سەرەکی » ئاراستە » PUKmedia شانزە ساڵ راستگۆیی و متمانە

PUKmedia شانزە ساڵ راستگۆیی و متمانە

ئەمڕۆ 22/1/2019 سایتی پیوكەی میدیا لە كاروانی رۆژنامەگەریی خۆیدا پێدەنێتە 16 ساڵەی تەمەنییەوە.
پیوكەی میدیا وەكو یەكەم سایتی زمانحاڵی حزب لە هەرێمی كوردستان هەر لەرۆژی یەكەمی دامەزراندییەوە لە 22/1/2003وە بەدروشمی راستگۆیی و متمانە وەك یەكێك لە ئامڕازەكانی میدیای نوێ، كاریگەری سەنگینی لە بواری رۆژنامەگەرییدا هەبووە و هەیە، بابەت و هەواڵەكانی دەبنە سەرچاوەی رەسمی گرنگی میدیای ناوخۆیی و بیانی، بەو پێیەی بە پرەنسیپی راستگۆیی و خێرایی و پرۆفیشناڵی و بەرپرسیارێتی كاردەكات.

سایتی زمانحاڵی حزب
پیوكەی میدیا، سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و بە دوای ئاشكراكردنی راستییەكاندا وێڵە و هێندەی لەخەمی بێلایەنیدا بووە، توانیویەتی بیسەلمێنێت میدیای كوردی ئەگەر زمانحاڵی حزبیش بێت، دەتوانێت بەئەكادیمی و بێلایەنی كاری خۆی بكات .
ماڵپەڕی مەكتەبی راگەیاندن لەماوەی تەمەنیدا توانیویەتی ببێتە درەوازەیەك بۆ ئاشنابوون بەو رووداو بەسەرهات و هەواڵانەی لەهەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا روو دەدەن، سەرچاوەی هەواڵ و راستگۆییە بەبێ میكیاژ و مەبەستی حزبی و سیاسی، سیمای راستەقینەی ناوچەكە دەگوازێتەوە بۆ جیهان و ئەمەش وایكردووە متمانەیەكی زۆر لە كایەی رۆژنامەگەریدا بۆخۆی مسۆگەر بكات.

بڵاوكردنەوە به‌چەند زمانێك
پیوكەی میدیا توانی خوێنەرێكی زۆر پەیدا بكات و لەسەرجەم وڵاتانی ناوچەكەدا وەك دەنگێكی راستگۆ و خاوەن كاریگەری و متمانە خۆی بناسێنێت، كاریگەری ئەم پێگەیە وایكرد ناحەز و نەیاران، هەموو تواناو ویستی خۆیان بخەنەكار تا دەنگی PUKmedia كپ بكەن و لەكاری بخەن و رێگە لە پێشكەوتنی بگرن، بەڵام سایتەكە لە مەیدانی میدیای نوێدا سەنگ و قورسایی و كاریگەریی خۆی پاراستووە و لە گەشەكردن نەوەستاوە و ئێستا بە زمانی (كوردی سۆرانی و كورمانجی،عەرەبی، ئینگلیزی و روسی) خوێنەرانی لە گۆڕانكارییەكان ئاگادار دەكاتەوە و جگە لە هەواڵە سیاسی و ئابوورییەكان و رووداوە گەرمەكانی رۆژ، بایەخی تایبەت بە بواری هەمەڕەنگ و تەكنۆلۆجیا و ئەدەب و هونەر و وەرزش و ژنان دەدات و هەواڵ و زانیاری لە 24 سەعاتی بەردەوامداپێشكەش دەكات.

