سەرەکی » راپۆرت » ئاسایش:به‌ هه‌موو هه‌وڵ‌ و توانا‌یه‌كمانه‌وه‌ ئاسایشی هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌پارێزین‌

ده‌ستگیركردن‌و راوه‌دونانی تیرۆریستان به‌رده‌وامه‌

ئاسایش:به‌ هه‌موو هه‌وڵ‌ و توانا‌یه‌كمانه‌وه‌ ئاسایشی هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌پارێزین‌

راپۆرتی: کوردۆ عەلی

دوای شكستی تیرۆریستانی داعش له‌ عیراق، ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم به‌رچاو روونبوو له‌سه‌ر پیلانی نوێی تیرۆریستان بۆ تێكدانی ئارامیی هه‌رێم، ئه‌وه‌ بوو به‌بڕیاری سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم، ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا پێكهێنرا، ده‌ست به‌كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری‌و به‌دواداچوون كرا له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كداره‌ په‌رته‌وازه‌كانی داعش له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم، دوای شه‌ونخوونی‌و ماندووبوونی كارمه‌ندان‌و ئه‌فسه‌ران، بۆ ده‌زگای ئاسایش روونبۆ‌وه‌ كه‌ تیرۆریستان پیلانیان داناوه‌ دزه‌ بكه‌نه‌ ناو خاكی هه‌رێم‌و حه‌شارگه‌ی نهێنی دروست بكه‌ن‌و بیكه‌نه‌ خاڵی خۆڕێكخستنه‌وه‌و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی.

زۆربه‌یان كوردبوون
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، ته‌واوی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییه‌كانی ئاسایشی هه‌رێم سه‌ر به‌ده‌زگای ئاسایش، پلانی خۆیان داناو ده‌ستیان كرد به‌جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوه‌كانی پاراستنی ئارامی‌و سه‌رو ماڵی هاووڵاتیان.
ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاریی ورد، بۆ هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی گه‌رمیان روونبۆ‌وه‌، له‌ بوونی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو كه ‌له‌ ناوچه‌ی په‌ڵكانه‌ی نزیك خورماتووه‌وه‌ جوڵه‌یان پێكراوه‌ بۆ ناوچه‌ی گه‌رمیان، به‌دواداچوونی ورد كراو دەرکەوت له‌ ناوچه‌ی بناری به‌مۆ چه‌كداره‌كان بینراون، پاش لێكۆڵینه‌وه‌و ره‌زامه‌ندیی دادوه‌ر، به‌فه‌رمانی سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم، ئێواره‌ی 22/1/2018 ته‌واوی هێزه‌كانی ئاسایشی گه‌رمیان كێوماڵكردنی ناوچه‌كه‌یان ده‌ستپێكردو توانییان شوێن‌و حه‌شارگه‌ی چه‌كداره‌ نه‌ناسراوه‌كان كه‌ ئه‌شكه‌وتێك بوو له‌ ناوه‌ڕاستی شاخی به‌مۆ، ئاشكرا بكه‌ن‌و دوای ئه‌وه‌ی داوایان لێكرا ناسنامه‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن‌و خۆیان راده‌ستی ئاسایش بكه‌ن، به‌ڵام رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ئاسایش بوونه‌وه‌و شه‌ڕوپێكدادان بۆ ماوه‌ی ( 30 ) ده‌قیقە‌ به‌رده‌وام بوو.
لیوا نه‌وشیروان ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گه‌رمیان ده‌ڵێت: زانیاریمان پێگه‌یشت كه‌ له‌ سه‌عات دووی شه‌و ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ناوچه‌ی به‌ڵكانه‌وه‌ به‌دوو ئۆتۆمبێل جووڵه‌یان پێكراوه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی گه‌رمیان، ئێمه‌ بۆ به‌یانییه‌كه‌ی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێممان ئاگاداركرده‌وه‌‌و ئه‌وانیش داوایانلێكردین زۆر به‌وردی چاودێریی ئه‌و سنووره‌ بكه‌ین، وتیشی: دوای چه‌ند رۆژێك بۆمان ده‌ركه‌وت گروپێكی چه‌كدار هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی شاخی به‌مۆ له‌بناری شاخی خركنێ، مه‌فره‌زه‌مان چووه‌ ئه‌و شوێنه‌و بۆمان ده‌ركه‌وت راسته‌ كه‌ گروپێكی چه‌كدار له‌وێ هه‌ن‌و زۆربه‌یان كوردبوون‌و سه‌ره‌تا خۆیان به‌خۆبه‌خش ناساندبوو، به‌ڵام ئاسایشه‌كان داوایانلێكردبوون خۆیان راده‌ست بكه‌ن یان خۆیان به‌ته‌واوی بناسێنن، ئه‌وانیش ئاماده‌نه‌بوون خۆیان ته‌سلیم بكه‌ن‌و هه‌ڵكشان به‌ره‌و شاخی به‌مۆ‌و سوودیان له‌كاته‌كه‌ش وه‌رگرت‌و سه‌ر له‌ئێواره‌ پێش خۆرئاوابوون ده‌ستڕێژی ته‌قه‌یان له‌ ئاسایشه‌كان كردو رووبه‌ڕووی ئاسایشه‌كانی ئێمه‌ بوونه‌‌وه‌‌و ئێمه‌ش به‌رپه‌رچمان دانه‌وه‌‌و دوای نیو سه‌عات ئه‌وان تێكشكان‌و له‌سنووره‌كه‌ هه‌ڵهاتن‌و به‌ره‌و شاخی به‌مۆ رۆیشتن، ئێمه‌ش له‌و كاته‌دا هێزێكمان له‌پشته‌وه‌ بۆ ناردنه‌ سه‌ر شاخی به‌مۆ‌و ئه‌وێشیان لێگیرا، بۆیه‌ ئه‌وان ناچاربوون له‌و بناره‌ خۆیان حه‌شار بده‌ن.
لیوا نه‌وشیروان ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌دا چه‌كداره‌كان بی كه‌ی سی-یه‌ك‌و كۆمه‌ڵێك كۆڵه‌پشت‌و شتومه‌كیان لێ به‌جێماو كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌كانی ئێمه‌.

