سەرەکی » ئابووری » گەنجانی سوودمەندبوو كارەكانیان بە كوێ گەیـشتووە؟

«پێدانی قەرزی پڕۆژەی بچووك دەستپێدەكاتەوە»

گەنجانی سوودمەندبوو كارەكانیان بە كوێ گەیـشتووە؟

ئا: تەها عەبدوڵڵا – هەولێر

پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا، چەند قەرزێك بە هاووڵاتیان دەدرا، لەوانە: (قەرزی هاوسەرگیری، قەرزی پڕۆژەی بچووك، خانووبەرە و كشتوكاڵ) كە بەوتەی سوودمەندبووان و ئابووریناسان، ئەو قەرزانە كاریگەریی باشی لەسەر كەرتی تایبەت و رەخساندن دەرفەتی كار هەبوو.

دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا و دەستپێكردنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و چەند هۆكارێكی تر، پێدانی ئەو قەرزانە لەلایەن حكومەتەوە راگیرا. بەڵام دوای زیاتر لە حەوت ساڵ، ئێستا جارێكی تر باس لە دەستپێكردنەوەی بەشێك لەو قەرزانە دەكرێتەوە، بەتایبەتی قەرزی پڕۆژەی بچووك. بەرپرسێكی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمیش، ئەو زانیارییانە پشتڕاستدەكاتەوە.

بەهەمان میكانیزمی پێشوو دەبێت
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، لە ماوەیەكی نزیكدا دەست دەكەینەوە بە پێدانی قەرز بە گەنجان، بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بچووك. ئەویش دوای گەڕانەوەی ئەو قەرزانەی كە پێشتر بە خاوەن پڕۆژەكان درابوو، كە ماوەی مانگێكە دەست بە وەرگرتنەوەیان كراوە.

وتیشی: «دەستپێكردنەوەی ئەو قەرزە بە هەمان میكانیزمی پێشوو دەبێت و لە بڕی ملیۆنێك دینارەوە دەستپێدەكات بۆ 15 ملیۆن دینار. بەو كەسانە دەدرێت كە دەیانەوێت پڕۆژەی بچووك دابمەزرێنن».

راشیگەیاند، لە رابردوودا هەشت هەزار و 136 كەس لە قەرزی پڕۆژەی بچووك لە سەرتاسەری هەرێم سوودمەند بوون و بڕی 32 ملیار دیناریان پێدراوە.

بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشكرد، دەستپێكردنەوەی قەرزی پڕۆژەی بچووك بە گەنجان، كاریگەری باشی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بێكاری و رەخساندنی دەرفەتی كار، بەتایبەتی ئێستا كە دامەزراندن لە دامو دەزگاكانی حكومەت نییە و خوێندكارێكی زۆر زانكۆیان تەواو كردووە و بێكارن.

سەرچاوەی بژێویی ژیانمە
ئاسۆ عەلی، كە پێشتر سوودمەند بوو لە پڕۆژەی قەرزی بچووك، بۆ كوردستانی نوێ-ی روونكردەوە، بەمەبەستی دامەزراندنی دوكانێكی سەرتاشی، لە ساڵی 2012دا قەرزی بچووكم لە وەزارەتی كار وەرگرت، ئەوكات هەنگاوێكی باشبوو تا بتوانم دوكانەكە دابمەزرێنم، بەشێوەیەك ئەگەر ئەو قەرزە نەبوایە، هەرگیز نەمدەتوانی ئەو كارە بكەم.

وتیشی: «لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا، سەرجەم قەرزەكەم داوەتەوە كە نزیكەی 10 ملیۆن دینار بوو، ئێستا دوكانەكە بۆتە هی خۆم، كە سەرچاوەی بژێویی ژیانمە، چونكە پێشتر زۆر هەوڵمدا لە فەرمانگە حكومییەكان دابمەزرێم، بەڵام دەرفەت نەبوو، ئێستا لە كارەكەم ئاسودەم، چونكە خاوەنی كاری سەربەخۆی خۆمم».

دوكانێكی مۆبایلم دامەزراند
داهێن ئیسماعیل، گەنجێكی دیكەیە كە سوودی لە قەرزی پڕۆژەی بچووك وەرگرتووە، ئەو دەڵێ: «بە قەرزی پڕۆژەی بچووك، دوكانی مۆبایلم لەناو بازاڕی گەورەی هەولێر دامەزراند، ئەوكات پێویستم بە 12 ملیۆن دینار بوو، بەڵام پارەم نەبوو، چونكە تازە دەرچووی زانكۆ بووم و هیچ كار و داهاتێكم نەبوو».

