سەرەکی » دۆسێ » ناسیۆنالیزمی دوور مەودا

ناسیۆنالیزمی دوور مەودا

وەرگێڕان هه‌لو محه‌مه‌د
– نووسینی: Uwe Hunger,Menderes Candan&Sascha Krannich

ناسیونالیزمی دوورمەودا،بۆچوونێکی تری گەشەسەندووە، لە تیوریی ناسیونالیزمی (ئەندەرسۆن)،کە نەتەوە بە جڤاتێکی رامانکراو Imagind Community دادەنێت، لێرەدا خەڵکانی نەتەوەی رامانکراو، هەستی پێوەندارێتی هاوبەشیان هەیە، بێ ئەوەی ئەمانە، هیچ جارێ یەکتریان دیبێ و ناسیبێ. ئەم هەستی پێوەندارێتییە بۆ نەتەوەیەک،لە رێگای زمانێکی هاوبەش و مێژووەوە، بە هۆی سیمبۆلە هاوبەشەکان و ئەفسانەوە تینوتاو وەردەگرێت و بەسەر سنووری دەوڵەت و نەوەکان دا دەبەزێنێ و پارێزگاریی لێ دەکرێ. ئەندەرسۆن ئەمەی ناوناوە،کەرەسەی خاوی ناسیۆنالیزم، Raw Material of Nationalism، لە کاتێکدا کە چەمکی ـ ناسیونالیزم، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئەندامانی نەتەوەیەک، لە نێو چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەبەستێ. لێ چەمکی ناسیونالیزمی دوورمەودا زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە،کە کۆچبەربوون و جاران ئەندامی ئەم نەتەوانە بوون و تەنانەت ئەوانەی دوای ئەوانیش دێن، کە لە وڵاتی باوباپیرانیان نە کاریان کردووە و یاخود سەردانیان نەکردووە.
ئەم کۆچبەرانە لە هەندەران، زۆربەی کات، هەڵگری پێناسی رەسەنی نەتەوەیی خۆیانن، هزر و کاریشیان،گەلەک جاران، لەمەڕ نیشتمانی رەسەنەوە، بەم هەست و هۆشەوە گرێدراوە. بەمەش وەک دەڵێن، مەشقی ناسیونالیزمی دوورمەودای خۆیان دەکەن. ئیدی بۆیە شتێکی سەیروسەمەرە نییە، کە هەستی نەتەوەیی ئەم کۆچبەرانە لە هەندەران، فرە خەمڵیوترە لەوانەی ناوەوەی وڵات. ئەو هۆکارەی بەزۆریی لێرەدا دەبینرێ،ئەوەیە، کە کۆچبەران لەو کۆمەڵگەیانەی تێیدا دەژین (مەبەستی هەندەرانە) هەستی نامۆییان هەیە و تەنیا لە رێگای پەنابردنەوە بۆ نیشتمان، هەستیی پێوەندارێتییان دەبزوێ و بەمەش ئاسایشێکی کەم لە نامۆییدا، دەستەبەر و مسۆگەر دەکەن.
ئەم هەستی وابەستەییە بەرچاوەی کۆچبەران، بۆ نەتەوە رەسەنەکانی خۆیان، بە شێوەیەکی زەق، بەرەو ئەوە دەڕوات، کە ئەمانە هێشتا هەر، زۆر بە توندی، سەرقاڵی رووداوەکانی وڵاتەکەی خۆیانن و لە رووی سیاسیشەوە چالاکی دەنوێنن.
لەم هەلومەرجەدا, مرۆ قسە لەسەر دیاردەیەک دەکات, کە ناسراوە بە سیاسەتی ناسیونالیزمی دوورەمەودا Long Distance Nationalismu Politics کە لە لایەن کۆچبەرانەوە بەڕێوەدەبرێ. ئەم سیاسەتی دوورمەودایە، خۆی نابینێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵی، تاکە ئازادیخوازەکانی چەند کۆچبەرێکدا، لە فۆرمی کۆکردنەوەی یارمەتی و باربوو، دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردن دا یاخود هاوکاریی پارتێکی وڵاتی رەسەنی خۆی. سیاسەتی دوورمەودا، گەلەک جاران لەسەر ئاستی هەرەوەزیی و بە کۆمەڵ، بە ئەنجام دەگەێندرێ. بەواتایەکی دیکە لە رێگای رێکخراوەکانی کۆچبەران، یاخود پارتەکانی هەندەرانەوە.
هەنووکە، رێکخراوە تۆکمە و خۆسازەکان، کە هێزێکی پاشەکەوتن و زۆرجار دەستە و تاقمەکانی دیکە،کە گەلەکجار بە گرووپەکانی دیاسپۆراش ناودەبرێن،تا ڕادەیەک کاریگەرێتی بەرچاویان، لەسەر روداوە سیاسییەکانی وڵاتی رەسەنی خۆیان دروست کردووە.
رێکخراوەکانی دیاسپۆرا و ئەو سیاسەتی دوورمەودایەی، لە لایەن ئەمانەوە پێڕەو دەکرێ،بوونەتە فاکتێکی دەسەڵاتی راستەقینە، لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا…
باشترین نموونەی کلاسیکی دیاسپۆرا، کاریگەرێتی هێزی پاشەکەوتی دیاسپۆرا،دیاسپۆرای جوولەکەیە، کە بە دڕێژایی دەیان ساڵە کار بەسیاسەتی ناسیونالیزمی دوور مەودا و سیاسەتی دوورمەودا دەکات. دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، بە پلەیەکی سەرەکی، دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەرێتی زایۆنیزمی جولەکەی دیاسپۆرا، لەسەرتاسەری جیهاندا.
زایۆنیزمەکانی ناو دیاسپۆڕای جولەکە، لە رۆژاوا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا، توانییان وا بکەن،وڵاتێک لەناو جەرگەی وڵاتانی عەرەبیدا دابمەزرێنن. تێیدا، زەوی لە خاوەن موڵک و دەوڵەمەندەکانی فەلەستین بکڕن و، خەڵکانێکی زۆریی جولەکەی هەژار، لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا،ئەمریکا و ئاسیاوەی لەسەر نیشتەجێ بکەن. بەشێکی زۆری جولەکە، پاش هۆلۆکۆست، چوون بۆ دەوڵەتی تازە دامەزراوی ئیسرائیل، بێگومان بەشە گەورەکەشیان لە ناوەندی ئابووری و سیاسی وڵاتانی رۆژاوا(بەر لە هەر شوێنێ، لە ئەمریکا،فەرەنسا و ئینگلتەرا)مانەوە. دەستەبژێری جولەکە، لە ئەوروپا و لە پێش هەموویانەوە ئەمریکاوە، بەڵام لە دیاسپۆراوە پشتیوانییان لە بەرەو پێشچوون و گەشەسەندنە ئابووریی و سیاسییەی جولەکە، لە فەلەستین کرد،کە پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی بەرەو پێش برد. جولەکە لە هەموو جیهانەوە، پارەیان حەواڵەی کەسوکار و هاورێ و رێکخراوەکانی یارمەتیدانی خێرخوازییان، لە ئیسرائیل دەکرد. چەندین رێکخراو دروستکران وەک Jewish Agency(JA) National Jewish Fund(NJF)، تا گوێزانەوە بۆ ئیسرائیل فەراهەم بکەن پێکەوە گرێ بدەن.
