سەرەکی » زانست » لەگەڵ هاتنی بەهاردا گژوگیا سروشتییەكان دەبنە خۆراكی زۆربەی خێزانەكان

لەگەڵ هاتنی بەهاردا گژوگیا سروشتییەكان دەبنە خۆراكی زۆربەی خێزانەكان

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

ساڵانە لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی بارانبارین و نزیكبوونەوەی وەرزی بەهاردا، چەندین جۆر گژوگیای سروشتی لە كوردستان و چەند ناوچەیەكی دیكە سەوز دەبن، كە بەشێكی زۆریان بۆ خواردن دەشێت و بەیەكێك لە خواردنە سەرەكییەكانی دادەنرێن، بەتایبەتی بۆ گوندنشینان دەبێتە پاڵپشتی و دابینكردنی چەندین ژەمی خواردن و كەمكردنەوەی بارگرانی و دابینكردنی خۆراكی رۆژانەیان.

کنگر و كاردی و تۆڵەكە و دۆمەڵان و كوارگ و رێواس و چەندین جۆری دیكە لەو گژوگیا سروشتییانەن كە لە وەرزی بەرهاردا دەبنە خۆراكی سەرەكی زۆرێك لە خێزانەكان، هەندێكیان بە سەوزی یان بە كوڵاوی یانیش بەشێوەی سووركردنەوە بۆسەر سفرەكانیان ئامادەی دەكەن، وەك ئاماژەی بۆ دەكەن، بەشێك لەو گژوگیایانە جگە لەوەی بۆ خۆراك بەكاردەهێنرێن، هاوكات وەك چارەسەر و دەرمانی سروشتی سەیری دەكەن.

فارس قادر تەمەن 62 ساڵ لەبارەی گژوگیا بەهارییەكانەوە دەڵێت: ساڵانە لەگەڵ هاتنی یەكەم بارانباریندا چاوەڕوانی گنگر و كاردی و تۆڵەكە دەكەم، چونكە خواردنیان زۆر بەتامە و لەماوەیەكی كورتدا نامێنێت، هەروەها بە خواردنی ئەو گژوگیایانە هەندێك لە خواردنی چەور و قورس دوور دەكەوینەوە، بەتایبەتی برنج و شلە و گۆشت، كە بۆ ئێمەی بەتەمەن زیانی زۆری هەیە.

دەشڵێت: لەكاتی هاتنی ئەو خۆراكانەدا بە چەندین شێوە ئامادە دەكرێت بۆ خواردن، هەریەكە و بە حەزی خۆی، بەتایبەتی تۆڵەكە و كنگر، ئێمە حەز دەكەین بە هێلكە ئامادەبكرێت، هەروەها كاردی بە گەنم و تۆڵەكەش بە ساوەر، ئەوانە پێشتریش لە دێهاتەكان باو بووە، خەڵكی لەگەڵ هاتنی بەهاردا ئیتر خۆراكی رۆژانەیان دەبووە ئەو جۆرە گژوگیایانە.

باسی لەوەشكرد کە هەندێكیان لە ناوچە دەشتییەكان دەڕوێن، وەك تۆڵەكە و كاردی و كنگر، هەروەها دومەڵان لە ناوچەی زۆرگاوی زیاتر هەیە، ئەمە جگە لەوەی هەندێك جۆری دیكە لە گژوگیا سروشتییەكان لە ناوچە شاخاوییەكاندا هەن، ئەوەیان بەتایبەتی لە كوێستانەكان تەمەنیان درێژتر دەبێت و تاماوەیەكی زیاتر دەمێننەوە.

عەلی نادر-یش کە تاڕادەیەک تەمەنی هەڵکشاوە لەبارەی گژوگیا بەهارییەكانەوە دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی ساڵانە لە وەرزی بەهاردا گژوگیا سروشتییەكان سەرهەڵدەدەن و لە دوكان و سەر عارەبانەكان دەبینرێن، ئەگەرچی بەشێكیان هەرزانە و هەموو كەس بۆی دەكڕدرێت، بەڵام كابانی دەوێت بۆ لێنانی، چونكە كچان و ژنانی ئەم سەردەمە كەمیان بەباشی لە ئامادەکردنی دەزانن.