دەستپێشخەر لە سۆشیال میدیادا
هەروەك لە بواری سۆشیالمیدیاشدا پێگەی پیوكەی میدیا، خاوەنی كاریگەرترین پەیج بوو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، سەرباری دژایەتیكردن و رێگرییەكان، لەو مەیدانەشدا كۆڵی نەدا و لە لینكەكانی سۆشیالمیدیاوە هەواڵ و زانیاریی و گۆڕانكارییەكانی بە زمانی جیاجیا بە خوێنەرانی دەگەیەنێت.
لە یادی شانزە ساڵەی دامەزراندنیدا، پیوكەی میدیا پەیمان بۆ خوێنەرانی دووپات دەكاتەوە وەك هەمیشە بەردەوام بێت لەسەر رێچكەی نەگۆڕ و چەسپاوی كە هەوێنەكەی راستگۆیی و متمانە و هاوسەنگەییە.
پیوكەی میدیا، پەیوەستی پرانسیپی راستگۆیی، بێلایەنی، راستگۆیی یە و بنەمای كاركردنی پەیامنێر و رۆژنامەنوسەكانیەتی و پرۆفیشناڵانە مامەڵە لەگەڵ گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەكان دەكات، كە ئامانجی سەرەكی گەیاندنی رووداوەكانە (وەك ئەوەی روودەدەن) و رێز لە خوێنەر و وەرگرەكانی دەگرێت.
مامەڵەی بابەتیبوون و راستگۆیی پیوكەی میدیا وایكردووە، كە زۆرێك لە كونسوڵخانە و باڵێوزخانەكانی وڵاتان لە هەرێم و عیراق و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیش چاودێریی پیوكەی میدیا بكەن و مامەڵەی میدیایی لەگەڵدا دەكەن، هەروەها زۆربەی دامەزراوە و وەزارەتەكانی حكومەتی عیراق و هەرێمیش پەیوەندیی میدیایی باشیان لەگەڵ پیوكەی میدیا هەیە.
لەبەرنامەی داهاتووی پیوكەی میدیادا هەیە، كە لەمەودوا خزمەتی زیاتر بە وەرگر و خوێنەرانی بكات بەتایبەتی لەرووی خزمەتگوزاریی وێنە و ڤیدیۆ و دەنگەوە.

پێشەنگی و راستگۆیی لەمیدیای عیراقی و كوردیدا
سیروان سوحبەت رۆژنامەنوس وێڕای پیرۆزبایی لە هاوكارانی سوپاسی سەرنوسەری كرد كە وەك خۆی دەڵێت هەرگیز وەك سەرنوسەر مامەڵەی لەگەڵ نەكردوین بەڵكو هەمیشە برا و مامۆستامان بووە، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو رۆژنامەنوسانەشی كرد كە رۆژێك لە رۆژان كاریان لە سایتەكەدا كردوە.
وتیشی: بەحوكمی كاركردنم تێیدا بۆ ماوی 13 ساڵ، PUKmedia نمونەیەكی پێشەنگ و راستگۆییەكی زۆری لە میدیای عیراقی و كوردیدا پێشكەش كردوە و تا رادەیەیكی زۆر سەركەوتوو بووە لە دواندنی جیهانی عەرەبی و گەیاندنی پەیامی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستانەوە بە جیهانن چونكە سایتەكە تایبەتمەندی زۆری لەخۆیدا كۆكردوەتەوە، لەوانەش راستگۆیی و رەسەنایەتی و پیشەیی بون لە گواستنەوەی هەواڵ و روداوەكاندا.
هەروەها وتی: سەرەڕای ئەوەی سایتەكە سایتی رەسمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، بەڵام هەر لە دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا بەشێوەیەكی بێ لایەنانەو پیشەیی مامەڵەی لەگەڵ هەموو هەواڵ و روداوەكاندا كردوەو هەرگیز لایەنداری لایەنێكی نەكردوە، سڵاو دەنێرم بۆ هەموو رۆژنامەنوسان بەوانەشەوە كەبەجێیان هێشتووین، هەموو ساڵێك لە خۆشی و گەشەكردندا بن.

