سەرەکی » کەلتوور » خوێندنەوەیەكی خێرا بۆ كتێبی (خانەوادەیەك لە مێژوودا)

خوێندنەوەیەكی خێرا بۆ كتێبی (خانەوادەیەك لە مێژوودا)

بورهان شێخ رەوف

دوای ئەوەی بەرگی یەكەمی كتێبی ((خانەوادەیەك لە مێژوودا))م خوێندەوە لە نووسینی شێخ محەمەد شێخ عەبدولكەریم سۆڵەیی – بەرزنجی، حەزمكرد ئەگەر بە كورتیش و بە خێراییش بێت خوێندنەوەو رانانێكی بۆ بكەم، هەرچەندە كتێبەكە دوو بەرگەو من تا ئێستا بەرگی یەكەمم خوێندۆتەوە لە بەر گەورەیی و فراوانی كتێبەكە و باس و خواستەكانی تەنانەت هەر بەرگی یەكەم 555 لاپەڕەیە پێم باش بوو خوێندنەوەیەكی خێرای بۆ بكەم ئەگەر دواتریش بوار هەبێت لە سەربەرگی دووەمیش قسەمان دەبێت.

خانەوادەیەك لە مێژوودا ناونیشانی كتێبەكەیەو مەبەستی خانەوادەو نەوەكانی شێخ مووساو شێخ عیسای بەرزنجیە و رۆڵ و پێگەیان لە ناو كۆمەڵگای كوردیدا لەو كاتەوەی كە لە بەرزنجە جێگیر بوون.

ئەم كتێبە پێش هەرشتێك سەرەڕای ئەوەی باسی مێژووی بنەماڵەی شێخانی بەرزنجەیە و من پێشتر هەرچەند خۆم لەوەیە ئەوەندە پابەندی خێڵ و بنەماڵە نەبووبێتم بەوەی پاشگری خێڵ و ناوچەم بەناوی خۆمەوە نەلكاندووە، بەڵام كە كتێبەكەی مامۆستا شێخ محەمەدم خوێندەوە هەستم كرد زۆر بابەتیانە و زانستیانە چووەتە ناو بابەتەكانەوە و پشتی بە سەرچاوە و دۆكۆمینت بەستووە و دوورە لە سۆز و لایەنگری خێڵەكی و كە باسی روداو بابەتەكانی كردووە وەكو خۆی و بە پۆزەتیڤ و نگەتیڤەوە دەریخستوون، لەوەش گرنگتر پیشاندانی رۆڵ و پێگەی ژن لە ناو بنەماڵەكەدا كە ئەمەش بۆ خۆی گرنگی خۆی هەیەو زیاتر لە زانستیبوون و بابەتیبوون نزیكی دەخاتەوە.

خاڵێكی تری بەهێزی كتێبەكە ئەوەیە كە نووسەرو مامۆستای زانكۆ بەڕێز هاوژین مەلا ئەمین پێشەكیەكی درێژی بۆ نووسیوە كە (15) لاپەڕەیە و باسی بونیاتنانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كلتووریی، بەرخۆدان و شۆرشی میللەتی كورد، مێژوویەك كە سەرەتاكانی بۆ بەرەبەیانی شارستانیەت و نیشتەجێبوون دەگەڕێتەوە، دواتر لەو گشتگیرییە دەربازدەبێت و بە تایبەت باس لە مرۆڤی خۆرهەڵاتی و مرۆڤی كورد كلتوور كۆمەڵگای كوردی دەكات، ئیدی بە سانایی دەتوانن كاریگەریی ئایین و بیروباوەڕو رێباوەڕە ئاینیەكان لە ژیان و لە واقیعی كۆمەڵایەتی و سیاسی كلتووریماندا بە دیبكەین و دەتوانین كە سەرباری هەموو ئەو گۆڕانكارییانە، هێشتا ئەوە بە دروست ببینین كە ئایین و باوەڕی ئایینی لە ڕەنگڕێژكردنی ژیانی كۆمەڵایەتی و كلتووریماندا دیارو باڵادەستترینە.

