سەرەکی » ئابووری » بەرهەمهێنانی خورمای عیراق بۆ 735 هەزار تۆن بەرزبۆتەوە

بەرهەمهێنانی خورمای عیراق بۆ 735 هەزار تۆن بەرزبۆتەوە

وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق رایگەیاند، بەرهەمهێنانی خورما بۆ 735 هەزار تۆن بەرزبۆتەوە و تەئكیدیكردۆتەوە، ئێستا لە ریزبەندی جیهانیدا، عیراق چوارەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری خورمایە.

حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق رایگەیاندووە، پڕۆسەی هەناردەكردنی دوا گوژمەی خورما تەواو بووە و ساڵی رابردوو نزیكەی 600 هەزار تۆن لە هەموو جۆرەكانی خورما هەناردە كراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی دەگاتە نزیكەی 735 تۆن و بەو شێوەیەش عیراق لەپلەی چوارەمی ئەو وڵاتانەی جیهاندایە كە زۆرترین خورما بەرهەم دەهێنن.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ روونیكردۆتەوە، وەزارەتەكەیان رۆڵی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی باخەكانی خورما كە ئێستا گەیشتۆتە نزیكەی 17 ملیۆن دارخورما.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ساڵی 2019ەوە هاوردەكردنی خورما و دۆشاوی خورما قەدەغەكراوە، ئەوەش هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی جووتیارەكان زیاتر بایەخ بە باخەكانیان بدەن. ‌ساڵانەش 150 بۆ 200 هەزار تۆن خورما لە ناوخۆدا بەكاردەبرێت و وەزارەتەكەیان داوای كردووە ئەو بڕەی كە دەمێنێتەوە هەناردە بكرێت.

حەمید نایف باسی لەوەشكردووە، وەزارەتەكەیان نرخی كڕینی خورمای لە جووتیارەكان لە 200 هەزار دینارەوە بۆ 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك بەرزكردۆتەوە، جگە لەوەش كۆمەڵێك كەرەستەی پێویستی بۆ دابینكردوون لەوانە دژە مێروو و چەند دەرمانێكی تر.

 230 جار بینراوە