دەرکەوت چەکدارەکان داعشن
كه‌ دواتر چه‌كداره‌كان هه‌ڵهاتن‌، ده‌ستگیرا به‌سه‌ر یه‌ك چه‌ك له‌ جۆری (بیكه‌یسی)و چه‌ندین كۆڵه‌پشتداو گومانی گروپی تیرۆریستی داعشیان لێكرا، كه‌ له‌ڕاگه‌یەنراوی رۆژی‌ 23/1/2018 ده‌زگای ئاسایشدا ئاماژه‌ی پێكرابوو.
پاشان هێزه‌كانی ئاسایشی گه‌رمیان پلانی خۆیان گۆڕی‌و ته‌واوی سنووره‌كه‌یان كۆنترۆڵكردو له‌سه‌عات یەکی شه‌وی 22\23/1/2018، توانرا حه‌شارگه‌ی چه‌كداره‌ گومانلێكراوه‌كان ئاشکرابکرێت‌و دوای هه‌ڵهاتنیان ده‌ست به‌سه‌ر دوو چه‌ك له‌جۆری (كڵاشینكۆف)، 17 گوللـە (ئاربیجی)و یه‌ك فه‌رده‌ (تی ئێن تی)و چه‌ندین سندوقی فیشه‌كی (بیكه‌یسی)و (ناتۆ)و (كڵاشینكۆف)و (قه‌ناس)و چه‌ند (نارنجۆک)و (ئاڵایه‌كی داعش)و ژماره‌یه‌كی زۆری (سیمكارت‌و هاندی مۆبایل)و بڕێكی زۆری خۆراكدا بگیرێت.
دواتر هێزه‌كانی ئاسایش له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاریی پێشوه‌خته‌و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی حه‌شارگه‌كه‌یان، دڵنیابوونه‌وه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی گومانیان لێده‌كرا، داعشن‌و هه‌مان ئه‌و تیرۆریستانه‌ن كه‌ له‌سنووری په‌ڵكانه‌وه‌ هاتبوونه‌ بناری به‌مۆ.
به‌ڕێوه‌به‌ری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گه‌رمیان ده‌ڵێت: سه‌عات یه‌كی شه‌و هێزێكمان نارده‌ سه‌ر ئه‌و جێگایه‌‌و ده‌ركه‌وت ئه‌و جێگایه‌ باره‌گاو شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان بووه‌، ژمارەیەک چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌و بڕێک خۆراكیان لێدانابوو، تا شوێنپێی خۆیان له‌و بناره‌ قایم بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر ئه‌و كاته‌ی بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌و چه‌كدارانه‌ داعشن، یه‌كسه‌ر هه‌موو هێزه‌كانی ئاسایشی گه‌رمیانمان جوڵه‌ پێكرد به‌ره‌و ئه‌و سنووره‌.
رۆژی (23/1/٢٠١٨) ئاسایشی گه‌رمیان هه‌ریه‌ك له‌هێزه‌كانی ئاسایشی (كه‌لار، كۆكز، جه‌له‌ولا، رزگاری، باوه‌نور، قۆره‌توو، ده‌ربه‌ندیخان، به‌مۆو مه‌یدان) له‌ژێر چاودێریی ده‌زگای ئاسایش جوڵه‌یان پێكراو به‌ دوو ئاڕاسته‌ پلانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
كێوماڵكردن له‌ناوچه‌ی به‌مۆو له‌سنووری شارو شارۆچكه‌كانی گه‌رمیانیش هه‌ڵمه‌تی دۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی شانه‌ نه‌نووستووه‌كانی داعش، كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ هاوكاریی چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كانیان كردبوو، ده‌ستپێكرد.
هێزه‌كانی ئاسایشی گه‌رمیان به‌هاوكاری چه‌ند تیمێكی پۆلیسی گه‌رمیان‌و لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی سه‌ر به‌هێزه‌كانی به‌رگری‌و فریاكه‌وتن ته‌واوی ناوچه‌ی (بێلوله‌، شاوازی، مه‌یدان، شاخی به‌مۆ، شاخی شه‌رواڵ دڕه‌) كێوماڵكراو له‌ژێر چاودێریی هێزه‌كاندا بوون‌و ته‌واوی رێگاكانیش گیران‌و پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منیی به‌هێز دروستكرا.