لە نموونەی بەرجەستەی سەرکەوتووی، سیاسەتی دوور مەودای دیاسپۆرای جولەکە دا،گەلەک گروپی کۆچبەران و (وڵاتەکانیشیان)، وانەی فێربوون و کردوویانەتە سەرمەشقی خۆیان،تا هەمان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و کاریگەرێتی بەرفراوان، لەسەر سیاسەتی، وڵاتی رەسەنی خۆیان، دروست بکەن و بە واتایەکی دیکە ئەو کۆچبەرانەی جاران بەشێک بوون لە وڵات و چڤاکی خۆیان بۆ زێد و نیشتمانەکەیان سوودیان لێ وەربگیرێ(کەڵکداریان بکەن) . ئەندەسۆن، لە نموونەی کرواتییەکانی کەنەدا و ئیرلەندییەکانی ئەمریکا و کوردانی ئەڵمانیا نیشانی دەدات،کە ئەم گرووپانە، کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە لەسەر سیاسەت لە وڵاتی رەسەنی خۆیان. بۆ نموونە کرواتییەکانی دیاسپۆرا بە شێوەی حەواڵەی دارایی و رەوانەکردنی چەک،رۆڵێکی گەوهەرییان لە هەراکەی بالکان دا گێڕا.
هەروەک لەم میانەدا،لێکۆڵینەوەی دیکەش بەدیاری دەخەن،کراوتییەکانی دیاسپۆرا دەیان ساڵ زیاترە، کار بە ناسیۆنالیزمی دوور مەودا دەکەن. لای ئەمانە بەهای نەتەوەیی و هۆشیارییەکی سیاسی لە دیاسپۆرا، نەوە بە نەوە پارێزراوە و کاریگەرێتی لەسەر هەرای وڵاتی سەرەکی خۆیان دروست کردووە. بەتایبەت بەر لە هەر شتێ،ناردنی کۆمەک و حەواڵەی دارایی لە لایەن کۆچبەرانەوە، بۆ وڵاتانی رەسەنی خۆیان، وا بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات،کە ئارەزووی گەلێ لە وڵاتانی باجدەر گەورەیە،هەستی پێوەندارێتی کۆچبەران بۆ نیشتمانی رەسەنی خۆیان،بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بپارێزن، تاوەکو دەرفەتی گەڕانەوەی حەواڵەی دارایی کۆچبەران گەورەتر بکەن. بە تایبەتی وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەم حەواڵەکردنەوەوە گرێ دراون. ناسیونالیزمی دوور مەودا هەلومەرجێک بۆ ئەمانە دەرەخسێنێ، کۆچبەران، دوای کۆچکردنیشیان، بە وڵاتەکانیانەوە گرێ بدرێن.
ناسیونالیزمی دوور مەودا، کاری بەر لە هەر شتێ، لە لایەن گرووپە کۆچبەرەکانی بێ دەوڵەت،(بۆ نموونە، وەک کورد) ەوە پێ دەکرێت. بۆ ئەم گرووپانە، بەلانی کەمەوە، لە هەندەران دەرفەت هەیە بۆ «پرسی نەتەوەییان» خەبات بکەن، بەواتایەکی دیکە، هەستی نەتەوەییان زیندوو، راگرن و خزمەتی بکەن.
باش و هاوکارەکانیBasch et al.، لە ساڵی ١٩٤٤ دا، بەدیاریان خست، رێکخراوەکانی دیاسپۆرا لەودیو سنوورەکانیشەوە لە بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی نوێدا چالاکن،چونکە بۆ ئەوان ئەوەی ناسراوە بە نەتەوەسازییNation Building، رۆڵێکی گەلێ گرنگ دەگێڕێ. بە تایبەتی ئەو گەشە گەورە تەکنەلۆژیاییەی، لە بواری تەکنەلۆژیای راگەیاندندا، بەرپا بووە و، ئەو نرخە دابەزیوەی(هەرزانەی)هەقی گوێزانەوە، لەم ساڵانەی دواییدا، هێزێکی دینامیکی داوە، بەم پرۆسەیە،و بەشدارییەکی باشی لە بەهێزکردنی ناسیونالیزمی دوور مەودا دا گێڕاوە.
لەم بوارەدا، بەر لە هەر شتێ، ئینتەرنێت رۆڵێکی کارا و بەرچاو دەگێڕێ،چونکە دەرفەت دەداتە کۆچبەران، خێراو بە نرخێکی هەرزان، لەگەڵ کەسوکار،یاخود هەڤاڵە سیاسییەکانیاندا لە وڵاتی خۆیان پێوەندی بگرن.دەتوانن زانیاریی، بیرۆکە و بیروڕا بگۆڕنەوە و بگوێزنەوە بۆ وڵاتی لێی لە دایکبوون و تێیدا کاربکەن. هەروەها ئینتەرنێت بەکاردێ، تاوەکو لەسەر ئۆنلاین خۆیانی پێ رێکبخەن و پێکەوە لە پێوەندیدابن.بۆ ئەمە،ماڵپەڕ، لیستی ئیمەیل، ژووری چاتکردن و رۆژنامەی ئەلەکترونی ئۆنلاین بەکاردێنن.
زۆربەی کات لەم رێگایانەوە، سیمبۆڵە نەتەوەییەکان، بەکاردەهێندرێنن و ئەفسانە نەتەوەییەکان، دەماودەم دەگێڕنەوە. ئامانج ئەوەیە، لە رێگای ئەم هێڵی لۆبیزمی ئۆنلاینەوە پشتیوانی بۆ مەسەلەی سیاسی نەتەوەکەیان، لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین بەدەست بهێنن.
لەم بابەتەماندا، بەکارهێنەرانی ئۆنلاینی ناسیونالیزمی دوور مەودا، بۆ نموونە کوردانی دیاسپۆڕا لە ئەلمانیا بخەینە بەرچاو… رەوەندی کوردی بە نێزیکی ١،٢ تا ١،٥ ملیۆن ئەندام، بە یەکێ لە گەورەترین، گرووپەکانی دیاسپۆرا لە ئەوروپا دادەنرێ. بە زۆریی لە ئەڵمانیا بە نێزیکەیی ٧٠٠ ـ٨٠٠ هەزار کورد دەژین. وڵاتەکەی خۆیان دوای جەنگی جیهانی یەکەم بەسەر کۆمەڵێ وڵاتی تازە دروستکراودا،ئێران،ئێراق، سوریا و تورکیا دابەشکرا. بێگومان دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دانەمەزرێندرا. لەم چوار دەوڵەتەدا سیاسەتێکی توندی تواندنەوە دژ بە کورد پێڕەو کرا. کە بەدرێژایی سەدەی بیستەم،بووە مایەی سەرهەڵدانی چەندین بەرخۆدانی توندوتیژ. دامرکاندنەوەی ئەم راپەڕینانە، بۆ نموونە، لە تورکیا، زۆرینەی کات، راگوێزانی خێلە کوردییەکانی بۆ هەندەران و ناوچەی دیکە، کە زمان و کولتووری کوردی تێیدا قەدەغە بووە لێکەوتەوە. بەم شێوەیە، بە درێژایی سەدەی بیستەم، ملیۆنەها کورد ناچارکران، لە ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا بەرەو رۆژاوا، نیشتمانەکەیان جێبهێڵن.
