سەرەکی » ئابووری » كار بۆ پێشخستنی كارگەكان دەكرێت

زیاتر لە سێ هەزار كارگە لە هەرێمدا هەیە

كار بۆ پێشخستنی كارگەكان دەكرێت

ئا: تەها عەبدوڵڵا – هەولێر

بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم رایدەگەیەنێت، بە ئامانجی پشتبەستن بە بەرهەمەكانی ناوخۆ و رەخساندنی هەلی كار، بەرنامەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ باشتركردنی بارودۆخی كارگەكان ‌و لابردنی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی كە دێنە پێش بازرگان و سەرمایەداران.

ئاماژە بەوەش دەكات، ئێستا زیاتر لە سێ هەزار كارگەی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە بەشێكیان ستراتیژین و جگە لە پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی، بەرهەمەكان هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عیراق دەكرێت.

بەگوێرەی پێداویستیی شوێنەكان دابەشنەكراون
عەلی عوسمان، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بۆ كاروباری پیشەسازی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، بە ئامانجی زیادكردنی ژمارەی كارگەكان و پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم كاری جدی دەكات بەمەبەستی كارئاسانیكردنی زیاتر بۆ سەرمایەداران و بازرگانان، هەروەها دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان.

وتیشی: «هیچ كاتێك دامەزراندنی كارگە لە كوردستان نەوەستاوە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە رابردوودا روویان لە هەرێم كرد، بەشێك لە كارگەكان توشی داخستن و لەكارخستن هاتن».

روونیكردەوە، هۆكارێكی دیكە لەوەی كارگەكان نەتوانن ئامانجی خۆیان بپێكن ئەوەیە كە كارگەكان بەگوێرەی پێداویستیی شوێنەكان دابەشنەكراون و هەندێكیان لە یەك شوێن چڕبوونەتەوە و بەریەككەوتنیان لەگەڵ یەكدا هەیە، لەگەڵ ئەوەش بەشێك لەكارگەكانی كوردستان بەتایبەتی لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر بە كارگەی ستراتیژی دادەنرێن، جگە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی هەرێم، بەرهەمەكانی هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عیراق دەكرێت، لەوانە كارگەی چیمەنتۆ ‌و شیش و خشت، كە داخوازی زۆریان لەسەرە.

دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکان
بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم راشیگەیاند، جگە لەو كارگە ستراتیژیانە، چەندین كارگەی ناوەندی دیكە لە بواری خۆراك‌ و كەلوپەلی خانووبەرە ‌و تەندروستی هەیە، بەگشتی ئێستا نزیكەی سێ هەزار و 900 كارگە لە هەرێمدا هەیە، كە بەشێكیان بەهۆی بارودۆخی داراییەوە داخراون و بەشێكی دیكەشیان مۆڵەتیان نییە ‌و لەژێر رێنماییەكاندا كار ناكەن، بۆیە كار دەكرێت بۆ رێكخستنەوەیان.

لەبارەی چڕبوونەوەی ژمارەی كارگەكان لە پارێزگایەكی دیاریكراو، عەلی عوسمان وتی: «ئێمە هیچ ئاماژەیەك لەو بارەیەوە نابینین، بەڵكو پێمانوایە دامەزراندنی كارگە پەیوەستە بە چەند بنەمایەكەوە، ئینجا لە هەر شوێنێكی كوردستان بێت، لەوانە: شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو كەسەی كارگەكە دادەمەزرێنێت، ئەمە جگە لەوەی بوونی كەرەستەی خاو‌ و چۆنێتی گەیاندنی بۆ شوێنی كارەكە، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ شوێنی دامەزراندنی جۆری كارگەكە، بەڵام بەگشتی دامەزراندنی كارگەكە پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی ‌و ئابووری‌ و زەمینەسازییەوە هەیە».

لەبارەی بوونی رۆتین ‌و ئاستەنگ بۆ دامەزراندنی كارگە، بریكاری ئەو وەزارەتە روونیكردەوە، پێشتر بەهۆی زۆری رێنماییەوە، بەشێك لە مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ دامەزراندنی كارگەكان وایكردبوو كاتێكی زۆری پێویستبێت، بەڵام ئێستا هەنگاوەكان چڕ كراونەتەوە بۆ ئەوەی جگە لە رێوشوێنە یاساییەكان، رێنماییەكانی تر كەم بكرێتەوە و پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، بەگشتی ئێمە بە هەموو شێوەیەك كارئاسانییان بۆ دەكەین.

