سەرەکی » مانشێت » ״هەڵوێست و دیدگای هاوبەش״

״هەڵوێست و دیدگای هاوبەش״

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی: لابردنی بەربەستەكان بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەچوون لە چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان و هەموو ئەو با‌بەتانەی كە ناكۆكییان لەسەر هەیە

دوێنێ لە هەولێر وەفدی باڵای هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە و راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:

راگەیەنراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
رۆژی سێشەممە 11/12/2018، هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر كۆبوونەوە. چەند بابەتێكی گرنگ و هەستیار و هەنووكەیی گفتوگۆی لەسەر كرا:
یەكەم: رێكخستنەوەی باشتری پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ئاستی پێویستی قۆناغەكەدا بێت لەڕووی سیاسی و ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانەوە بە ‌شێوەیەك كە پشتیوانی بەهێز بێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
دووەم: پێكەوەكاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرالی لە هەموو ئاستەكاندا، لابردنی بەربەستەكان بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەچوون لە چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان و هەموو ئەو با‌بەتانەی كە ناكۆكییان لەسەر هەیە، لەگەڵ ئامادەبوونی كورد لە بەغدا بە شێوەیەكی كارا و بەهێز.
سێیەم: دانانی لیژنەیەك بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان بە ‌شێوەیەكی گشتی بۆ هەبوونی هەڵوێستی هاوبەش دەربارەی چۆنیەتیی مامەڵە و دیدگای هاوبەش سەبارەت بە عیراق و ناوخۆی كوردستان و دەوروبەر، هەروەها بەرچاوڕوونی لەسەر رووداو و پێشهاتەكان.
چوارەم: پشتگیریكردن لە لیژنەی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و ئۆرگانەكانی دیكە بۆ دابینكردنی سەقامگیریی و حوكمڕانیی سەرتاسەری لەسەر بنەمای یاسا و ‌هاوبەشیی هەموو ئەو حزبانەی كە بەشداریی لە كابینەی‌ داهاتوودا دەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
11/12/2018

وتەبێژی یەكێتی:شەراكەتی راستەقینە
دوای كۆبوونەوەكەش سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەدا «لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتیدا جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە و یەكێتیش لە كۆبوونەوەكەدا بە پارتی راگەیاند، یەكێتی بە شەراكەتی راستەقینە بەشداریی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكات». وتیشی: لای یەكێتی شەراكەتی راستەقینە بە مانای بەشداریكردنێتی لە سەرجەم جومگە سەرەكییەكانی حكومەتی داهاتووی هەرێم. راشیگەیاند: هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە باشتر رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرا، بڕیاردرا پڕۆژەیەك بۆ یەكهەڵوێستیی هەردوولا لە بەغدا لەپێناوی بەهێزكردنی ئامادەیی كورد بخرێتە كارنامەی هەردوو حزبەوە، باسی لەوەشكرد «یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەچارەسەركردنی كێشەی كەركوك و دانانی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە، هەروەها چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان».

پارتی و گۆڕان كۆدەبنەوە
بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ-ش بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەركەوتن بەسەر داعشدا شانازییەكی گەورەیە بۆ كورد

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەركەوتنەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و ...