دیاسپۆرای کوردیی،لە کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا و ئەوروپادا، ئیمڕۆ رۆڵێکی گرنگی سیاسی و کولتووریی بۆ کورد لە جیهاندا دەگێڕێن. رۆڵ و بەشدارییەکی دیاریان هەیە، لە گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی کوردیی لە وڵاتی خۆیاندا. زمانی کوردیی، ئەدەبیات و موزیک، رۆژگارێکی زۆر، لە تورکیا رێگەی لێگیرابوو،لێ لە دیاسپۆڕا، بەها و بایەخێکی زۆری تایبەتی پێدرابوو، تاوەکو کولتووری کوردی بپارێزرێ و نەفەوتێ و بەردەوام گەشە بکات. تیڤی دامەزرێندرا،کە پەخشەکەی لە ناوەوەی نیشتمان وەردەگیرا،رۆژنامە و گۆڤار لە چاپ دەدرا و لە نێو کورددا بڵاودەکرایەوە و بە نهێنی، دەبرایەوە بۆ ناوەوەی وڵات، لە کاتێکدا ئەم بەرهەمانە،لە وڵات قەدەغە بوون و سزا و راوەدوونانیان لەسەر بوو. هاوزەمان جگە لەمانە، لە هەشتاکانەوە کۆمەڵێ دامەزراوی کولتووریی و زانستکاریی بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوەی زمانی کوردی و کولتوور و ئەدەبیات، لە ئەڵمانیا و ئەوروپادا دامەزرێندرا.
ئینتەرنێت،ئەو هەلومەرجەی بۆ کوردانی ئەڵمانیا هێنایە کایەوە،کار بە ناسیونالیزمی دوور مەودا، بکەن و جارێکی دیکەش بە ئاشکرا گەورەتری بکەن. ئینتەرنێت وەک دەستاوێژێکی گرنگ، لە پرۆسەی «نەتەوەسازیدا»Nation Building لە لایەن دیاسپۆرای کوردییەوە بە رێزەوە تەماشا دەکرێت. لە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک،کە لێرەدا دەیخەینەڕوو، دەردەکەوێ، کە لە ئێستادا لە ئینتەرنێتدا «کوردستانێکی مەجازی/خەون» بوونی هەیە. گەلەک لەو ماڵپەڕانەی لە لایەن کوردی ئەلمانیاوە دروستکراون، کوردستان بە سنوورە مەجازییەکەیەوە، نیشان دەدەن، ئەو نیشتمانەی،کە لە دوارۆژدا وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ، لە جیهانی راستیدا دەبێ بوونی هەبێت. نیشاندانی ئەنجامەکانی پرۆژەی لێکۆڵێنەوەی پەیمانگای Fritz Thyssen، لەژێر ناونیشانی، هێزی بوونی سیاسی ئینتەرنێت،کە بەرهەمی ساڵانی نێوان ٢٠٠٧ ـ ٢٠٠٩ یە، لە زانستگەی مونستەر ئەنجامدراوە.
لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، لە ١٠٣ ماڵپەڕی سیاسی کوردیی لە ئەلمانیا دا کراوە، هەروەها راپرسییەکی ئۆنلاین لە ژێر ناونیشانی Internet-Usern لە لایەن ١٠ ماڵپەڕی ئینتەرنێتی هەڵبژاردەوە بەڕێوەبراوەN=136 ١. لەو ١٠٣ ماڵپەڕە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی قوڵتر هەڵبژێردراوە.
لەم لێکۆڵینەوەی بەردەمتاندا ئەو ئاکامگیرییە هەڵبژێردراوەتان بۆ دەخەینە بەرچاو، ناسیونالیزمی دوورمەودای دیاسپۆرای کوردی لە ئینتەرنێتدا ئەنجامیان داوە.

ناسیۆنالیزمی دوور مەودای کورد و دیاسپۆڕا لە ئینتەرنێت
هەمە جۆریی دامەزراندنی پێشکەشكراوەکانی ئینتەرنێت. چەندین جۆری جیاوازی پێشکەشکراوی ئینتەرنێتی سیاسی،بۆ کۆچبەرانی کوردی لە ئەلمانیا هەیە. ئەوەی زیاتر سەرنج رادەکێشێ، بەکارهێنانی سروودی نەتەوەیی و ئاماژەی کوردستانە، بە مانای دەرکەوتنی نەخشەی کوردستان،ئاڵای کوردستان،یاخود رەنگە نەتەوەییەکانی، سوور، کەسک و زەردە. سەرجەم ئەو ماڵپەڕانەی،ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەرکردوون، بەلانی کەمەوە سیمبۆڵێکی نەتەوەییان کێشاوە،ڤیگۆرێکی نەتەوەیی،هەوارگەیەکی نەتەوەیی، یاخود ئاڵای نەتەوەیی کورد. سیمبۆلە نەتەوەییەکان، زۆربەی کات، لە ناونیشانی ماڵپەرەکاندا، دەکەونە بەرچاو،لە لۆگۆی لاتەنیشتەکاندا،یاخود لە بەشێکی ماڵپەڕەکەدا.لەناو بەشی هەرە زۆری ماڵپەڕەکاندا، گۆشەیەک بۆ نموونە، لەسەر مێژوو، کولتوور، کەسایەتییە نەتەوەیی و قارەمانەکان، ئەفسانە،ئایین و هەوارگە نەتەوەییەکان دەبینرێتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، لەسەرجەم پێشکەشکراوەکانی ئینتەرنێتدا، بابەتی سیاسی فرە بەرچاو دەکەون. ئەمەش بە بەراورد بە ماڵپەڕی، گرووپە کۆچبەرەکانی دیکە،ئەوانەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردوون،واتە بەر لە هەمووان،ماڵپەڕی تورک ـ ئەڵمانی و رووسی ـ ئەڵمانی.
کەسان و ئەندامانی هاونەتەوەکان، خۆیان ئەوانەی کۆچبەربوون،بۆ گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی وڵاتەکەیان سوودیان لێ وەرگرێ.
ئەو فۆرماتەی زیاتر،لە ماڵپەڕە کوردییەکاندا بەرچاو کەوتن،رۆژنامەی ئۆنلاینی بوون (بۆ نموونە: www.kurdistan-post.com (کە بەردەوام لەمەڕ رووداوە و پێشهاتە سیاسیی و کولتوورییە هەنوکەییەکانەوە،هەواڵی بڵاو دەکردەوە، لەمەڕ کورد و کوردستانەوە .
