سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جەنگی: بینینی کەسوکاری شەهیدان و گێڕانەوەی چیرۆکی شەهیدبوونی رۆڵەکانیان تەزووی بە لەشدا هێنا

لاهور شێخ جەنگی: بینینی کەسوکاری شەهیدان و گێڕانەوەی چیرۆکی شەهیدبوونی رۆڵەکانیان تەزووی بە لەشدا هێنا

ئەمرۆ یەکشەممە ٧ی٣ی٢٠٢١، لە ساڵیادی راپەرینە مەزنەکەی شاری سلێمانی و لە مۆزەخانەی نیشتمانی(ئەمنەسوورەکە)، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشانگای ئەلبوومی دایکی سەروەرانی کردەوە.

لەو مەراسیمەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی ئامادەیبوون، لاهور شێخ جەنگی لە نزیکەوە لە زاری کەسوکاری شەهیدان و دایکە سەروەر و مەزنەکانیانەوە گوێی لە چیرۆکی ناخ هەژێنی شەهیدبوونی هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانە گرت کە لە پێناوی ئازادی و سەربەستی کوردستان رووبارێک خوێنیان بەخشی و ئەمڕۆیان بۆ بەرهەم هێناوە.

لە میانی گفتوگۆ لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند؛ ئەو دایکە جەرگ سووتاوانەی کە هەریەکەیان زیاد لە سێ رۆڵەی خۆیان پێشکەش بە کوردستان کردوە و لە ئەلبومی دایکی سەروەراندا تۆمارکراون، شانازییەکی گەورەیان بۆ بەزیندوویی هێشتنەوەی شەهیدەکانیان و یەکێتییەکەیان تۆمارکردووە کە مێژوو هەمیشە بە گەورەیی باسیان دەکات و ئێمە و مانانیش بەردەوام شانازییان پێوە دەکەین و لە ئاست نەمری و فیداکارییان سەریان بۆ دادەنەوێنین.

راشیگەیاند؛ وەفاداریی بۆ دایکی سەروەران و ئاسوودەکردنی رۆحی شەهیدەکانمان، درێژەپێدانە بە رێبازە پیرۆزەکەیان و پارێزگاریکردنە لە ئازادی و بەها باڵاکان و دەستکەوتەکانی راپەرین و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گەشەپێدان و بەهێزکردنی یەکێتی.

هاوکات لاهور شێخ جەنگی لە دەفتەری یادگارییەکاندا یاداشتێکی تۆمارکرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بینینی کەس و کاری شەهیدان و گێڕانەوەی چیرۆکی شەهیدبوونی رۆڵەکانیان تەزووی بە لەشدا هێناو هانیداین کە زیاتر تێبکۆشین بۆ بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدەکانمان.

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوپاسی بۆردی ئەرشیف و مێژوویکرد لە مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و هۆشیاریی و سوپاسی خاتوو ئەمیرە محەمەدی کرد بۆ کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ئەلبومی دایکی سەروەران.

 2,110 جار بینراوە