تێكەڵنەكردنی بۆچوون و بێلایەنی لەگەیاندندا
هەر لەوبارەیەوە رۆژنامەنووس دیار عەبدولستار وتی: «16 ساڵە PUKmedia بێ وچان كار دەكات بۆ گەیاندنی پەیامەكەی بە خوێنەرو هیچ كات لەپێناو گەیاندنی راستیەكان سڵی نەكردوەتەوە، تەنانەت هەندێكجار راستگۆیی لە گەیاندنی زانیارییەكان و پابەندبوون بە ئیتكی كاری رۆژنامەوانی بوەتە بەربەست بۆ گەشەكردنی زیاتری سایتەكە، بەڵام بەهەوڵ و ماندبوون و جوهدی لە رادەبەدەر بەربەستەكان تێكشكێنراون و بەردەوامیی بە هەنگاوەكانی دراوە».
وتیشی: «ئەوەی كە PUKmedia لە سایتەكانی دیكە جیادەكاتەوە، جگە لەهەڵگرتنی پەیامە راستەقینەكەی كە راستگۆیی و پاراستنی پرەنسیپە نیشتمانیی و كلتورییەكانە، بەچەندین زمانی وەك ( كوردی سۆرانی، كوردی كرمانجی، ئینگلیزی، عەرەبی، روسی) زانیارییەكانی خۆی بڵاودەكاتەوەو ئەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ خوێنەر دەڕەخسێنێت كە بۆ دەست كەوتنی زانیارییەكان بگەڕێنەوە بۆ PUKmedia».
لەبارەی ئەزموونی كاركردنیشی وتی: «وەك رۆژنامەنوسێك لە PUKmedia وە فێربووم كە بۆچوونی شەخسی تێكەڵی بابەت و رووداوەكان نەكەم و بێ لایەنی گەیاندنی زانیارییەكان بپارێزم، لەگەڵ ئەوەشدا فێركراوین وەك چەپكە گوڵەكەی سەرۆك مام جەلال كار بۆ هەموو رەنگەكان بكەین و بەرژەوەندی گشتی بخەینە پێش بەرژەوەندییە حزبی و شەخسییەكان و تەنانەت لە گەیاندنی زانیارییەكانیش بارودۆخی خوێنەر لەبەرچاو بگرین».
هەروەها رۆژنامەنووس ماجد محەمەد لە بەشی عەرەبی وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی یادی سایتەكەوە وتی: PUKmedia سەكۆیەكی بڵندە كە رۆڵی لە گەیاندنی پێشهات و روداوەكان بە خوێنەران دیارە، هەروەك بایەخ دانی بە كاروباری كوردستان و عیراق جێگای پێزانینە.

رۆڵی سەرۆك مام جەلال نادیدە ناگیرێت
ئاماژەی بەوەشكرد، كە تەمەنی سایتەكە پڕیەتی لە قۆناغ و هەڵوێستی پرشنگدار لە مێژووی ر وۆژنامەگەری و داكۆكیكردن لە راستی و وشەی ئازاد و بێلایەندا وەك پێی ناسراوەو بەردەوامیشە.
وتیشی: «رۆڵی گەورەی سەرۆك مام جەلال لە پشتیوانیكردنی كاروانی رۆژنامەگەری كوردی بەشێوەیەكی گشتی و سایتی PUKmedia بەتایبەتی نادیدە ناگیرێت، كە هەمیشە دابینكەری كەشێكی پیشەیی بووە بۆ كاری رۆژنامەنوسی و رەخساندنی ئازادی رۆژنامەوانی، هەروەك نابێت رۆڵی سەرنوسەریش لەبیربكرێت، كە كۆمەڵێك قەڵەمی لەدەور كۆبونەتەوە بە مەبەستی پتەوكردنی جیاوازی و رەسەنایەتی و متمانە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی رۆژانە دێنە رێمان، بەجۆرێك PUKmedia بوەتە خوێندنگەیەك بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی توانای سەدان كادری رۆژنامەنوسی كە بەداخەوە زێرێك لە ئاژانسە میدیاایەكان بێبەشن لەو سیفەتە، هەروەها لە یادی دامەزراندنی سایتەكەدا سوربونی خۆمان لەسەر بەردەوامبوون لەسەر رێبازەكەی مام جەلال و داكۆكیكردن لە رەسەنایەتی و بابەتی بون و بێلایەنی دوپاتدەكەینەوە».