ده‌ستگیركردنی تیرۆریست
‌هه‌مان رۆژ (23/١/٢٠١٨) چه‌ند تیمێكی ئاسایشی گه‌رمیان سه‌رقاڵی ئاشكراكردن‌و دۆزینه‌وه‌ی شانه‌ نه‌نووستووه‌كانی داعش بوون، ئه‌وه‌ بوو توانرا تیرۆریست (م .م) كه‌ كورده‌و برای گه‌وره‌ تیرۆریست (دڵشاد باوه‌نورییه‌) له‌ یه‌كێك له‌ناوچه‌كانی گه‌رمیان ده‌ستگیر بكرێت، كه‌ هاوكاریی چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كانی داعشی كردبوو له‌گه‌یاندنیان بۆ ناوچه‌ی به‌مۆ، پاش ئه‌وه‌ی دۆسێكه‌ی رووبه‌ڕووی دادگا كرایه‌وه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كان چڕتر كرانه‌وه‌و ده‌ركه‌وت چه‌كدارانی داعش زۆربه‌یان كوردن‌و چه‌ند عه‌ره‌بێكیش له‌نێویاندایه‌و ژماره‌یان زیاتر له‌ (20) تیرۆریسته‌، كه‌ له‌ناوچه‌ی په‌ڵكانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ گوندی ( گۆڕه‌شه‌) له‌سه‌ر چه‌می سیروان له‌ناحیه‌ی قۆره‌توو و دواتریش چوونه‌ته‌ چه‌می (سه‌ید شه‌هاب)و به‌ دوو ئۆتۆمبێل له‌جۆری (تویۆتاو مینی پاس) به‌هاوكاری چه‌ند كه‌سێك، كه‌ ماتۆڕسكیلێك پێشڕه‌وی كردوون، به‌ڕێكه‌وتوون به‌ره‌و سنووری گوندی ( خركنێ) له‌بناری به‌مۆو دوای دوو رۆژ مانه‌وه‌یان، حه‌شارگه‌یان دروستكردووه‌و له‌ سێیه‌م رۆژدا له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ئاشكراكران.
به‌ناچاریی هه‌ڵهاتن بۆ ئێران
به‌ڕێوه‌به‌ری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گه‌رمیان روونیكرده‌وه‌: ئێمه‌ بۆ ماوه‌ی 4 رۆژ بێ وه‌ستان كێوماڵی ئه‌و ناوچه‌یه‌مان كرد، بێئه‌وه‌ی بهێڵین ئه‌وان هیچ ئیسراحه‌ت بكه‌ن له‌و جێگایانه‌، هه‌موو شوێنه‌كانمان كێوماڵ كرد، ئه‌و شوێنانه‌ی گومانیان لێده‌كرا بۆ شوێنی حه‌وانه‌وه‌، هه‌موو هێزه‌كانمان خسته‌ سه‌ر شاخی به‌مۆ، به‌ڕووكاری ئه‌و دیوو به‌ڕووكاری بێلوله‌‌و شاوازی، بۆیه‌ ئه‌وان نه‌یانتوانی له‌و شوێنه‌ بمێننه‌وه‌، وتیشی: هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌‌و ئه‌و كاته‌ی باره‌گاكه‌یانمان گرت، بۆ به‌یانییه‌كه‌ی بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی پێی هاتوون ئۆتۆمبێلێكی مه‌رزیه‌ بوو، خۆمان زانیاریمان هه‌بوو، ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانی له‌و ناوچه‌یه‌ بمێننه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاوكاریان بوون ده‌ستگیركران، ئه‌وانه‌ی ده‌ستكێشیان بوون گیران، ئه‌وانه‌شی له‌و شاخه‌ بوون، ده‌ستگیرا به‌سه‌ر هه‌موو خۆراك‌و شتومه‌كه‌كانیاندا، بۆیه‌ ناچاربوون رووبكه‌نه‌ وڵاتی ئێران.