لە كۆتایی پێشەكیەكەدا مامۆستا هاوژین مەلا ئەمین دەبێژێت مەبەستی سەرەكی نووسینی ئەم پێشەكیە لە سەرداوای نووسەر ی كتێبەكەبوو، تەنیا بەرچاو خستنی هەستیاریی ئەو ڕۆڵە بوو لە كە لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسیەوە، هەروەها لە ڕووی فەرهەنگی و كلتورییەوە، بنەماڵەكانی شێخان لانیكەم لە مێژووی نوێ‌ و هاوچەرخی میللەتی كوردو كوردستان و ناوچەكەدا گێڕاویانە و پێویستی زۆری بە بەرچاوخستن و هەڵسەنگاندن و لێكدانەوە ی بابەتی هەیە و ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە ئەم كتێبە ببێتە هۆی خستنە سەرپێ ی گفتوگۆیەكی بابەتی و دوور لە دەمارگیری و تۆمەت بەخشینەوە و ناوزڕاندن و هەرجۆرە نابابەتیبوونێكی دیكە.

شایانی وتنە سەرەڕای پێشەكیە جوان و وردو بابەتیەكەی هاوژین مەلا ئەمین لە گەڵ مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداخی كە بەڕێزیشیان نووسەرو مێژوونووس و شارەزاییەكی باشی لەو بوارەدا هەیە پێداچوونەوەیان بۆكتێبەكە كردووە، كە ئەمەش خاڵێكی تری بەهێزوو پرشنگدارە بۆ باسەكە.

ئامانجی نووسەر لە نووسینی ئەم كتێبە
مەبەستی شێخ محەمەد سۆڵەیی لە نووسینی ئەم كتێبە ڕوون و ڕاشكاوانە بەدی دەكرێت كە دەخوازێت پێمان بێژێت:

1. ڕۆڵ و مێژووی بنەماڵە و شێخانی بەرزنجە كاریگەرییان لە كایەی سیاسی و فەرمانڕەوایی و بزافی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و ئایینی.

2. نەفەسی بەرگری و ڕەواندنەوەی هەندێك بۆچوون و تێڕوانینە لە پەیوەندیدا بەوەی ڕۆڵی ئەم بنەماڵەیە لە مێژووی كوردو كوردستاندا، بە تایبەت لە باشوری كوردستان، كە ڕۆڵێكی جوامێرانەو جێگای شانازییە، شێخانی بەرزنجە بە شێوەیەكی گشتی لە بەرەی گەل و كوردایەتیدا بوون، نەك پێچەوانەكەی، مێژووی ئەم بنەماڵە تەژییە لە قوربانیدان و خزمەتگوزاری لە پێناو گەلی كورددا و خۆیان بە بەرگریكار لە دۆزە ڕەواكەی دەزانن.

3. ئاشناكردنی نەوەی نوێ‌ ی بنەماڵەی بەرزنجە بە مێژووی باب و باپیریان كە بێگومان مێژووی ئەم بنەماڵەو بنەماڵەكانی تریش تێكڕا مێژووی نەتەوەی كورد پێكدێنن.

پێكهاتەی كتێبەكە
نووسەر لەم بەرگی یەكەمەدا خۆیشی پێشەكیەكی پێنج لاپەرەیی بۆ كتێبەكە نووسیوە. كتێبەكەشی دابەشی كردوو بۆ سێ‌ بەش كە هەوڵدەدەم بە كورتی بیانخەمە ڕوو.

بەشی یەكەم
خانەوادەیەك لە مێژوودا
شێخ مووساو شێخ عیسای بەرزنجەیی و نەوەكانیان
بۆ ساغكردنەوەو دڵنیابوون لە ڕاستی درەختی پیاوانی ئەم بنەماڵەیە پشتی بە بۆچوون و نووسینی زۆر زاناو سەرچاوەی مێژوویی بەستووە كە هەوڵی داوە بۆچوونەكانیان وەكو خۆیان باسبكات.

شێخ بابەعەلی هەمەدانی (3) كوڕی هەبووە بەم ناوانە:
1. سەید محەمەد ( نوربوخشی)

2. شێخ مووسا

3. شێخ عیسا

لە سەردەمی باوكیاندا واتە لەو سەردەمەی كە شێخ بابە عەلی هەمەدانی لە ژیاندا بووە ئەم سێ‌ كوڕە لە ساڵی 1359 زایینی دوانیان بەرەو بەرزنجە هاتوون كە (شێخ مووسا و شێخ عیسا بوون) لە بەرزنجە نیشتەجێ‌ بوون.

