سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » هۆکارەکانی کەم بەکارهێنانی پاس لە هەولێرپەڕە 25

هۆکارەکانی کەم بەکارهێنانی پاس لە هەولێر

پاس و ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوە و گەیاندن بە گشتی رۆڵی گرنگیان هەیە لە جێبەجێکردنی کاری رۆژانەی خەڵکی و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و جەنجاڵی کە زۆر لە وڵاتان جگە لە ئۆتۆمبێل ئامرازی دیکەی گەیاندن وەک میترۆ و شەمەندەفەر بەکاردەهێنن، بەجۆرێک هەوڵدەدەن کەمترین رێژەی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەکاربهێنێرێت، بەتایبەت بۆ سەنتەری شارەکان، لە کوردستانیش پاسەکان مێژوویەکی کۆنیان هەیە و بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، بەرلە رووخانی رژێمی بەعس و پرۆسەی ئازادی بەهۆی کەمی رێژەی ئۆتۆمبێل خەڵکی کوردستان بەرێژەیەکی زۆر پشتیان بە پاس دەبەست بۆ هاتوچۆی ناوبازاڕەکان و تەنانەت نێوان شاروشارۆچکەکان.

ئێستاش لەگەڵ هاتنی بەلێشاوی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان و گەورەبوونی شاروشارۆچکەکان، قەرەباڵغی و جەنجاڵیەکی زۆر دەبینرێ، هەرچەندە پاس و ئۆتۆمبێلەکانی دیکەی گشتی بەکاردەهێنرێت، بەڵام خەڵکی زیاتر بۆ دەوامی فەرمانگەکان و شوێنە گشتیەکان پەنا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی دەبات، بە جۆرێک لە هەندێک خێزان هەر کەسێک بەتەنیا ئۆتۆمبێل دەهێنێتە دەرەوە، بەشێک لە هاووڵاتیان هۆکاری کەم بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بۆ خراپی بەشێک لە پاسەکان و نەبوونی کاتێکی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست دەگەڕێنەوە .

پاسەکان کێشەی کات بۆهاوولاتیان دروستدەکەن
شاکر عەلی وەک هاووڵاتیەکی دانیشتووی گەڕەکی کورانی شاری هەولێر لە بارەی بەکارهێنانی پاس بۆ هاتوچۆ بۆ کوردستانی نوێ وتی: پێشتر زۆربەی پاسەکانی گەڕەکەکەمان کۆن بوون و ئامێری ساردکەرەوەیان تێدا نەبوو، ئەو کاتەش بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێل خەڵکی بەناچاری بەکاریان دەهێنا، بەڵام ئێستا کەم خێزان هەیە ئۆتۆمبێلێک یان دوانیان نەبێت، بۆیە ناچار نییە بەپاس بچێتە بازاڕ یان بۆ گەڕەکێکی تر، وتیشی: راستە ئێستا زۆربەی پاسەکان تازەن و سیستمی فێنکەرەوەی هەیە، بەڵام بەهۆی جەنجاڵی رێگا و درەنگ گەیشتن بۆ شوێنی مەبەست خەڵکی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی خۆی لا باشترە، بەتایبەتی هەندێک لە پاسەکان ناچێتە ناو سەنتەری شار، بەڵام بەئۆتۆمبێلی تایبەت هەرکوێیەک بتەوێ دەتوانی بۆی بچیت.

شۆفێرەکان پابەندی وەستان نابن
ئەکرەم رەحیم هاووڵاتیەکی دیکە بوو رۆژانە لە گەڕەکی نەورۆز دەچێتە سەر کارەکەی لە ناو بازاڕی گەورەی هەولێر وتی: راستە هەندێکجار پاس بۆ چوونە سەرکار بەکار دەهێنم، بەڵام زیاتر ئۆتۆمبێلی خۆم، چونکە لەناو پاس هەست بە بێزاری دەکەی بەهۆی دەنگی بەرزی تەلەفۆن یان دەنگی گۆرانی بەرز دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی رەچاوی سەرنشینەکان بکات، هەندێکجار شۆفێرەکە پابەندی وەستان نابێت لە شوێنی دیاریکراو، ئەمە جگە لەوەی بۆ خێزان هەر زۆر زەحمەتە، بەتایبەتی ئەگەر منداڵت پێبێت، چونکە رەچاوی ئەوە ناکرێ کە ئەو پاسە دەتوانێ چەند کەس هەڵبگرێت، بۆیە قەرەباڵغیەکی زۆر دروستدەبێت، حەزدەکەی هەرچی زووە بگەیتە ماڵەوە.

پاسەکان مۆدێلی هەشتاکانە
باسی لەوەشکرد: هەندێکی تر لە پاسەکان بەتایبەتی هێڵەکانی سی مەتری هەولێر جاری وا هەیە رێگام بەو شەقامە دەکەوێ زۆر کۆنن و مۆدیلەکەیان بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، واتا هیچ مەرجێکی پاسیان تێدا نییە، ئەمە جگە لەوەی زۆر لە سەرخۆ دەڕۆن و بەویستی سەرنشینەکە ناگاتە شوێنی مەبەست، بەڵکو لەو کاتانەدا دەڕوات کە خۆیان دیاریانکردووە.