بوارێكی فراوانی ئازادی بۆ رۆژنامەنوس دەڕەخسێنێت
هەر لەوبارەیەوە رۆژنامەنووس فایەق عادل یەزیدی لەبەشی عەرەبی دەڵێت: PUKmedia تەنها كەناڵێكی میدیایی نیە بەڵكو وەكو تاوەرێكی بەرز و خوێندنگەیەكی رۆژنامەنوسی فیكر وایە، كە لەماوەی 16 ساڵی تەمەنیدا توانیویەتی پارێزگاری لە قورسایی پیشەیی بونی بكات، سەرەڕای هەموو ئەو هەلومەرجانەی هەرێمی كوردستان و عیراق پێیدا تێپەڕیون.
زیاتر وتیشی: كاركردن لەم سایتەدا خاسیەتێكی تایبەتی هەیە چونكە بوارێكی فراوانی ئازادی بۆ رۆژنامەنوس دەڕەخسێنێت، تا كاری خۆی بكات و ئاسۆیی پیشەیی و فیكری خۆی فراوان بكات.
لەبارەی ئەزمونی خۆشیەوە دەڵێت: شەرەفمەندبووم كەماوەی نیوەی تەمەنی سایتەكە تا ئێستا لەگەڵ خێزانی PUKmedia كاردەكەم ، توانیومە تواناو بەهرە رۆژنامەوانیەكانم، پەرەپێبدەم.
وتیشی: ئەم سایتە میراتی شكۆی نەتەوە سەرۆك مام جەلالە و دەبێت پارێزگاری لێبكەین چونكە، خوێندنگەیەكی میدیاییەو ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی لێوە هەڵدەهێنرێت.

گرنگیەكی زۆری بەپێگەی ژنان داوە
هاژە باست-یش كە رۆژنامەنووسە لە سایتەكە دەڵێت: «PUKmedia لەماوەی 16 ساڵی كاركردنیدا وەك سایتی رەسمی حزب شكۆی خۆی پاراستوەو لە سنووری راست و دروستی هەواڵ دەرنەچوەو بووەتە جێی متمانەی خوێنەرانی و سەرچاوەی هەواڵ بوە بۆ تیڤی و سایت و رۆژنامەو راگەیاندنەكان تر».
هەروەها وتیشی: «سەرەڕای حزبیبوون و ئەو رێسایانەی لەلایەن حزبەوە بۆ راگەیاندنەكانی دادەنرێت، PUKmedia هەوڵی داوە باڵانس رابگرێت و لایەنە ئەدەبی و هونەری و زانستی و تەندروستی و كۆمەڵایەتی و وەرزشیەكانیش پەرەپێبدات و هەمیشە هەواڵی نوێی لەسەر سەرجەم بابەتەكان هەبوە، هیچ كاتێك هەوڵی نەداوە بەبێ هەبونی سەرچاوەو بە بێ پلان و بەرنامە كاربكات و هەواڵی ناڕاست و نادروست بڵاو بكاتەوە، هەر ئەمەش هۆكار بوە كە خوێنەرانی بۆ دڵنیابونەوە لە راستی و دروستی هەواڵ سەردانی سایتەكە بكەن.
سەبارەت بە بایەخدان بە ژنانیش، هاژە دەڵێت: «PUKmedia گرنگیەكی زۆری بە رۆڵ و پێگەی ژنان داوە، تەنانەت لە بەڕێوەبردنی كاروباری سایتەكەش رۆڵێكی گرنگیان هەبوە بەشێوەیەك رێزمان لێگیراوە كەهەست بە ئارامی بكەین و سەرەڕای هەبوونی بەربەست لەبەردەم ژنان و ئەركەكانی ماڵەوەو قەیرانی دارایش توانای بەردەوامبونمان لە پشتیوانی سەرنوسەر و جێگرەكانی و هاوكارەكانمانەوە پێدراوە».
ئەم سایتە، خاوەنی سەنگ و كاریگەریی تایبەتە، هەر بابەت و هەواڵێك كە لە پیكەی میدیا بڵاودەكرێتەوە، لەلایەن وەرگرەوە حسابی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی ئەو وەرگرانەی كە پەیامەكانی سیاسیی و دیپلۆماسی و هتدی تێدابێت، بۆیە ئەوەش ئەرك و بەرپرسیارێتی لەسەر شانی رۆژنامەنوسان قورستر دەكات، لە رووی پشتبەستن بە راستگۆی و سەرچاوەی دیار و ئاشكرا بۆ گواستنەوە و بڵاوكردنەوەی هەواڵ و بابەتەكانی.
هەر لەوبارەیەوە گدیانۆ عەلیكۆ هەواڵسازی لە بەشی عەرەبی PUKmedia وتی: بەدرێژایی 16 ساڵ لە دامەزراندنی سایتی PUKmedia ئەزمونێكی پیشەییانەی لە میدیادا پێشكەش بە خوێنەری كورد و عیراقی و عەرەب كردوە، ئەویش لە روی ئەو هەواڵانەی بەوپەڕی پیشەییەوە لە هەموو بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتی و هونەری و وەرزشی و هەروەها راپۆرت لە هەموو بوارەكاندا پێشكەشیان دەكات، زیاتر وتیشی، لەو ماوەیەدا PUKmedia وەك سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی متمانەپێكراوو گرنگ كە سایت و ئاژانسە عەرەبیەكان و تەنانەت جیهانیەكانیش هەموو شتێكی پەیوەندیدار بە واقعی كورد و عیراق لێوەردەگرن، كەئەمەش شتێكە زۆر بە كەمی لەسایتێكی رەسمی حزبێكی كوردیدا رودەدات. هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، كە لەو ماوەیەدا سایتی PUKmedia بەو پەڕی بێ لایەنی و پیشەییەوە مامەڵەی لەگەڵ روداوە كوردی و عەرەبی و تەنانەت جیهانیەكانیشدا كردوەو رەچاوی سیاسیەتی سایتەكەشی كردوە، سایتەكەش بوەتە سەرچاوەیەكی كاریگەر لە گۆڕەپانی میدیایی هەرێمی كوردستان و عیراقدا.
لەوبارەیەشەوە هیران هەڵوان لە بەشی ئینگلیزی سایتەكە وتی: «بەشی ئینگلیزی سایتی PUKmedia هەمیشە گەیەنەری هەواڵ بووە بە ماڵپەرە جیهانییەكان هەم لە ڕووی هەواڵی سیاسی و ناوخۆیی و گەیاندنی دۆخی كوردستان و عیراقیش، هەمیشە ڕاستگۆ بووە لە گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوەكان».
سەبارەت بە ئەزموونی خۆیشی، وتی: «وەك هەواڵسازی بەشی ئینگلیزی PUKmedia كاركردنم لەم سایتە ئەزمونێكی گەورە بوو بۆ من، PUKmedia ماڵێكە بۆ پێگەیاندنی كادر و رۆژنامەنوس، كاركردنی كچان لەم سایتە جیاواز لە هەموو دەزگاكانی راگەیاندن جۆرێك لە ئارامیت پێ دەبەخشێ، كە هەست بە هەبوونی هیچ جیاوازیەك ناكەیت، كە سەرجەم كارمەندەكان وەك تیمێك و وەك خێزانێكی گەورە كاردەكەین بۆ گەشەپێدانی سایتەكە».

