سەرەکی » راپۆرت » دەستەبەرکردنی پارێزبەندی خواستێکی سەرەکی مامۆستایانە

دەستەبەرکردنی پارێزبەندی خواستێکی سەرەکی مامۆستایانە

ئەسرین محەمەد‌

ژمارەیەک مامۆستان لە بەردەم یەکێک لە بنکەکانی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی لەشاری سلێمانی لە ریزدا وەستاون بۆ وەرگرتنی مووچەکەیان، ماوە ماوە ماندوودەبن و دادەنیشن تا سەرەیان دێت لەگەڵیان گفتوگۆ دەکەم لەسەر دەستەبەرکردنی ماف و پارێزبەندی مامۆستایان.

شەهلا ئەحمەد مامۆستایەکی خانەنشینی تەمەن 65 ساڵە، ساڵانێک لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان خزمەتی قوتابیانی کردووە و وتی» هەر ئەو سەرەیەی بە سەرما و گەرما بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەی دەیگرێت بۆ وەرگرتنی مووچەیەک بە لێبڕینەوە شکاندنی شکۆی مامۆستایە».

کاوە عەلی مامۆستایەکی تری تەمەن 70 ساڵ بوو باسی لەوە دەکرد لە ساڵانی حەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابردوو ناو و ناوبانگی مامۆستا ئەوەندە گەورەبوو لە هەر قوتابییەکت دەپرسی حەز دەکەیت ببیت بەچی دەیوت مامۆستا، بەڵام ئێستا دەبیستین قوتابی یان کەسوکاری هێرشی کردووەتە سەر مامۆستا و لێی داوە ئەوە مانای وایە ناو و قودسیەتی مامۆستا وەک جاران نەماوە و ئیتر دەبێت پاراستنی مامۆستایان بە یاسای تایبەت رێکبخرێت.

کرانەوە بەڕووی جیهاندا کاریگەریی هەبووە
بەشێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکەن کرانەوە بەڕووی جیهاندا و دەسکەوتنی زانیارییەکان بە ماندووبوونیكی کەم هەروەها بەردەست بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاسانی و بڵاوکردنەوەی بابەتی جۆراو جۆر بەبێ فلتەر وایکردووە نەک تەنها پیشەی مامۆستایی بەڵکو، سەرجەم کایەکانی ژیان بکەونە بەر نەشتەر و کاریگەریی هەبێت لەسەر کاڵبوونەوەی بەهاکان.

مامۆستایان هەر لە سەرەتای تەمەنیانەوە بە خوێندنەوە سەرقاڵ دەبن و دەرفەتیان نابێت فێری پیشەیەک ببن هەر بۆیە ئەگەر بیانەوێت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کارێکی تر بکەن دەبێت ببنە شاگرد نەک خاوەن کار ئەوەش قورس دەبێت بۆیان لەبەر بەها و کەسایەتی پیشەکەیان.

حکومەت وەک پێویست گرنگی بە مامۆستا و نوێنەرەکانیشیان نادات
لەم چەند ساڵەی رابردوودا و بە تایبەت دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی، دواکەوتنی مووچە و پێنەدانی لە کاتی خۆیدا دروستکردنی پاشەکەوت پاشان لێبڕین، مامۆستایان پێشەنگی ناڕەزاییەکان بوون بۆ داواکردنی مووچە و بژێوی ژیانیان و شەق هەڵدان لە مامۆستایەک ساڵی 2018 لە شاری هەولێر لەکاتی گردبوونەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان وایکرد زۆرترین قسە لەسەر شکۆ و دانانی پارێزبەندی بکرێت بۆ مامۆستایان.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان بە کوردستانی نوێی راگەیاند:» حکومەت وەک پێویست گرنگی بەپیشە و خودی مامۆستاو بگرە نوێنەری مامۆستایانیش نادات».

یاسایەکی تایبەت نییە بۆ پارێزبەندی مامۆستایان
لە ماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێکی هێرشکردنە سەر مامۆستا لەلایەن قوتابیان یان کەسوکاریانەوە تۆمارکراوە کە دواترینیان لە شاری هەولێر قوتابییەک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر مامۆستاکەی و برینداری کرد.

تائێستا یاسایەکی تایبەت نییە بۆ پارێزبەندی مامۆستا و لە کاتی هەر حاڵەتێكی هێرشدا بە یاسای تایبەت بە فەرمانبەران مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، جگە لەوەش سوڵحی عەشایەری لە دەرەوەی دادگا و تەنازولکردن لەژێر هەڕەشەدا لەلایەن مامۆستایانەوە کەسی هێرشکەر یەکێکی ترە لە گرفتەکانی سزانەدانی ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر مامۆستایان.

لەگەڵ ئەوەی پێشتر یەکێتی مامۆستایان پڕۆژە یاسای رێکخستنی پەیوەندی قوتابی و مامۆستایانی ناردووەتە پەرلەمان و ساڵی 2019 خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و دواتر وەلانراوە.

وەزارەتی پەروەردەش یاسایەکی 200 مادە و بڕگەیی بۆ سەرجەم بوارەکانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان ئامادەکردووە و ناردویەتی بۆ ئەنجومەنی شورا بۆ پێداچوونەوە و پاش ئامادەبوونی دەنێردرێت بۆ پەرلەمان کە چاوەڕوان دەکرێت پاراستنی شکۆی مامۆستاو پارێزبەندی و مافەکانی یەکێک بێت لە بڕگە سەرەکییەکانی پڕۆژە یاساکە.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن زیاتر لە 160 هەزار مامۆستای هەمیشەیی و وانەبێژ و فەرمانبەر لە کەرتی پەروەردە دا کاردەکەن.

 434 جار بینراوە