چەند ئۆنلاین فۆرن هەبوون،بۆ نموونە: www.rojakurd.de لێرەشدا دیسانەوە،بە پلەی یەکەم کوردی دیاسپۆڕا بۆ ئاڵوگۆڕی، بابەتی سیاسی و کولتووریی،دەربارەی کورد و کوردستان.لەسەر پۆرتاڵی زانیارییەکان،بۆ نموونە: www.efrin.net www.rizgari.com، دیسانەوە لێرەشدا، لە بنچینەدا زانیاری دەربارەی رووداو و پێشهاتە، سیاسەت،ئابووری و جڤاتییەکانی نیشتمانی رەسەنی کوردان هەروەها لە دیاسپۆڕا(ئەوروپا،ئەمریکا،کەنەدا هەرورەها جیهانی عەرەبی) بابەتی قسە لەسەرکردنن.هەروەها زۆرینەی بلۆگەکان بۆ نموونە: www.kurdistan-blogg.de، قسە لەسەر ئەو باسوخواست و بارودۆخە دەکەن،کە پەیوەندیان بە کورد و کوردستانەوە،بە واتایەکی دیکە لەگەڵ نیشتمانی سەرەکییان هەیە،(بۆ نموونە گفتوگۆ لەمەڕ بەئەندامبوون و کاریگەرییەکانی ترکیا، بۆ کەمینەی کوردی لە ترکیا، یاخود سیاسەتی هەنووکەیی رژێمەکانی، عێراق، سوریا و ئێران،بەمبەر بە کەمینەی کوردی،یاخود بڕیاری قەدەغەکردنی Roj TV لە ئەڵمانیا.

ئامانجی بنەڕەتی،ماڵپەرەکان و رێکخراو و کۆمەڵەکان
(بۆ نموونە: www.yekkom.com,www.komkar-info.org,www.pen-kurd.org، ئەوە بوو، پشتیوانی، هۆشیارییەک بۆ ناسنامەی نەتەوەیی کوردی، لە دیاسپۆڕا بکەن و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بیهێڵنەوە.زۆربەی کات ماڵپەڕەکان ـ هەروەک لای فۆرماتەکانی دیکە،زۆربەی جاران ـ بە چەندین زمان(لێرەدا لە تەک هەژموونی کوردیدا، فارسی،عەرەبی و تورکی،زمانی ئەڵمانی، ئینگلیزی فەرەنسی،ئیتالی و هتد) پێشکەش دەکرا.لەمەشدا زۆرینەی رێکخراو و کۆمەڵەکان، دەربارەی بابەتە سیاسییەکانی هەنووکەیی ئەڵمانیا(سەبارەت بە کورد)،یاخود لەمەڕ دیاسپۆڕای ئەوروپا و کوردەوە هەواڵیان دەدا.
شێوەیەکی دیکەی پێشکەشکراوی ئینتەرنێت،دروستکردنی هێڵیonline-Communities (بۆ نموونە:www.kurdos.de) ئەم شێوازەی ئینتەرنێت، بە پلەیەکی سەرەکی، ئاراستەکراوە، بۆ ئەو کوردانەی لە ئەڵمانیا و سویسرا و نەمسا دەژین. ئەمەش ئاشکرابوو، لە رووی سەرپشکردنی زمانەوە، ماڵپەرەکە و دەستەی ئالوگۆرکردنی بیروڕا و سەرنجەکان، بە شێوەیەکی سەرەکی، بە زمانی ئەلمانی بوون. کوردی زمانی دووەم بوو. هەواڵەکان، وێنەکان، مێژوو و هەواڵی چالاکی و خۆسازدانەکان، بەشێوەیەکی سەرەکی، بە زمانی ئەلمانی دەکەوتنە بەرچاو و، گەنگەشەیان لەسەر دەکرا. تایبەتمەندێتی ئەم شێوازەی ئامادەیی ئینتەرنێت، ئەوە بوو، لەتەک ناونانی بواری بابەتەکان. دەرفەتی دەست راگەیشتن، بە پۆرتاڵەکانی موزیک، گەلەری وێنەکان بۆ داونلۆد ـ دابەزاندن رەخسابوون. ناوەرۆکی ئەمانەش، بە شێوەیەکی سەرەکی، بێ بەرامبەر و بە خۆڕاییبوون. بەتایبەت موزیکی کوردی،وێنەیگیراوی شارە مێژووییەکان، بۆ نموونە: (حەسەنکێف یاخود قەڵای ئامەد) یاخود وێنەی سروشتی کوردستان . فۆرمێکی دیکەی دەرکەوتنی ئینتەرنێتی کوردی دانانی ئینسکلۆپیدیا بوو بۆ نموونە: www.kurdica.comلای ئەمانە» کولتوور، زمان، ئاین و مێژووی کوردان، لە هەموو پارچەکانی وڵات و لە دیاسپۆرا، رۆشنکردنەوە» بوو. زۆرینەی هەرە زۆری ئەو فۆرمانەی سەرێ، پێشکەشکراوی ئینتەرنێتی کوردی، ئەم خاڵە هاوبەشانە دەنوێنن:
١ ـ لەسەر زۆربەی هەرە زۆری لاپەڕەکان، بە دوورودرێژی لەمەڕ مێژووی هاوبەش،سیاسەت،زمان و تۆرە(لیتەراتۆر)، هەروەها شارە مێژووییەکان، بۆ نموونە: حەسەنکێڤ لە تورکیا، کەسایەتییەکان، بۆ نموونە: ئەحمەدی خانی شاعیر، شت نووسراوە. پاشخانی سیاسی کوشتارە، جۆراوجۆرەکانی لە کورد کراوە، (بۆ نموونە: شاڵاوەکانی ئەنفال لە عێراق و… هتد)، بەهەما شێوە، بە دوورودرێژی بابەتی باس بوون.
٢ ـ بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، دەستیان دەگەیشت بەزۆربەی ماڵپەڕەکان، بە پەخشی تەلەفزیۆنی کوردی و رادیۆ(بۆ نموونە :Roj TV,Kurd 1 یاخود Denge Mezopotamya- Radio)، هەروەها ئاژانسەکانی هەواڵی ئۆنلاین، رۆژنامەکان، گۆڤارەکان هتد. هەندێ لە ماڵپەرەکان بۆ سوود لێوەرگرتن دەرفەتیان دەستەبەر کردبوو، لە رێگای پرۆگرامی تەلەفزیۆن و رادیۆی خۆیانەوە، یاخود لینکەکانی پەخشی تەلەفزیۆنە ئەڵمانییەکان، کە پڕ لە بەڵگەنامە و زانیاری بوون، ئەوانەی سەرقالی کارکردن بوون لەگەل کورد دا.
٣ـ یەکێ لە چاکەکانی دیکەی ئینتەرنێت، زۆربەی هەرە زۆری جارەکان، لێرەوە بانگەوازی خۆپیشاندان،هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە،چالاکی سیاسی و کولتووری بۆ نموونە: سەمینار و کۆنفرانس لەمەڕ پرسی «کوردستان»ەوە و «دۆزی کورد»ەوە لە ئۆنلاین و ئۆفلایندا دەبینرێتەوە.

