سەرەکی » دۆسێ » ململانێكانی نێو حزبی دەعوەی ئیسلامی توندتردەبن

15 ساڵ سەرۆكایەتی حكومەتی كرد

ململانێكانی نێو حزبی دەعوەی ئیسلامی توندتردەبن

سەركردەیەكی حزبی دەعوەی ئیسلامی دەڵێت، حزبەكەی كە لەلایەن سێ‌ باڵەوە بەڕێوەدەبرێت، باڵەكان لەنێوان خۆیاندا «لە ململانێیەكی توندان» بۆ دەستبەركردنی پۆستی ئەمینداری گشتی حزبەكە، ئاماژە بەو بزاوتنە بەردەوامەش دەكات كە لەنێو ریزی سەركردە و باڵەكانی حزبەكەدایە بۆ سازدانی كۆنگرەی گشتی.
ماڵپەڕی (الغد برس)ی عیراقی لە زاری ئەو سەركردەیەوە كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات بڵاویكردۆتەوە:»سەركردە دەركەوتووەكان و باڵەكانی نێو حزبی دەعوە، كەوتوونەتە خۆیان لەپێناو زەمینەسازی بۆ سازدانی كۆنگرەی گشتی حزب».
بە گوتەی سەركردەكەی حزبی دەعوە»حزبەكە لەلایەن سێ‌ باڵەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، باڵی نوری مالیكی ئەمینداری گشتی حزب، و باڵی حەیدەر عەبادی بەڕێوەبەری مەكتەبی سیاسی، و باڵێكی تر كە لەلایەن عەلی ئەدیبەوە سەرۆكایەتی دەكرێت».
هەروەها دەڵێت»ئەو باڵانە لە ململانێدان بۆ دەستبەركردنی سەرۆكایەتی و ئەیمندارێتی گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی، ئەمەش لەپێناو داڕشتنەوەی هەرەم و شكۆی حزبەكە، دوای ئەوەی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیرانی لەدەستدا».
سەركردەكەی حزبی دەعوە، ئاماژە بە هەوڵ و كۆششەكانی مالیكی دەكات بۆ «سازدانی دیالۆگێكی هاوبەش لەنێوان هەموو لایەنەكانی حزبەكە، لەپێناو بەهێزبوون و گەڕانەوەیەكی بەهێزی نێوخۆی، و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی».
حزبی دەعوەی ئیسلامی، جیابوونەوەیەكی زۆری بەخۆوەبینی لە خولی هەڵبژاردنی یەكەمی ساڵی 2006، كاتێك ئیبراهیم جەعفەری ئەمینداری پێشووی حزبەكە جیابۆوە و حزبێكی بە ناوی رەوتی ئیسڵاحەوە دامەزراند.
لە دووەم خولی هەڵبژاردنەكانیش، زۆرێك لە سەركردەكانی حزبەكە جیابوونەوە، لەوانە عەلی ئەدیب كە پەیوەندی بەحەیدەر عەبادییەوە كرد، كاتێك لەنێوان ساڵانی 2014-2018 سەرۆكایەتی حكومەتی عیراقی گرتەدەست.
حزبی دەعوەی ئیسلامی عیراقی، یەكێكە لە حزبە سیاسیەكانی عیراق و یەكێكە لە حزبە شیعە سەرەكییەكان. حزبەكە لەدوای روخاندنی رژێمەكەی سەدام حسێن لە ساڵی 2003، هاوپەیمانی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیدا كرد.

