سەرەکی » زانست » WHO راپۆرتێكی مەترسیدار بڵاودەکاتەوە

WHO راپۆرتێكی مەترسیدار بڵاودەکاتەوە

كەشتیی نوح

بە پێی راپۆرتێكی رێكخراوی تەندروستیی جیهان WHO، تا ساڵی (2050) نزیكەی سێ ملیار كەس تووشیی گرفتەكانی گوێ و بیستن دەبن.

بەپێی ئەو راپۆرتە تا ساڵی (2050) لە سەرتاسەری جیهاندا لە هەر چوار كەس، یەكێكیان تووشی گرفت و نەخۆشییە جیاجیاكانی گوێ دەبێت و كێشەی بیستنی بۆ دروست دەبێت. هەربۆیە رێكخراوەكە جەختی لەوە كردۆتەوە كە پێویستە هەوڵەكان چڕبكرێتەوە بۆ خۆپاراستن لە لەدەستدانی هەستی بیستن و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.

رێكخراوەكە لەو راپۆرتەیدا هەموو لایەكی لەوە ئاگادار كردۆتەوە كە نزیكەی (700) ملیۆن كەس پێویستیان بەوەیە كە چارەسەری گوێ و هەستی بیستنیان بۆ بكرێت و دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییەكانی دووبارە ئامادەكردنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كۆمەڵگە بە هۆی ئەوەی بە هەر هۆكارێك بووە ئەو هەستەیان لە دەستداوە یان لە زگماكەوە لەو هەستە بێبەش بوون.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە كە وڵاتان دەتوانن بە رێژەی (%60) لە رێگەی كوتانی منداڵانەوە لە دژی هەندێك نەخۆشیی و باشتركردنی چاودێریی تەندروستیی دایكانی دووگیان و ساوایان و پشكنینی پێشوەختەی هەوكردنی گوێچكەی ناوەڕاست و چارەسەركردنی پێویستەوە هاووڵاتییەكانیان بپارێزن.

هەر لەو راپۆرتەدا داوا لە كەسانی بەتەمەنیش كراوە خۆیان لە ژاوەژاو دووربخەنەوە و دەرمانی زیانبەخش بەكارنەهێنن و بە تەواوی خاوێنی گوێچەكەكانیان لەبیر بێت، بۆئەوەی دووربن لە نەخۆشییەكانی گوێ.

(تیدرۆس ئیدهانۆم)ی بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهان -یش لە لێدوانێكیدا باسی لەوە كردووە كە لەدەستدانی هەستی بیستن كاریگەرییەكی خراپی هەیە لەسەر توانای مرۆڤ بۆ پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و خوێندن و كاركردن و دابینكردنی بژێوی، هەروەها كارگەریشی لەسەر تەندروستیی دەروونیی هەیە».

دابەشكردنێكی نایەكسان
رێكخراوی تەندروستیی جیهان جەختی لەوەش كردۆتەوە كە پێویستە لەكاتی گونجاودا پشكنین بۆ گوێیەكان بكرێت، چونكە هەندێك نەخۆشیی گوێیەكان رەنگە بە چارەسەری پزیشكیی یان نەشتەرگەریی چارەسەر بكرێن.

لە راپۆرتەكەدا ئەوەش ئاشكراكراوە كە تا ئێستا ژمارەی پزیشكانی پسپۆڕی قوڕگ و گوێ و لووت لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا زۆر كەمن و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی داهاتی تاكەكەس تێیدا زۆر نزمە و ئەمەش دابەشكردنێكی زۆر نایەكسانە.

لە كۆتایی راپۆرتەكەدا پێشنیازكراوە كە پێویستە پسپۆڕانی ئەو بوارە بە شێوەیەكی یەكسان لە سەرجەم وڵاتاندا هەبن بۆ ئەوەی نەخۆشییەكانی قوڕگ و گوێ و لووت نەبنە نەخۆشیی سەردەم‌ و پێویستە خزمەتگوزارییەكان بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی گوێ بۆ هەمووان وەك یەك دەستەبەر بکرێت.

سەرچاوە: الشرق الاوسط

 184 جار بینراوە