مزەفەر ئەسعەد کەسێکی تر بوو لە ناحیەی دارەتوو وتی: بە پاس لەناو بازاڕی گەورەی هەولێر بۆ ناحیەی دارەتوو زیاتر لە نیوسەعات دەبێت، ئەگەر پاسەکە زۆر نەوەستێت، ئەمەش کاتێکی زۆرە بۆ ئەوانەی کاری بەپەلەیان هەیە، زۆرجاریش بەیانیان جەنجاڵیەکی زۆر هەیە، بۆیە یان ئۆتۆمبێلی خۆم بەکار دەهێنم یان بە تەکسی دەڕۆم، هەرچەندە خۆم حەزدەکەم بە پاس هاتوچۆ بکەم، بەڵام نیزامی پاس لێرە لە کوردستان زۆر باش نییە، ماوەیەکی زۆر هیچ گۆڕانکاری بەسەر دا نەهاتووە و هەروەک خۆیەتی.

مینی پاس تەرخان بکرێت
ئەو وتیشی: راستە ئێستا زۆربەی پاسکان دەچێتە ناو گەراجی بازاڕی نیشتیمان کە نزیکە لەسەنتەری شار، بەڵام بۆ ئەوانەی کاریان لەلای قەڵا و پارێزگا و قایمقامیەت هەیە دەبێ ماوەیکی زۆر بە پێ بڕۆیت، بۆیە بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بەپاس هاتوچۆبکات، پێویستە لە جیاتی پاسی گەورە پاسی بچوک(مینی پاس) تەرخان بکرێت، هەروەک ئێستا لەهەندێک گەڕەک بەکار دەهێندرێت، چونکە بۆ ئەوان رێگا پێدراوە تاکو لای قەڵاو باخی شار بچن.

خاوەن پاسەکانیش توانای داراییان باش نییە
لەبەرامبەردا خاوەن پاسەکان قسەی خۆیان هەیە و حاجی ئەحمەد مەحموود وەک خاوەن پاسی یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەوەی باس دەکرێ کە کەموری لە پاسەکان هەیە، مەرج نییە بۆ هەموان راست بێت، بەڵکو بەراورد بەساڵانی رابردوو ئێستا رەوشی پاسەکان لە سنوری هەولێر باشترە و زۆربەیان مۆدێلی تازە و سیستەمی گەرمی و ساردی تێدایە.

وتیشی: لەبارەی کاتی گەیشتن بۆ شوێنی مەبەست، ئێمە بەگوێرەی سیستەمێک کار دەکەین کە بۆمان دانراوە، ئەویش ئەوەیە پێویستە نێوان پاسەکان لەکاتی کارکردن یەکسان بێت، تاکو بەریەککەوتن روونەدا، بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێک لە گەڕەکەکان لە سەنتەری شار دوورن بۆیە کاتێکی زۆری پێویستە تا دەگەنە ناوسەنتەری شار یان بە پێچەوانەوە.

راشیگەیاند: زۆربەی خاوەن پاسەکان توانای دارایی ئەوەندە زۆریان نییە، هەروەها لەم بارودۆخەی چەند ساڵی رابردوو ئیشوکاریان وەک پێویست نییە کە بتوانن چەند ساڵ جارێک پاسەکانیان بگۆڕن، چونکە پاسی تازە نرخی زۆرە، بۆ ئەمەش پێویستە حکومەتی هەرێم لە رێگای بانکەکانەوە بە قیستی درێژخایەن پاس بۆ شوفێری گەڕەکەکان دابینبکات.

داواکراوە پاس بە قیستی درێژخایەن بدرێتە شۆفێرەکان
لەلایەن خۆیەوە عەبدوڵڵا کەریم شاکر سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای گواستنەوە و گەیاندن بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەشێکی زۆر لەو گلەیی و گازندانەی هاووڵاتیان لە سیستەمی پاسەکان راستە و لەشوێنی خۆیەتی، بەتایبەتی بەشێک لە پاسەکان کۆنن و سیستەمی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەیان تێدا نییە، بۆ ئەمە داوامان لەلایەنی پەیوەندار کردووە لەرێگای کۆمپانیا و بانکەکانەوە پاسی مۆدێرن بە قیستی درێژخایەن بۆ شوفێران دابینبکرێت.

چەندین شۆفێر سزادراوە
وتیشی: سەبارەت بە کەشوهەوای ناوپاسەکان و درەنگ گەیشتنی بۆ شوێنی مەبەستە و بەرزرکردنەوەی دەنگی رادیۆ و تەسجیلی ناو پاسەکە لەگەڵ زیاد هەڵگرتنی نەفەر ، ئێمە وەک سەندیکا مانگانە لەگەڵ لێپرسراوانی هێلەکان کۆدەبینەوە و رێنمایی پێویستیان پێدەدەین، چونکە ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین سەرنشینان لەوکاتی بەکارهێنانی پاسەکان هەست بە بێزاری و ناڕەحەتی بکەن، لێرەشەوە داوا لە هاووڵاتیان دەکەم هەر کەسێک کێشەیەکی هەبوو لەناون پاسەکان ئێمە ئاگادار بکاتەوە تاکو رێوشوێنی پێویست بگرینە بەر، لە رابردووش چەندین شۆفێر سزادراوە و ئاگادارمان کردۆتەوە و دووبارەی نەکەنەوە.

 173 جار بینراوە