سەرەکی » دۆسێ » داوای داڕشتنی یاسای ״پارێزبەندی ماڵەكان״ دەكرێت

دوای كوشتارگەكەی ئەلبو دورە

داوای داڕشتنی یاسای ״پارێزبەندی ماڵەكان״ دەكرێت

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پرۆژە یاسای «پارێزبەندی ماڵەكان» پێشنیار دەكات، ئامانجەكانیش لە داڕشتنی یاساكە دەخاتەڕوو كە لەپێناو رێگرتنە لە دووبارەبوونەوەی كوشتارگەكان لەدژی هاووڵاتیان كە دواینیان كوشتارگەكەی ئەلبو دور بوو لە سەڵاحەدین.

عەباس سەروت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»دوای كوشتارگەكەی ئەلبو دور كە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە ئەنجامدرا لەڕێی هەڵكوتانە سەر ماڵێك بە جلوبەرگی سەربازی، هەندێك لە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان، پرۆژە یاسایەكیان بە ناوی (پارێزبەندی ماڵەكان) لەپێناو رێگرتن لە هەڵكوتانە سەر هەر ماڵێك بەبێ‌ بوونی فەرمانی دادوەریی، یان موختاری ناوچەكە كە دەبێت لەگەڵ هەر هێزێكی سەربازی بێت كە دەیەوێت پشكنین بۆ ماڵەكان بكات».

بە وتەی ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری»تائێستا رێكەوتن و تەوافوقی سیاسی نییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایە، بەڵام گرنگە موختار لەگەڵ ئەو هێزە سەربازییەدا بێت كە دەیەوێت بچێتە سەر ماڵێك یان پشكنین بكات، ئەمەش بەو مەرجەی رەزامەندی رەسمی هەبێت، تا رێگە لە دروستبوونی كوشتارەگەیەكی نوێی وەك ئەلبو دور بگرێت».

لە 13ی ئاداری 2021، دانیشتوانی ناوچەی ئەلبودور لە باشووری پارێزگای سەڵاحەدین، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و پەرلەمانتاران و بەرپرسان، شەهیدەكانی هۆزی ئال عەباس سادەی حەسەنیان بەخاكسپارد، دوای ئەوەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە سەرلەبەیانی 12ی ئەم مانگە هێرشكرایە سەریان و شەهیداكران.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لیژنەی لێكۆڵینەوەی هاوبەش لە تاوانەكەی «ئەلبو دور» رایگەیاند، ئەوانەی دەستییان لە رووداوەكەدا هەبوو، چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشن.

شانەی میدیای ئەمنی لە بەیاننامەیەكدا لەو بارەیەوە رایگەیاند»لیژنەی لێكۆڵینەوەی هاوبەش كە ئەركی لێكۆڵینەوەی لە تاوانە تیرۆریستیە قێزەونەكەی گوندی ئەلبو دوری باشووری تكریتی خراوەتە ئەستۆ، لێكۆڵینەوەكانی لەبارەی رووداوەكەوە تەواوكردووە و گەیشتۆتە ئاكامی ئەوەی كە تێوەگلاوانی تاوانەكە، چەكدارانی تیرۆرستی داعشن و بە پیادە و بە جلوبەرگی سەربازییەوە دزەیان كردۆتە گوندەكە، بە بیانووی پشكنینی ماڵە ستەملێكراوەكە كە لە قەراخی گوندەكە بوو، بۆیە تاوانە سامناكەكەیان دژ بەو بێتاوانانە كرد كە خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی بوون».

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»هێزە ئەمنییەكان ناسنامەی ئەوانەیان دیاریی كرد كە بەرپرسن لە تاوانەكە و پێشتر دانیشتووی گوندەكە بوون و دانیشتوان وەك رەتكردنەوەی كارردەوە تیرۆریستییەكان دەریان كردبوون، بۆیە تاوانەكەیان دژ بەو هاووڵاتییە بێتاوانانە كرد».

بەیاننامەكەی شانەی میدیای ئەمنی دەڵێت»تاوانەكە شەهیدبوونی شەش ئەندامی خێزانێك و پۆلیسێكی سەڵاحەدین و پارێزرێكی لێكەوتەوە».