وتیشی: «وەرگرتنی قەرز لە حكومەت بۆ پڕۆژەكەم وایكرد بارگرانیی نەخەمە سەر خێزانەكەم، هەروەها ئەو دەرفەتەم لە دەستنەچوو كە ئەوكات بۆم هاتەپێشەوە، چونكە هەموو كارێك دەرفەتە و ئەگەر نەیكەی، لە دەستت دەچێت».

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر جارێكی دیكە پێدانی قەرزی پڕۆژەی بچووك بە گەنجان دەستپێبكاتەوە كارێكی زۆر باشە، چونكە دەرچوویەكی زۆری زانكۆ و پەیمانگاكان هەن، كە بەهۆی نەبوونی دامەزراندنەوە بێكارن.

رەخساندنی دەرفەتی كار
هاوكات ئارام عەبدولڕەحمان، كە یەكێكی دیكەیە لە سوودمەندبووانی قەرزی پڕۆژەی بچووك روونیكردەوە، پێویستە حكومەت قەرز بە گەنجان بدات، تا ببنە خاون پڕۆژەی تایبەتیی خۆیان، چونكە بەهۆی ئەوەی دامەزراندن نییە، دەبێت دەرگایەکی دیكە هەبێت ئەویش كەرتی تایبەتە، لە زۆر وڵاتیش ئەو قەرزە هەیە، بەڵام لە هەرێم بۆ ماوەیەكی كەم، كرایەوە و دواتر راگیرا.

وتیشی: «بەو قەرزە، دوكانی جلوبەرگم داناوە، ئێستا خاوەنی پڕۆژە و كاری خۆمم و پێویستم بە دامەزراندن نییە».

راشیگەیاند، لە هەشت ساڵی رابردوودا بۆم دەركەوت، كە كاری سەربەخۆ زۆر لە دامەزراندن و مووچە باشترە، بۆیە گەنجان هان دەدەم پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، هاوكات داوا لە حكومەت دەكەم جگە لە مووچەی فەرمانبەران، گرنگی بە كەرتی تایبەت بدات، تا دەرفەتی كار بۆ گەنجان بڕەخسێت.

پێویستە دەستپێبكاتەوە
لەبارەی بایەخی پێدانی قەرزی پڕۆژەی بچووك بە گەنجان، شەماڵ نوری ئابووریناس و ئەندامی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، جێبەجێكردنی پڕۆژەی بچووك لەلایەن گەنجانەوە، گرنگی و بایەخێكی زۆری هەیە بۆ هەر وڵات و حكومەتێك، بە جۆرێك لە هەندێك لە وڵاتە پێشكەتووەكانی جیهان دامەزراوەی گەورەیان بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندوە، چونكە هۆكارێكی سەرەكییە لە رەخساندنی دەرفەتی كار و وادەكات كۆمەڵگە لە بەكاربەرەوە بۆ وەبەرهێن بگۆڕێت.

وتیشی: «پێویستە پێدانی ئەو قەرزە لە هەرێم دەستپێبكاتەوە، تا هانی گەنجان بدرێت پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بەڵام تەنیا پێدانی قەرزەكە بەس نییە، چونكە ئەگەر حكومەت خۆی رێنمایی و ئاراستەی گەنجەكان نەكات، ئەوا پێدەچێت گەنجان زەرەرمەندبن و ئەو پڕۆژەیە سەركەوتوو نەبێت».

گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ
بەوتەی ئەو ئابووریناسە، پێویستە حكومەت پاڵپشتیی پڕۆژەی بچووك بكات، ئەویش بە گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ، بەتایبەت كاتێك گەنجێك كارگەیەكی داراتاشی یان هەر بوارێكی دیكە دادەمەزرێنێت، پێویستە حكومەت باجی زیاتر لە سەر بەرهەمی هاوردە دابنێت، تا ئەو پڕۆژەیە سەركەوتوو بێت و بەرهەمی ناوخۆ كێبڕكێی بەرهەمی هاوردە بكات.

ئەوەشی خستەڕوو، قەرزی پڕۆژەی بچووك وادەكات گەنجان رابهێنێ لەسەر پاشەكەوتكردن و بەهەدەرنەدان، هاوكات ئەو قەرزە هیچ فشارێك لە سەر حكومەت دروست ناكات، چونكە لەكاتی وەرگرتنەوەی بەشێك لەو قەزرانە دەتوانرێت هەمان پارە بدرێتەوە بە ژمارەیەك گەنجی دیكە، بۆیە ئەگەر سندوقێك هەبێت بۆ پاراستنی پارە گەڕاوەكانی قەرزی پڕۆژەی بچووك، ئەوكات سیستمەكە باشتر بەڕێوەدەچێت و دەتوانرێ بەردەوامی پێبدرێت.

 600 جار بینراوە