سەبارەت بە نرخی كارەبا بۆ كارگەكان، عەلی عوسمان وتی: «بەشی زۆری سەرمایەداران و بازرگانان ناڕەزاییان لەسەر گرانی نرخی كارەبای نیشتمانی هەیە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و ئەنجومەنی وەزیران هەوڵ دراوە نرخەكان بۆ خاوەن كارگەكان كەم بكرێتەوە، بەشێوەیەك گونجاو بێت لەگەڵ بارودۆخەكەدا، هەروەها بە نرخێكی گونجاو سووتەمەنیان بۆ دابین بكرێت وەك پاڵپشتییەكی حكومەت لەپێناوی كاراكردنەوەی كارگەكان».

لەبارەی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆ‌ و دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم روونیكردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان و وەزارەتی دارایی هەنگاوی پێویست نراوە، بەتایبەت لەكاتی زۆربوونی بەرهەمەكانی ناوخۆ، باجی زیاتر خراوەتە سەر بەرهەمی هاوردە، زۆركاتیش هاوردەكردنی ئەو جۆرە بەرهەمانە قەدەغەكراوە كە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە رەچاوی هاووڵاتیان بكرێت، بە جۆرێك زیادكردنی باج لەسەر بەرهەمەكانی هاوردە نەبێتە هۆی بارگرانی لەسەر شانی ئەوان، بەڵكو دەبێت جۆرە هاوسەنگییەك لەو نێوانەدا هەبێت.

راشیگەیاند، لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی خۆراك و بەرهەمی ناوخۆ، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانەی لەبارەی قەدەغەكردنی بەرهەمی هاوردە یان زیادكردنی باجەوە لەسەریان جێبەجێ بكرێت و رێگە لەكارە نایاساییەكان بگرین، یەكەیەكی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ‌ و فڕۆكەخانەكان و وەزارەتە پەیوەندارەكان ‌و یەكە ئیدارییەكان پێكهێنراوە، بەڵام ئەو هەماهەنگییە هەندێكجار لەبارەی هاوردەكردن و وەرگرتنی باجەكان پێشێلكاری تێدا دەكرێت، بۆیە پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە.

ئیمزاكردنی رێكەوتنێكی لێكتێگەیشتن
وتیشی: «جگە لە كارگەكانی ناوخۆ، هەوڵمانداوە لە چوارچێوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمدا، سەرمایەدار و وەبەرهێنەری بیانی بهێنینە هەرێم بۆ دامەزراندنی كارگە و پڕۆژەی پیشەسازی، بەڵام پێویستە یاسای ژمارە 20ی سالی 1986ی پەرەپێدانی بواری پیشەسازیی عیراق لە هەرێم كاری پێبكرێت، تا بە یاسا رێگە بە خەڵكی بیانی بدرێت كارگە لە كوردستان دابمەزرێنن».

لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا لەبواری پیشەسازیدا، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم رایگەیاند، بۆ پەرەپێدانی كارگەكانی هەرێم ‌و كارئاسانی بۆ سەرمایەدار و بازرگانان، ئامادەكاری كراوە بۆ ئیمزاكردنی رێكەوتنێكی لێكتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی پیشەسازیی هەرێم و فیدراڵ، بەو پێیەی ئەو یاسایانەی لە بواری پیشەسازی لە عیراقدا هەیە، لە هەرێمیش كاری پێدەكرێت، بۆیە پێویستی بە هەماهەنگی هەیە.

وتیشی: «ئیمزاكردنی ئەو رێكەوتنە دەستكەوتێكی باش دەبێت لەبارەی پرسی لێخۆشبوونی گومركی و مۆڵەتی كارگەكان، بەشداریپێكردنی كارمەندانی هەرێم لەو خول و كۆنفرانسانەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە لە ناوەوە و دەرەوە دەكرێتەوە، هەروەها كاركردن بە نووسراوی یەكتر».

 292 جار بینراوە