ئیشپێکەرانی ماڵپەڕەکان.
لێکۆڵینەوەی ئیشپێکەرەکانی ماڵپەڕە کوردییەکان لە ئەلمانیا، نیشانی دەدات، کەوا زۆرینەی(زیاتر لە ٥٥%)،لە لایەن رێکخراوەکانەوە بووە. ئەوەی دیار و جێی سەرنج بوو, رێکخراوەکانی دیاسپۆرا، زۆرینەیان رۆژنامەی ئینتەرنێت و پۆرتالی زانیاری قسەکردنیان هەبوو، لە کاتێکدا بۆ نموونە: تاکە کەساکان کە یەک لەسەر سێی ئیشپێکەرەکانن پێکدێنن.Weblogs,encyclopedias,Foren online Communities بەڕێوە دەبرد. پێشکەشکارانی بازرگان رێژەی % ٤، وەک ناوازەیەک لە پێشکەشکارانی ئینتەرنێتی کورد دا، لە ئەڵمانیادا پێك دێنێ.
پێشکەشکەرانی ١٠ ماڵپەر،ئەوانەی ئێمە راپرسیەکی زیادەمان تێدا کرد، ئەوانەی ئەم کارانەیان دەکرد، کۆچبەرانی نەوەی یەکەم بوون،کە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ دا، وەک پەنابەری سیاسی، هاتبوونە ئەڵمانیاوە. ئەمانە لە رووی سیاسییەوە پەنابەری باوەڕپیکراو و هێندێکیان، بوونەتە هەڵگری هاوڵاتێتی ئەلمانیاش، زۆرینەی هەرە زۆری ئەمانە، ٩ لە ١٠ یان، هەڵگری بڕوانامەی پەیمانگایەکی باڵان،یاخود لە دەمی پرسیارکردنەکەدا، لە زانستگە دەیانخوێند. ئەم کەسە پێشکەشکارانە(واتە بەپرس یان بەڕێوەبەری ماڵپەڕەکان…وەرگێڕ)،ئەم کارانە لە دەمی واڵای خۆیاندا دەکەن. ئەوەی زۆر جێی سەرنج و بایەخە، «پێوەندی بە ناوچە و زێدی خۆیان»ەوە بەر لەهەر شتێ، لە رووی سیاسییەوە،» جێگایەکی بایەخداری هێجگار گرنگ»(بەڕێوبەری یەکێ لە پۆرتاڵەکانی هەواڵ)، دەگرێت.
لە پرسیارکردندا، دەربارەی هۆکارەکانی بەڕێوەبەرانی ئەم ماڵپەرانە، و ئەو جۆشوخرۆشەی ئیشپێکەرەکانی دەردەکەوێ. زۆرینەی ئەو کەسانەی کار لەم ماڵپەڕانەدا دەکەن،دەیانەوێ بەشدارییان هەبێ، لە فێربوون و خزمەتکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردیدا. لە پرسیاری ڕۆڵی «کوردستان» لە چالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی ئۆنلاین و ئۆفلاینی چالاکییەکان دا، هەموو بەڕێوەبەرەکان دانیان پێدا نا، ووتیان ئەو پرسانە، بایەخی جەوهەری و مەبەستی کارەکانمانە. وەڵامی بەڕێوەبەری رۆژنامەیەکی ئۆنلاینیی، ئەم خاڵەی ئاماژە پێدا « منێک کە بە درێژایی ژیانم، بۆ ئازادی کوردستان خەباتم کردووە،کەواتە کوردستان بۆ من هێشتا هەرجێی بایەخی سەرەکییە».

زمان
دیاردەیەکی دیکە، کە لە ماڵپەڕی کورددا بەرچاو دەکەوێ و هی سەرنجدان بووە، زۆر لە ماڵپەڕەکان(٣٨،٢٪) بە چەندین زمان لەبەردەستدابوون، مانای وایە ئەم ماڵپەرانە، هەر بە زمانی کوردی یاخود ئەڵمانی نەبوون. بەلکو بۆ نموونە: بە زمانەکانی، ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیسپانی و ئیتالی و سویدیی و عەرەبی یاخود زمانی فارسی، دەکرا تەماشا بکرێن. ئەوەی لێرە شایانی سەرنجە،ئەم ماڵپەڕانە بە زمانی جۆراوجۆر،بەشێکیان لە ناوەرۆکد جیاوازبوون لە فۆکوسی لاپەرەکان دا، هەمیشە کوردستان و پرسی کورد بۆ سەرنجدان دانراوە،بەڵام ئەوەی جێی چاولێکردنە بۆ نموونە: فیزیۆنی/بڵاوکراوە و نوسخەی ئەڵمانی، زۆربەی بابەتەکانی جێی باسوخواستی بوو، کورد و کوردستانە لە ئەڵمانیا و ئەوروپادا، لە کاتێکدا ڤێرزیۆنی کوردی تورکی عەرەبی و فارسی، بەزۆری قسەیان لەسەر بابەتگەلێ بوو،کە لە وڵاتی رەسەنی کورد روویان دەدا. ئەمەش بە گشتی بەرەو ئەو باری سەرنجەمان دەبات ڤێرزیۆنی ماڵەپەڕەکان،کە لە بەرنامەی ماڵپەرەکان زمانی ئەو وڵاتانە بەکارهێنراون، کە لێی نیشتەجێن، زیاتر لە بابەتی» سیاسەتی دەرەکی» (لە دیدی کوردەوە) باس دەکەن، لە کاتیکدا لەسەر ماڵپەرەکانی، کە بەزمانی دەڤەرەکان (کوردی و تورکی و فارسی عەرەبی) نووسراون. زیاتر ئەو بابەتانە دەبینران، کە سیاسەتی ناوخۆیی (لە دیدی کوردەوە) جێی باسوخواستە. نموونە بۆ ئەم فرە زمانییەی ماڵپەرەکان:
www.pen-kurd.org,www.yxk-online.com,www.rizgari.com,www.efrin.net
شیکارێکی پێداچوونەوەیەکی گرێدانی لینکەکانی ئەو ١٠٣ ماڵپەرە کوردییە،ئاکامی ئەوە بوو کە زۆرینەی ماڵپەرە کوردییەکان، پێکەوە تۆڕبەند بوون. ئەوەیشی لێرەدا دیار و بەرچاو بوو،کە ماڵپەڕە کوردییەکان، بە شێوەیەکی بەهێزی نێونەتەوەیی، پێوەندی بەردەوامیان پێکەوە هەبوو، واتە پێوەندی تۆڕبەندی لە نێوان ماڵپەڕێکی کوردی، لە ئەڵمانیا لەگەڵ ماڵپەڕێکی دیکەدا، لە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپادا، یاخود لە باکووری ئەمریکا،لە قەوقاز و لە رۆژهەڵاتی ناوین و نێزیکدا هەبووە.