خێرایی گەیاندن و راست و دروستی هەواڵ
دیە كاروان-یش لەو رووەوە وتی: «PUKmedia هەمیشە كاری كردوە لەسەر خێرایی گەیاندن و راست و دروستی هەواڵ، هەمیشە ئامانجی ئەوە بووە زۆرترین هەواڵی پڕ سەرچاوەو بە زوترین كات بگەیەنێتە خوێنەرانی لە كوردستان و عیراق و جیهانیش». وتیشی: «PUKmedia ناوەندی پێگەیاندنی كارمەندە بەتایبەت ئەو كارمەندانەی لەسەرەتای قۆناغی كاركردندان و لەم سایتەوە ئەزمونی كاركردن وەردەگرن، جێی شانازیە بۆ من كە لە دەزگایەك كاردەكەم كە بەیەك چاو سەیری كارمەندەكانی دەكات چ كچ چ كوڕ و هەمیشەو لە كاتی پێویستدا هاوكاریان بوە، لەگەڵ هەبوونی قەیرانی دارایی بەشێوەیەك هاوكاری كارمەندەكان دەكرێت كە كاریگەری لەسەر ژیانیان دروست نەكات، ئەمەش وای كردوە كارمەندەكانی وەك ماڵی خۆیان سەیری بكەن و خزمەتی بكەن».
زریان جەمالی هەواڵسازیش وتی: «بە شێوەیەكی گشتی پیوكەی میدیا ماڵی دووەمی رۆژنامەنووسان و هەواڵسازانی خۆیەتی و زۆردڵسۆزانە هەوڵی پێگەیاندنی كارمەندانی دەدات تا ئەوانیش لە سەر ڕێڕەوی راستگۆیی لەگەڵ رووداوەكان مامەڵە بكەن و بەشی ئینگلیزی پیوكەی میدیا هەرچەندە بەشێكی تازەیە، بەڵام توانیویەتی تاڕادەیەكی باش ببێتە پێشەنگ لە گەیاندنی هەواڵە گرنگەكان كە كاریگەرییان لەسەر جیهان هەیە بەگشتی و لە رووی كاریزمای ئیشكردنە وە كارمەندان پێكەوە یەكێتییەكەی مام جەلال – یان كردووەتە ڕێڕەوی ئیشكردن بە دڵسۆزی و راستگۆیی و یەكبوون لێرە هەواڵەكان خیراتر و باشتر ئەگەیەنینە رووی دەرەوەی جیهان».

