ئه‌گه‌ر رۆحی تۆم به‌ركه‌وێت
به‌م هه‌موو خه‌ونه‌وه
دهمكهیت به باڵدار.
هه‌موو دنیا تهیدهكهم و
له كۆتاییشدا
ههردهگهڕێمهوه بۆلات.
بۆ خۆت ده‌زانی نامه‌وێت
ژیانم له مه‌رگی
مه‌ستووره و نالی ومهولانا و
هیچ غه‌ریبێكی تر بكات.
باوه‌ڕبكه
ئه‌گه‌ر ده‌ستی تۆم به‌ركه‌وێت
رۆحدهكهیت به به‌رما،
ئهمكهیت به‌شیرینترین مارش
بۆ هه‌موو عاشقانی دنیا!
هه‌روه‌ها چه‌ندین ساڵ
ژنانی ته‌نیا و راكردوو
دێن و وێنه‌م له‌گه‌ڵ ده‌گرن
تۆ دهمكهیتهوه به كچێك
گه‌زۆی نازی لێ بڕژێت و
جلی خۆر له‌به‌ر بكات.
ئه‌گه‌ر ده‌ستی تۆم به‌ركه‌وێت
دهمكهیت به دوور و درێژترین
شه‌وی ساڵ
دهمكهیت به دوور و درێژترین نان
بۆ سفره‌ی خه‌یاڵی
منداڵی ماڵێكی هه‌ژار.
دهمكهیت به دوور و درێژترین ئاه
بۆ گه‌رووی عه‌فرین و كۆبانێ
وه‌ك زه‌وییه‌ك
تینوو تینوو، شه‌قار شه‌قار
دهڕژێیت به‌سه‌ر، سنگی رۆحما و
دهمكهیت به خاكێكی به‌یار.
گه‌رم دادێم، ده‌توێمه‌وه
ده‌بم به هه‌ڵمێكی ته‌نك
پێتده‌ڵێم: شه‌یداتم خۆره‌تاو.
ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ت
له‌سه‌ر خه‌یاڵم هه‌ڵبگریت
مات ئه‌بم
لافاوی پهستییهك ده‌مبات!
به‌ڵام بێخه‌مبه، ژنێك له خه‌یاڵ
گه‌ر پهستیش بێت
هه‌ر رووناكی ده‌پرژێنێ و
په‌رده‌ی تاریكیی لاده‌بات.
رێم بده، گه‌ڵای وه‌ریوی
حه‌وشه‌ی ژیانت به برژانگ
كۆبكه‌مه‌وه
له شه‌وی یه‌ڵدادا.
به‌ده‌ستم یان به گۆزه‌یه‌كی میهره‌بانی
وه‌ك نیگام
ئاوبێنم بۆ ئینجانه‌كانی ماڵه‌كه‌ت
كه مه‌لا بانگده‌دات.
خوا بۆ خۆی ده‌زانێ
ژن باشتر
ماڵی شپرزه‌ی ئه‌م گه‌ردوونه
رێكده‌خات.
رێم بده با، چاولێك نه‌نێم
ئه‌و عومره كه ماومه له‌گه‌ڵ تۆدا
بۆ ئه‌وه‌ی شیعرم شێت نه‌بێت
ئه‌گه‌ر ده‌ستت بهریكهوێت
له خه‌ودا.
په‌نجه‌ت له‌سه‌ر
دروستكردنم هه‌ڵبگریت،
له مه‌یدانی چوارچرا
له سێداره ئه‌درێم!
وه‌ك كۆماره‌كه‌ی مه‌هاباد
ده‌ڕووخێم.
ئه‌گه‌ر ده‌ست لابه‌ی له‌سه‌رم
وه‌ك هه‌ڵه‌بجه و
شه‌نگال و ده‌رسیمم لێدێت!
په‌نجه‌ت له‌سه‌ر
دروستكردنم هه‌ڵبگریت
پێتده‌ڵێم:
ئاده‌م به بێ حه‌وا چیبكات؟!
ده‌بێت مه‌سیح
چاوه‌ڕێی مریه‌م بێت؟!
ئه‌ی چی جێگای
عه‌رشه‌كه‌ی مه‌له‌ك تاووس
ده‌گرێته‌وه له‌لای خوا؟!
زۆر دڵنیام
ئه‌گه‌ر ده‌ستم لێبهربدهی
تاریك دادێم.
ئه‌گه‌ر ده‌ستی تۆم به‌ركه‌وێت
وه‌ك دره‌ختی ئومێد ده‌ڕوێم
ئاینده‌م خونچه ده‌كات و
ئێستایشم به‌رده‌گرێت.
تۆ باوهڕناكهی چیم لێدێت!
ئه‌گه‌ر لێوی تۆم به‌ركه‌وێت
به‌م هه‌موو زامه‌وه
دهمكهیت به شمشاڵ،
ناڵه‌م ده‌كه‌یت به ئاواز و
تا دنیاش دنیایه
منی قامیش، بێده‌نگ ده‌بم
ئه‌گه‌ر قه‌ده‌ر
لێوت له‌سه‌ر لێوم لابات!.