سەرەکی » راپۆرت » هاوپەیمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی تۆماركرا

خەڵكی كوردستان پێكهێنانی (هاوپەیمانیی كوردستان) بە هەنگاوێكی گرنگ و پڕبایەخ سەیر دەكەن

هاوپەیمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی تۆماركرا

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا و گۆران عوسمان قەرەداغی

رێكەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پێكهێنانی (هاوپەیمانیی كوردستان) بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە هەنگاوێكی گرنگ و پڕبایەخ سەیر دەكرێت بۆ یەكڕیزیی گەلی كورد و بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی لەو هەڵبژاردنە، بەتایبەتی لە ناوچە دابڕێنراوەكان، هاوكات بەبۆچوونی چاودێران لێكتێگەیشتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی دادگەری، بڕیارێكی دروستبووە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی بازنەكانی هەڵبژاردن، هەماهەنگ و هاوكاربن و رێگا لە بەفیڕۆچوونی دەنگەكان بگیرێت.

(هاوپەیمانیی كوردستان) بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی تۆماركرا
(هاوپەیمانیی كوردستان) بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ی.ن.ك لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تۆماركرا.

لەوبارەیەوە، رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك تایبەت بۆ كەناڵی كەركوك ئاشكرایكرد: بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هاوپەیمانیی كوردستان لە نێوان ی.ن.ك و بزوتنەوەی گۆڕان دروستكرا. وتیشی: لەسەر پێشنیازی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی ی.ن.ك، هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ی.ن.ك وەك سەرۆكی هاوپەیمانییەكە دیاریكراوە.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە هاوپەیمانیی كوردستان دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك بەدەستدەهێنێت.

هەروەها لەمیانی بەشداریی لە بەرنامەی گەرماو گەرمی كەناڵی گەلی كوردستان، كە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر (هاوپەیمانیی كوردستان)، رزگار حاجی حەمە، رایگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق، چەندین هاوپەیمانی پێكهێنراوە، كە هاوپەیمانیی كوردستان-یش بۆ ئەو مەبەستەیە و ئامانجیش لێی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان و هێنانەكایەی ئاشتەوایی و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانمانە و هاوپەیمانییەكەش بە سەرۆكایەتیی هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی كە هاوپەیمانیی كوردستان سەركەوتنی زۆر گەورە بەدەستدەهێنێت، وتیشی: یەكێتی و گۆڕان لە هەموو ئاستەكاندا تایبەت بە هەڵبژاردن، هەروەها لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام دەبن، كە ئەوەش لە چەندین رووەوە بەتایبەت یەكخستنی تواناكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرەوپێشبردنی كارەكانمان، كاریگەریی گرنگی دەبێت و لەئێستاشەوە یەكێك لە كاریگەرییەكانی دەركەوتووە كە دەربڕینی خۆشحاڵیی زۆری خەڵكی كوردستانە بە هاوپەیمانیی یەكێتی و گۆڕان (هاوپەیمانیی كوردستان)، هەروەها لێکتێگەیشتنی یەكێتی لەگەڵ كۆمەڵی دادگەریی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی تایبەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق.

هاوپەیمانیی نێوان هێز و لایەنەكان یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەردەخات
ئاماژەی بەوەشكرد كە یەكێتی تەمەنای دەكرد و هەوڵەكانی بۆ ئەوە بوو كە هەموو لایەنەكان لەژێر چەتری هاوپەیمانییەك كۆببوونایەتەوە و بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوویان بكردایە، ئاشكراشە كە هاوپەیمانیی نێوان هێز و لایەنەكان یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەردەخات و وادەكات عیراق بەگشتی و هێز و لایەنە سیاسییە عیراقییەكانیش بەتایبەتی، باشتر لە خواست و داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان و میللەتەكەشمان بەگشتی بێنە پێشەوە و جێبەجێیان بكەن، كە ئەوەش دواجار بە سوودی هەمووان دەبێت و گەلەكەمان بە ئامانج و ئاواتەكانی دەگات.

