سەرەکی » راپۆرت » یەمەن و ترسی جیابوونەوەی باشوورپەڕە 18

یەمەن و ترسی جیابوونەوەی باشوور

هەفتەی پێشوو تەواوی ئاژانسەکانی جیهان دووبارە خەریکی یەمەن بوون، ئەمجارە هەواڵی جەنگی سعودیە و هاوپەیمانەکانی دژی حوسیەکان نەبوو، بگرە هەواڵی سەرهەڵدانی جەنگی نێوان یەمەنییەکان خۆیان بوو لە باشوور، بەتایبەتی لەپاش ئەوەی هێزەکانی « مجلس الانتقالی الجنوبی» کەلە کۆمەڵێک گروپی سیاسی باشووری یەمەن پێکدێت، بەشێکی زۆری بیناحکومییەکانی ناو شاری عەدەنیان داگیرکرد. ئەم رووداوە جارێکی تر ترسی خستەوە دڵی یەمەنییەکان، کە سیناریۆی دابەشبوونی یەمەن بەسەر باشوور وباکووردا دروستبێتەوە، زۆرێک لە چاودێرانیش پێیان وایە، کە ئەگەری زۆری هەیە کە یەمەن دابەشبێتەوە.

مێژووییەکی جیاواز
یەمەن یەکێکە لە وڵاتە دێرینەکانی ناوچەکە و بە مەڵبەندی رەچەڵەکی عەرەبیش دادەنرێت، لێ ئەم وڵاتە بەحکومی پەلاماردانی داگیرکەران تووشی نەهامەتی زۆر بوویەوە بەتایبەتی لەسەردەمی داگیرکاری عوسمانیی و دواتریش بەریتانی. لەپاش داگیرکردنی لەلایەن بەریتانیاوە، یەمەن کرابوو بە دوو بەشەوە، بەشی باکووری دەوڵەتی یەمامی بوو کەمەملەکەتێکی سەربەخۆبوو، بەشی باشووریشی لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا بوو، هەتاوەکو ساڵی 1967 سەربەخۆیی وەرگرت و عەدەنیش بوو بەپایتەختی ئەم وڵاتە نوێیە.

لەنێوان دوو بلۆکی دژبەیەک
یەمەنیش وەکو هەموو وڵاتانی جیهان دابەشبوو بەسەر هەژموونی هەردوو زلهێزی جیهانی پێشوو کە بریتی بوو لە یەکێتی سۆڤێت و ئەمریکا، یەمەنی باشوور لەپاش سەربەخۆبوونی کەوتە ژێر هەژموونی یەکێتی سۆڤێت و زیاتر پشتی بەهاوکاری ماددیی و سەربازیی و تەکنیکی سۆڤێت دەبەست، لەرووی سیاسیشەوە پشتی بەتیۆری سۆسیالیزم دەبەست، گەرچی باکوور زیاتر مەیلی قەومچێتی عەرەبی زاڵبوو بەسەریدا، راستە دۆستی یەکێتی سۆڤێت نەبوو، بەڵام دوژمنیشی نەبوو.

پرۆسەی یەکبوون
ئەم رەوشە بەردەوامبوو هەتاوەکو ساڵی 1990 دووبارە هەردووبەشی یەمەن یەکیانگرتەوەو عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بوو بەسەرۆکی هەردووبەشەکە. لێ پاش چوار ساڵ دووبارە باشووریەکان هەوڵی جیابوونەوەیان لەباکووردا، بەڵام عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بەهاوکاری رژێمی سەدام حوسێن، توانی بەسەر باشووریەکاندا زاڵبێت.

بەهاری عەرەبی و خەونی باشوورییەکان
پریشكی ئاگری بەهاری عەرەبی یەمەنیشی گرتەوە و رەوشێکی نائارامی بەسەر ئەم وڵاتەدا بڵاوبویەوە، پاشتر بەهۆی نێوەنگیری سعودیەو دەوڵەتانی کەنداو، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح وازی لەکورسیەکەی هێنا، بەڵام لەپاش ساڵی 2012 ەوە، رەوشی سیاسی و ئابووری و ئەمنی یەمەن ناجێگیرە، هەتاوەکو ساڵی 2015 بەتەواوەتی تەقییەوەو بەتایبەتی لەپاش بەهێزبوونی بزووتنەوەی حوسییەکان و سەپاندی جەنگ لەلایەن سعودیەو هاوپەیمانانی بەسەر یەمەندا.

جەنگ لەدژی حوسییەکان
لەپاش سەرهەڵدانی جەنگ لەساڵی 2015 بەسەرۆکایەتی سعودیە دژ بە حوسییەکان، هێزە باشووریەکان پشتگیری سعودییەیان کردو دژ بە حوسییەکان وەستانەوە،دواتر توانییان بەشێکی زۆری خاکی باشوور لەچنگی حوسییەکان دەربهێنن، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی ئەم شەڕە، جارێکی تر خەونی باشووریەکان زیادیکرد و خۆیان لە « مجلس الانتقالي الجنوبي» کۆکردەوە.

چەتری سیاسیی باشوورییەکان
لەئێستادا هێزە سیاسیی و خێڵەکانی باشوور خۆیان لە « مجلس الانتقالي الجنوبي» کۆکردۆتەوە کەئەوەش بریتییە لە چەترێکی سیاسیی کەلە 26 ئەندام پێکدێت ، تێیدا 5 پارێزگاری باشووریان لەگەڵە، هەروەها دوو وەزیری ناوحکومەتەکی عبد رەب منصوری سەرۆکی کاتی یەمەنیشی تێدایە. ساڵی پێشوش عبدروس الزبیدي پارێزگاری عەدەنیش کاتێک سەرۆک عبد رب منصور لەپۆستی پارێزگار لایبرد، پەیوەندی بەو ئەنجومەنەوە کرد و بوو بەئەندام تێیدا.

داواکارییەکان
داواکاری فەرمی ئەو ئەنجومەنە باشكردنی رەوشی ژیانی هاوڵاتییان وپێشکەشكردنی خزمەتگوزارییەکان و نەهێشتنی بێکاریی و گەندەڵی و هەژاری. لێ دواکاری سەرەکییان ، جیابوونەوەیە لە یەمەنی باکوور و دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەباشوور.

جەنگی شاراوەی نێوان ئیمارات و سعودیە
گەرچی زۆرێک لەچاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ، ئەم رووداوە گوزارشت لە جەنگێکی شاراوە دەکات لەنێوان هەردوو هێزی سەرەکی شەڕەکە کەئەوانیش « عەرەبستانی سعودیە و ئیماراتە» کاتێک سعودیە هەستیکرد کە هەژموونی ئیمارات لەباشووری یەمەن بەهێزبووە، لەئێستادا هەوڵ دەدات ئەم هەژموونە کەمبکاتەوە.
دەرئەنجام چ بەهاری عەرەبی و چ جەنگی سەپێنراوی سعودیە بەسەر یەمەندا، کارەساتی گەورەی بەسەر ئەم وڵاتە هێنا، لەداهاتووشدا دەرئەنجامی خراپتری لێدەکەوێتەوە، هەروەها هەستی جوداخوازی لەلای باشوورییەکان بەهێزتر دەبێت و ئەگەری زۆری هەیە لە داهاتوودا جیاببنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...