زۆر لە ناونیشانەکانی دۆماین Domainaddresse،بە Top-Level-Domains org,com,net، تۆمارکراون بە رێژەیەکی کەم بەde، (واتە ئەلمانیا… وەرگێر) ئەمەش بەروون و ئاشکرا، دامەزراوە کوردییەکانی ئینتەرنێتی بە جیهانی کردووە. لە تەک هەقیقەتی تۆڕبەندی لە نێوان ماڵپەڕەکاندا، ئێمە خڕکردنەوەی لینکەکانیشمان بەرچاوکەوت، لە کۆتاییدا ئەرکیان ئەوەبوو، لە رێگای کردنەوەی لینکی ماڵپەرە کوردییەکانەوە، لە جیهاندا، داتا و زانیاریی و تێکست، لەمەڕ مێژوو، کۆمەڵگە، کەلتوور و سیاسەتی کوردیی وەردەگرن. بەدەست دێنین.
بە شێوەیەکی ئۆنلاین onlin،دروستکردنی ئەرشیڤی نەتەوەیی ئینتەرنێت، لە دنیادا، کە هەر کاتێ بتەوێ لەبەردەستدا بێ و بتوانی پەنای بۆ بەریت. نموونەیەک لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەین ماڵپەری www.akakurdistan.com . لە کاتێکدا کورد، هێشتا نە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی و نە ئەرشیفێکی نەتەوەیییە هەیە، بەڕێوەبەرانی ئەم ئۆنلاینە،دەیانەوێ ئەمە پڕ بکەنەوە. بە کۆنکرێتی ئەمە لە سەر لاپەڕەی دەستپێکیakakurdistan.com» نووسراوە:this Site,a borderless space,provodes the opportunity to build a collective memory with a people who have no national archive « واتە: ئەم ماڵپەڕە،رووبەرێکی بێسنوورە،دەرفەتێک دەخاتە بەردەست، یادەوەرییەکی بە کۆمەڵ، لەگەڵ مرۆڤەکان دا،ئەوانەی هێشتا ئەرشیڤی نەتەوەییان نییە، دروست بکات.
ئەم ماڵپەرە، سنووری هەوارێکە ئەو دەرفەتە دەخاتە بەردەم، یادەوەرییەکی بە کۆمەڵ، لەگەڵ خەڵکانێکدا دروست بکات،کە هەبوونی ئەرشیفی نەتەوەییان دروست نەکردووە.

سیمبۆل و ئاماژەکانی سەر ماڵپەرەکان
وەک لەسەرەوە لەسەری دواین، لەسەر ماڵپەرەکان، هەمیشە سیمبۆل و ئاماژەکانی کوردستان، بەرچاو دەکەون. زۆر ئەدەبیات لەسەر مێژوو، کولتوور، ئەفسانە نەتەوەییەکان، پاڵەوانە نەتەوەییەکانی کورد و هەروەها هی دیکە هەیە. ئەم نمایشە ئامانجێکی هەیە،بەکارهێنەرانی ئەم ماڵپەڕانە، لە پرسیاری مێژوویی وڵاتی خۆیان روون بکاتەوە و هانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەش دەدەن. لە رێگای دەستەبەرکردن و بڵاوکردنەوەی زانینێکی هاوبەشەوە لەمەڕ» نەتەوە»ی خۆیان، لە رێگای مێژوویەکی هاوبەش، پاڵەوانی نەتەوەیی، ئەفسانە و شارە مێژوویی و سیمبۆلەکان، گەرەکە ئەم ناسنامە نەتەوەییە بچەسپێ و بەرجەستە بێت. ئەمەش بۆ خوڵقاندنی هۆشیارییەکی نەتەوەیی هاوبەش، بایەخێکی هێجگار گەورەی هەیە. وەک تاکە نموونەی ئاسایی بۆ ئەمە دەتوانین ماڵپەری www.kurdmania.org ناوبێنیین. لێرەدا وێنەیەکی شاری نەتەوەیی حەسەنکێڤ وەک لۆگۆیەک بۆ دەسپێک و خوارەوەی لاپەرەکە، بەکاردێنێت.

کەمپین لەسەر ماڵپەرەکان
سیمایەکی دیکە،کە ماڵپەڕە کوردییەکان نیشانییان داوە، ئامادەگی زۆری کەمپینی ناو ئینتەرنێتە ـ داخوازی ـ بانگەواز،و کۆکردنەوەی ئیمزایە. هەر بە تەنیا لە میانەی لێکۆڵینەوەکەی (هاوینی ٢٠٠٨) دا، چەندین کەمپینی ئۆنلاین لە ماڵپەرە کوردییەکانی ئەلمانیا کراوە، لێرەدا باس لە دوو نموونە دەکەین،ئەوانیش کەمینی ئۆنلاینی «Save Hasankeyf « و»کۆتایی بهێنن بە یاسای قەدەغەکردنی Roj TV « لەسەر زۆربەی ئەو ماڵپەرانەی، ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردن و، هەندێکیش لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی تۆربەندی وەک studi VZ و Myspace بڵاوکرابوونەوە.
لە کەمپینی یەکەمدا، بانگەواز لە رژێمی ئەڵمانیا و سویسرا کرا، بکشێنەوە لە هاوکاریی دارایی، پرۆژەی بەنداوی رۆژهەڵاتی خوارووی ترکیا، چونکە لە چوارچێوەی نەخشە بۆکێشراوی ئەم پلانەی رژێمی ترکیادا، لە پرۆژەی بەنداوەکە،شاری دێرین و شوێنەوارەکانی حەسەنکێف، دەبن بەژێر ئاوەوە و دانیشتوانی زیاتر لە ١٠٠ گوندی دیکەی کوردی لە دەڤەرەکە، بە هۆی ئەم پلانەوە، پێویستە لە زێدی خۆیان بۆ شوێنانی دیکە رابگوێزرێن.
دووەم کەمپینی ئۆنلاین، ئاراستەی ئەو قەدەغەکردنەی سەر پەخشی تەلەفزیۆنی ـ هەندەرانی کورد Roj TV بوو لە ئەلمانیا. دژی ئەم تەلەفزیۆنە، کە لە دانیمارک پەخشی بەرنامە کوردییەکانی دەکرێ و لە بەلژیکا کارەکان بەرهەمدێنێ، لە مانگی ٦/٢٠٠٨ دا، بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ چالاکییەکانی رێبەندی لێ کرا.
لەتەک نمایشکردنی تێروتەسەلی مێژووی کورد،سیمبۆل و ئەفسانەکان و هەروەها کەمپینە ئاماژە پێکراوەکان، وا بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، لەسەر لە ماڵپەڕەکانیان، چەندین دەرفەتی فێربوون و فێربوونی زیاتر، لە شێوەی سەمیناری ـ ئۆنلاین، کۆرسی زمان، کۆبوونەوە و کۆنسێرت…تا دوایی پێشکەش دەکرا…بە تایبەتی لەلایەن بەکارهێنەرانی کوردی ئەلمانیاوە،وە هەروەها دەبوو، لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاشەوە، کورد،دەستی بەم پێشکەشکراوانەوە بگات و خۆیان لەسەر بابەتی بۆ نموونە: ناسنامەی کوردی،کولتوور و سیاسەتی دیاسپۆرا، بیرورا ئاڵوگۆڕ بکەن.