باسی لەوەشكرد كە یاسای نوێی هەڵبژاردن لە عیراقدا، بواری ئەوەی رەخساندووە كە بتوانیت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا لێتێگەیشتنت هەبێت و هاوپەیمانی بكەیت، هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی و گۆڕان-یش هەر بەو شێوەیەیە و (هاوپەیمانیی كوردستان) لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەدا لێكتێگەیشتنی كردووە و زیاتریش بەرەوپێشی دەبەین، بەو ئامانجەی زۆرترین دەنگ و كورسی بۆ هەرێمی كوردستان بەدەستبهێنین. وتیشی: هاوپەیمانیی كوردستان لەسەر ئاستی هەموو عیراق و هەرێمی كوردستانە و لە هەموو بازنەكاندا تا ئەوپەڕی توانا هەماهەنگین و پێكەوە كاردەكەین، تائێستاش لە 10 پارێزگای عیراق كاندیدمان تۆماركردووە، كاندیدەكانیش چەندین تایبەتمەندییان لەبەرچاوگیراوە، كە كەسانی زۆر شارەزا و لێهاتوو و بەئەزموون و كۆمەڵایەتین و لە تەواوی بازنەكانیش كاندیدەكان دانیشتوو و خەڵكی ئەو سنوورەن و ناسراون لەناو دەنگدەرانیاندا.

یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و چەند لایەنێكی دیكە لێكتێگەیشتنیان هەیە و هەماهەنگیی تەواویان دەبێت
تایبەت بە كەركوكیش، رزگار حاجی حەمە، وتی: بەوپێیەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، لە رابردوودا هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان چەندین كۆبوونەوەیان كرد تایبەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئامادەی كۆبوونەوەكانیش نەدەبوو، هەوڵی لایەنەكان بەو ئاراستە بوون بە هاوپەیمانییەك بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، خۆشبەختانە ئێستا یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و چەند لایەنێكی دیكە لێكتێگەیشتنیان هەیە لەو سنوورانەدا و هەماهەنگیی تەواویان دەبێت، كە ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەی كورد زۆرترین دەنگ و كورسی لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەدەستبهێنێت، ئەوەش خۆی لەخۆیدا سەركەوتنێكی گەورەیە و كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر سەلماندنەوەی ناسنامە و كوردستانێتیی كەركوك، وتیشی: ئەو هاوپەیمانی و لێكتێگەیشتنەی ئێستا هەیە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، هەمووان پێكەوە زۆر مەردانە هاتنە پێشەوە لێی و هەموو بەرژەوەندییە حزبی و شەخسی و تایبەتییەكان وەلانران و بەرژەوەندیی باڵای ئەو ناوچانە و میللەتەكەمان لەبەرچاوگیرا، تەنانەت هەندێك هێز و لایەن كاندیدیشیان نەبوو، بەڵام ئامادەیی تەواویان دەربڕیوە كە هاوكار و پشتیوان دەبن و كارێك دەكەن زۆرترین كورسی بۆ كورد لەو ناوچانە بەدەستبهێنرێت، ئەوەش هەڵوێستێكی زۆر گەورەیە و بەدڵنیاییەوە كاریگەریی زۆر گەورەی دەبێت، هاووڵاتیان و جەماوەری هێز و لایەنە سیاسییەكانیش كاتێك هاوپەیمانێتییەكی هاوشێوە دەبینن، جۆشوخرۆشیان بۆ هەڵبژاردنەكان زۆر زیاتر دەبێت و هەموو هەوڵێكیان بۆ سەرخستنی كاندید و لایەنەكانیان دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو كە هاوپەیمانیی كوردستان لەنێوان یەكێتی و گۆڕان بۆ ئێستاو كاتی هەڵبژاردنەكان نییە، بەڵكو بۆ دوای هەڵبژاردنەكانیشەو بەشێوەیەكە لێكنزیكبوونەوەی تەواو لەنێوان هەردوولادا دەبێت و تەنانەت كاندیدە دەرچووەكانیش بۆ ئەنجومەنی نوێنەران عیراق لەژێر ناوی هاوپەیمانیی كوردستانیدا دەبن و پێكەوە كاردەكەن، تەنانەت لە پێكهێنانی حكومەتی عیراق و ئەو رێكەوتنە سیاسییانەی لەداهاتوودا دەكرێن، پێكەوە دەبین و بەیەكەوە بڕیاردەدەین، هەموو ئەو شتانەش پێكەوە خزمەتێكی باش دەگەیەنێت بە هەردوولا و هەرێمی كوردستان و دواجاریش كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی و گۆڕان بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرنگە و پڕبایەخە
لەبارەی گرنگیی رێكەوتنەكە، دكتۆر بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی و گۆڕان بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرنگە و پڕبایەخە، بەتایبەتی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی لە هەرێمی كوردستان، كە ماوەیەكی زۆرە ئەو هاوسەنگییە لەنێوان هێزە گەورەكان نەماوە، بۆیە دەكرێت ئەم رێكەوتنە ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەو هەنگاوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی. وتیشی: رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا گرنگ و پێویستە، ئومێد دەكەین هاوپەیمانێتییەكە ببێتە هێزی یەكەمی لایەنە كوردستانییەكان لەناو ئەنجومەنی نوێنەران عیراقدا، تاكو هیچ لایەنێك بەشێوەی تاكڕەوی كارنەكات‌و بڕیار نەدات بەناوی زۆرینەی هێزە كوردستانییەكانەوە، بۆیە دەكرێت هاوسەنگی هێز لەوێش دروستبێتەوە، بۆ ئەوەی سەنگی كورد لەعیراق بگەڕێتەوە دۆخی پێشتر.