«هێزە ئەمنییەكانی سەڵاحەدینیش بەڵێنییان بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و گەلی عیراق و خێزان و كەسوكاری شەهیدەكان داوە، ناسرەون و چاولێك نانێن، تا تاوانباران و بكوژە تیرۆریستەكان دەستگیرنەكەن و رادەستی دادگایان نەكەن، تا سزای دادپەروەریی خۆیان بە تەواوەتی وەربگرن و ببنە پەند بۆ پاشماوەی تیرۆریستانی داعش و هاوشێوەكانیان»، ئەمەش لە بەیاننامەكەی شانەی میدیای ئەمنیدا ئاماژەی پێكراوە.

هەر سەبارەت بەو پێشلكارییە ئەمنییەی پارێزگەی سەڵاحەدین، مازن فەیلی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی، ئاماژەی بە دەستەواژەكانی شكستی پرۆسەی گۆڕانكاریی سیاسی كرد كە خۆپیشاندەران و توێژەكانی كۆمەڵگە داوای دەكەن و سێ‌ هۆكاریشی دیاریی كرد كە لە پشت دووبارەبوونەوەی پێشلیكارییە ئەمنییەكانەوەن لە عیراق.

فەیلی لە 14ی ئاداری 2021، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»ئەو تاوانانەی لەنێو دەوڵەتدا روودەدەن، سێ‌ هۆكارییان لە پشتەوەیە، هۆكاریی یەكەم، بڵاوبوونەوەی چەكی دەرەوەی یاسا، دووەم كۆنترۆڵنەكردنی خاڵە سنورییەكان، و سێیەم هۆكاریش پەیوەندی بە كۆنترۆڵنەكردنی ئاسایشی ناوخۆوە هەیە، هەموو ئەم دەستەواژانەش زەمینەسازی بۆ روودانی تاوانەكان دەكەن».

بە وتەی مازن فەیلی»پێویستە حكومەت رێكاری توند بگرێتەبەر و ناوچەكان كۆنترۆڵ بكات، وێڕای بەهێزكردنی هەوڵە هەواڵگرییەكان، هەڵبژاردنی داهاتووش پێویستی بە سەقامگیری ئەمنی هەیە، تا دەنگدەران هەست بە دڵنیایی بكەن».

دوابەدوای روودانی تاوانەكەی ئەلبو دور، رێكخراوی تیرۆریستی داعش، بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بە تاوانەكە راگەیاند كە بووە مایەی شەهیدبوونی هەشت كەس.

بەپێی گێڕانەوەكەی داعش كە لەلایەن ئاژانسی ئەعماقی سەر بە رێكخراوەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە، چەكدارانی رێكخراوەكە 6 ئەندامی یەك خێزانیان كوشتووە كە 4 پیاو و دوو ژن بوون، بەوتەی ئاژانسەكەش»ئەوانە وەك سیخوڕ كارییان بۆ حەشدی شەعبی كردووە، وێڕای كوژرانی پۆلیسێك و پارێزەرێك».

ئەعماق دەڵێت»كوشتنی ئەوانە، لەڕێی هێرشكردنە سەر دوو ماڵەوە بوو لە ناوچەی ئەلبو دوری باشووری تكریت و دەستڕێژی گوللـەیان لێكرا»، ئەم راگەیاندنەی داعش كە لە میدیاكاندا بڵاوكرایەوە، تەئكید لەسەر راستی زانیارییەكانی نەكراوەتەوە و سەرچاوەكەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دادگای لێكۆڵینەوە لە سەڵاحەدین لە 18ی ئاداری 2021، وتەی دوو تۆمەتباری پەسەند كرد كە دانییان بە بەشداریكردندا ناوە لەگەڵ گروپێكی یانزە كەسی ڕێكخراوی داعش لە تاوانی كوشتنی خێزانەكەی ئەلبودور لە پارێزگاكە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بڵاوكرایەوە”دادگای لێكۆڵینەوە لە سەڵاحەدین، وتەی دوو ئەندامی گروپەكانی داعش وەرگیران كە بەشداریان لە تاوانی كوشتنی خێزانێكدا كرد كە لە پێنج برا و دایكیان پێكهاتبوو، وێڕای كوشتنی پۆلیسێك و پارێزەرێك كە لە هەمان ناوچە”.

 160 جار بینراوە