بەکارهێنانی ئینتەرنێت
هەروەک لەم باسەدا ئاماژەمان پێدا،لە تەک شیکاری ١٠٣ ماڵپەڕی بایەخدار، بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە و، پرسیارکردن لە بەڕێوەبەری ١٠ ماڵپەری کوردی دەستنیشانکراو هەروەها بەکارهێنەری ١٠ ماڵپەڕە دەستنیشانکراوەکە،لە رێی فۆرمی پرسیارکردنی ئۆنلاینەوە،دەربارەی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئینتەرنێتدا لێ کرا.
پرسیار دەربارەی ئارەزووی سیاسی و چالاکییەکانی، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت کرا. وەک یەکێ لە ئاکامە گرنگەکان، لێرەدا دەرکەوت، ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، نەتەوەسازیی Nation Building،وەک بینرا، لە رێی بەڕێوبەرانی ماڵپەرەکانەوە،بەتەواوەتی بەهێزتر و خێراتری دەکات. هەروەها لە لایەن بەکارهێنەرانەوە ئارەزووی دەکرا، و داوایان دەکرد و بە شێوەیەکی زیاتر بەجۆشوخرۆشتر دەبوون.
ئەمەش بۆ خۆی شتێ نیشانی دەدا،ئارەزووی سیاسی بانگاشەبۆکراو لە لایەن بەکارهێنەرانی ماڵپەڕە کوردییەکان، کە خۆیان ـ وەک لای لێکۆڵینەوەی بەڕێوبەران ـ لەسەر بابەت،دەربارەی زێد و وڵاتی رەسەنی خۆیان، لەگەڵ «کوردستان» دا سەرگەرمن. لە پرسیارکردنماندا، زۆربەی وەرامی بەکارهێنەران(٩١،١٪) دا بەدەستەوە، لەوانەی کە زۆربەیان ئارەزوویان بۆ سیاسەتی زێد و وڵاتی رەسەنی خۆیان ترکیا،عێراق، ئێران و سووریا هەیە. (تەماشای خشتەی ١ بکە).
خشتەی ١: ئارەزووی سەرەکی سیاسی کوردانی، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا.
کوردانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا(N=135)
نیشتمانی رەسەن: تورکیا،عیراق، ئێران و سووریا ٩١،١
ئەو وڵاتەی لێ نیشتەجێن(ئەڵمانیا) ٨،٩
سەرچاوە: بەرزکردنەوەی خۆیی، بە رێژە
هەروەها روون بۆوە، کە بەکارهێنەرانی ١٠ ماڵپەڕەکەش زۆر چالاک بوون. بەم شێوە وەڵامی ٨٣،٦%ی پرسیارلێکراوان وابوو، کەوا لە رێی ئۆنلاینەوە، گەر بۆ جارێکیش بێ، گفتوگۆی سیاسییان هەبووە، زیاتر لە ٧٠% یان، بەلانی کەمەوە نامەیەکی ئۆنلاین، یان نامەی خوێنەرێک، یاخود تۆمارێکی دەفتەری میواندارییان، بە ناوەڕۆکی سیاسییانە لە کەمپینی ئۆنلاین دا نوسیووە. بۆ نموونە کۆکردنەوەی ئیمزا،هەڵمەتی کۆکردنەوەی باربوو،داخوازینامەی ئەلەکترۆنی٧٢،٩٪ ی بەکارهێنەران، گەر بۆ جارێکیش بێت بەشدارییان کردووە، لە خۆپیشاندانێکی ئۆنلاین دا، یاخود لە یەکێ لە مەسەلەکانی دەنگدانی ئۆنلاین ٥٦،٪،واتە زیاتر لە نیوەی پرسیارلێکراون، بەشدارییان کردووە. پرسیاری ئایا ئەوان، تەنیا بۆ جارێکیش بێت ئیمێلێکییان، بۆ سیاسییەک نووسیوە، وەرامی ٣٣،٨٪ «بەڵێ» یە .(تەماشای خشتەی ٢ بکە).
خشتەی ٢ چالاکی سیاسی کوردانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا لە ئینتەرنێتدا.
کوردانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا(N=133)
لە شێوەی(فۆڕمی)/چات دا دەربارەی سیاسەت، گەنگەشەکردن…………………٨٣،٦ نامەی خوێنەران ـ ئۆنلاینی سیاسی/داڕشتنی تۆمارێکی دەفتەری میوان………..٧٠،٧
بەشداری لەکۆکردنەوەی ئیمزا، هەڵمەتی کۆکردنەوەی باربوو…………………..٧٢،٩
بەشداریکردن لە دەنگدانی ئۆنلاین………………………………………………….٥٦،٠
نووسینی ئیمێل بۆ سیاسییەکان……………………………………………………..٣٣،٨
سەرچاوە:بەرزکردنەوەی خۆیی، بە رێژە.
نووسین دەربارەی رۆڵی گرنگی ئینتەرنێت لە پرۆسەی سیاسی لە لایەن بەکارهێنەرەکانیەوە،پیاو دەتوانێ لەوەشدا بیبینێ،کە زۆرینەی پرسیارلێکراوەکانی کوردی بەکارهێنەری ئینتەرنێت گەر جارێکیش بێ هەوڵیان داوە خەڵکی دیکە دەربارەی رووداوە سیاسییەکان ئاگادار بکەنەوە ٧٩،٩٪ یاخود ئەو کەسانە بهێننە سەر بیروباوەڕی خۆیان ٥٨،٦٪ هەروەها ئەوەی بەرچاوە، کە بەشێکی زۆری پرسیارلێکراوەکان ٦٠٪ لە ئینتەرنێتدا جارێکیش بێ بەشدارییان بۆ رووداوە سیاسییەکانی ئۆفلاین هەبووە یاخود خودی خۆیان هەڵمەتی سیاسەتیان لە ئینتەرنێتدا رێکخستووە(تەماشای خشتەی ٣ بکە).
خشتەی ٣: کاریگەریی سیاسی چالاکی ئینتەرنێتی کوردانی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا.
کوردانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئەڵمانیا(N=136)
ئاگادارکردنەوەی کەسانی دیکە،لەمەڕ رووداوە سیاسییەکان……………………٧٩،٩
کەسێ لەرووی بیروڕای سیاسی خۆیەوە، قەناعەت پێ بکەیت………………….٥٨،٦
بەشدارێکی ئۆنلاین بۆ رووداوێکی ئۆفلاین،بەدەست بێنی یاخودی خۆت،چالاکی سیاسی لە ئینتەرنێتدا رێک بخەیت………………………………. ٦٠،
سەرچاوە: بەرزکردنەوەی خۆیی، بە رێژە.