ئاماژەی بەوەشكرد: هاوكات هاوپەیمانیی نێوان ئەو دوو هێزە وادەكات لە ناوچە دابڕاوەكان بەتایبەتی كەركوك كاریگەریی باشی هەبێت لەسەر پەرتنەبوونی دەنگی كورد و بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی بۆ لایەنە كوردستانییەكان، تاكو لە رێگای ئەو دەنگانەوە زیاتر خزمەتی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بكرێت.

هاوپەیمانیی كوردستان رەنگدانەوەی زۆر ئیجابی دەبێت لەسەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
كارزان گەردی هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنەكانی لەهەولێر، بۆ كوردستانی نوێ وتی: پێمانوایە ئەو رێكەوتنە هەنگاوێكە بۆ هاوسەنگی هێز‌و دانانی یەك بەرنامە بۆ كاركردن لە بەغدا، پێشتریش رێكەوتن لە نێوان هەردوولا هەبووە بەتایبەتی رێكەوتنی دەباشان بەسەرۆكایەتیی خوالێخۆشبوان مام جەلال و كاك نەوشیروان مستەفا. وتیشی: رێكەوتنەكە گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر چۆنێتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەرانە، بەجۆرێك ئەگەر بەجددی كاری لەسەر بكەین بەدڵنیاییەوە رەنگدانەوەی زۆر ئیجابی دەبێت لەسەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لە ناوخۆی هەرێم هاوكات بۆ كاركردن بەیەكەوە لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و كاروباری ناوچە دابڕێنراوەكان بە هەمان شێوە رەنگدانەوەی باشی دەبێت، جگە لەوە لە رێگەی ئەو رێكەوتنەوە چاوەڕوان دەكرێت هاوپەیمانیی كوردستان زۆرترین كورسی لەسەر ئاستی لایەنە كوردستانییەكان بەدەستبهێنێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، چونكە پێمانوایە جەماوەری ئەو دوو لایەنە لەلایەنەكانی دیكە زیاترن و تاڕادەیەكی زۆریش دەنگدەری هاوبەشیان هەیە.

یەكێتی وەك هەمیشە كۆكەرەوەی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بووە
هەر سەبارەت بە گرنگی رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان و لێكتێگەیشتن لەگەڵ دوو لایەنەكەی دیكە، رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: یەكێتی وەك هەمیشە كۆكەرەوەی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بووە، بۆ ئەوەی كورد بتوانێت بە بەرنامەیەكی تۆكمە و بەهێز بچێتە بەغداو داكۆكی لەو مافانەی خەڵكی كوردستان بكات كە لە دەستوور چەسپێندراوە، هەر ئەو تێڕوانینەی یەكێتی وایكردووە لەلایەن هاوسەرۆكانی یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت تاكو بە یەك بەرنامە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقدا بكەن، لەهەمانكاتدا لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری بكرێت، تاكو لەسەر ئاستی بازنەكانی هەڵبژاردن هەماهەنگ و هاوكاری یەكتربن و دەنگەكان بەفیڕۆنەچێت.

پێشیوابوو: ئەو هەنگاوە جگە لەوەی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگ و پڕبایەخە، بەهەمانشێوە لە داهاتوو بۆ بەغدا و بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستانیش پێویستە، بۆ ئەوەی یەكهەڵوێست بین و بتوانین زاڵبین بەسەر هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی روبەڕوی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە.

 1,878 جار بینراوە