میدیاكانی ئێران: ده‌ستگیركردنی 16 تیرۆریست‌و كوشتنی پێنجی دیكه‌
تیمه‌كانی دیكه‌ی ئاسایشی گه‌رمیان به‌هاوكاری چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی پۆلیسی گه‌رمیان‌و به‌رگری‌و فریاكه‌وتن، به‌رده‌وام بوون له‌كێوماڵكردن‌و حه‌سركردنی تیرۆریستان له‌شاخی به‌مۆو به‌درێژایی چوار شه‌وو چوار رۆژ، بێ پشوو به‌دوای تیرۆریستانه‌وه‌ بوون‌و دوای كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی بناری به‌مۆو مه‌یدان، چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كان ناچار چوونه‌ خاكی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
بۆیه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌، كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر بوونی چه‌كدارەكانی داعش ئاگاداركرانه‌وه‌ كه‌ خاكی ئه‌و وڵاته‌یان به‌زاندووه‌و به‌رچاو روونییان كردن له‌سه‌ر جموجۆڵه‌كانیان. ئه‌وه‌بوو پاش 24 سه‌عات میدیاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر زاری لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ دوای شه‌ڕێكی سه‌خت له‌سنووری كرماشان، بناری به‌مۆ، له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش 16 تیرۆریستیان لێده‌ستگیركراوه‌و 5 ی دیكه‌یان كوژراون. ئاماژه‌ش به‌وه‌ كراوه‌ کە 3 كه‌س له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌و ئۆپەراسیۆنه‌دا كوژراون.

ئاسایشی هه‌رێمه‌كه‌مان ئه‌پارێزین
هێزه‌كانی ئاسایش به‌رده‌وام بوون له‌گه‌ڕان‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ناو شارو شارۆچكه‌كانی گه‌رمیان، ئه‌وه‌بوو رۆژی (26/1/2018) توانرا تیرۆریست (ش. م) كه‌ برای تیرۆریست ( م. م)و (دڵشاد باوه‌نورییه‌) ده‌ستگیر بكرێت‌و ئه‌و ماتۆڕسكیل‌و چوار ئۆتۆمبێله‌ش كه‌ له‌جۆری تۆیۆتاو مینی پاس بوون‌و چه‌كداره‌كانی داعشیان پێ گوازرابوونه‌وه‌و هاوكارییان كردبوون له‌ گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانیان، ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت‌و چه‌ند تیرۆریست‌و گومانلێكراوێكی تریش ده‌ستگیر بكرێن، كه‌ له‌به‌ر سه‌لامه‌تی ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌كان‌و بوونی په‌ڕاوه‌كانیان له‌دادگا، كه‌سایه‌تییان پارێزراوه‌.
شكستپێهێنانی پیلانێكی دیكه‌ی تیرۆریستانی داعش بۆ تێكدانی هه‌رێم له‌كاتێكدایه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا دوو پیلانی دیكه‌ی تیرۆریستان بۆ تێكدانی ئارامیی سلێمانی‌و ده‌وربه‌ری‌و ئاشكراكران‌و ئه‌ندامانی شانه‌ نه‌نووستووه‌كانیان ده‌ستگیر كران، ئێستاش بەڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی سلێمانی به‌هاوكاریی بەڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، به‌رده‌وامن له‌لێكۆڵینه‌وه‌و پاراستنی سه‌رو ماڵی هاووڵاتیان، كه‌ ده‌زگای ئاسایش به‌رچاوڕوونه‌ له‌سه‌ر چه‌ندین پیلانی دیكه‌ی تیرۆریستان، بۆ شێواندنی ئارامیی هه‌رێم، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیش كراوه‌ بۆ رێگرتن له‌ به‌دیهێنانی مه‌رامه‌كانیان.
ئاسایش دەڵێت، لێره‌شه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ سوپاسی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌میشه‌ پشت‌و په‌نای هێزه‌كانی ئاسایش بوون‌و خه‌میان خه‌می ده‌زگای ئاسایش بووه‌ بۆ پاراستنی ئارامیی هه‌رێم، بۆیه‌ هه‌موولایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ کە به‌رده‌وامین‌و به‌هه‌موو هه‌وڵ‌و توانا‌یه‌كمانه‌وه‌ ئاسایشی هه‌رێمه‌كه‌مان ئه‌پارێزین‌و نایه‌ڵین به‌پیلانی ناحه‌زان‌و دوژمنانی ئازادی، ژیان له‌ هه‌رێم تێكبدرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ عیراق، هه‌موو ده‌پرسین، كه‌س وه‌ڵام ناداته‌وه‌

ئه‌یاد ئه‌لعه‌نبه‌ر تۆ بڵێی‌ ئاسۆیه‌ك، تروسكاییه‌ك مابێ؟ كاتێكی‌ دیاریكراو هه‌یه‌ ...