ئه‌م كونجه‌ش

دیسان (ان)

ئەم (ان)ە وەڕسیان كردووم. چونكە لە كاغەزە شڕەكانی بەردەستمدا زۆر ووشە یا ناوم نووسیوە بە (ان) كۆتاییان دێ. هەموویان ناوی كوردی نین. بەڵكو زۆری عەرەبیشی تێدایە، وەك ( نجران، غەسان، عەفان.. هتد) بەڵام ناشمەوێ تۆماركراوەكانم فڕێ بدەم، نەك سوودێكی بۆ خوێنەر هەبێ، یا (بە خێری خۆیان) شتێكی لێ زیاد بكەن.
ئەوەی بیرمە: (ئان) لە زمانی كۆنی كورددا- زمانی میدی یەكان- (ئان)- ئاسمانە و ووشەیەكیتر (عەرد)ە- لە بارەی (عەرد- یا ئەرز – یا ئەرد)یشەوە نووسیبووم – بە باوكم ووترابوو – ئەم ووشەیە كوردی نییە – لە (ارض)ی عەرەبی یەوە وەرگیراوە – دیارە باوكیشم نەیووتبوو – یا نەیزانیبوو كە (ERTH)ی ئینگلیزیش هەیە و لە (ئەرد و عەرز)ەوە نزیكە، یا لەگەڵ ئەواندا یەكە.
وا بۆ ئەم كونجە دەمەوێ ریزێك لەو (ئان) كوردی یانە ڕیزبكەم – خۆزگە دەبوون بە دەرگای موناقەشە و چاوەڕێی قەڵەمی پڕ (بەرەكەتی) برا نووسەر و لێكۆڵەرەوەكانمم.
لە كاغەزەكانمدا نووسراوە: (كوێستان، زۆزان، گەرمیان، ناوپردان) – خۆخۆشمان خەڵكی (كوردستان)ین من ماوەیەكیش لە (باكۆ) ژیاوم و خوێندوومە، ئەویش پایتەختی (ئازربایجان)ە و دوو (ئازربایجان) هەیە – ئەوەی (سۆڤێتی) كە من لەوێ بووم و ئێستا بووە بە كۆمارێكی (سەربەخۆ) و (ئازربایجان)ی خواروو كە سەنتەرەكەی – ئەگەر نەڵێم پایتەختەكەی شاری (تەورێز)ە كە بە بەشی (ئێران) دەزانرێ و ئەو ( ئێران)ەش – خوا بیبڕێ – هەر بە (ان) كۆتایی دێت و كابرای كە زەمانی ستالین سەركردەی ئازربایجانی ژووروو بوو – باگیرۆف – یا باقرۆف و هەر ستالین بە داریدا كرد، هەوڵ و نیازی ئەوەبوو كە هەردوو ئازربایجان بكات بە یەك و خواروو بخاتە سەر ژووروو.
خۆ كوردستانەكەی ئەودیویش – واتە مەهاباد تا ئێستاش (ئازربایجان)ی غەربی پێ دەڵێن و لەوێ هەر بە خاكی (ئەردەلان) – واتە (سنە) دەڵێن كوردستان. هەقیش بڵێم كە ڕەحمەتی دوكتۆر ڕەحیمی سەیفی قازی بە (باگیرۆف)ی دەووت (بارگیرۆف)، جا نازانم لە كاتی لەسەر كار بوونیشی هەر وای پێ ووتووە. یا ئەمە قسەی پاش خنكاندنی یەتی. چونكە ئەوەی ئێمە دەیزانین پێشەوای شەهید قازی محەمەد سەری باكۆی داوە و بە دڵخۆشی یەوە نەهاتۆتەوە.
ئەوە هەر لەو شار و گوندانەی خۆمان كە بە (ئان) كۆتایی دێت. زۆرم یادداشت كردووە. سەرەتاكەیان (تەگەران) ی خۆمان و كاك دوكتۆر مەلا یاسین ڕەئووفە. جا دوو دڵم لەوەی كە ناوی هەموو ئەو گوند و شارانە لەم كونجەدا بنووسم – چونكە كارەكە بێ گلەیی دەرناچێ. ڕەنگە ئێستا لەقەبی لادێیی لەخۆنان باوە – خەڵكی هەندێك لەو گوندانە بڵێن: ئەی ئێمەی بۆ نەنووسیوە و بەڵام منی لە سەرێكەوە (دێلێژە)یی و قەرەداخی و لە سەرێكەوە (مكایەڵی) – هەموو كوردستان بە خاكی خۆم ئەزانم. ئەوەی كە نەمنووسیوە دیارە لە (هیندستان)ەوە بۆ (گورجستان) بەهۆی هیچ مەبەستێكی (خوانەخواستە) خراپ نییە، هەر لە نەزانینەوەیە. خۆ من (علوومی ئەوەلین و ئاخرین) نازانم نەمبیستوە، تكایە كەسانی سەر بەو گوند و شارۆچكانە – بۆ من یا بۆ (كوردستانی نوێ)ی بنووسن و ئەوان دەزانن چۆنی بڵاودەكەنەوە، با یەك بستی ئەم خاكە خۆشەویست و شیرینەمان لەیاد نەچێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

one × four =

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوی كوردی

كورد ده‌ڵێن: (قسه‌ قسه‌ ڕاده‌كێشێ). منیش (كونج) ێكم له‌ باره‌ی ...