سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » من وخار و کەرەباب

من وخار و کەرەباب

لە گەڕەکی دۆلاراوای هەولێر، لە کۆڵانەکەی پشت ماڵمان کەڵەشێرێکی زۆر هار و هاج هەبوو، هەر لە دوورەوە دەمبینی وامدەزانی سارووخە بۆم دێ، چونکە یەک دوو ساڵ پێشتریش خۆمان كه‌ڵه‌شێرێكی وەک ئەومان هەبوو (نێوان خۆمانبێ) چەندین جارێک باشی کوتابوومەوە، بۆیە واملێهاتبوو هەرچی لە هێلکە بێتەدەر لێی بترسم.
ئەو کۆڵانە رێگای چوونم بوو بۆ لای فڕنی سه‌موونی ساوە، لەوێوە سواری پاس دەبووم بۆ ناو بازاڕ و لەوێشەوە به‌ پاسێکی تر بۆ زانکۆ.
بەیانییەک گەیشتمە کۆڵانەکە و کەڵەشێرەکەش هاتەدەره‌وه‌، وەک بڵێی بۆنی کردبێ لەوێم، هەموو رۆژێش من و ئەو خارە پۆلیسەی لەو کۆڵانە دەژیا بە رێکكەوت یەکترمان دەبینی دیاربوو دەواممان لەیەک کات بوو.
کەڵەشێر سەرەدیقانەی دەکرد، خەریکی پیلانگێڕی بوو، زانیم بۆ منە و لێم دەقەومێ، ویستم بگەڕێمەوە ماڵێ، تازە گەیشتبوومە نیوەی ڕێ، کەڵکی نەبوو هەر دەهات، ویستم ڕاکەم، زیاتر دەورووژا، ناچار هانام بۆ خارەی پۆلیس برد و گوتم: خارە (خاڵه‌)
گوتی: ها خارە، فەرموو
گوتم: ناڵێن پۆلیس لە خزمەت گەلە؟
گوتی: بەرێ وەڵا، چ بووە بەو بەیانیە زووەی کچم؟
پێکەنین و شەرمم تێکەڵ بوو، گوتم: توخوا ئەو چاوزەقە زل و هارەم لەکۆڵ کەوە، (مه‌به‌ستم كه‌ره‌باب – كه‌ڵه‌باب)ه‌كه‌ بوو كه‌ سلێمانی پێی ده‌ڵێن كه‌ڵه‌شێر.
خار بەتەمەن وكێشیشی زۆر بوو، ئاسان نەبوو لەدوای کەڵەشێر ڕاکا، بەڵام دیاربوو دەیزانی کەڵەشێرەکە راوی پیاو نانێ بۆیە گوتی: دە تۆ وەرە لە دوامەوە بڕۆ، جا با پیاوبی بەلاتدابێ.
باش بوو ڕاوی نەنام، گەڕایه‌وە و نەهات، ئەو رۆژی رزگارم بوو لێی و ئەوێم تەرک کرد.
ئێستا، زۆرجار سەیری ئەو کچ و ژنە شەرڤان و گەریلایانە دەکەم، جیاوازییەکە دەبینم.
دەزانم ئێمە سەردەمێک بەرەنگاری جەور و ستەمی رژیمی بەعس دەبوینەوە و چەندین کچ و ژنیش لە سەنگەری شەرەف بەرگرییان کردووە، یان لە دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس شان بەشانی پیاوان ئەشکەنجەدراون، یان لە رێکخستنەکانی ناوشار هیچمان کەمتر نەبووە لە پیاوان، نازانم حەماسەتی هەرزەکاری و هەرزەسیاسی ئەوکاتمان بوو، یان ستەم و ترس حەزی ژیان لای مرۆڤ ناهێڵێ، بۆیە ئەوکات ئازا و چاونەترس بووین و ئێستاش لە کەڵەشێر و جاڵجاڵۆکە دەترسین، تەمەنە یان جۆری ژیان و زەروورەتە حەز و کرداری مرۆڤ ئەگۆڕێ؟!

 346 جار بینراوە