سەرەکی » دۆسێ » لایەنی ئەرێنی سەردانی بەرپرسانی وڵاتان بۆ عیراق

گرنگترینیان باشبوونی رەوشی ئەمنییە

لایەنی ئەرێنی سەردانی بەرپرسانی وڵاتان بۆ عیراق

سەردانی بەرپرسانی باڵای وڵاتان بۆ عیراق، چەندان لایەنی ئەرێنی لەخۆدەگرێت كە خۆیان لە باشبوونی رەوشی ئەمنی و بوژانەوەی ئابوری و كرانەوەی سیاسی وڵات بەڕووی ناوچەكە و جیهاندا دەبیننەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر)یش لە ئەنجومەنی نوێنەران، باس لە سەردانەكانی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر و شا عەبدوڵڵای دووەمی پاشادی ئەردەن دەكات و ئاماژە بە سێ‌ لایەنی ئەرێنی ئەو سەردانانە دەكات.

محەمەد خالیدی سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»سەردانەكانی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر و شا عەبدوڵڵای دووەمی پاداشای ئەردەن بۆ بەغدا سوپرایز نەبوو، بەڵكو چاوەڕوانكراوبوو و لە هەر ساتێكیشدا بێت سەرۆك و بەرپرسانی وڵاتان دێنە عیراق، چونكە ئەم سەردانانە درێژكراوەی سەردانەكەی چەند مانگی رابردووی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانە بۆ عەممان كە تێیدا زنجیرەیەك رێكەوتن لە بوارە جیاجیا و گرنگەكان ئیمزاكران».

بە وتەی خالیدی»سەردانەكان لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنەدابوو كە لە عەممان كرا و چەندان دۆسێی گرنگی لەخۆگرتووە و لە یەك كاتیشدا سێ‌ لایەنی ئەرێنی هەیە كە خۆیان لە هاوبەشی ئابووری و وەبەرهێنانی تواناكان لە هەر سێ‌ وڵات، و گێڕانەوەی وڵاتەكەمان بۆ ژینگە عەرەبییەكەی و رۆڵی لە ئایندەدا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەخۆدەگرن».

سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر) لە ئەنجومەنی نوێنەران پێیوایە»سەردانی نێوان بەرپرسانی هەرسێ‌ وڵات بەردەوام دەبێت لەپێناو جێبەجێكردنی رێكەوتنەكان، بەو پێیەی دەبنە مایەی پتەوكردنی هاوبەشی لە دۆسێ‌ گرنگەكان كە لێوەی دەستكەوتی ئابوری بۆ وڵاتەكەمان دەبێت».

پێشتر راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئاماژەی بە نزیكبوونەوەی وادەی سەردانی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر و شا عەبدوڵڵای دووەمی پادشای ئەردەن كردبوو بۆ عیراق.

موشریق عەباس، راوێژكاری سیاسی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان رایگەیاندبوو»سەرۆكی میسر و پادشای ئەردەن بەمزوانە سەردانی عیراق دەكەن، تا لوتكەیەكی سێ‌ قۆڵی سازبكەن، حكومەتی عیراقیش كارنامەیەكی هەیە بۆ تەواوكاریی ئابووری لەگەڵ میسر و ئەردەن».

لەم ماوەیەی دواییدا، پاپا فرەنسیسی یەكەم پاپای ڤاتیكان بە سەردانێكی مێژوویی گەیشتە عیراق و سەردانی بەغدا و نەجەف و شاری ئور لە ناسریە و شاری هەولێر و موسڵ كرد، سەردانەكەی حیبری ئەعزەم بۆ عیراق، بە یەكەم سەردانی لەو جۆرەی پاپای ڤاتیكان دادەنرێت كە چەندان لایەنی ئەرێنی بۆ وڵات لەخۆگرت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆكی وەقفی سوننی لەم چەند رۆژەی دواییدا، ئاماژەی بە داوەتننامەیەكی هەریەك لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كردبوو بۆ ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەری شەریف، تا سەردانی عیراق بكات، ئەم سەردانەش كە چاوەڕوانكراوە، گوڕوتینێكی تر دەداتە بۆ عیراق بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكی و جیاوازییەكان و گێڕانەوەی پێگەی گرنگی عیراق لە ناوچەكە و جیهان.

وێڕای زۆرێك لەو ئاڵەنگارییانەی لە ئێستادا رووبەڕووی عیراق بونەتەوە، هەوڵێكی زۆر خراوەتەگەڕ تا عیراق بگێڕدرێتەوە بۆ ژینگە سروشتییەكەی و بەدووربگیرێت لەو ململانێ‌ ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانەی لە ناوچەكەدا هەن، ئەمەش هەندێك دڵنیایی بەخشوەتە شەقامی ناڕازیی عیراقی كە تائێستاش لە هەندێك لە پارێزگاكاندا دانەمركاوە و ناوبەناو سەرهەڵدەداتەوە.

 127 جار بینراوە