سەرەتاكانی حزبی دەعوە
ئەندامانی دامەزرێنەری حزبی دەعوە، لە ساڵی 1957 كۆبوونەوە و نەواتی یەكەمی حزبی دەعوەیان دامەزراند لە شێوازی دەستەیەك كە لە 8 ئەندام پێكهاتبوو، محەمەد باقر سەدر رۆڵی سەرەكی هەبوو لە لیژنەی سەرداریەتی حزبەكە كە پێكهات بۆ راگرتنی حاڵەتی هاوسەنگی فكری لەگەڵ شیوعی و عەلمانییەكان و ناسیۆنالیستە عەرەبەكان كە هەڵگری بیری ماتریالیزمی بوون، هەروەها محەمەد حسێن فەزلوڵڵاش، رۆڵی گەورەی هەبوو لە عەقڵانیكردن و دینداریی حزبەكە.
حزبی دەعوە، لە ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوو لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا دەركەوت، كاتێك هەڵمەتێكی چەكداری لەدژی حكومەتی عیراق و حزبی بەعسی فەرمانڕەوا دەستپێكرد كە تێیدا زۆرێك لە مەدەنییەكان و كەسانی بێ‌ تاوان بوونە قوربانی، دوای ئەوەی شۆڕشی ئیسلامیش لە ئێران سەركەوتنی بەدەستهێنا، و روحوڵڵا خومەینی دەسەڵاتی گرتەدەست، حزبی دەعوە پەیوەندی لەگەڵ سەركردەكانی شۆڕشی ئیسلامی دروستكرد، بەڵام تاكە ناكۆكی نێوانیان ئەوەبوو كە خومەینی بڕوایی بە (ولایە الفقیە) تا زانایانی ئاینی قسەی باڵایان هەبێت لە سیاسەتی دەوڵەت، بەڵام حزبی دەعوە پێیوابوو كە دەبێت دەسەڵات لەدەستی گەلدا بێت.

حزبی دەعوە و حزبی بەعس
لە ساڵی 1969، حكومەتی عیراقی و حزبی بەعسی فەرمانڕوا، ترسیان لێنیشت بەرانبەر بە زیادبوونی هەژموونی حزبی دەعوە، بۆیە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشێكی میدیاییان كردە سەر مەرجەعیەت، حزبی دەعوەش هەستی پێیوابوو كە لەلایەن حكومەتەوە كراوە ئامانج، بۆیە بڕیاریدا خۆپیشاندانی سیاسی فراوان لە دژی حكومەت و حزبی بەعس سازبكات، و داوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی بكات، لەو چوارچێوەیەدا پارێزگاكانی نەجەف و بەسرە و كوفە، خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجامدرا كە لەلایەن حزبی دەعوەوە رێكخرابوون، ئەمەش وایكرد حكومەتی عیراق بكەوێتە خۆی و جڵەوی ئەو حزبە توند بكات، بۆیە دەستیكرد بە رەشبگیریەكی فراوان لە ریزی سەركردەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی.
لە ساڵی 1974، دادگای شۆڕشی عیراقی (محكمە الپورە)، فەرمانی كرد بە لەسێدارەدانی كۆمەڵێك لە سەركردەكانی حزبەكە، ئەمەش گورزێكی گورچكبڕ بوو لە ریزەكانی حزبەكە وەشێنرا كە بۆ ماوەیەك بووە مایەی پچڕانی پەیوە ندی لەنێوان ئەندامەكانی.
لە ساڵی 1975، حكومەتی عیراق، یەكێك لە رێوڕەسمە ئاینییەكانی شیعەی قەدەغەكرد كە بەپێ‌ رێكردن بوو لە نەجەفەوە بۆ كەربەلا و پێی دەگوترێت «مراد الراس».
لە ساڵی 1977، حزبی دەعوە وەك رووبەڕبوونەوەیەكی بۆ حكومەتی عیراقی، رێوڕەسمێكی ئاینی شیعەكانی رێكخست كە لەلایەن حزبەكەوە بە «راپەڕینی مانگی سەفەری بوێرانە» ناودەبرێت، و لەو راپەڕینەدا ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبی بەعس لە شارەكاندا كوژران.
لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، حزبی دەعوە پشتیوانی خۆی شۆڕشەكە دەربڕی، بۆیە حكومەتی عیراق لە 31ی ئاداری 1980 بڕیارێكی دەركرد و لێوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەموو ئەوانەدا سەپاند كە پەیوەندی دەكەن بە حزبی دەعوەی ئیسلامی، لە پێشڕەی ئەوانەی لەسێدارەدران بەهۆی بڕیارەكەوە، محەمەد باقر سەدر و بنت لهودای خوشكی بوو لە 8ی نیسانی 1980.
دوابەدوای ئەوەش، حزبەكە لە ساڵی 1980 دەستیكرد بە دامەزراندنی سەربازگەی سەدر لە ئەهوازی ئێران و كاریی سەربازی بۆ مەبەستی روخاندنی رژێمەكەی سەدام حسێن دەستپێكرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

4 × 4 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوەڕۆكی سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ ئێران

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە زۆر ڕەهەندی ئابووری و ئەمنی ...