سەرەکی » ئابووری » چاندنی مەرەزە قەدەغە دەكرێت

چاندنی مەرەزە قەدەغە دەكرێت

یادگار عەلی

لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی گەرمیان لە قەزای كفری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسی لەوەكرد، لەگەرمیان زیاتر لەناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان، كاریگەرییەكانی وشكەساڵیی دەركەوتووە.

لەپاش ئاڵوگۆڕی سەرنج و پێشنیازی لایەنە پەیوەندیدارەكان و قایمقامیەتەكانی كەلار و كفری، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ وەرگرتنی ئاماری زیانەكانی وشكەساڵیی لەگەڵ گرتنەبەری رێكارەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، ئاوی مەڕو ماڵات و ئاوی باخی بەرهەمدار لە لادێكان درا.

هەر لەمیانی ئەو كۆبوونەوەیەدا، بڕیاردرا كار بكرێت بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئاژەڵە كێوییەكان، پاككردنەوەی جۆگە و سەرچاوە ئاوییەكان، هەروەها قەدەغەكردنی چاندنی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی ئاوی زۆری پێویستە، وەك برنج، لەگەڵ سنوورداركردنی بەخێوكردنی ماسی و دابینكردنی ئاو بۆ دارستانە دەستكردەكان لەگەرمیان.

هەر لەچوارچێوەی پلانی لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بۆ روبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشكەساڵیی لە گەرمیان، باس لە كێشەی ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری قەزا و ناحیەكان كرا و جەخت لە چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەش كرا كە پێشبینی دەكرێت بۆ سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە بێنە پێش.

 240 جار بینراوە