملكه‌چی یان نه‌رمونیان. له‌ پرسیاره‌كه‌ هه‌ڵات و نه‌متوانی‌ بێژینگ بێژی‌ بكه‌م و بیگرمه‌وه‌. به‌ڵام بزر نه‌بوو سه‌ره‌تاتكێی‌ كرده‌وه‌ كه‌واته‌ ده‌بێ خۆم ڕابهێنمه‌وه‌ چۆن بچمه‌وه‌ ناو كانه‌ خه‌ڵووز.

خانه‌ی‌ پیران
بۆ عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج
پووشی هێلانه‌ بۆنی‌ خۆشه‌ و په‌پووله‌یه‌ك به‌دوای‌ ئاگردا كه‌وتووه‌ و ده‌یه‌وێ‌ خۆی‌ پێدا بكێشێ‌ ئاگریش تاریكی‌ ده‌بڕێ‌ و ڕاده‌كات نایه‌وێ‌ ته‌نیابێت ته‌نیایی دڵ ون ده‌كات و چاو بێخه‌و په‌پووله‌ به‌ نیازی‌ خۆكوشتن له‌ ئاگر ده‌ڕوانێ‌ نایه‌وێ‌ بچێته‌ خانه‌ی‌ پیران.

ناكامی‌ له‌دایكبوون
پیاوه‌ سه‌رچڵه‌كان بازیان دا و به‌هووده‌ و بێ‌ هووده‌ ده‌توانن هه‌موو شتێك له‌باره‌ی‌ ژیانه‌وه‌ بڵێن. ژیان له‌ ئێمه‌ زیاتر له‌باره‌ی‌ خۆمانه‌وه‌ ده‌زانێت و ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو كاتی‌ گه‌یینی‌ میوه‌ی‌ گریان. مرۆڤ ده‌توانێ‌ هه‌موو شتێك له‌باره‌ی‌ ژیانه‌وه‌ بڵێت و ناشتوانێت به‌ نهێنی‌ بژی‌ و شه‌و و ڕۆژیش به‌ ده‌وریدا بخولێنه‌وه‌. شه‌و له‌ناو ڕۆژ به‌ بێداری‌ ماوه‌ته‌وه‌ به‌ دوای‌ هاوڕێكه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێ و ڕۆژیش له‌ناو شه‌و. مرۆڤ له‌ناو هه‌ردووكیان بازده‌دا و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتی‌ ناكامی‌ له‌دایكبوون.

زمانه‌ مۆمیاكراوه‌كان
یه‌كه‌م جارمه‌ ئاگر ده‌بینم. له‌وانه‌یه‌ بڕوا بكه‌یت و بڕوا نه‌كه‌ی‌ به‌ ئۆتۆمبێلی‌ ئاگركوژێنه‌وه‌ ده‌چووین فریای ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك بكه‌وین كه‌ چه‌ندان مرۆڤ تێیدا گیرببوو گۆرانییه‌ك خوێنێكی‌ به‌جۆش و خرۆشی‌ ئه‌وینداری مرۆڤی‌ تێدا گه‌رمبوو. له‌ ڕێگای‌ به‌هانه‌وه‌چوون سی‌ دی‌ گۆرانییه‌كه‌مان خستبووه‌ سه‌ر موسه‌جه‌له‌كه‌ و گوێمان دابوویه‌ و بیرمان له‌ ڕووداوی‌ ناو گۆرانییه‌كه‌ ده‌كرده‌وه‌ و به‌ گه‌رووی‌ گۆرانیبێژه‌كه‌ بریندار و ئاماده‌ گۆرانییه‌كه‌مان ده‌وته‌وه‌ و نقوومی‌ نائومێدی‌ و گریانێكی‌ تاڵی ناسروشتی‌ ببووین هیچی ترمان نه‌بوو له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێین. بۆ تاهه‌تایه‌ش فریای مرۆڤه‌ گیربووه‌كانی‌ ناو ئاگر ناكه‌وین و ئاسووده‌ نین. ده‌چمه‌ ژووره‌وه‌ و گڵۆپی‌ خه‌و ڕۆشنده‌كه‌م و په‌نجه‌ره‌ به‌لای چه‌پدا داده‌خه‌م ئه‌م خه‌مه‌ سووكه‌ش كه‌ مرۆڤی‌ تێدا ده‌سووتێ تێده‌په‌ڕێت ئاگرێك لێمان ده‌ڕوانێ‌ و ده‌یه‌وێ‌ له‌باره‌مانه‌وه‌ بدوێت ئاگری زمانه‌ مۆمیاكراوه‌كان .