هەروەها روونیکردەوە: بەشێك لە گەنجانی ئەم سەردەمە پێچەوانەوەی ساڵانی پێشوو بەهۆی زۆریی جۆرەكانی خۆراكی ئاسایی و هاوردەوە، حەز بە خواردنی گژوگیا سروشتییەكانی كوردستان ناكەن، بۆیە هەندێك لە خێزانەكان كاتێك ئەو خۆراكانە ئامادە دەكەن، تەنیا بەتەمەنەكان دەیخۆن،، ئەمەش وادەكات پشت لەو گژوگیایانە بكرێت، یان كەمتر لە بازاڕدا سەرف ببێت.

حاجی ئەحمەد کە لە یەكێك لە بازاڕەكانی شاری هەولێردا خەریكی فرۆشتنی كاردی و كنگر بوو، وتی: ماوەیەكە كاردی و كنگر لە ناوچەكانی مەخموور و كەندێناوا دەرچووە و خەڵكی ئەو ناوچانە بۆمان دەهێنن، ئێمەش لەسەر عەرەبانە دەیفرۆشین، لەبەرئەوەی تازە دەرچووە، خەڵكێکی زۆر داوای دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی راهاتوون لەسەر خواردنی ئەو گژوگیا سروشتییانە.

وتیشی: لەبەرئەوەی ئەمساڵ رێژەی باران وەكو پێویست نەبووە، رێژەی گژوگیا بەهارییەكانیش بەراورد بە ساڵانی پێشتر كەمترە، هەر ئەمەش وایكردەوە نرخەكانی گرانتر ببێت، هەروەها ئەگەر باران لە مانەگەكانی سێی و چوار زۆربێت، ئەوا تەمەنی ئەوانەش زیاتر دەبێت، بەڵام بەگشتی لە كوێستانەكان ماوەیەكی زیاتر دەمێنێتەوە بەراورد بە ناوچە گەرمیانەكان.

ئەو فرشیارە هەروەها دەڵێت: لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و نەورۆز بەشێكی زۆر لەو گژوگیایانە لە بازاڕەكان دەردەكەون، بەڵام دۆمەڵان لە هەموو جۆرەكانی تر دەگمەنترە و نرخەكەی گرانترە، ئەوەیان زیاتر خواپێداوان دەیخۆن، مەگەر ئەو ساڵانەی رێژەكەی زۆربێت، ئەوا خەڵكی ئاسایی دەتوانن بیكڕن یان خۆیان بچن دەری بهێنن، بەڵام تۆڵەكە بە خواردنی هەژاران ناسراوە و لە زۆربەی شوێنەكان دەڕوێت، تەنانەت هەندێكجار لە كوچە و كۆڵانەكانی شاریشدا سەوز دەبێت و بەرچاو دەكەوێت، بۆیە نرخەكەی هەرزانە و هەموو كەس دەتوانێت بیخوات.

خالید دەروێش کە ئەویش فرۆشیارێکی سەوزە و میوەیە، باس لە گژوگیا بەهارییەكان دەكات و دەڵێت: لەبەر تام و چێژی ئەو خۆراكانە و كەمی تەمەنیان، خەڵكێکی زۆر هەن کە بۆ وەرزێكی دیكە هەڵیدەگرن و بە چەندین شێواز پارێزگاریی لێدەكەن، هەندێكجاریش بۆ وڵاتانی دەرەوە رەوانە دەكرێت، بەتایبەتی دۆمەڵان لە دەرەوە بە خۆراكێكی دەگمەن و بەتام و چێژ سەیردەكرێت.

وتیشی: زۆركەس جگە لەوەی بۆ خواردن حەز بە گیای كاردی دەكەن، هاوکات پێیانوایە كاردی دەرمانە بۆ پاككردنەوەی ریخۆڵەكان، ئینجا هەندێكجار بەتەنیا دەكوڵێنرێت یان بەگەنم، هەندێكجاریش لەگەڵ برنج ئامادەدەكرێت، ئەوەش لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك جۆری كاردی هەن نەشیاون بۆ خواردن و خەڵكی خۆیان لێی بەدوور دەگرن.

 573 جار بینراوە