سەرەکی » ئابووری » وێستگەی ئەگریكۆ لە گەرمیان

وێستگەی ئەگریكۆ لە گەرمیان

یادگار عەلی

كارەكانی بەستنەوەی كارەبای وێستگەی (ئەگریكۆ)ی بەریتانی بە كارەبای نیشتمانیی هەرێم لە گەرمیان دەستیپێكرد.

لە مەراسیمی دەستپێكردنی كارەكانی بەستنەوەی كارەبای وێستگەی (165) مێگاواتی گەرمیان بە تۆڕی كارەبای نیشتیمانیی هەرێم، ئەندازیار حازم كەریم، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای گەرمیان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ كارەكانی بەستنەوەی وێستگەی (132) مێگاواتی كفری و كەلار لەگەڵ وێستگەی (ئەگریكۆ)ی بەریتانی كە دەكەوێتە سنووری كێڵگەی نەوتی حەسیرە لە سنووری ناحیەی سەرقەڵا دەستیپێكرد.

وتیشی: «پاشان ئەو بڕە كارەبایەی كە وێستگەكە بە غاز بەرهەمی دەهێنێت و بڕەكەی (165) مێگاوات كارەبایە، دەگوازرێتەوە بۆ تۆڕی كارەبای نیشتمانیی هەرێم«.

لەبارەی گرنگی كردنەوەی وێستگەی كارەبای ئەگریكۆ، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا لە گەرمیان وتی: «بۆ گەرمیان و هەرێمی كوردستانیش زۆر گرنگ و بە سوود دەبێت، لە گەرمیان كێشەی نزمی ڤۆڵتیە چارەسەر دەكات و لەمەودوا سوود لەو غازەش بۆ كارپێكردنی وێستگەكە دەبینرێت كە چەندین ساڵە بەفیڕۆچووە، بەوەش ژینگەی ناوچەكە پارێزراوتر دەبێت، ئەوە بێجگە لەوەی دەیان هەلی كار بۆ تەكنیككاران فەراهەم دەكات».

ئاماژەی بەوەشكرد، بە بەستنەوەی كارەبای ئەم وێستگەیە بە تۆڕی كارەبای هەرێم، دۆخی كارەبا باشتر دەبێت و قۆناغ بە قۆناغیش هەموو بڕی بەرهەمهێنراو بە كارەبای هەرێمەوە دەبەسترێتەوە.

ئەندازیار حازم كەریم باسی لەوەشكرد، لەمەودوا بڕی (10) مێگاوات كارەبا بۆ بەشە كارەبای گەرمیان كە بریتییە لە (130 – 140) مێگاوات زیاد دەبێت و بەپێی بەڵێنەكانی وەزارەتی كارەباش؛ ئەم هاوینە بارودۆخی كارەبا لە ناوچەی گەرمیان باشتر دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای گەرمیان وتیشی: «تائێستا لە گەرمیان (85 %)ی ماڵان پێوەری زیرەكیان بۆ دانراوە و بەكەوتنەكاری بەرهەمهێنان لەم وێستگەیەش، پێدانی كارەبا لە سنوورەكە و لە رۆژێكدا بۆ سەروو (20 – 22) سەعات بەرز دەبێتەوە.

وێستگەی كارەبای (165) مێگاواتی كارەبای گەرمیان لەلایەن كۆمپانیای ئەگریكۆی بەریتانی لە سنووری گوندی حەسیرەی سەر بە ناحیەی سەرقەڵا بنیاتنراوە و بە غاز كار دەكات و بۆ كارپێكردنی سوود لە غازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە دەبینرێت.

 83 جار بینراوە