سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » دژی هەژاریی و بەرزبوونەوەی نرخی شمەک خەبات دەکات

بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێ لە فەرەنسا دروست دەبێت

دژی هەژاریی و بەرزبوونەوەی نرخی شمەک خەبات دەکات

هەمیشە فەرەنسا شوێنی لە دایک بوونی بزووتنەوەی مەدەنیی و سیاسیی نوێیە لە جیهاندا، ئەم پێشڕەویەی فەرەنساش، مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەروەها دەشگەڕێتەوە بۆ بوونی هۆشیارییەکی سیاسی بەهێز لەناو خەڵکیدا، کە ئەمش وایکردووە بە چاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی بکەن. ماوەیەکیشە بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێ بەناوی « هێلەکە زەردەکان» دروستبووە، کە ئامانج لێی دژایەتیکردنی هەژاریی و بەرزبونەوەی نرخی شتومەکەکانە بەتایبەتی بەنزین. رۆژی شەمەش نزیکەی 300 هەزار کەس لە هەموو شارەکانی فەرەنسادا بەشداریان لە خۆپیشاندانێکدا کرد، کە ئەو بزووتنەوەیە داوایکرد بوو، لە ئەنجامیشدا توندتێژی تێکەوت و ژنێکیش گیانی لە دەستداو نزیکەی 227 کەسیش بریندار بوون. چاودێرانی سیاسیش ئەمە بەسەرەتای لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێ لە فەرەنسا دادەنێن.

بزووتنەوەی هێلەکە زەردەکان
بزوتنەوەی هێلەکە زەردەکان، بزواتێکی جەماوەریی و مەدەنییە کە ماوەی چەند مانگێکە دروستبووە، ئامانجی سەرەکیان دژایەتیکردنی هەژاریی و نایەکسانی کۆمەڵایەتیی و بەرزبونەوەی نرخی شتومەکەکانە، لەمبارەیەوە « کیفن دوگاردین» کە کوڕێکی گەنجی 27 ساڵە ئەندامێکی چالاکی ئەم بزووتنەوەیە ، بە کەناڵی فرانس 24 فەرەنسای راگەیاند : بزووتنەوەکەمان نە سیاسییە نە سەندیکاییە. وتیشی: بزوتنەوەکەمان زیاتر گوزارشت لە هاوارێکی گەورەی گەلی فەرەنسا دەکات، کە چیتر ناتوانن بەرگەی ئەو رەوشە خراپەی ژیانیان بگرن.

بۆچی هێلەکە زەردەکان
جێگەی ئاماژەیە هێلەکی زەرد ، لە فەرەنسا وەکو پێویستییەکی شۆڤێرییە کە دەبێت هەموو شۆڤێرێک لە لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا هەیبێت، ئەوەش بۆئەوەی لەکاتی رووداونی کێشە لە شەودا لەبەری بکات، تاوەکو خەڵکی بە باشی بیبنێت.

دژی سەرۆک ماکرۆنە
میدیاکانی فەرەنسا دەڵێن، ئەم بزووتنەوەیە وەکو رەوتێکی ناڕەزاییە لە دژی سیاسەتەکانی سەرۆک ئیمانویل ماکرۆن کە بە ناوی « گۆڕان» ەوە دروستیکردوون، دەیەوێت بەشێکی زۆری سیاسەتەکانی فەرەنسا لە رووی خزمەتگوزاریی گشتییەوە بگۆڕێت، ئەمەش بۆتە مایە‌ی نیگەرانیی و ناڕەزایی بەشێکی زۆری خەڵکی فەرەنسا.

نزیکەی 300 هەزار کەس بەشداربوون
لە پاش بڵاوکردنەوەی بەیانێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵابوویەوە، ئەو بزوتنەوەیە داوی لە خەڵكی فەرەنسا کرد، کە خۆپێشاندان دژی سیاسەتەکانی حکومەت بکەن، لە زۆربەی شارەکانی فەرەنسا خەڵكی رژانە ناو شەقامەکان، نزیکەی 300 هەزار کەس بەشداری ئەو خۆپێشاندانەیان کرد، لە کۆتاییشدا توندوتیژی تێکەوت و ژنێکیش گیانی لەدەستدا و 227 کەسیش بریندار بوون.

نابێت وڵات تێکبدرێت
لە لایەکی ترەوە پۆلیس نزیکەی 52 کەسیی بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی دەستگیرکرد و پاشانیش ئیدوارد ڤلیپ وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند: خۆپیشادان و مانگرتن کارێکی ئاسایییە، بەڵام نابێت تەواوی وڵات بە ناوی خۆپیشاندانەوە تێکبدرێت و ئێمەش رێگە بە ئاژاوەگێڕی ناددەین.
زۆرینەی فەرەنسییەکان پشتگیری دەکەن
رۆژ لە دوای رۆژ ئەم بزووتنەوەیە جەماوەری تر دەبێت و لەناو خەڵکیدا پشتگیری دەکرێت، بە پێی راپرسییەک کە ئەنستیتوی ئیلابی کردوویەتی ، 73% خەڵکی فەرەنسا پشتگیری ئەم بزووتنەوەیە دەکەن. هەروەها دەشڵێت: لە 54 % هەوادارانی پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، پشتگیری ئەم بزووتنەوەیە دەکەن. چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، ئەمە سەرەتای لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی نوێی سیاسیی و جەماوەرییە لە فەرەنسا.

سەرچاوە: -کەناڵی فرانس 24، فرانس پرێس

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عەرەبستانی سعودیە کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئیداری گەورە دەکات

دووبارە هەفتەی پێشوو مەلیک سەلمان لە پڕێکدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری وزاریی ...