گرنگی بەخواستی خوێنەرانی دەدات
لەلایەن خۆیەوە هامیار عەلی لە بەشی عەرەبی وێڕای پیرۆزباییكردن لە هەموو هاورییان وخوێنەرای ئەم پێگە ڕەسەنە كە ماڵەپەڕیكی پڕ لە هەواڵی راستەقینە و كاریگەرە و روڵی سیاسی و ئابووری وكۆمەڵایەتی خۆی هەیە، وتی: «ڕەنگە لە بەشی عەربی من تازەترین رۆنامەنوس بم، بەڵام لە ماوەی ساڵیك و چەند مانگێك بۆم دەركەوت كە ماڵپەری PUKmedia چۆن ڕۆڵی هەیە وكاریگەری هەیە لە چاو پێگەكانی تردا، لەم ماڵپەرە گرنگی دەدرێت بە خێرابوونی بڵاوكردنەوەی هەواڵ، بەڵام ئەوە گرنگە لا ئێمە تا چەندە هەواڵەكە راستەقینە، خوێنەر بەلامانەوە گرنگە، رۆژانە هەر هەواڵسازێك 10 بۆ 15 هەواڵ ئامادە دەكات و بەلایەنی كەمەوە 5 لێدوانی تایبەتی تێدایە كە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرپرسە سیاسیەكان وپەرلەمانتاران ولایەنی پەیوندیدار دەكرێت، جگە لەوەش لە PUKmedia ڕووبەریكی فراوان هەیە وكەشێكی پر لە ئازادی وهاوكاری هەیە لە نێوان بەشەكاندا، هەر وەها گیانی یەك تیمی هەیە لە پێناو بەرەوپێشبردنی ماڵپەرەكە، لەم یادەدا كە من یەكەم جارە ئامەدەی دەبەم، پێم خۆشە سوپاسی هەموو هاوڕێیانم بكەم كە ماندووبونیان جێگای ڕێزە، بە هۆی ئەوەی دەروازەیەكەی گەورەیان كردەوە تا ئاشنای كایەی راگەیاندن ببم».
پیوكەی میدیاش وەك زۆرێك لە هاوشێوەكانی لە بواری راگەیاندندا، قەیرانی دارایی بەرۆكی گرتووە و لەمپەر و زەحمەتی بۆ دروستكردووە، بەڵام دڵسۆزیی و خەمخۆریی خێزانی ئەم سایتە وایكردووە كە لەبواری پرەنسیپی كاری میدیایی و پەیامەكەی رەنگنەداتەوە.