سەید محەمەد (نوربەخشی) یان چووە بۆ هەرات لە ئەفغانستان و لەوێ‌ جێگیر بووە.

ئەوەی باسی ئەم كتێبەیە نەوەو كوڕەكانی شێخ مووساو شێخ عیسایە كە زۆر بە درێژی و بە وردی باسی هەموویان كراوە لەك كتێبەدا كە لە پارێزگای سلێمانی و زۆر شوێنی تری كوردستانی باشور بڵاو بوونەتەوەو كوڕو نەوەیان هەیە هەرچەندە شێخ مووسا هەندێك سەرچاوە باس لەوەدەكەن نەوەی نەبووە بەڵام سەرچاوەی تر هەن دەڵێن كوڕێكی هەبووە بە ناوی (میر میكایل)، شێخ عیساش (12) كوڕی هەبووە بەم ناوانە (شێخ عەبدولكەریم – سەید محەمەد – سەیدسادق – میرەسوور – شێخ ویساڵەدین – سوڵتان ئیسحاق – شێخ كەمالەدین – شێخ جەمالەدین – شێخ عەباس – شێخ بایەزید – شێخ حسەین – شێخ حەسەن ).

ئیتر نەوەكانی ئەمانە بە درێژی باسكراوە ژیان و بەسەرهات و كارو چالاكیان لە هەموو ناوچە جیاوازەكانی كوردستان. خەڵك و كەسایەتی زۆر دیارو كاریگەرییان تێدایە كە خاوەنی پێگەو توانای ئایینی و فەلەك ناسی و نووسین و دانانی كتێب زۆر بواری تر كە لێرەدا من هەر باسی شێخ حەسەنی گڵەزەردە دەكەم وەكو نمونەیەكی زیندوو كاریگەر لەم بنەماڵەیە.

شێخ حەسەنی گڵەزەردە
لە دەوروبەری ساڵی 1677 زاینی لە دایك بووە، زانایەكی گەورەو مورشیدێكی دیاربووە موریدو دەروێشی زۆری هەبووە، لە خوا نەبێت لەكەس نەترساوە، بە ڕاستگۆیی لە هەموو كارێكی گەورەو بچوكدا قسەی كردووە.

كاتێك نادرشا لە ساڵی 1743 زاینی بەرەو سلێمانی كشاوە، نامەیەكی بۆ شێخ حەسەن ناردووە، لە نامەكەدا بۆی نووسیوە كە ئەو گوایە هاتووە بۆ تازەكردنەوەی ئایینی باووباپیری و داوای لێكردووە كە بچێت بۆلای، (شێخ حەسەن) داواكەی رەتكردۆتەوەو نامەیەكی بۆ نووسیوە كە لە نامەكەدا ئامۆژگاری نادر شا ی كردووە كە یەكسەر بگەڕێتەوە بۆ ئێران و واز لە هێرشكردنە سەر موسڵ بێنێ‌.

هەردوو نامەكە دوو سەرچاوەی مێژوویی گرنگن و زۆر لە مێژوونووسان بە بایەخەوە سەیریان دەكەن و لەسەریان ڕادەوەستن، كە هەردوو نامەكە بە زمانی عەرەبی لە كتێبەكەدا هەن.

بەشی دووەم
پوختەی باسی ژیانی شێخ مووساو شێخ عیساو نەوەكانیان
بابەعەلی هەمەدانی و نەوەكانی كێ‌ بوون و ڕۆڵیان چی بووە؟ نەوەكانی شێخ بابەعەلی عەلەوی هەمەدانی گۆرانی، كاك ئەحمەدی شێخ، شێخ بابەڕەسووڵی گەورە، شێخ حوسێنی ئەلمەعی، شێخ حەسەنی كونە كۆتر، شێخ عەبدولەرزاقی دێلێژە، باسی هەموو ئەمانەكراوە لەم بەشەدا لەوەیە لە باسێك و ناساندنێكی وادا نەكرێت من باسی هەموو ئەو كەسایەتیانەوە نەوەكانیان بكەم تەنها ئەوە دەنووسم كە:

