سەرەکی » زانست » زانایان مەتەڵی كۆمپیوتەرە 2000 ساڵەكەی یۆنان ئاشكرا دەكەن

زانایان مەتەڵی كۆمپیوتەرە 2000 ساڵەكەی یۆنان ئاشكرا دەكەن

كەشتیی نوح

زانایانی بەریتانیا و ئەمریكا توانیان چەند نهێنییەكی ئامێری (ئەنتیكیتیرا) ئاشكرا بكەن، كە بە كۆمپیوتەرەكەی یۆنانی كۆن ناسراوە.

ئەو ئامێرە سەرنجڕاكێشە كە لە ساڵی (١٩٠١)دا لە كەشتییەكی نقومبووی رۆمانیی لە نزیك دوورگەی Antikytheraی یۆنان دۆزراوەتەوە.

لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەدا بەردەوام ئەم ئامێرە مسییە داندارە جێگەی سەرنجی زاناكان بووە، دوا لێكۆڵینەوەش كە لە بارەیەوە كراوە، دەركەوتووە تەمەنی ئامێرەكە 2200 ساڵە و بۆ مەبەستی گەردوونناسیی و پێشبینی دیاردە گەردوونییەكان و لەسەر شێوازی بیركارییانەی فەیلەسوف و زانای بیركاریی (پارمینیدس) دروستكراوە.

زاناكانی زانكۆی (كاردیف)ی بەریتانیا ماوەی (12) ساڵ سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەشەكانی ئەم ئامێرە بوون كە تەنها (28) پارچەیان بۆ دۆزراوەتەوە بۆئەوەی نهێنییەكانی ئاشكرابكەن و بۆ ئەم مەبەستەش تەكنیكی تیشكی(x) یان بەكارهێناوە.

بەم دواییەش زانایانی زانكۆی كالیفۆرنیا توانیان چەند نهێنییەكی تری ئەم ئامێرە بدۆزنەوە و لە رێگەی دروستكردنی وێنەیەكی (3D) ئامێرەكە لە كارەكانی ئەو كۆمپیوتەرەی یۆنانییە دێرینەكان تێگەیشتن.

بەپێی لێكدانەوەی زانایان، زانایانی یۆنانی كۆن توانیویانە لە رێگەی ئەم ئامێرەوە شوێنی مانگ و خۆر و جووڵە ناڕێكەكانی مانگ و جووڵە تایبەتەكانی دەربخەن، هەروەها جووڵەی هەسارەكانیان بۆ دەركەوت، هەر لەو رێگەیەشەوە توانیویانە رۆژژمێرێكی تەواو دروست بكەن سەبارەت بە جووڵەی مانگ و خۆر و بە هۆیەوە پێشبینییەكی دروستیش بۆ كاتەكانی مانگگیران و خۆرگیران بكەن، دوای 1700 ساڵ لە دروستكردنی ئەو ئامێرە و لە سەدەی حەڤدەیەمدا (یۆهانس كیپلەر)ی زانای بیركاری و فەلەكناسی ئەڵمانی بە سوودوەرگرتن لە بیروڕاكانی هەریەك لە ( كۆپەر نیكۆس و گالیلیۆ)یاسای جووڵەی هەسارەكانی دانا.

ئامێری یۆنانییەكان سوودی لێ وەرگیراوە بۆ دیاریكردنی رۆژەكانی ساڵ و وەك بیرخەرەوەیەكیش بووە بۆ بیرخستنەوەی كاتی بەڕێوەچوونی هەندێك بۆنەی ساڵانە وەك یارییەكانی (ئۆلۆمپیك).

ئەم ئامێرەی زاناكان ناویانناوە كۆمپیوتەری Antikythera زۆر ئاڵۆزە و لەناو سندوقێكی تەختەدا دانراوە كە ٣٧ دانی مس و چەند خەپلەیەكی گرنج گرنجی تیرداری هەیە، دوای ئەوەی لە بەهاری ساڵی رابردوودا چەند بەشێكی تری ئامێرەكە دۆزرایەوە و زاناكان توانیان مێژووی دروستكردنی ئامێرەكە دیاریبكەن كە مەزەندەی ئەوە دەكەن لە نیوان ساڵانی (150 – 100)ی پێش زایین دروستكرابێت.

سەرچاوەكان: رویتەرز، RT

 189 جار بینراوە