زمانحاڵی هەموو بەشەكانی كوردستان
رۆژنامەنووس هۆزان عەفرینی لە بەشی كرمانجی PUKmedia دەڵێت: لە بەشی كرمانجی زۆرینەی هەواڵ و ڕاپۆرتمان لە سەر بەشەكانی دیكەی كوردستانە و بە تایبەت دەربارەی بویەر و كێشە و ئاڵۆزییەكانی كە دەربارەی گەلی كورد دەكرێت و بە شێوەیەكی مەوزوعی شرۆڤەی دەكەین و بۆچۆنی لایەنە سیاسیەكان و كۆمەڵایەتیەكانی ئەو بەشەی كوردستان بە وردبینی دەكەین بە هەواڵ و ڕاپۆرت».
وتیشی: «وەك ئاگادارم لە بەشی كرمانی كە زیاتر لە 9 ساڵە هەواڵسازی بەشی كرمانجیم زۆر بە دەگمەن رەخنە بۆ بەشەكەمان هاتووە و هەمیشە بەشی كرمانجی PUKmedia وەك زمانحاڵی بەشەكانی دیكەی كوردستان روژئاوا و باكوور و ناوچەكانی كرمانجی لە رۆژهەڵات و كوردەكانی ناوەوەو لە هەندەرانیش وەك كوردەكانی روسیا و كازخستان و ئەرمەنستان و جۆرجیا و ئازربێجان و ئەوروپا بووە».
دەشڵێت: «بە بێی جیاوازی و وەكو یەك تەماشای هەموو لایەنەكانی سیاسییەكانی كوردمان كردووە و بەرنامەی یەكریزی گەلی كوردمان پاراستوە و بەشی كرمانجی بووە بە سەرچاوەی هەواڵی راسەقینەی بۆ خزمەتكردن بە دۆزی گەلەكەمان».

خوێندگایەك بووە بۆ زۆرینەی سایتەكانی دیكە
سەبارەت بە لایەنە هونەرییەكانی سایتەكەش، شڤان ئەنوەر لێپرسراوی بەشی هونەری وتی: «سایتی پوكمدیا سەرەتا تەنها بە زمانی عەرەبی دەستی بەكارەكانی كرد، كە لەو كاتەدا بواری تەكنەلۆجیای زانیاری بەشێوازی ئێستا پیشكەوتوو نەبوو، هەروەها هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان بەشێوازێكی مامناوەندو هێواش كاری دەكرد بە ئاسانی بەردەست نەبوو، بۆیە گرفتی لایەنی تەكنیكی هەبوو. دواترو لەساڵی 2004 سایتی پوكمیدیا بەشی كوردی سۆرانی كردەوە، لەو كاتەدا (ئازاد وەرتی) شارەزا لەبواری وێبسایت ئەو ئەركەی گرتە ئەستۆو ئەم سایتەی نوێ كردەوەو لەرووی تەكنیكی و دیزانەوە، دواتر سایتەكە بە چەند زمانێكی دیكە دەستی كرد بەبڵاو كردنەوەی هەواڵەكانی وەك زمانەكانی (عەرەبی، كوردی سۆرانی، كوردی كرمانجی، فارسی، توركی، ئینگلیزی، روسی)، وە لەئێستاشدا بە زمانەكانی (كوردی سۆرانی، كوردی كرمانجی، عەرەبی، ئینگلیزی، روسی) هەواڵەكانی سایتەكە بڵاودەبێتەوە. هەر لەسەرەتای دروستبوونەوە كە پێشەنگی سایتە كوردییەكان بوو، سایتی پوكمیدیا جێ دەستی دیاربووە تاكو ئێستا، ببوە سەرچاوەیەكی هەواڵ بۆ زۆرینەی ناوەندە رۆژنامەوانییە كوردییەكانی دیكە، زۆرینەی جار دەمان بینی كە سایت و رۆژنامەی دیكە هەواڵ و وێنەو كۆلاجی ئێمەیان دەبرد بەبێ ئاماژە پێكرد، ئێستاش ئەم دیاردەیە هەر بەدی دەكرێت».
وتیشی: «لەرووی تەكنیكییەوە پوكمیدیا بووە خوێندگایەك بۆ زۆرینەی سایتەكانی دیكە، لەرووی نوێگەری تەكنیكییەوە، بە حوكمی ئەوەی لە زۆرینەی سایتەكانی دیكە كۆنترە و ئەزمونێكی زیاتری هەیە، بۆیە لەو رووەوە وەك پێشەنگ و سەرەتا سەیری پوكمیدیا دەكرێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

18 − 14 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

منداڵانی ئەنفال

دووتوێیەکی تایبەتی کوردستانی نوێ یە بۆ خوێندنەوەی دووتوێکە بە پی ...