زه‌ماوه‌ندی‌ ناكام
چاوه‌ ساده‌كان یانی‌ ڕووناكی‌ شار بۆچی ئاوا زوو تووڕه‌ ده‌بن. به‌تای‌ كراسێكی‌ ته‌نك له‌ژێر بارستێك خۆڵ نوستووم ناخۆشی كه‌سم نه‌ویست و ناخۆشیانویستووم. ئه‌ی‌ ئاڵ له‌ ئه‌شق وێرد و نزا له‌ گریان به‌كوڵترن. منداڵه‌كانم زوو نه‌بنه‌ هاوسێی‌ ماڵ به‌ ماڵم و شه‌ربه‌تم نه‌كه‌نه‌ شووشه‌یه‌ك ئیسپرتۆ و نه‌یه‌نه‌ زه‌ماوه‌ندی‌ ناكام.

ئاشنای خودا
باخچه‌ مردووه‌ و داهاتووش پێویستی‌ به‌ باخچه‌یه‌ بۆ هه‌میشه‌ خاوه‌نی‌ باخچه‌ ده‌بم ئاسۆ له‌خۆبایی و توند و تووڕه‌یه‌ بێ‌ پرس و ڕا هه‌وڵده‌دا په‌ڵه‌ی‌ ڕه‌ش بباته‌ ناو ڕه‌نگی‌ خۆر خۆریش زیاد له‌ پێویست ساده‌یه‌ و ڕه‌نگ و شێوه‌ی‌ هی‌ منه‌. هی‌ منی‌ ناو تاجه‌گوڵینه‌ و قۆزاخه‌. بێ‌ جه‌نگ ناتوانێ‌ له‌ناو ده‌ستم ڕایپسكێنێ‌ و له‌گه‌ڵ بێده‌نگی‌ خۆر قسه‌م كردووه‌ و دڵخۆش و دڵنیام له‌ناو تاجه‌گوڵینه‌ و قۆزاخه‌ به‌ سواری‌ بای په‌ڵه‌ هاتووم و ڕاناكه‌م. ئازارم چه‌شتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ناوی‌ خودا و خۆر بمێنمه‌وه‌. ئه‌ستێره‌ كه‌ ده‌ڕژێ دێت چاوی‌ من ماچ ده‌كات و ده‌ست به‌سه‌ری زه‌وی‌ داده‌هێنێت هه‌ست ده‌كات من خاوه‌نی‌ زه‌ویم و نه‌خشه‌یم به‌ هێڵی‌ خۆر كێشاوه‌. جه‌سته‌یه‌ك له‌ نێوان تاجه‌گوڵینه‌ و قۆزاخه‌دا خه‌ریكه‌ گیانی‌ دێته‌به‌ر به‌ وشه‌ی‌ گیانهاتنه‌به‌ر پێشوازی‌ لێ‌ ده‌كه‌م. دڵم به‌ میوانێك خۆشه‌ ئاشنای خودا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆمانی‌ کۆچ چیرۆكی‌ غه‌واره‌كان

بابه‌تی‌ تاراوگه‌ و ژیان له‌ غوربه‌ت یه‌كێكه‌ له‌و كێشانه‌ی كاری‌ ...