نەوەكانی شێخ عیسا بە ناوچەكانی سلێمانی و شارباژێروو قەرەداغ و هەڵەبجەو گەرمیان و هەوراماندا بڵاو بوونەتەوە. ژمارەیەك لە كوڕەكانی ڕۆڵی گەورەو پرشنگدارییان لە ژیان و سەردەمی تەمانیاندا لە بواری زانستی و ڕووناكبیری و زانیاری و ئایینی و كۆمەڵایەتی و نیشتمانی و ئیرشاد و شێخێتی و ئەدەبیدا بینیووە، پێگەو شوێنی خۆیان لە ناو خەڵكی كوردستان بە بێ‌ مەبەست لێیانەوە نزیكبوونەتەوەو هەڵسوكەوتیان لە گەڵدا كردوون ڕێزی تەواویان لێگرتوون.

بەشی سێهەم
گوڵبژێرێك لە نەوەكانی شێخ بابەعەلی هەمەدانی – گۆرانی ڕۆڵیان لە بوارەكاندا
لەم بەشەدا هەروەكو لە ناونیشانەكەیشیدا دیارە گوڵبژێرێكی كردووە لە ناوەكانی شێخ بابەعەلی هەمەدانی و ئەوانەی كە زۆر ڕۆڵی كاریگەرو دیارییان هەبووە كە ( 78) كەسایەتی گەورەو دیارن، منیش هەوڵدەدەم هەندێكیان لێرەدا بنووسم چونكە لەم وتارە كورتەدا ناكرێت هەموویان بنووسمەوە.

1. شێخ ئیسحاق یان ( سان ساهاك )

2. شێخ عیسای بەرزنجی

3. شێخ عەبدولكەریم موڕی شێخ عیسا

4. شێخ سەید میر ئەحمەدی بەرزنجی

5. پیر میكایلی دەودەوانی كوڕی شێخ مووسای بەرزنجی

6. شێخ بابە ڕەسووڵی كوڕی شێخ عەبدوسەیید

7. شێخ محەمەدی كوڕی شێخ بابەعەلی وەندەرێنە

8. شێخ حوسێنی كوڕی شێخ مەحموودی نەقیب

9. شێخ ئیسماعیلی ولیانی

10. شێخ حوسێنی قوولە

11. شێخ مەحمودی ڕیشەڵانی

12. شێخ مەحموودی شۆریجە

13. سەیید ئەحمەدی نەقیب

14. شێخ قادری بەرزنجی

15. شێخ نوری شێخ ساڵەح ( شاعیر )

16. شێخ مارفی بەرزنجی ( پشكۆ )

17. شێخ حوسێنی شێخ عەبدولكەریم بەرزنجی

18. سەیید ئەحمەدی خانەقا

19. شێخ ئەحمەدی شاكەلی

20. فەتحی شاعیر

21. عەلی عەسكەری

22. شێخ مەحمودی مەلیك

23. شێخ قادری حەفید

24. بابەعەلی شێخ مەحمود

25. حەپسە خانی نەقیب

26. زەینەبی كچی شێخ عەبدولكەریمی شێخ ئەحمەد (حەزینە خان)

27. شێخ سەلام

28. مەلا شێخ ئیسماعیلی دێلێژە (دڵسۆز)

29. شەهابی شێخ نووری شێخ ساڵەح ناسراو بە( خاڵە شەهاب )

30. شاسواری شێخ جەلال شێخ سەعید (( شەهید ئارام ))

31. فوئاد عارف

32. ع ح ب شاعیر

33. خاتوو بە هیە مەعروف

34. شەونمی شێخ عەبدولعەزیزی قازانقایە

35. ئەسیری شاعیر

36. شێخ حەمە غەریبی شێخ مەعروفی قازانقایە

37. شێخ لەتیفی حەفید

38. موخلیس

39. مەلا ئەسعەدی مەحوی

40. مەحوی شاعیر

41. سەلام سۆڵەیی

42. قانع شاعیر

43. شێخ حەسەن بەرزنجی ( دەشتی )

لە كۆتاییدا 117 سەرچاوە بە زمانی كوردی و 30 سەرچاوە بە زمانی عەرەبی و 12 سەرچاوە بە زمانی فارسی سوودیان لێ‌ وەرگیراوە.

دوابەشی كتێبەكە بەرگی یەكەم وێنەو بەڵگەنامەیە.

 198 جار بینراوە