سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » رازاندنەوەی عەنكاوە تەنها بۆ پاپا نەبێت

شوخت

رازاندنەوەی عەنكاوە تەنها بۆ پاپا نەبێت

بۆ پێشوازیی پاپا-ی ڤاتیكان حكومەتی هەرێم رێگاكانی بەرەو عەنكاوە و ناو شارۆچكەی عەنكاوەی نۆژەن و رازاندۆتەوە، دەیەوێت دیمەنێكی جوانی ئەو شارۆچكەیە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی مەسیحین پیشان بدات. سەرنجی میوانەكان رابكێشێت كە مەسیحییەكانی كوردستان هەم شارەكەیان جیاوازە و هەمیش زۆر جیاوازتر لە ناوچەكانی دیكەی عیراق دەژین.

عەنكاوە بۆخۆی شارێكی جوانە، كارێكی باشە زیاتر رازاندنەوەی، بەڵام ئەگەر بپرسین بزانین مەسیحییەكانی كوردستان وەك ئەو دیمەنەی پێشاندەدرێت، دەژین؟ یان هەستی شەراكەت یان لانیكەم بەشداربوونیان لە حكومڕانیی كوردستان هەیە وەك كۆتا یان كەمینەی ئاینیی؟

رەنگە دەرفەتی ئەوەمان نەبێت تێروتەسەل لە وتارێكی كورتدا باسی ژیانی مەسیحییەكانی كوردستان بكەین، بەڵام دەكرێت بەروونی ئەو راستییە بڵێین كە تائێستا هیچ كام لەپێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی كوردستان نەبوونەتە شەریكی راستەقینەی بەڕێوەبردن و ژیانی سیاسی. پێكهاتەی كلدو ئاشور و سریان-ەكان و ئەرمەن (كە هەموویان مەسیحین) شەش ئەندامی كۆتایان لە پەرلەمان هەیە، بەڵام جگە لە ئەندامێكیان، ئەوانی دیكە هیچیان نوێنەرایەتیی ئەو پێكهاتانە ناكەن، بەڵكو بە دەنگی كورد دەبنە ئەندامی پەرلەمان! ئەو ئەندام پەرلەمانانە، لەباتی نوێنەرایەتی پێكهاتەكانیان و خەمی شەقامیان لە ئەستۆ بێت، ئێستا بوونەتە بەشێك لە ئەجێندای سیاسی ناوخۆی هەرێم و لەدوایین خولی پەرلەمانیشدا بەروونی بوونەتە گرفتێكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان، كراونەتە داردەست بۆ ئاڵۆزتركردنی دۆخی سیاسی! لە دەنگدانەكانی پەرلەمان وەك ئەندامی حزبی كوردی حیساب دەكرێن نەك وەك نوێنەری پێكهاتەی (كلدۆ ئاشور سریان و ئەرمەن) سەرەنجام زیان بەناوبانگی پێكهاتەكانیان و سیستمی كۆتا دەگەینن كە بۆ بەشداریكردنی ئەو گروپانە جێبەجێدەكرێت كە ناتوانن بگەنە پەرلەمان.

لەهەموو كابینەیەك وەزیرێك یان چەند بەڕێوبەرێكی گشتیی لەسەر پشكی مەسیحییەكان دادەنرێن، بەڵام هەر هەموویان ئەندامی حزبی كوردین و نوێنەرایەتی مەسیحییەكان ناكەن و هیچ پەیوەندیان بەخەم و خواستی مەسیحییەكانی كوردستانەوە نییە! لەوەش زیاتر، تەنانەت لە شارۆچكەی عەنكاوە، جگە لە بەڕێوبەرێك كە كەمترە لە پەنجەكانی دەست، ئەوانی دیكە بەڕێوبەر و جومگە سەرەكییەكانی ئیدارەی شارەكە بەدەست كورد یان موسڵمانەوەیە و مەسیحییەكان پەراوێزخراون! واتە لەو شارۆچكەیەی كە زۆرینەی رەهان، مەسیحییەكان كاربەدەست نین.

لەوانەی سەرەوە واوەتر، مەسیحییەكانی كوردستان تێبینیان لەسەر هەندێک بابەتی قانونیش هەیە و پێیانوایە دەنگ و رەنگی ئەوان لە زۆر بابەتدا غائیبە و زۆربەی بابەتە سەرەکییەکان گوزارشت لە نەتەوەی كورد دەكەن نەك هەموو گەلی كوردستان، نموونەشیان بۆ ئەوە وەک سرودی نیشتمانی و ئاڵای هەرێمی کوردستان کە زیاتر رەنگدانەوەی نەتەوەی کوردە نەک گەلی کوردستان.

بەكورتی، با رازاندنەوەی عەنكاوە تەنها بەخاتری هاتنی پاپا نەبێت، بەڵكو هەستی شەریكبوون لەم نیشتمانە قووڵبكرێتەوە و بە پێكهاتە ئیتنی و سیاسییەكانەوە، ئەوكاتە نەك بەتەنها شەقامەكانی عەنكاوە، بەڵكو هەموو كوردستان رەنگ و رووی جوانتر دەبێت، بەجۆرێك هەمووان هەستبكەن ئەم وڵاتە هی هەمووانە، نەك بوونی پێكهاتەكان لەناو پەرلەمان و حكومەت بۆ مەبەستی سیاسی و قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان بەكاربهێنرێت و سەرەنجام هەم پێكهاتەكان زیانیان پێبگات و هەمیش دۆخی سیاسی ئاڵۆزتر و خراپتر ببێت.

 869 جار بینراوە