سەرەکی » راپۆرت » سەوزە و میوەکەی پردێ ناوبانگی هەیە

سەوزە و میوەکەی پردێ ناوبانگی هەیە

راپۆرتی/ نێرگز قادر

شارۆچکەی پردێی سەر بەپارێزگای کەرکوک کەوتووەتە سەر رێگەی سەرەکی هەردوو شاری کەرکوک و هەولێر، لە شەقامی سەرەکیدا دیمەنی دڵڕفێنی سەوزەو میوە بەناوبانگ و بەچێژەکەی سەرنجت رادەکێشێت، پردێ خاوەن خاکێکی بەپیتە و بەهۆی ئاوی زێی بچووکەوە کە بەناوەڕاستی شارۆچکەکەدا تێدەپەڕێت کردوویەتییە خاوەنی چەندین جۆری بەرهەمی ناوازە و بەناوبانگی سەوزە و میوە و خواستی بەردەوام لەسەر بەرهەمەکانی هەیە، توور و خەسی پردێ باشترین دوو جۆری سەوزەی ناوچەکەن و دەنێردرێن بۆ شارەکانی تریش.

سەوزە جوانەکانی سەرشەقامەکە سەرنجت رادەکێشێت
لەسەر شەقامی سەرەکی کەرکوک هەولێر جووتیارێکی پردێ بەرهەمەکانی داناوە بۆ فرۆشتن کە خۆی بەرهەمی هێناون و دەڵێت، لە هەر چوار وەرزەکەی ساڵدا بەروبوومی تایبەتیان هەیە و ئێستا کە وەرزی بەهارە هێشتا بەرهەمە زستانەکانی سڵق، کەرەوز، تەڕەتیزە و کەوەریان ماوە و لە بەهاریشدا بەرهەمەکانی شووتی، کاڵەک، تەماتە، خەیار، پیاز، بیبەر، باینجان، لەهانە و قەڕنابیت و چەندین جۆری تریش بەرهەمدەهێنن.

گرنگی بەبەرهەمی ناوخۆ نادرێت
هەرچەندە بەرهەمی ناوخۆ تەندروستتر و تازەترە بۆ خواردن، بەڵام حکومەت وەک پێویست گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ و پشتیوانیکردنی جووتیاران نادات، ئەوەش جووتیارانی نیگەران کردووە و هاوردەکردنی بەرهەمی وڵاتانی دەرەوە وایکردووە بەردەوام جووتیارانی ناوخۆ زەرەر بکەن، ئەو جووتیارە وتیشی، بەهۆی پشتیوانی نەکردنمانەوە هەندێکجار هیچ قازانج ناکەین بەڵکو زەرەر دەکەین و تەنها هیلاکیمان بۆ دەمێنێتەوە.
بەهۆی ئەوەی رێژەی بارانبارین لەمساڵدا بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمتر بووە جووتیاران دەبێت بە رێژەیەکی زۆرتر پشت بە ئاوی سەرزەوی ببەستن بۆ ئاودانی بەروبوومەکانیان ئەو جووتیارە دەڵێت، داوا لە حکومەت دەکەین بە پێدانی کارەبای نیشتمانی هاوکاریمان بکات تا بتوانین لە رێگەی ترومپای ئاوی و بیرە ئیرتیوازییەکانەوە ئاوی زەوییە کشتوکاڵییەکانمان بدەین.

سوود لە ئاوی زێی بچووک نابینن
هەرچەندە ئاوی زێی بچووک و بە ناوەڕاستی شارۆچکەی پردێ دا تێپەڕدەبێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەربەستەوە جووتیارانی پردێ نەیانتوانیوە وەک پێویست سوود لە ئاوەکە وەربگرن بۆ ئاودێری ئەو جووتیارە وتی، حکومەت نە خۆی پڕۆژەی دروستکردووە لەسەر ئاوی زێی بچووک بۆ ئەوەی ئێمەی جووتیاران سوودی لێ ببینین نە دەهێڵێت خۆشمان پڕۆژەی کشتوکاڵی لەسەر دروستبکەین وەک ئەوەی جووتیاران لە شارۆچکەی حەویجە کردوویانە، بۆیە ئێمە ناتوانین وەک پێویست سوود لەو ئاوە وەربگرین کە بە شارۆچکەکەماندا دەڕوات.

بە ئاوی خاوێن ئاودەدرێن
کە بەسەر رێگە سەرەکییەکەی کەرکوک هەولێردا تێپەڕ دەبیت هەر جووتیارە و بەرهەمەکانی خۆی داناوە بۆ فرۆشتن جووتیارێکی دیکە دەڵێت، هاووڵاتیان بە تایبەت لە شارەکانی ترەوە دێن بۆ کڕینی بەرهەمەکانی سەوزەو میوەی پردێ، چونکە بەرهەمەکانمان پاکن و بەئاوی خاوێن بەرهەمیدەهێنین.

ئەو جووتیارەش داوا لە حکومەت دەکات بە پێدانی پەینی کیمیایی و کەرەستە کشتوکاڵییەکان و دروستکردنی بەربەست لەسەر ئاوی زێی بچووک لە شارۆچکەکەیاندا هاوکارییان بکات بۆ ئەوە بتوانن بەروبوومی زیاتر بەرهەمبهێنن.

زۆربەی دانیشتوانی شارۆچکەی پردێ بە کاری کشتوکاڵەوە سەرقاڵن و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا چەندین هاووڵاتیمان دەبینی کە خەڵکی شارە جیاوازەکان بوون دەوەستان و بەرهەمی جووتیارانی پردێ یان دەکڕی.

هاووڵاتییەکی قەزای سوێرە لە پارێزگای واست لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیوە و خەریکی کڕینی سەوزەی پردێ یەو وتی، ناوە ناوە بۆ ئیش دەچمە شاری هەولێر هەموو کات لەکاتی چوون و هاتنەوەشمدا دەوەستم و سەوزەی پردێ دەکڕم.
هاووڵاتییەکی تری شاری کوت بە هەمان شێوە سەوزەی دەکڕی و وتی، ئەم سەوزە جوانانە سەرنجیان راکێشام و بۆیە وەستام بیانکڕم.

جوتیاران گللەیی دەکەن
گلەییەکانی جووتیاران لە حکومەت بەردەوامە و جووتیارێکی دیکە دەڵێت، پێشتر سەوزە و میوە بەتایبەت توور و خەس و بەرهەمەکانی ترمان لەم زەوییە بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی هیچ پاڵپشتییەکی حکومەتمان نییە، ناچار زەوییەکەمان کردووە بە گەنم و جۆ ئەگەر حکومەت بەمجۆرە بێ پلان و هاوکاری بێت بۆ ئێمەی جووتیار ناچارین واز لەکاری کشتوکاڵی و جووتیاری بهێنین.
جگە لە بێ پلانی و هاوکارینەکردنی حکومەت بۆ جووتیاران، وەک خۆیان دەڵێن ڤایرۆسی کۆرۆناش جارێکی تر زیانی بە جووتیاران گەیاندووە.

 546 جار بینراوە