سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » هەفتەی لە سەدا سەد

یەکبێژ

هەفتەی لە سەدا سەد

ڕێژەی لەسەدا سەد تەنها بۆ ژمارە دەبێت و ناکرێت لەهەڵسەنگاندنی سیاسیی و سەربازی نەیارەکانتدا بەکاری بهێنیت، ماوەیەک بەر لەئێستا ترامپ بێ ئەوەی پرس بە کەسە پلەباڵا سەربازییەکانی ووڵاتەکەی بکات بڕیاری کشانەوەی دا لە سوریا، لەگەڵیشیدا ووتی لەبەر ئەوەی داعش کۆتایی هاتوە کەچی لەوکاتەوە تا ئەمڕۆش هەر شەڕە بۆ لەناو بردنی داعش.
ئەم هەفتەیە هەفتەی یەک لایی کردنەوەی مەسەلەکەیە، ترامپ دەڵێت ئەم هەفتەیە لەسەدا سەد داعش لەناو دەبەین لە سوریا و عێراق، ئەمەش نیشانەی ناسیاسیی بوونیەتی چونکە چەکدارە تیروریستەکانی داعش خۆیان خزاندوەتە گشت جێیەکی ئەم گێتییەو بەجۆرێک شانەکانی خۆیان بە نهێنی رێک خستوە کە ناکرێت هەروا بە ئاسانی و لەڕێگەی هێزێکی سەربازییەوەو بە تێک شکاندنیان لە دێرەزوور دوا نەفەریان بێت. داعش هەر لە عیراقدا لە چیای حەمرین و دیالە و ئەنبار و زۆر جێگەی تر هەن، دەنا هەر ئەو بەرەی نوسرەیەی تورکیا سەبەینێ بە بڕیاری ئەردوگان جێگەی داعش دەگرنەوە.
گرنگ نیە بۆ دروست کەرانی داعش لە ژێر چ ناوێکدا بێت بەڵکو ئەوە گرنگە ئەو پلانانەی کە پێیانە جێبەجێی بکەن، ئەوان بەو زیرەکییە هەنگاو دەنێن و سەدان خۆکوژ بەکار دێنن ، ترامپیش لە کۆشکی سپییەوە جار جار لێدوانێکی دوور لە هەموو نەخشە داڕێژراوەکانی ئیستیخبارات و هێزی سەربازی ئەمریکا دەدات.
ترامپ لەووتاری ساڵانەیدا سەبارەت بە داعش باسی لەچەند شتێک کردیەک لەوانە کۆتایی هاتنیان لەم هەفتەیەدا و سوپاس کردنی هاوپەیمانانی لەم پرۆسەیەدا کە لە ٣٠ وولات پێک هاتوون بێ ئەوەی ئاماژە بەڕۆڵی کورد بدات کە ڕۆڵی سەرەکییان لەمەدا هەبوەو هەیە، ترامپ کاتێک کە لێدوانی فەرمی دەدات( وەک ئەو ووتاری سالانەیە) باسی کورد ناکات چونکە ئەوە بۆنەیەکی گرنە بەڵام لە کەنار دەریایەکەوە یان لەکاتی بەسەرکردنەوەی ناوەندە توجارییەکانی شتێک بە چاک و خراپ لەسەر کورد فڕیدەدات و دەکرێت بڵێین هەوروەکو گیسکەکەی هەیاسی خاسی لێ کردوین، رؤژێک هیوامان دەداتێ و رؤژێکیش خاتری تورکیای دەوێت. ترامپ دەبێت عەسای سیحری پێبێت وا بەم جۆرە بوەتە نزیکترین هاوڕێی ئیسلامی سوننە مەزهەب و لەهەر جێیەکی جیهان هاوپەیمانییان لەگەڵدا دەکات لەکاتێکدا ئەو بە شانازییەوە لە ووتارەکەیدا دەڵێت سەفارەتم گواستەوە بۆ قودس و دانمان نا بە ئەو شارەدا وەک پایتەختی ئیسرائیل، بەمەرجێک ئەمە گەورەترین کێشەی ئیسلام و عەرەبی فەلەستین و جیهانی عەرەبییە، جاران دەمان ووت رەنگە ئەم ووڵاتە عەرەب و ئیسلامییانە لە ترسی مەترسی داعش بێت وا بەهەموو جۆرێک ملکەچی ئەمریکا دەبن کەچی ئەمەیان لە کاتێکدایە کە باسی قودس دەکات لەگەڵیشیدا دەڵێت داعش هەفتەیەکی ماوە.
داعشییەکان هەموو ئەوانەی کە لە ووڵاتانی ئەوروپاوە چوبوونە سوریا و چەند ساڵە لە ناو خوێن و سەربڕیندا پەروەردە کراون بە بیانووی پەشیمان بوونەوەو کؤڵدان گەڕاونەتەوە بۆ ئەو جێیانەی لێیوە هاتوون، تەنها لە سوید ١٥٠٠ کەسی ناو داعش گەڕاونەتەوە، ئەرێ دەبێت ئەمانە هەموویان خۆیان خاوێن کردبێتەوە لەو تاوانانەی کە کردویانە؟ یان دەکرێت دادگا بێ بوونی بەڵگە و شیوازی تاوانەکانیان دادگاییان بکات و حوکمیان بدات؟ ناکرێت تەنها ووتویانە ئێمە لەناوداعش بووین و کۆڵمان داوە، ئەم کەسانە بە بیرۆکەکەیانەوە گەڕاونەتەوە هەڵگری ئەو توندوتیژییەو دژە مرۆڤییەن، جا ماوەیەکی تر ووردە ووردە خۆیان لە چەند گروپدا رێک دەخەنەوەو دەکەونە ئەنجامدانی چالاکی و ئەوکات تیروری ئیسلامی داعش ئاسا لە ئێستا بەهێز تر دەبێت.
وا چاکە کۆنگرێس کارێک بکات رێگە لەم هەڵپەییەی ترامپ بگرێت، هیچ کات ئەمریکا هێندەی ئەم سەردەمە لەرزۆک و سەرشێت نەبوە لە بڕیاردان، پێی وایە داعشییەکان و وێنەی ئەوان لە نەیجیریا نین کە رۆژانە دەیان خەڵک سەردەبڕن، بۆکۆحەرامی لەمان جیاکردوەتەوە، لەگەڵ تالیبان لە دانوستاندایە، حکومەتی دژە مرۆڤی تورکیای پێ مەترسی نیە، کوردی تەنها بۆ هێز دەوێت، ئەوەی لە یەمەن روودەدات لای گرنگ نیە، سعودیە خەڵکی خۆی لەناوسەفارەتدا لەت و پەت دەکات ئەم پێی وایە ئەوە هیچ نیە، لیبیا وێرانەو هەرچی هەڵدەستێ کەوچکێکی تێوەردەدات ئەم باکی نیە، ئوکرانیای لەگەڵ روسیا خستوەتە کێشەوە و هێشتا هیچ دیار نیە، ئەوەی دیارە تەنها ئەم هەفتەیەیە کە ئێستا تیایداین و ئەمیش لەسەدا سەد نیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

ten − 10 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

بیست و حەوت حزب؟

لەهەرشوێنێکدا بوونی دەنگی فرەیی( زۆر هەڵوێستی) هەبوو ئەوە دەبێت شین ...