بە کورتی و پوختی ئەوەمان چنگ دەکەوێ، دیاسپۆرای کورد لە ئەڵمانیا، ناسیونالیزمی دوور مەودای بەرجەستەبوو بەڕێوە دەبات. لەم رێگایەوە خزمەت بە هۆشیاری نەتەوەیی و بەرفراوانکردنی، لە دیاسپۆرا دەدەن و هەوڵ دەدەن، رەنگدانەوە و کاریگەرێتی لەسەر سیاسەتی نیشتمانی رەسەن خۆیان دروست بکەن. لەمەشدا ئینتەرنێت، رۆڵی سەرەکی بەردەکەوێت. سەربەخۆیی شوێن، خێرایی و تێچوویەکی کەمی(هەرزانی..و) ئینتەرنێت، ئاسانکاریی لە بڵاوکردنەوەی ئایدیای نەتەوەیی، لە نێو دیاسپۆرای کورد و وڵاتی رەسەنی خۆیان دا دەکەن. کوردانی دیاسپۆڕا،لەمەدا ئینتەرنێت بەکاردێنن، لە پێناوی ئەوەی سیمبۆلە نەتەوەییەکان، ئەفسانە و هەروەها زمانی کوردیش زیندوو رابگرن. هەروەک ئاکامی لێکۆڵینەوەکەمان دەری دەخات، پیاو دەتوانێ بڵێ، بە نێزیکی «کوردستان» بە مەجازی/ خەون، بە سنوورە جوگرافیاییەکەیەوە لە ئینتەرنێتدا بوونی هەیە. کوردستانی خەون لە لایەن زۆرینەی هەرە زۆری پێشکەشکەرانی ئینتەرنێت و بەکارهێنەرانییەوە،ساخبۆتەوە و هیوادارن رۆژ لە رۆژان، کوردستانێکی سەربەخۆ بەراستی ببینن.
دەرئەنجام.
هەروەک، ئاکامی لێکۆڵینەوەکەمان، و چەندین لێکۆڵینەوەی دیکە، لەمەڕ ناسیونالیزمی دوور مەوداوە و کاریگەرێتی لە لایەن رێکخراوەکانی دیاسپۆراوە لەسەر پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان روون و ئاشکرای دەکەن، کۆنسێپتی نەتەوە، هەروەها تەمەنی گلۆبالیزمەبوون و ترانس ناسیونالیزمەبوونیش، هێشتا هەروەک جاران هەنووکەییە و ئامادەیی هەیە. تەنانەت پیاو دەتوانێ بڵێ، پرۆسەی گلۆبالیزمەبوون،کە جیهانی لێک نێزیک کردۆتەوە، بەر لە هەر شتێ، لە دید و روانگەی، راگەیاندن(کۆمۆنیکاسیۆن) ـ و دەرفەتی گوێزانەوەوە،تەنانەت هێشتا تەکان و گووڕ بە بیرۆکەی نەتەوە دەبەخشێ. لە ئێستادا گرووپگەلێک، کە خۆیان بە نەتەوەی بێ دەوڵەت دادەنێن، وەک کورد، سوود لەم دەرفەتە نوێیە وەردەگرن، مەسەلەی نەتەوەییان بەرەو پێش بەرن. لە هەنووکەدا ئینتەرنێت، دەرفەتێکی زۆری خستۆتە بەردەم ئەم گرووپانە، بە بەردەوامی، ناسیونالیزمی دوور مەودا بەڕێوەبەرن.
دیارە بۆ ئەمەش کردنەوەی ژوور، بۆ ئاڵوگۆڕی بیڕوڕای ئازاد ـ و هزر، لە لایەک بەشێک لەمانەوە،لە وڵاتانی رەسەنی خۆیاندا،دەرفەتی ئەم کارە نییە. هەروەها لە لایەکی دیکەوە، بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ناسیۆنالیزم، کە گرووپەکانی دیاسپۆرا لە جیهاندا، پێکەوە گرێ بدات،و دەبێ پێوەندی لەگەڵ رووداوە سیاسییەکانی وڵاتی خۆیاندا بپارێزن.
هێز و توانای(پۆتەنسیالی) بەکارهێنانی ئینتەرنێت، بۆ کۆمەڵگەی دیاسپۆرای بێ دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیی،لەمەدا لە ئاستێکی گەورەدایە.
هەوڵ و تێکۆشانی ناسنامەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، لە ژوورە خەیاڵییەکانی ئینتەرنێتدا، بە پێی بیروڕای زۆرینەی پسپۆران و پشکنەرانی ئینتەرنێت، ئەم دامودەزگا ئایدیالە دۆزرایەوە، بۆ خوڵقاندنی بیرورای گشتی و خۆسازدانی سیاسی . لە کۆتاییدا بێگومان دەبووایە جارێکی دیکە، ئاماژە بکرێ بەوەی ناسیونالیزمی دوور مەودا، نەک تەنیا هەر لە یەک دیاسپۆراوە،بەڵکو هەروەها لە وڵاتی رەسەنی کۆچبەرانیشەوە،کاری پێ دەکرێ.
بە بەردەوامی تا بێت،زۆربەی دەوڵەتانی رەسەن، بە تایبەتی هی گرووپە گەورەکانی کۆچبەران، هەوڵی زیادبوونی پاراستنی، پێکەوەگرێدانی نەتەوەیی کۆچبەرانی، نەوە بە نەوە،بە درێژایی رۆژگار دەدەن.
دەوڵەتەکان بەمە هەوڵ دەدەن،کەڵک وەربگرن لە جڤاتی هەندەرانیان، وەک سەرچاوە و داهاتێک، بۆ گەشەسەندن لە ناوەوەی وڵات.
لێرەدا چ سەرچاوە و داهاتی ئابووری،و چ هی سیاسی و کۆمەڵایەتی(لە فۆرمی زانست و کۆنتاکت)دا، جێی بایەخی وڵاتی رەسەنە.
ئەوەی لە لایەن ئەندەرسۆنەوە ناونراوەLong-Distance Nationalism،لێرەدا دەستاوێژێکی گرنگە، بۆ وابەستەبوون بە نیشتمانەوە بپارێزێ و بەرز رابگرێ.
خۆی هەوڵ و تیکۆشانی نەتەوەییانە، لە جیهانی گلۆبالیزمەدا هەروا بەسانایی ناتوێنێتەوە، بەڵکو هێشتا هەر بەردەوامە و تەنانەت بە شێوەیەک خودی بەهێتر دەکات. لەسەرتاسەریی جیهاندا، رێکخراوەکانی دیاسپۆرای دەست بەکاربوو، ئەرک و رۆڵێکی گەوهەریی لەم پرۆسەی گەشەسەندنەدا دەگێڕن.

سەرچاوە: (Staad und Nation Samuel Salzborn(Hg
١٠\٣\٢٠١٥

– لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی ـ ئۆنلاینی کوردانە، لە ئەڵمانیادا –

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بڕیارە نوێکەی بۆتەفلیقە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی جەزائیر دەهێنێت

خۆپیشاندان لە جەزائیر دوای ئەوە دەستیپێکرد کە عەبدولعەزیز بۆتەفلیقەی سەرۆکی ...